سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » پەرلەمانی كوردستان لیژنەی یاسایی هەڵبژارد

فراكسیۆنی یەكێتی بەشدار نەبوو، یەكگرتووش بێبەش كرا

پەرلەمانی كوردستان لیژنەی یاسایی هەڵبژارد

دوێنێ، كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بەبێ بەشداریی فراكسیۆنی سەوز، بەڕێوەچوو، تێیدا ئەندامانی لیژنەی یاسایی هەڵبژێردران، پارتی چوار ئەندام، گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و نەوەی نوێ‌و مەسیحی‌و توركمانەكانیش هەریەكەو ئەندامێكیان بەركەوت.
لەوبارەیەشەوە، پەرلەمانتاران لەفراكسیۆنە جیاوازەكان پێیانوایە كە پەلەكراوە لەهەڵبژاردنی لیژنەی یاسایی، هاوشێوەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، ئاماژە بەوەش دەكەن كە مامەڵەكردن لەگەڵ پەرلەمان بەمجۆرەی ئێستا، كاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسی‌و حوكمڕانی‌و بەتایبەتیش كاریگەریی لەسەر دانیشتنەكانی نێوان لایەنەكان، دەبێت.

پەلەكراوە لەهەڵبژاردنی لیژنەی یاسایی
بەبڕوای؛ لوقمان وەردی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی سەوز، «پەلەكراوە لەئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە»و دەڵێت: هەنگاوێكی دروستنەبوو كە بەبێ بەشداریی فراكسیۆنی یەكێتی ئەنجامدرا، هەروەك چۆن لەكاتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەلەكرا، كە ئەو شێوازە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەیە كە سەركردایەتی پارتی لەبارەی رێكەوتننامەی سیاسی لەگەڵ یەكێتی، باسی دەكات. لەوبارەیەشەوە، رەخنە لەبەشێك لەفراكسیۆنەكانی پەرلەمان دەگرێت لەوەی بەشدارییان لەكۆبوونەوەكەدا كردووەو راشیدەگەیەنێت: لیژنەی یاسایی لیژنەیەكی گرنگی پەرلەمانە، بۆیە دەبوو چاوەڕوان بكرێت‌و كاتیش لەبەردەستدا مابوو، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆش «دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی دەتوانرێ 25 رۆژ چاوەڕێ بكرێت بۆ ئەوەی لیژنەكان دیاری بكرێن»، بەڵام ئەوە نەكرا.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، بەپێویستی دەزانێت كە چیتر كۆبوونەوەو كاری لەوشێوەیە نەكرێت، تاكو رێكەوتننامەی سیاسی لەنێوان یەكێتی‌و پارتی ئیمزادەكرێت‌و رێكەوتنەكان دەچنە قۆناغێكی نوێوە، ئەوەش لەوڕوانگەیەوە كە هەرێمەكەمان پێویستی بەهەماهەنگی‌و هاوكاریی‌و یەكڕیزیی نیشتمانیی هەموو لایەنەكانە‌و ئەم قۆناغەش دەخوازێ هەمووان تەبابین‌و كاربكەین بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان‌و بەتایبەتیش دۆخی كەركوك‌و هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بۆی، لەبەغداش تەباو یەكڕیزبین، تا بەدەنگێكی دلێری یەكگرتووی كوردانە داوای مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین.

״بێبەشكردنی یەكگرتوو، سزادانمانە״
هەر تایبەت بەو پرسە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: بێبەشكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەلیژنەی یاسایی، سزادانی فراكسیۆنەكەمانە لەسەر هەڵوێستەكانی. وتیشی: هەڵبژاردنی ئەندامانی لیژنەی یاسایی بەم شێوەیەی ئێستای بۆ ئەوەیە لیژنەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت، تا ئەو یاسایانەی دەیانەوێ، تێیپەڕێنن، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بەكاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە هەیە.

مامەڵەكردن لەگەڵ پەرلەمان بەمشێوەیە، باش نییە
هەروەها، د.دانا سەعید سۆفی ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان، ئەوە دەخاتەڕوو كەبارودۆخی ئێستای پەرلەمان‌و سەرۆكایەتییەكەی‌و پێكهاتەی لیژنەی یاسایی، قۆرغكاری‌و پاوانكاریی پێوەدیارەو هەیمەنە زاڵە بەسەرییەوە، تا لەڕێگای سەرۆكایەتی‌و لیژنەی یاساییەوە، كارنامە دابنرێت‌و پرسەكان یەكلابكرێنەوە، كە مامەڵەكردن لەگەڵ پەرلەمان‌و لیژنەكان بەشێوەی ئێستا، كاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسی‌و حوكمڕانی لەكوردستان دەبێت، بەتایبەتی كاریگەریی لەسەر رەوشی دانیشتنەكانی هەردوو لایەنی سەرەكی یەكێتی‌و پارتی، دەبێت، كەبڕیارە كۆبوونەوەكانیان دەستپێبكەنەوە.
لەلێدوانێكیشدا بۆPUKmedia ، دلێر ماوەتی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەی بەوەكردووە كە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان‌و دەستنیشانكردنی ئەندامانی لیژنەی یاسایی، كارێكی باش نەبوو و خزمەت بەبارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمەكەمان ناكات، دەشڵێت: فراكسیۆنی پارتی دەبوو نامەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكەیان بەهەندوەربگرتایەو كۆبوونەوەكانی پەرلەمانیان بۆ دوای دانیشتنی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی‌و پارتی، دوابخستایە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كۆسرەت رەسوڵ: دۆخی كوردستان پێویستی بە هەموو لایەنەكانە

״كوردستان پێویستی بە حكومەتێك هەیە لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە و ...