سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » هەڵەكە لە كوێدایە؟

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

هەڵەكە لە كوێدایە؟

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، باجی هەڵە و كورتهێنان لە پێشهاتەكان دەدات، ئەگەر وای لێكبداتەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ رێكەوتنی كۆتایی لەگەڵیدا، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كە هێزی سێهەمی براوەی هەڵبژاردنەكانە، نزیكبۆتەوە و دانیشتنی پەرلەمانیان كرد!
هەرچەند ئێستا نامەو نامەكاریی سیاسیی لە نێوان یەكێتی و پارتیدا هەیە، بۆ هێوریی سیاسی نێوانیان لەدوای دانیشاندنی پەرلەمان لە 18ی شوبات دا، بەبێ دووەم هێزی براوەی هەڵبژاردن، بەڵام وەبیرهێناوەی هەڵەكانیش پێویستە.
یەكێتی، بەرلە هێزە سیاسییەكانی دیكە كە بەشداریی هەڵبژاردنی (30ئەیلولی 2018) كرد بۆ خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، دەیزانی كە تۆماری دەنگدەران كە كۆمسیۆن پشتی پێبەست، كە وەك دەوترا «پڕە لە ناوی مردوو، ئاوارە، دووبارە بە قەبارەی (20-30) كورسی»، بەڵام هەموویان بە یەكێتیشەوە رازیبوون و پاككردنەوەی تۆماریان نەكردە پێشمەرجی هەڵبژاردنێكی بێگەرد، كە ئەنجام، پارتی كردە خاوەنی (45) كورسی.
سەرباریش، ئەنجامی بەرایی راگەیەندرا، كە ئەو تۆمارە چ ئەنجامێكی خوڵقاند، بەڵام دیسانەوە یەكێتی لە رێی نوێنەرەكانییەوە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆ و راپرسی هەرێم، (ئۆ كەی)ی دا، بەقەبووڵكردنی ئەو ئەنجامەی هەڵبژاردن، لەكاتێكدا نوێنەری گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووش ناڕازیبوون، بەڵام بە (پارتی+ یەكێتی) رەتبوو!، كە دەكرا لە پێناوی دیموكراسی و بەربەستدانان لە ساختەكاریی، (ئۆ كەی) بە ئەنجامەكە نەدرێ!.
بەر لەوانەش بە ئەزموونی رابردووی خولەكانی دیكە، (11) كورسیی كۆتاكان ، كۆنترۆڵ و بڕیار و ئاراستەكردنیان لە بەرژەوەندیی پارتیدا بووەو دەبێت، لانیكەم دەكرا بەر لەهەڵبژاردن، مەسەلەی كۆتاكان رێكبخرێتەوە، بەگوێرەی رێژە و قەبارەی راستەقینەی خۆیان و سەربەخۆیی ئیرادەیان، لەكاتێكدا نوێنەرانی عیراق خاوەنی (329) كورسییە، تەنیا (9) كورسی بۆ كەمینەكانە، بەڵام لە پەرلەمانی كوردستان (11) كورسی كەمینەیە لە كۆی (111) كورسی، هەروەها ئەو (11) كورسییەش قەبارەی دەنگدانەكەی (11 هەزار و 641 دەنگە)، ئەمەش لێكدانەوەی پێویست نییە و پشتیوان و پاڵنەرەكەی روونە!.
ئەمانە و زۆری دیكەش مامەڵەی هەڵەی بەسەرداڕۆیشتووی یەكێتیی و تەواوی هێزە سیاسییەكانی دیكەن، كە دەبێت قەبووڵی ئەنجامەكەیشی بكەن، یاخود رێگەیەكی دیكە بدۆزنەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان، وانەی لە رووداوی هەوڵی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای دەستووری هەرێم وەرگرت، كە وای لەو هێزەكرد تووشی شڵەقانی سیاسیی ناوخۆیی بكات، بەتایبەتی كە دەستبەرداری كورسی سەرۆكایەتی هەرێم نەبوو، دواتریش هەڵەی داخستنی پەرلەمان و هەروەها دەركردنی وەزیرەكانی گۆڕانی لە حكومەت كرد، بەبێ گوێدان بە شكۆی دامەزراوەی تەشریعی و حكومەت و پرۆسەی دیموكراسیی و فرەیی سیاسیی، بۆیە لە هەڵبژاردنی ئەم خولەدا پارتی ئەو جێگەی كۆنترۆڵكرد كە بووە هۆكاری گێژاوی سیاسیی و حوكمڕانی، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان پەرلەمانێكی لەو جۆرەی دەویست ‌و واش جێبەجێی كرد كە خواستی بوو، ئەویش بە هێزی (كۆمسیۆن و دادگا و تۆمار و تەڵەی سیاسی)، كە لەم خولەدا خاوەنی (45) كورسی و(11) كۆتایە.
لە سەرۆكایەتی پەرلەمانیشدا جێگری یەكەم سەربە پارتییە و جێگری دووەهەمیش بۆ توركمانە كە لە كۆتاكانە و هەر نزیكە لە پارتی!، ئەوەی دەبێتە سەرۆكی پەرلەمانیش دەبێت ئەركی تەنیا (ئۆ كەی) كردنی ئەو پڕۆژە و یاسایانە بێت كە بەزۆرینە، تێدەپەڕێنرێن و هیچی تر.
ئەدی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت و هەرێم چی روودەدەن؟ ئەوەی روویدا، لە پەرلەمان بووەو درێژكراوەیشی دەبێت، چونكە سكێچی وێنەكە دیارە و رەنگكردنی بەشێكی، تابلۆ گەورەكە نیشان دەدات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزب و كابینەی حكومەت

هێشتا لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمداین كە وابڕیارە مەسرور بارزانی بۆ ...