سەرەکی » وتار » ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ » خولی نوێی گفتوگۆكانی یەكێتی و پارتی

خولی نوێی گفتوگۆكانی یەكێتی و پارتی

هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی لە 18ی شوباتدا، بۆ یەكێتی هەم چاوەڕوانكراو بوو، هەمیش چاوەڕوان نەكراو بوو، بەوەی كە پارتی و گۆڕان رێكەوتنێكی سیاسیان واژۆ كرد، كە ئەمە بۆخۆی جۆرێك لە هاوپەیمانی دروست كرد بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی پەرلەمان لە كاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، بزوتنەوەی گۆڕان لەوەدا هێزی بە پارتی دا بۆ ئەوە سور بێت لە سەر ئەوەی بەبێ یەكێتیش بێت كۆبوونەوەكە بكرێت.
یەكێتی چاوەڕێی ئەوەی لە پارتی هەبوو، كە لایەنی كەم بۆ ماوەی 24 سەعات بڕیار لە كۆبوونەوەی پەرلەمان نەدات و لە بارەی رێكەوتنەكەیانەوە بگەنە رێكەوتن، بەڵام پارتی لە بارەی كۆبوونەوەی پەرلەمان و رێكەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی تا ئێستاش تەنها باس لە جوگرافیایەكی بەرتەسك دەكات، كە ئەویش پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ لە چوارچێوەی(هەرێمە) وەك دابەشكردنی پۆستەكان و وردەكارییەكانی تر. ئەمە بۆ پارتی لە رێكەوتنیدا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بە ئاسانی جێی خۆی گرت.
بەڵام روانگەی یەكێتی بۆ ئەم پرسە كەمێك فراوانترەو سنوورەكەی كەركوك و پرسی بەغدادیش دەگرێتەوە.
تا ئێرە روونە پەیوەندییەكان چۆنن، بەڵام ئەوەی گرنگە گفتوگۆكانی داهاتوون، بەتایبەت كە هەردوو لایەن دەیانەوێت لە نزیكترین كاتدا دەست بە گفتوگۆكانیان بكەنەوە.
لە دانیشتنەكانی داهاتوودا پرسیار لە سەر ئەو وەرەقە سیاسییەیە كە هەردوو لایەن بۆ قۆناغی نوێی گفتوگۆكان دەیانەوێت دانوستانی لە بارەوە بكەن.
روون نییە كە پارتی تا چەندە لە بارەی پرسی كەركوك و بەغداد دەیەوێت لەگەڵ یەكێتیدا نەرمی بنوێنێت بۆ ئەوەی لەو بارەیەوە بگەنە رێكەوتن و دوا قسە لە بارەی رەشنووسی رێكەوتنی نێوانیان بكەن.
ئەوەی ئێستا هەیە، نیگەرانییەكانی یەكێتییە لە پارتی لە بارەی پشتكردنە ئەو رێكەوتنە سەرەتاییەی كە لە 5ی شوباتدا هەردوو لایەن لە بارەی كۆبوونەوەی پەرلەمان و كەركوك لە رۆژی 18ی شوبات لەسەری رێككەوتبوون.
پارتی هێشتا پێی وایە كەركوك شارێكی داگیركراوە، ئەم دەستەواژەیە بۆ پارتی هێندەی فشارە بۆ زیاتر هێشتنەوەی رەوشی ئێستای كەركوك ئەوەندە جدی بوونی بابەتەكەی لە سەر ئەرزی واقیع لێ ناكرێت، دەنا بەو پەیوەندیانەی ئێستا پارتی لەگەڵ ناوەندو شەخسی عادل عەبدلمەهدی هەیەتی دەتوانێت ئەوە بەزوویی یەكلایی بكاتەوەو بگەڕێتەوە كەركوك.
قسەكە ئەوەیە پارتی لە پرسی پێكهێنانی حكومەتدا تەنها دەیەوێت لە بارەی پرسی دابەشكردنی پۆستەكان و ناوخۆی هەرێم رێكەوتن بكات. بۆ پارتی سەركەوتنی پڕۆسەی پێكهێنانی كابینەكە بەو پێیەی جومگە سەرەكی و حەساسەكان لە بەردەستی خۆیەتی، زیاد لە هەر پرسێكی تر گرنگی هەیە. بەتایبەت كە پارتی لە دوای شكستی ریفراندۆم ئێستا لە هەوڵی بازسازی پەیوەندیەكانیەتی بەتایبەت پەیوەندیە دەرەكییەكانی, بۆیە ئەمە وەك دەرفەتێك دەبینێت بۆ ئەوەی كار لە سەر ئەم بینادنانەوەیە بكات.
ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە، كە وەرەقە سیاسیەكەی یەكێتی بۆ گفتوگۆكانی داهاتوو چی تێدا دەبێت بۆ پارتی. بەتایبەت كە بە هەستیارییەكی زۆرەوە دەیەوێت مامەڵە لەگەڵ نیگەرانییەكانی یەكێتی بكات.
بەڵام بۆ هەموو ئەوانەش ئەوەی كە بۆ یەكێتی گرنگی خۆی هەیە، بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتییە، بەجۆرێك هەر گفتوگۆیەك لە دەرەوەی ئەو پاكێجەی كە خستویەتیە ڕوو، بایەخی تەواوی هەڵوێستە جێگیرەكانی رابردوو دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

بەشی دووەم حزبە نوێیەكان لە هەرێمی كوردستان، وەك چۆن بە ...