سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » میللەتێک لە بەردەم کارەساتی میدیادا

میللەتێک لە بەردەم کارەساتی میدیادا

لەدوای ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی باشووری کوردستانەوە لە ساڵی 1991، میدیا بەجیاوازی جۆرەکانییەوە هەم پێویستییەکی ژیاری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئابووری بوو هەم پێویستییەکی سیاسی بوو کە کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکیتری سەر ڕووی زەوی میدیای تایبەت بە خۆی هەبیت بۆ ئەوەی پەیام و شارستانییەت و وێنەی دنیای پڕ کارەساتباری خۆیی پێبنێرێتە دەرەوە. چونکە نەبونی میدیایەکی بینراو لە زەمەنی پێش ڕاپەڕیندا کاریگەری نەرینی بۆسەر دۆزی کورد هەبووە لە جیهاندا. نوسەری ئەمریکی (سەمانسا پاوەر) پێی وایە «نەبونی میدیایەک بۆ کوردەکان وایکرد تاوانی ئەنفال ون ببێت و نەبینرێت لەلای وڵاتانی دەرەوە و ئەمریکا».
دوای نزیکەی سێ دەیە لە جێهێشتنی زەمەنی ئەم ڕووداوە گەورەیە لەدنیای شۆڕشگێڕی و خەباتی سیاسی کورددا ئێستا ژمارەی کەناڵە کوردییەکان هێندە زۆرە، بەتەنها کورد پێویستی بەقەمەرێک هەیە. یان وەک دەگوترێت کەناڵە کوردییەکان هێندە ژمارەیان زۆر بووە بینەر و هاوڵاتیان نازانن تیڤییەکانیان بکەنەسەر کام کەناڵە بەبینینی واقیعی میدیا لە ئەمڕۆی باشووری کردستاندا، پێدەچێت ئەو پەندە کوردییە زۆر تەواوبێت کە دەڵێت «هەموو شتێک لە زۆربوونیدا بێ بەها دەبێت». چونکە ئەوەی ئێستا لە زۆری ژمارەی میدیا کوردییەکاندا دەبینرێت لە پێویستی تێپەڕیوە و سەریکێشاوە بۆ ئامانج و مەبەستی تایبەت و لە جێگای ئەوەی میدیای کوردی وەزیفەی نەتەوەیی و نیشتمانی و ڕۆشنبیری جێبەجێ بکات و بۆشایی و کەموکورتییە جۆربەجۆرەکانمان لە کایە جیاوازەکاندا بۆ پڕ بکاتەوە، کەچی ئێستا میدیا خۆی بۆشایی بڕوا و ئیتیک و مسداقیەتی لای تاکی کورد دروست کردووە و بینەر و وەرگر ناتوانێت لە بەردەم شاشەیەکدا دانیشێت و بڕوا بە ڕاستی و دروستی هەواڵەکانی بکات. بۆیە کاتێک میدیایەک لە قەیرانی سیاسی و ململانێی ناوخۆییدا ناتوانێت بێلایەنی بپارێزێت و دەچێتە بەرەیەکی سیاسی بەرامبەر بەرەیەکی سیاسیتر ، ئەوا هەمان میدیا ناتوانێت لە قەیرانی بێ بینەریش خۆی ڕزگار بکات و بینەر ئاشت بکاتەوە.
ئەو میدیایەی کە خەونی هەموومان بوو لە دوای ڕاپەڕین کورد هەیبێت و پەیامی گەلێکی چەوساوەی کارەسات بار پیشانی دەرەوە بدات و لینکێک دروست بکات لەنێوان ناوەوەی هەرێم و جیهانی دەرەوەدا بۆ ئاڵوگۆڕکێی زانیارییەکان، ئێستا بەڕوونی لە دوو پانتاییدا ئیش دەکات :
یەکەم :
میدیای کوردی و بەتایبەت ئەو میدیایانەی دراما و هونەری تورکی و بیانی پەخش دەکەن، ئەوەندەی سودیان بە کەڵچەر و فەرهەنگی تورکی و بیانی گەیاندووە، نیوەی ئەوە سوودی بە کورد و پاشخانی ڕۆشنبیری کورد نەگەیاندووە. ئەم ئیشکردنە بەردەوامەی میدیای کوردی لە پانتایی و حەقلێکی هونەری و فەرهەنگی ناکوردیدا بەشێوەیەکی بێئاگایانە و بەڕاستەوخۆیی خزمەتە بە کەڵچەری ئەویتر نەک کورد
ئێمە بۆیە دەخوازین میدیایەکمان هەبێت بۆئەوەی هونەرەکەمان پیشانی دەرەوە بدا، بەو پێیەیشی دەوترێت «هونەر ئاوێنەی گەلانە» ، ئەگەر لە میدیایەکی کوردییەوە هونەرێکی تورکی نمایش بکرێت، ئەوا بینەر هەر کەس بێت، من بم یان ئەوێکی کوردیتر بێت ، لەم ئاوێنەیەدا وێنەی کورد نابینین و نایناسینەوە، بەڵکو ئەم ئاوێنەیە ئەوێکی تورکی یان بیانی پیشان دەدات و ڕیکلامە بۆ تەواوی فەرهەنگ و شارستانییەتی ئەویترە.
دووەم :
میدیای کوردی لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت لە دۆخی نائاسایی ناوخۆدا بە دوو ئاراستە ئیشیکردووە لەسەر ناشیرینکردنی کێشە ناوخۆییەکانی باشوری کوردستان بەبێ ڕەچاوکردنی واقیع و دۆخی نەخوازراوی کورد . ئەم میدیایانە پاڵنەرێکی زۆر نێگەتیڤ بووە لە تۆخکردنەوەی ململانێ و ناکۆکی نێوان لایەنەکاندا لەلایەک ، لەلایەکیتریشەوە هەڵکشانی ئەم ناکۆکییانە و پیشاندانی بەجیهانی دەرەوە و بون بەبەشێک لە ململانێکان
ئەم میدیایانە لەهەر چرکەیەکدا ڕووبەڕووی دۆخێکی نائاسایی یان ململانێیەکی ناوخۆیی هێزە سیاسییەکان بووبێتنەوە، دەستبەجێ تەواوی دەمامک و ڕووپۆشی خۆیانیان فڕێ داوە و لە سێبەر هاتوونەتە دەرێ و بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوخۆیی یان نەتەوەیی و نیشتمانی، هەرچیان لە توانادا بووبێت وەک ژەهرێکی ترسناک بەنێو تاک بەتاکی کورددا بڵاویانکردۆتەوە و هەناردەی دەرەوەیشان کردووە ئەو خەونەی کورد هەیبوو لە ڕەسمکردنی چوارچێوەی میدیایەکی نەتەوەیی و نیشتمانیدا ، بەتاڵ دەرچوو !. ئێستا لە سایەی میدیایەکی نابەرپرسدا میللەتێک لەبەردەم کارەساتی شێواندنی فەرهەنگ و کەلەپور و شارستانیەتی خۆیدا لەلایەک و لەلایەکیتریشەوە لە سایەی ئەم جۆرە میدیایەدا هەنوکە لە کوردستاندا وەشان دەکەن گەلێکجار ئەمنی قەومی و نیشتمانیمان دەکەوێتەبەردەم مەترسییەوە و ئەوەی بۆ نەیارێک گرنگە لەسەر کورد بیزانێت بەزوویی دەستی پێیدەگات و هەرزوو دەتوانێت لە کەلێنی جەستەی کوردییەوە و بەپاڵپشتی ئەم جۆرە میدیایانە داخڵی دنیای ئێمە ببێت و سوود لەناکۆکییەکانمان وەربگرێت.
بۆ چەندانجار گوێمان لێیبووە بینەرێک گوتویەتی : تیڤییەکە مەکەسەر کەناڵی کوردی و بیکەسەر کەناڵێکی حەیوانات یان فیلمێک، زۆر مایەی داخە لە شاشەیەکدا کە جیهانی پێکدادانی هێزە و ئاژەڵە دەسەڵاتدارەکان بەبەرچاوی کامێراوە بێدەسەڵاتەکە پارچەپارچە دەکات و خوێنی دەڕژێنێت، هێشتا بینەرێک هەیە ئەوەی قبوڵە و ئارەزووی دەکات بەو مەرجەی شاشەی تیڤییەکەی نەکەوێتەسەر کەناڵێکی کوردی و گوێی لەهەواڵێک نەبێت لەسەر دۆخی ناوخۆی کوردستان و حەزدەکات بێئاگا بێت لەوەی لەسەر ساحەی سیاسی کوردستان ڕوودەدات
ئەم میدیا کوردییانە میللەتێکیان خستۆتەبەردەم ڕەشبینی و بێهیوایی. میللەتێک ئێستا وایلێهاتووە لەنێوان دووهەواڵی ڕاست و دروستدا لەسەدا سەد یەکێکیان بەناڕاست دادەنێت و لەسەدا هەشتا گومانی لە ڕاستی ئەو هەواڵەکەیتریش هەیە و لەنێوان ڕەدکردنەوەی تەواوەتی و وەرگرتنێکی تەواوەتیدا دەمێنێتەوە و بڕیاردان قورس دەبێت.
ئەوەی میدیا لە باشوری کوردستان دەیکات لەگەڵ فەرهەنگ و زمان و کەڵچەری کوردی، هەمان پیلانی نەیارەکانمانە کە ئێمە بە هەموو جۆرێک لە زمان و واقیعی کوردایەتیمان داببڕن و بێئاگابین لە تەواوی ئەو ئەدگارانەی پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە. چونکە لە سایەی میدیاکانمانەوە نها بینەر توشی دابڕانێکی قوڵ بووەتەوە لەگەڵ زانیارییەکانی دنیای کوردیدا. ئێستا نێوانی بینەری کورد لەگەڵ ئەم شاشە کوردییەدا هێندە زۆر و ماوە فراوانە ئەستەمە خودی میدیاکان خۆیشیان بتوانن ئەم بینەرە ئاشت بکەنەوە و جارێکیتر ئەو بڕوایە بۆ بینەرێکی کورد دروست بکات کە بێتەوەبەردەم شاشەکەیی و جارێکیتر بۆ دەستکەوتنی دواین هەواڵ و زانیاری پشت بە میدیایەکی کوردی ببەستێت.
ئەو سەرەتایەی میدیای کوردی دەستی پێکرد هەرچۆن بێت ڕەنگە بۆ ئەو کاتی کورد و کوردستانیان شتێکی باش و بەکەڵک و نوێ بێت و توانیبێتی شتێکی نوێ بۆ دنیای ئێمە زیاد بکات ، بەڵام مەخابن لە ئێستای ئەم میدیا کوردییەوە بۆمان دەردەکەوێت ئایندەیەکی تەڵغ و ناڕون چاوەڕێیان دەکات و ئەوەی بینەر دەیەوێت نایگەیەنن و ئامانجی دروستکردنی میدیا لە دوێنێدا بە بەراورد بە مەبەستی کارکردنی ئەمڕۆی ئەو میدیایانە دوو شتی زۆر دوور و ناچونیەکە و مەودای نێوان پرسە نەتەوەی و نیشتمانییەکان لەگەڵ ویستەکانی پشت کاری میدیاکان لە ئەمڕۆی گڵۆبالیزەیشن و پێویستی کرانەوەی کورد بە ڕووی جیهاندا گەلێک دوورە و بە تەواوی لینکەکان لەنێوان مەبەستی دروستکردن و ئامانجی میدیاکاندا بچڕاوەو ناگەنەوەدنکتر.
هەنوکە میللەتی کورد لەبەردەم کارەساتی میدیادایە !، ئەمەش بۆ ئەوە نا کە کورد هیچ میدیایەکی نییە بەڵکو بۆ ئەوەی میدیایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی نییە کە پەیامی میللەتێکی وەک کورد بگەیەنێتە جیهان و دیدگا و پەیامی وڵاتانی جیهانیش لەسەر کورد بگوازێتەوە. چونکە لەڕابردوودا تەواوی میدیاکانی کوردستان هەژمونی حیزبی زاڵبووە بەسەریاندا نەک ڕۆحی نەتەوەیی و نیشتمانی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ و جوتیار و به‌رهه‌می ناوخۆ

(17) تاڕاده‌یه‌ك دڵنیام، پێده‌چێت تاكو وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌ لای‌ وه‌زیرێكی ...