سەرەکی » دۆسێ » رێگرییەکانی دیموکراسی لە گێتی عەرەبیدا

رێگرییەکانی دیموکراسی لە گێتی عەرەبیدا

خالد صالح عباس
وەرگێرانی : کوردستانی نوێ

مەسەلەی دیموکراسی رووبەروی رێگری و قەیرانی زۆر گەورە دەبێتەوە بە تایبەتی بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت بەرەو سیستەمێکی دیموکراسی هەنگاو بنێن. نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت کە ئەو رێگریانە هەموویان وەکو یەک نین و لە هەر وڵاتە و بەجۆرێکە. گەر بمانەوێت لە دیارترین رێگریی بەلایەنی کەمەوە لە وڵاتە عەرەبییەکان باس بکەین، کە هەریەکەیان لە رووی کرانەوەی سیاسیی و ئاستی ئازادیی رادەربڕین و سەروەری یاسا و پێشكەوتنی کۆمەڵی مەدەنیی و سیاسی، لە یەکترییەوە جیاوازن. لەگەڵ هەموو ئەو جیاوازییانەش کە لەم وڵاتانەش دا هەیە «مەبەستی وڵاتانی گێتی عەرەبییە…و.ک» هەمووشیان لە قۆناغی راگوزەران بەرەو دانانی سیستەمێکی حوکمڕانی دیموکراسی، هەرچەندە هەتاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە سەرکردایەتییەکی باشی حکومڕانی بەرهەم بهێنن.
دەتوانین ئەو رێگریانە بەمشێوەیەی خوارەوە باس بکەین:

1. بەشدار نەبوونی خەڵكی لە پرۆسەی دیموکراسی
بەشداریکردنی خەڵكی مەرجی سەرەکییە بۆ پرۆسەی دیموکراسی، ئەم بەشدارییەش لە رووی چەندایەتیی و چۆنایەتییەوە رێگری زۆری لە بواری یاسایی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەوە دروست کردووە. لە پێش هەمووشیانەوە بەشدارینەکردنی ژنان و رێگرتن لە بەشداریبوونی تەواوەتیی و هەقیقیان لە ئیدارەی کاروباری دەوڵەت بە گشتی ‌و سیاسەت بەتایبەتی. لە زۆربەی مێژووی مرۆڤایەتیشدا، وا لە خەڵکیان تێگەیاندووە، کە ژنان بە شێوەیەکی سروشتی، بۆ کاروچالاکی سیاسی بەکەڵک نایەن و بەشێوەیەکی فەرمی و نافەرمیش لە سیاسەت دوور خراونەتەوە، لەمەشدا نەریتی کۆنی کۆمەڵگە رۆڵی هەبووە، چونکە وا سەیری ژن کراوە کە تەنها بۆئەوە باشە، کەخەریکی منداڵ بەخێوکردن و کاروباری ماڵەوە بێت، ئەمەش وایکردووە کە رێگر بێت لەوەی کە ژنان پۆستی سیاسیی یان حکومی بەرز وەربگرن. بەدڵنیاییەوە بەشدارینەکردنی ژنان لە پرۆسەی هەڵبژاردن و خۆ کاندیدکردن ، یەکێکە لە رێگرییە گەورەکانی دیموکراسی لە گێتی عەرەبیدا.

2.ئاستی خوێندن:
ئاستی خوێندن، یەکێکە لەو مافانەی کە کاریگەری گەورەی بەسەر هەموو مافەکانی تری مرۆڤەوە هەیە، هەروەها ئامڕازێکیشە بۆ گەیشتن بە مافەکانی تر ، رێگایەکیشە بۆن ئەوەی چینە پەراوێزخراوەکان لە هەژاریی و جەهل رزگاریان بێت و بەشدرای چالاکانە لە ژیانی نیشتمانی بکەن، هەروەها کاریگەری سنووری ئێستا و داهاتووش دەبەزێنێت. هەرچەندە وڵاتە عەرەبییەکان لە چەند ساڵی پێشوودا لە بواری خوێندندا هەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام هێشتا لە چاو وڵاتانی تری جیهان، لە ریزی پشتەوەن.

3.رەوشی ئابووری و نەبوونی ئازادی کۆمەڵایەتی لەلای زۆرینەی هاوڵاتییان
یەکێک لە بنەماو کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستەمی دیموکراسی، یەکسانییە لەنێوان هاوڵاتیاندا، کرۆکی ئەم یەکسانییەش « یەکسانی ئابوورییە» . نا یەکسانی ئابووریی و خراپی دابەشکردنی سەرەوت و سامانی نیشتمان ، کە ئەویش یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی سیستەمی سەرمایەداریی و ناهێڵێت یەکسانی کۆمەڵایەتییش دروست بێت، بگرە لەسایەی سیستەمی سەرمایەدرایدا، یەکسانی کۆمەڵایەتی شتێکی مەحاڵە.
زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە پێشتر سیستەمی سۆسیالیستیان هەبووەو پاشتر رووخان، وایکرد کە رەوشێکی خراپی ئابووری دروستبێت، بەتایبەتی لەپاش گۆڕینی ئەو سیستەمە بۆ سیستەمێکی ئابووری سەرمایەداری کە پشت بە موڵکداری تایبەتیی و بازاڕی ئازاد دەبەستێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی رەوشێکی نا ئارامیی ئابووریی و کۆمەڵایەتی دروست بێت. زۆربەی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لە ناویشیاندا، وڵاتە عەربییەکان، نەیانتوانییوە یان سەرکەوتوو نەبوون لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووریی وڵاتەکەیان. ئەمەش وایکردوو کە خەڵکی هەژار بێت و بەرنامەی گەشەسەندنی ئابوورییان نەبێت، کە ئەمەش وا دەکات جیاوازی کۆمەڵایەتی بەهەموو جۆرەکانی زۆرتر بێت،هەرئەمەش وادەکات کە خەڵكی متمانەیان بە دەسەڵاتی دیموکراسی نەبێت بۆ ئەوەی کێشەکانی کۆمەڵگا چارەسەر بکات و رەوشی ئابووریی وڵاتەکەیان باش بکات.

4.نەخوێندەواری و نەبوونی هۆشیاری سیاسی
یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی وڵاتە عەرەبییەکان لەژێر حکومی داگیرکەرانی بیانی بۆ ماوەی دەیان و سەدان ساڵ، بوونی زۆرینەی خەڵكی لە وڵاتە عەرەبییەکان کە بە دەست نەخوێندەواریی و جەهلەوە دەیانناڵان. هەرچەندە وڵاتە عەرەبییەکان هەوڵی زۆریان داوەو بۆ داژیەتیکردنی نەخوێندەواریی و باشكردنی رەوشی خوێندن، بەڵام هێشتا رێژەیەکی زۆری دانیشتوانی وڵاتە عەربییەکان نەخوێندەوارن، ئەمەش بۆتە هاندەرێکی باش بۆ سەرکردە سیاییسەکان لە وڵاتانی عەرەبی ، تاوەکو ئیدعای ئەوە بکەن، کە هاوڵاتی عەرەبی هێشتا بەپێی پێویست هۆشیار نین و ناتوانن مومارەسەی ئازادییەکانی بکات، ئەمەش وایکردووە کە هۆشیاریی و ئیرادەی سیاسییان نەبێت و سەرکردە سیاییسە عەرەبییەکان بە ئارەزووی خۆیان حوکمداری بکەن.
دەرئەنجامی ئەم رەوشەش وایکردووە، کە زۆرینەی خەڵكی لە وڵاتە عەرەبییەکان هۆشیاری سیاسیی و کۆمەڵایەتییان نەبێت و بکەونە داویی سەرکردەکانیانەوە،کە تەنها ئامانجیان حوکمی رەهاییە و ئەوەش لە رێگەی « حزبی حاکم» و گۆڕینی دەستوور بە پێی ویست وئیرادەی سەرۆک و دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک و بە میراتگرتنی کورسی لە باوکەوە بۆ کوڕ. هەروەها پادشاکانیش بە زەبری شـمشێر، جێنشینەکانیان لادەبەن و کوڕەکانیان دادەنێن، بۆئەوەی بتوانن پارێزگاری لە هەژمونی سیاسیی و ئابووری خۆیان بکەن، هەموو ئەمانەش وایکردووە کە ببنە کێشە و رێگری گەورە لەبەردەم هەنگاونان بەرەو سیستەمی دیومکراتی لە گێتی عەرەبیدا.

5.رێکنەکەوتن لەسەر چەمکی دیموکراسی و کار نەکردن بە پڕەنسیبەکانی
ئەوەی روون و ئاشكرایە کە خەڵکانێکی زۆر چ وەکو تاک یان وەکو کۆمەڵ، بەرژەوەندییان لەگەڵ پرۆسەی دیموکراسیدا هەیە،بەڵام هەندێکیان لەسەر ناوەڕۆکی دیموکراسی رێک ناکەون و هەندێکیشیان لەسەر ئەرزی واقع ،مومارەسەی دیموکراسی ناکەن.
هێشتا دیموکراسی دروشمە و هیچ رێكەوتنێکیش لە نێوان ئەو لایانەنانەدا نییە، کە دەیانەوێت بەرەو دیموکراسی هەنگاو بنێن، هەروەها مومارەسەکردنی چ لە رێکخراوەکانی کۆمەڵەی مەدەینی و پارتە سیاسیەکاندا، کەموکورتی زۆری تێدایە و لە کاری رۆژانەدا کاری پێ ناکرێت و رێگری زۆری هەیە.
بەڵام ئەم رێگریانەش دەکرێت نەهێڵرێت ، ئەوەش لە رێگەی هەنگاوی لەسەرخۆ و خەباتی دیموکراسیانەوە، بەدڵنیایشەوە ئەمەش پێویستی بە ئامادەکردنی سەرکردەی سیاسیی باش هەیە، هەروەها کاری بەردەوامی چالاکوانانی مەدەنیی، بۆئەوەی چەمکی دیموکراسی لە کۆمەڵگەدا بسەپێت و هاوڵاتییەکی دیموکراسی دروست بکەین ، جگەلەوەش دەبێت دیموکراسی چ لەناو کۆمەڵ چ لەناو ئیدارەی دەوڵەت ، رۆژانە مومارەسە بکرێت.
6.کودەتای سەربازی
ئەوانەی کە کودەتای سەربازی دەکەن، بەدەر لە نیەتیان لە ئەنجامدانی ئەم کارە، جا نیەتی باشیان هەبێت کەلە بەیانی یەکەمدا باسی دەکەن و زۆرجاریش باس لەوە دەکەن، کە ئامانجیان دانانی سیستەمێکی دیومکراتییە، جا ئەم کارە بکەن یان نەیکەن، ئەوا ئەوەی مێژوو بۆی دەرخستووین،زۆربەی کودەتا سەربازییەکان، تەنها کار بۆ دانانی حوکمێکی سەربازی دەکەن نەک دیموکراسی، وانەکانی مێژوو ئەوەمان پێدەڵێن ، کە هەر کودەتایەکی سەربازی دەبێتە هۆی ، پەکخستنی پەرلەمان و داخستنی پارتە سیاسیەکان و سەپاندنی حوکمی عورفی و لابردنی ئازادی رۆژنامەگەریی و دەستگیرکردنی بەشێک لە سیاسەتمەدارەکان و دەستگرتن بەسەر سەروت و سامانیان ، هەموو ئەمانەش وادەکەن کە دەرگا لەبەردەم پرۆسەی دیموکراسی دابخات و ببێتە رێگر لەبەردەم ئەم پرۆسەیە و درزبخاتە ناو شیرازەی کۆمەڵگە و لاوازی بکات.
7.گەندەڵی ئیداریی و دارایی
یەکێک لە رێگرییە گەورەکانی بەردەم دیموکراسی، نەبوونی لێپرسینەوەو لێپێچینەوەیە. یەکەمین هەنگاوی لێپرسینەوەش دەبێت بە پلەی یەکەم، رێگا بە ئازادیی رۆژنامەگەری و بۆچوونی ئازاد بدرێت، هەروەها بوونی ئەنجومەنی هەڵبژێراو بەهێزکردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و سەندیکا پیشەییەکان، کە ئەمانە هەموو پێکەوە دەتوانن چاودێرییەکی وردی کارەکانی حکومەت بکەن، جگە لەمانیش بوونی دەزگای چاودێری دارایی زۆر گرنگە.
بەدڵنیاییشەوە چەندە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بەهێز بێت، ئەم دەزگایانەش کار و رۆڵیان باشتر دەبێت، لە کاتی نەمانی دیموکراسیشدا، ئەم دەزگایانەش هیچ رۆڵیان نامێنێت.

سەرچاوە:
خالد صالح عباس . معوقات الدیمقراطیة فی عالم العربي. http://www.uobabylon.edu.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شیكاری سەربازیی: كەركوك‌ و ئەوەی دەتوانرا رزگار بكرێ

پەیڤێک ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی بێ مانا و ناڕەوا لە بارەی ...