سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » ئه‌نفال له‌ نێوان دوو سه‌گدا

ئه‌نفال له‌ نێوان دوو سه‌گدا

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

سه‌ره‌تا:
به‌راوردی‌ نێوان ئه‌و سه‌گانه‌ی‌ ئه‌وانه‌ باسی‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ نوگره‌ سه‌لمان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و ئه‌و سه‌گه‌ی‌ عوسمانی‌ حاجی‌ مه‌حمود له‌ یاده‌وه‌ریه‌كانی‌ خۆیدا باسی‌ ده‌كات له‌ كاتی‌ ئه‌نفالدا، منی‌ هێنایه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر به‌كورتیش بێت له‌ هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌مدا ئه‌م وتاره‌ بنووسم و له‌ ئاینده‌دا زیاتر درێژه‌ی‌ پێبده‌م، من خۆم كه‌ چوومه‌ نوگره‌ سه‌لمان و قه‌ڵای‌ سه‌لمان و ئه‌و ناوچانه‌ به‌ تاییبه‌تی‌ به‌دوای‌ ئه‌و سه‌گانه‌دا گه‌ڕام كه‌ كه‌س و كاری‌ قوربانیه‌كان و ئه‌وانه‌ی‌ له‌وێ‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ باسیان ده‌كرد، هه‌ڵبه‌ت له‌ماوه‌ی‌ زیندانی‌ كردن له‌وێ‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر كۆچی‌ دوای‌ كرد، من له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ سه‌لمان لیستێكی‌ 81 كه‌سیم هێنایه‌وه‌ كه‌ هه‌مووی‌ نوسراوه‌ وه‌ستانی‌ سوڕی‌ خوێن « وه‌ستانی‌ ده‌ورانی‌ خوێن « مردوه‌كان هه‌ر ئه‌و لیسته‌ نین و له‌وه‌ زیاترن،له‌م نوسینه‌دا جگه‌ له‌و به‌راورده‌ ده‌مانه‌وه‌ێ‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش بكه‌ین، كه‌ ئاخۆ كورد چۆن سه‌یری‌ سه‌گی‌ كردوه‌، له‌ كاتێكا سه‌دان ساڵه‌ سه‌گ له‌م ناوچه‌یه‌ هۆگرێكی‌ نزیكی‌ كورده‌، به‌ تایبه‌ت سه‌گی‌ هه‌وشارو سه‌گی‌ شوانی‌ و سه‌گی‌ پاسه‌وانی‌، سه‌گه‌كانی‌ كوردستان به‌شێكیان بۆ باڵاو بۆ دڕی‌ له‌ باشترین سه‌گه‌كانی‌ دنیان، به‌ڵام تا ئێستا نه‌شێوازی‌ په‌روه‌رده‌و پاراستنێكی‌ دروستیان هه‌بووه‌، نه‌بایه‌خێكی‌ ئه‌و تۆیان پێدراوه‌، بۆیه‌ له‌ ته‌واوی‌ كوردستاندا زۆر ترین سه‌گی‌ بێخاوه‌ن و به‌ره‌ڵا هه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تیش هیچ بایه‌خێكیان پێنادات.
شاعیرانی‌ كورد چۆن سه‌یری‌ سه‌گیان كردوه‌:
پیره‌ مێرد به‌ نمونه‌:
له‌ په‌نده‌كانی‌ پیره‌ مێردا چه‌ندین جار ناوی‌ سه‌گ هاتووه‌، به‌ڵام هیچ جارێك ئه‌رێنی‌ له‌سه‌گ نه‌ڕوانراوه‌، ئه‌وه‌ش مایه‌ی‌ سه‌رنج و ڕامانه‌، چۆن بیرمه‌ند و شاعیرێكی‌ ئاوا بۆ یه‌كجاریش په‌سه‌نی‌ سه‌گی‌ نه‌داوه‌، پیره‌ مێرد به‌م جۆره‌ سه‌یری‌ سه‌گی‌ كردووه‌:
كه‌ شێوه‌یت دی‌، بڕۆ تێپه‌ڕه‌
سه‌گی‌ سه‌ر مله‌، به‌ دوولاوه‌ڕه‌ ل12
یان :
من سه‌گم دیوه‌ له‌ سه‌ره‌ نوێلك
قه‌پاڵی‌ ده‌گرت له‌ گۆشتی‌ تووتك ل87
یان
مێشه‌ سه‌گانه‌ كه‌ سه‌گ مه‌گه‌سه‌
وه‌ریشی‌ گێڕی‌ هه‌روا ناكه‌سه‌ ل 146
یاخود ده‌ڵێ‌:
تانجی‌ له‌ ڕاودا هونه‌ر ده‌نوێنێ‌
نه‌ته‌وه‌ی‌ سه‌گه‌و گورگ ئه‌خنكێنێ‌ ل 137
پیره‌ مێردی‌ شاعیر راسته‌ هه‌ندێك جار ئاماژه‌ بۆ ئازایه‌تی‌ سه‌گ و نه‌وه‌كانی‌ ده‌كات، به‌ڵام به‌ گشتی‌ له‌ هه‌موو شیعره‌كاندا وه‌ك گڵاو، پیس، ناجۆر سه‌یری‌ سه‌گ ده‌كات.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌:
ئاووپیاو مه‌ندو مۆن بن، بترسه‌
سه‌گی‌ نهێنگر، رامه‌گره‌ خرسه‌ ل351
هه‌روه‌ها:
تۆ ڕێ‌ له‌ ڕێبوار ببه‌سته‌، به‌سته‌
به‌ڵێ‌ ده‌می‌ سه‌گ به‌ لوقمه‌ به‌سته‌ ل 381
پیره‌ مێردی‌ شاعیر له‌ چه‌ندین شوێنی‌ دیكه‌دا باسی‌ سه‌گ ده‌كات، ئێمه‌ ئه‌م نمونانه‌مان له‌ له‌ په‌نده‌كانی‌ پیره‌ مێرد به‌رگی‌ یه‌ك تاسێی‌ چاپی‌ 2014 وه‌رگرتووه‌، له‌ نمونه‌ گه‌لی‌ دیكه‌ :
له‌ لاپه‌ڕه‌ 450دا هاتووه‌:
سه‌گی‌ نهێنگر له‌ كه‌س ناوه‌ڕێ‌
به‌لایا مه‌ڕۆ! له‌ پڕ ئه‌تگرێ‌
با وجوود ئێستا كه‌ سه‌گ نه‌ماوه‌
« هه‌ڵه‌وه‌ڕ « له‌ جێی‌ ئه‌و دانراوه‌
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌:
سه‌گیش به‌ نانێ‌ نایه‌ڵێ‌ « دون»ان
به‌ دزی‌ شه‌وان ڕوبكه‌نه‌ ماڵان ل 479
له‌ پێشدا چه‌قه‌ڵ له‌ ناو شارا بوون
« سه‌گه‌ل « فێڵیان كرد ئه‌وان بۆی‌ ده‌رچوون
ل480
شوان ئه‌بێ‌ سه‌گی‌ گورگ خنكێنی‌ بێ‌
خۆیشی‌ گاڵۆكی‌ سه‌رشكێنی‌ بێ‌ ل499
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌:
سه‌گی‌ به‌وه‌فا كه‌ موچه‌ داره‌
پشیله‌ی‌ زیانكار به‌شی‌ هه‌ر داره‌ ل516
دزو درۆزن به‌دن ئه‌م دوانه‌
سه‌گ له‌ سه‌گ به‌رده‌و له‌ دور بڕوانه‌ ل634
یه‌كجار به‌ باشی‌ لێی‌ ده‌ڕوانێ‌، ئه‌یش به‌راورده‌ له‌ نێوان سه‌گ و پشیله‌دا:
سه‌گ له‌ پشیله‌ به‌ وه‌فاتره‌
پشیله‌ ده‌ركه‌و گه‌ماڵ ڕاگره‌ ل 663
شاعیرانی‌ دیكه‌ی‌ كوردیش باسی‌ سه‌گیان كردووه‌ له‌وانه‌ قانع، گۆران، مه‌حوی‌ و هتد، كه‌ له‌ ڕاستیدا بۆ ئێره‌ به‌ پێویستم نه‌زانی‌، وه‌ك باسیشم كرد ده‌كرێت ئێمه‌ جاری‌ دیكه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌و قسه‌ی‌ زیاتری‌ له‌ باره‌وه‌ بكه‌ین.
شێركۆ بێكه‌سی‌ شاعیر به‌م جۆره‌ باسی‌ سه‌گ ده‌كات:
له‌و ئێواره‌ به‌ سامه‌دا
سه‌گه‌كه‌مان كه‌وته‌ قسه‌و
وتی‌ چی‌ ئه‌كه‌ن بابیكه‌ن
به‌ڵام من نابمه‌ به‌عسی‌
له‌ په‌ندی‌ كوردیشدا چه‌ندین جار باسی‌ سه‌گ هاتوه‌ وه‌ ك:
دار هه‌ڵبڕه‌ سه‌گی‌ دز دیاره‌، سه‌گ له‌ قه‌سابخانه‌ نه‌مرێ‌ عه‌مری‌ به‌ زایع ده‌چێ‌، سه‌گ به‌ مانگا شه‌و وه‌ڕینه‌، سه‌گی‌ هار چل شه‌وی‌ عومره‌، نان بده‌ به‌ سه‌گ مه‌یده‌ به‌ سپڵه‌ « هتد.
رۆماننووسی‌ ئێرانی‌ عه‌باسی‌ مه‌عروفی‌ ده‌ڵێت :
ئێسقان بده‌ی‌ به‌ سه‌گ به‌ ده‌ورتا ده‌سوڕێته‌وه‌ من دڵم دابه‌ تۆ دڵ
دوو سه‌گی‌ سه‌رده‌می‌ ئه‌نفال:
عوسمانی‌ حاجی‌ مه‌حمود له‌ بیره‌وه‌ریه‌كانی‌ خۆیدا له‌ سه‌رده‌می‌ پارتیزانیدا باسی‌ وه‌فای‌ سه‌گێك ده‌كات، سه‌گێك چۆن ئاماده‌ نیه‌ كه‌ل و په‌لی‌ شاراوه‌ی‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ به‌ جێبهێڵێت و پاسه‌وانیان ده‌كات، دوای‌ ماوه‌یه‌ك هه‌ر به‌ دیار كه‌ل و په‌له‌كانه‌وه‌ گیانی‌ ده‌رده‌چێت « كورده‌واری‌ ده‌ڵێن ده‌تۆپێت« ئه‌و ئه‌و سه‌گه‌ به‌راورد به‌و كه‌سه‌ ده‌كات كه‌ هاوڕێ‌ پێشمه‌رگه‌كه‌ی‌ شه‌هید ده‌كات و دێته‌وه‌ ده‌بێته‌ پیاوی‌ به‌عس، لێ‌ ئه‌و سه‌گه‌ ده‌كرێت به‌ سه‌گه‌ برسیه‌كانی‌ نوگره‌ سه‌لمانیش به‌راورد بكرێت، ئه‌و سه‌گانه‌ی‌ برسی‌ ده‌كران بۆ ئه‌وه‌ی‌ لاشه‌ی‌ مردوه‌كانی‌ كورد له‌ ژێر خۆڵه‌كه‌ ده‌ربكه‌ن و بیخۆن، ئه‌و سه‌گانه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ سه‌لمان گڕاونه‌ته‌وه‌ باسیان ده‌كه‌ن.ئه‌وه‌ی‌ من ده‌مه‌وێ‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بینووسم نوسینێكی‌ دوورو درێژتره‌و ئامانج لێی‌ هه‌ر ئه‌و به‌راورده‌ نیه‌، ئامانج لێی‌ ڕوانینی‌ مرۆڤی‌ كوردیشه‌ بۆ سه‌گ، كورد چۆن هاوڕێیه‌تی‌ سه‌گی‌ كردووه‌، سه‌گ لای‌ كورد پێگه‌و شوێنی‌ چۆن بووه‌، سه‌گی‌ كوردی‌ جیاوازی‌ له‌ ته‌ك سه‌گی‌ ئه‌وانی‌ تردا چیه‌، ئه‌مه‌یان بابه‌تێكی‌ تره‌و له‌ ماوه‌ی‌ داهاتوودا ته‌واوی‌ ده‌كه‌م، به‌ داخه‌وه‌ كورد كه‌مترین نووسینی‌ له‌باره‌ی‌ سه‌گه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ كاتێكا سه‌دان ساڵه‌ له‌ ته‌كیدایه‌، له‌ ماوه‌ی‌ رابردودا كتێبێكی‌ قه‌باره‌ گه‌وره‌ی‌ ئینگلیزیم بینی‌ له‌ سه‌ر چۆله‌كه‌ له‌ باكوری‌ ئه‌مه‌ریكا، باسی‌ هه‌زاران جۆری‌ چۆله‌كه‌ی‌ ده‌كرد، كاتێ‌ ده‌مویست بزانم كورد چی‌ له‌ باره‌ی‌ سه‌گه‌وه‌ نووسیوه‌ هه‌رچی‌ گه‌ڕام هیچێكی‌ ئه‌و تۆم ده‌ست نه‌كه‌وت، به‌ڵام له‌ گۆگڵ به‌ كۆی‌ زمانه‌كان هه‌زاران بابه‌ت و نوسین له‌ سه‌ر سه‌گ هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت سه‌گی‌ ئه‌ڵمانی‌، ئه‌مه‌ پاڵنه‌رێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیر له‌ نوسینی‌ بابه‌ته‌كه‌ بكه‌مه‌وه‌.
سه‌گه‌كانی‌ سه‌لمان ئه‌گه‌ر به‌ مه‌به‌ستیش برسی‌ نه‌كرابن، لێ‌ سروشتی‌ ئه‌و بیابانه‌ و خودی‌ سه‌لمان به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ به‌ ئاسانی‌ هیچیان ده‌ستنه‌كه‌وێت بیخۆن، بۆیه‌ ده‌بینی‌ هه‌ر دوای‌ داپۆشینی‌ قوربانیه‌كه‌، ئه‌وان ده‌ریان هێناوه‌و خواردویانه‌، ئه‌مه‌ش دڕنده‌یی‌ سه‌گه‌كانمان نیشان نادات، هێنده‌ی‌ دڕنده‌یی‌ ئه‌و رژێمه‌ مان نیشانده‌دات، كه‌ به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌ ته‌ك مرۆڤدا كردوه‌، هه‌ڵبه‌ت سه‌گه‌كانیشی‌ ناچار به‌ فێربوونی‌ خواردنی‌ گۆشتی‌ مرۆڤ كردووه‌، سه‌گه‌كانی‌ سه‌لمان هه‌ڵگری‌ ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌ن كه‌ به‌عس فێری‌ كردوون، هه‌ر چۆن سه‌گه‌كه‌ی‌ گه‌رمیان هه‌ڵگری‌ ئه‌و په‌روه‌رده‌و فێر كردنه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ فێری‌ كردووه‌.
ئاخۆ له‌ ئه‌نفاله‌كاندا چه‌ندین سه‌گی‌ به‌وه‌فا پاسه‌وانیان له‌ شت و مه‌ك و مه‌ڕو ماڵاتی‌ خاوه‌نه‌كانیان كردووه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ شێك له‌و خاوه‌نانه‌ یان ببوبێتنه‌ خواردنی‌ سه‌گه‌كانی‌ قه‌ڵای‌ سه‌لمان یان له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی‌ باشوری‌ عێراقدا بووبێتنه‌ خاك و خۆڵ، له‌ باره‌ی‌ سه‌گه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ ئه‌نفاله‌وه‌ چیرۆكی‌ تریش هه‌ن كه‌ هیوادارم له‌و نووسینه‌ی‌ به‌ڵێنم داوه‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ بیانگێڕمه‌وه‌.
وه‌فای‌ سه‌گ و شتی‌ تر:
كورد زۆر كه‌م به‌ ئه‌رێنی‌ له‌ سه‌گی‌ ڕوانیوه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌میشه‌ سه‌گ پاسه‌وانی‌ ران و ماڵی‌ بووه‌، راسته‌ كورد ده‌ڵێت نان بده‌ به‌سه‌گ مه‌یده‌ به‌ سپڵه‌، به‌ڵام ئه‌م ڕوانینه‌ ئه‌رێنی‌ نیه‌، لێره‌دا ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ كه‌سه‌گی‌ له‌ سپڵه‌ پێباشتره‌و هیچی‌ تر، ده‌نا زۆربه‌ی‌ جار سه‌گ هاوپێچی‌ جنێو كراوه‌، یان خۆی‌ وه‌ك جنێو به‌ كار هاتوه‌ بۆ نمونه‌ « سه‌گباب « یان « سه‌ی‌ له‌ بابی‌ سه‌ی‌ « یاخود به‌چكه‌ی‌ سه‌گ، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ كاتی‌ شه‌ڕدا یان وه‌ك جنێو به‌ كار هاتووه‌.
له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا واسه‌یری‌ سه‌گ كراوه‌ كه‌ گیاندارێكی‌ به‌ وه‌فایه‌، به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی‌ نانی‌ ده‌ده‌ن و ده‌بنه‌ خاوه‌نی‌، قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت سه‌بری‌ كه‌رو وه‌فای‌ سه‌گ، به‌وه‌ فا به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ نوسین و شیعرو په‌ندا ره‌نگی‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ كورد سه‌گی‌ وه‌ك ئاژه‌ڵێكی‌ گڵاو سه‌یر كردووه‌.
له‌ كوردستان به‌ دروستی‌ نازانم چه‌ند جۆر سه‌گ هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌گی‌ هه‌وشار، یان سه‌گی‌ پشده‌ر له‌ به‌ناوبانگترین سه‌گه‌كانی‌ كوردستانه‌ و زۆر دڕو ئازاو بوێره‌، باڵای‌ به‌رزه‌و له‌ هیچ شتێك سڵناكاته‌وه‌، من كه‌ ویستم له‌ باره‌ی‌ سه‌گه‌وه‌ ئه‌م وتاره‌ كورته‌ بنووسم، به‌ دووی‌ زانیاریدا گه‌ڕام، به‌ داخه‌وه‌ شتێكی‌ ئه‌وتۆم ده‌ستنه‌كه‌وت، له‌ كاتێكا له‌ سه‌ر سه‌گ له‌ دنیادا سه‌دان كتێب و هه‌زارن وتارو زانیاری‌ ورد هه‌ن، به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ر سه‌گی‌ ئه‌ڵمانی‌ و جۆره‌كانی‌ سه‌گی‌ ئه‌ڵمانی‌ و ناوه‌كانیان و به‌ره‌ باب و ره‌چه‌ڵه‌كیان نوسینی‌ زۆرو پڕزانیاری‌ هه‌ن.
له‌ ته‌ك ئه‌وه‌شدا زۆر قسه‌ له‌ وه‌فای‌ سه‌گ ده‌كرێت له‌ كوردستان، كه‌چی‌ كه‌سێك ده‌ستی‌ نه‌بردووه‌ وتارێكی‌ له‌ باره‌وه‌ بنوسێت، من به‌ هیوام ئه‌م كورته‌ نووسینه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ی‌ زیاتر له‌و باره‌یه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی‌ به‌ لای‌ منه‌وه‌ سه‌یره‌ كورد چێژی‌ زۆری‌ له‌ شه‌ڕه‌سه‌گ بینیوه‌و له‌ زۆر شوێن و ناوچه‌ی‌ كوردستان شه‌ڕه‌سه‌گ باوی‌ بووه‌ و تا ئێستاش هه‌ر ماوه‌، ئه‌مه‌ بۆ شه‌ڕه‌ كه‌و، شه‌ڕه‌ كه‌ڵه‌شێرو هتد هه‌ر وایه‌، به‌ڵام ئه‌ركی‌ نه‌كێشاوه‌ لانی‌ كه‌م له‌و باره‌یه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بنووسێت، واته‌ له‌ باره‌ی‌ ناسینیان چۆنێنی‌ گه‌شه‌ كردنیان، ناویان، باش و خراپیان هتد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

خەمی كوردەواری

1 كوردەواری ئەی وڵاتە جوانەكەم رۆڵەكەم خێزانەكەم باوەنەكەم ئەی ئەوانەی ...