سەرەکی » ئاراستە » گەڕانەوەیەک بۆ سلێمانی لە نێوان ساڵانی 1969—1967

گەڕانەوەیەک بۆ سلێمانی لە نێوان ساڵانی 1969—1967

بەرزان شێخ عوسمان

پیاسەیەک بە گوزەرەکەی خۆمانا
ئەم نوسینە بۆ یادکردنەوەیەکی مێژوی شەقامی بێکەسە کە لە سوچی بەریدی جاران و سینەما رەشید تا سوچی مەعاریف و وێستگەی پاسەکان و نقلیاتی سەرچنار لای دوکانی مەلا ئەگرێتەوە ،لەولاشەوە لە سوچی چایخانەکەی مینە شەل بەرامبەر کۆڵانی ئەوقاف تا فەرعەکەی شەقامی مەولەوی ھیوادارم برا و ھاوڕێانی خۆشەویستم کاک شاوەیسی کاکە حەمەی وەستا ساڵح ،بەختیار ژینۆ، عوسمانی دەروێش ئەمین و کرمانجی حاجی فرەج کە لە فیسبوکیش ھاوڕێین یارمەتیم بدەن …
لەوبەرەوە دێم بەلای دوکانی مەلا بەکری مۆر ھەڵکەن و سەمونخانە عاشەکە و چایخانەکەی حاجی علی و قەسرەکەی نوری عەلی لە ژێریشەوە ئەجزاخانەی نوری علی (دەرمانخانە)تێپەڕ ئەبم ،لە فلکەی بەردەرکی سەراوە یەم بۆ لای بەریدەکە و دائیرەی بچوکی مەسڵحەی نەقڵی رکاب واتە پاسەکان ئەبینم کە موفەتیش و جابیی و شۆفێرەکانی پاسی مەسڵەحە لەوێ کۆ ئەبونەوەدواتر ئەچمە لای شەربەت فرۆشە بچکۆلەکەی (زیرەک)کە وێنەیەکی حسن زیرەکیشی دانابو( ئەوەی پەنجەی دۆشاو مژەی خستۆتە لایەکی لێویەوەو جامانە مەھابادییەکەی لەسەردایە شەدەیان پێ ئەوت ).ئەوێ جێ دێڵم
لەتەنیشتیەوە ئوتێل شەھرزاد ئەبینم دواتر ئەچمە چێشتخانەی لاوان)مەتعەمی عەلی سور) و چایخانەی ئەوقاف کە دەنگی تەقەی پولی دۆمینە رۆژە رێیەک ئەڕوات، بەرامبەریان دائیرەی بەرق و ھاتیفە لە بەر دیوارەکەدا عەرەبانە سپییەکەی کاک رەوفی سەندەویچە کە رۆستێکی دەگمەنی ھەبو ،ئەنجا سینەمای رەشید و سەید ھادی کەلە دەستە چەپی سینەماکەدا مام (…..)لەبلەبی و پاقلەی ئەفرۆشت بەزۆری مشکیی ئەبەست.دوای ئەوە چایخانەکەی کاک عەبدوڵای عەلی ئەکبەری رو خۆش و قسە خۆش و سەندەویچی وەستا ئیبراھیمی باوکی شەھید بێستون و سەرتاشخانەی سەلام (کاک بەختیار و بەرزان)دوکانی فقێ (….) باوکی کاک نەژاددێتە بەردەممان ئەنجا چایخانەکەی مینەشەل (دواتر بو بە ھمبرگر ئاڵا) .
لەوبەریشەوە ئەچمەوە بۆلای چایخانەی ئەوقاف و عەلی قەیماغ و چایخانەی شێخ ئەحمەد و دوکانی خوالێخۆشبو عەلی برایم دەروێش و سەید عەلی ئیسکافی و چایخانەی کاکە حەمەی زەینەب رۆحی شادبێت کە رەوان شاد حەمە جەلیلی جگەرچی لە بەردەمیدا چڕە دوکەڵەکەی موشتەریانی بەلای خۆیدا را ئەکێشا. لەکۆڵانەکەش ئەچمە خزمەت سەید حەسەن کە کوبە یەکی بەلەزەتی ھەبو کەسی تر نەیبو کەسی تریش نەیتوانی وەک ئەو دروستی بکاتەوە ،لەوێ تێپەڕ بوم پێش مزگەوتی سەید نوری نقیب، جەمال رەفعەت پیشانگەیەکی تایە فرۆشتنی بریدجستۆنی دانابو .یەمەوە دەرەوە ئەڕۆم بەرەو خوار بەلای چایخانەی حەمەرەقا ئەڕۆم مێزەکەی مامە رەشە کە قەزوان و گوڵە بەرۆژەی ئەفرۆشت و کاک ()کوبە فرۆش ئەبینم ،ئینجا ئەگەمە بەر دەمی دەرگای سەرەکیی سینما سیروان و دوکانەکەی ئەحمەدی عەبە دەلاک کە کاک قادری براشی لەسەر بو، دوایی کاک ئەکرەمی حاجی برایمی چاوشوشە کڕیەوە خۆی وبەرزانی برای لەسەر بون،شەھید فەرھاد و بێستون و شێرزادی براشیان ئەھاتن بۆ دوکانەکە ،ئەنجا ئەچمە دوکانی دیار بەکر ھی کاک بکری دەلاک بو دوایی شێخ نیزامی باوکی خەبات و نەسرەدین کڕیەوە، تەنیشت ئەوانیش کاک حەسەن و حسێن بون کەزیاتر چاکەت و پانتۆڵیان لەبەر ئەکرد ،پاشان بەخزمەت کاک قاسمی کلیلساز ئەگەم دوای ئەو مەتعەمی ماسی برژانەکە دوایی حاجی عباسی ماستاو چێشتخانەیەکی لێکردەوە ناوەکەیم لە یاد نیە (رەنگە کاک عوسمان باشتر بزانیت)دوای ئەوە دارتاشخانەیەک ئەبینم کەدوایی کاک تۆفیق ناوێکی ھەڵەبجەیی کردی بە دوکانی عەتاریی پاشان ئەگەمە لای یوسف ی مەی فرۆش و دەرگای چلیی سینەما سیروان ،پاشان ئەگەمە ئاسنگەر خانەی (کاوە )دوکوڕی قژ لولی ھەبو رەفیقیشم بون کەچی ئێستا لەیادم نین ئەگەر یەکێکیان ناوی بێستون نەبێت،دواتریش ئەچمە خزمەت کاکە حەمەی سەرتاشخانەی گەلاوێژ کە دواتر کردی بە دوکانی عەتاریی.ئەپەڕمەوە ئەوبەر بە تەنیشت کتێبخانەی زێوەر ئەچمە خزمەت کاک عەلی دەدە و کاکە حەمەی دوکاندار باوکی حەسەن(ناوی کاک حسنم بیر ناچێت چونکە ماشااللەی لێ بێت عەجول بو) دواتر کاک ئاواتی حاجی فەرەجی دەلاک کردی بە سەرتاشخانە ،دوایی بە لای چێشتخانەی تارا و دەرگای چلی سینەما رەشیدا تێپەڕئەبم و ئەچمە بەردەمی نەقڵێاتی رێزان کاک سەردار و سالار وئەوان ئەبینم سەلامێکیان لێ ئەکەم و ئەچمە چایخانەکەی کاک عارف و حەمە سەعید ئەنجا دوکانی بیتاقە فرۆشی یانسیب و مەتعەمەکەی کاک کەریمی باوکی محمد جزا زەنگەنەی ھونەرمەند کە دوایی بوە دوکانی شتێکی تر . پاشان ئەگەمە لای دوکانی ئاوەدانی کاک حەمە سوری بەقاڵ و کاک محمودی برای ،دوای ئەوە بۆنی کەبابەکەی خەلفە رەشید پەل کێشم ئەکات تابچمە ژورەوە لەوێ کاک بکری شەریکیان و مامۆستا بکری کوڕی خەلیفە رەشید و كاک عوسمان و نەریمان و ئەوانیتریش ئەبینم ،دواتر ئەچم چایەکی خەست لە کن مام عەلی ئەخۆمەوە،لەولاشەوە ئەچمە خزمەت پیاوی نورانی دەروێش ئەمین و کاک عوسمانی ھاوڕێم سەیرێکی مەنجەڵە ماستە خۆشەکانیش ئەکەم .ئەوجا ئەپەڕمەوەبۆ لای کاک شەریف پێنجوێنی نەقڵیات وبەلای دەرگای گەڕاجەکەی حەمەی فەرەج ئەفەنی و محەلەکەیانا ئەڕۆم کە گەڕاجی قەڵادزێش بو کاک زاھیری باوکی نەوزاد و مامۆستا سەلام و ھەڵکەوت زاھیر و کاک عزیز باوکی ئەندازیار جەمال و کمال رەحمان وعادل و محمد وئەیوب شۆفێرەناسراوەکان بون .دوایی ئەو شوێنە محەلەکەیان بو بە (بوفیە الجامعە) ی کاک ساڵح .جارێکی تر شیشە کەباب و تەماتەکانی کەبابخانەی بێستون ی وەستا محمود و ئەحمەدی برای (محمود بۆمبا)سەرنجم رائەکێشن کە وەستا جمال و حەمەومینی نەجمەدین و جەبار و جەمالی برای لەوێ ئیشیان ئەکرد .دێمە لای چایخانەکەی باوکی یوسف و سەفادین دواتر محمد پشدەری کڕیەوەو بوەچایخانەی قەڵادزێێیەکان پاشان ئەچمە بەردەم چایخانەی پێنجوێنییەکان (چایخانەی بلکیان) کە کاک جمال خاوەنی بو حاجی فەرەیدون و حەمەی رەسول یەکێک بون لە کەسە دیارەکان کە ھاموشۆی ئەو چایخانەیەیان ئەکرد،دوای ئەوە ئەچمە خزمەت حاجی فەرەجی دەلاک سەرتاشخانەی لاوان باوکی کاک ئاوات و ئومێد و ھیوا و ئامانج و کرمانج .ئامانج لەگەڵ تیپی نەقابەی کرێکارانی سلێمانیدا لە چەند تەمسیلێکی تلفزیۆنا بەشدارییکرد .پاشان ئەچمە لای عەبدولخالقی میکانیک کە دواتر کاک تایەر و حەمەومین کردیانبە سەروپێخانەوچێشتخانە،مەردان و نەریمان و کامەران لەو چێشتخانەیە ئیشیان ئەکرد بەراستیی رێک و پێک بون ،دواتر دێمە دوکانی کاک عەبدوڵا (عەبەی زبە) پایسکلخانەی ھەبو پیاوێکی قسە خۆش و نوکتە چی بو ،پاشان دوکانەکەی فرۆشت بە کاک کریم والیی باوکی ئاراس و محمد و حسن ،دوای ئەوانیش بو بە دوکانی عەتاریی ناوەکانیانم لە یاد نییە بە داخەوە،ئینجا دێم بۆ خزمەت فەتاح ئاغا کاک بەختیار سینالکۆیەکم لە سەلاجە تەختەکە بۆ ئەھێنێت و ھەڵی ئەپچڕێت و دەنگی پێ دەر ئەکات منیش ئەینێم بەسەرمەوە جار بەجار دەستی لێ بەرئەیەم سەیرێکی شوشەکە ئەکەم خواخوامەتەواونەبێت.کاک عوسمان و حەمەعەلی ھەوڵئەیەن پارە نەیەم دوای تەکلیفی زۆر منیش قایل ئەبم ئیتربۆن و بەرامی جگەرەکەی مام تۆفیق نەوسم ئەبات بۆلای خۆی فەرھادی شاگرد ئەڵێت با شیشێکت بۆبخەمەسەری منیش ئەڵێم بیلا مانا ،(توخوا کاکە حەمەی کوڕی مام تۆفیق کە دوایی لە روداوێکا کوژرا) لێی توڕە ئەبێت ئەڵێت ھەتیو بە مەعناوە قسە لەگەڵ کوڕی شێخا مەکە ,کاک خەسرەویش پێئەکەنێت .ئەچمە ئەولاترەوە نانەواخانەکەی کاکە حەمەی وەستا ساڵح و حەمەی حاجی برایم و کاک فەرەجە کە شێخ عەلی و مەحمود و ئەحمەد و لایەق و فایەقی لێیە نانێکی کونجی پانزدە فلسیی و چوارنانی جیڕی دەفلسیی ئەکڕم.ئەچمە ئەولاوە کۆڵانەکەی ماڵی شێخ عەزیزی تاپۆیەباوکی شێخ یوسف و شێخ شیت و شێخ ئەمین لەولاشەوەماڵی شێخانە کە ماوەیەک ماڵی ئامۆزایەکی باوکم نوری گوڵاڵە و شێخ محمدی باراوی تیا بو دواتریش بارەگای یەکێتیی جوتیارانی باڵی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بو پاشان بوەوە بە شوێنی نیشتەجێ بون و چەند ماڵێکی تیادابو.لە کۆڵانەکە رەت ئەبم و ئەچم بۆ خزمەت چێشتخانەی کۆماریی،حاجی شێخ برایم باوکی کاک شێخ پەیمان و ئاراس و بەرزان دواتر ئەچمە دوکانی عەلی حەسەن عەرەب و محەلی نەقڵیاتی بەغدا و کرکوک ودواتر سفریات تارا و کاک محمودی سەلاجە دوکانی حەمە موراد و ساڵحی فەقێ سەلیم و حەمە شکوری وەکیلی سەیارات کە دوایی بوبە دوکانی وەکیلی شیری ئەلبان و ھێلکە ماوەیەکیش دوکانی دەستگرەوەیەک بو ، پاشان نەقڵیاتی قەمەرەکانی سەرچنار بەسەر ئەکەمەوە، دوای ئەوەئەچمە دوکانەکانی مەلا عەبدوڵا و عارفی برای بو باوکی خەسرە و دکتۆر لەتیف .ئێترلەوێدا وێستگەی پاسەکانی سەرچنار و ئەزمڕ -شۆڕش دواتر رزگاریی و بکرەجۆ کۆتایی بە ئەوبەرەی شەقامەکە دێنێت و ئەچمە ئەوبەرەوە.
لەمبەر دوای دایرەی مەعاریف و خەستەخانەی مەعاریف ستۆدیۆ رەوف بو تەنیشتی ئەویش قادرمەکانی دایرەی کارەبا بو کە پارەی ئاو و کارەبای لێ وەرئەگیرا ،پاشان دوکانی کەریم چاوەش بو کە کاک عومەر و عەلی کوڕی بەڕێوەیان ئەبرد،پاشان چایخانەکەی کاک حەمە خورشید و محەلەکەی کاک مەحمودی قیر دێتە رێمان ،دوای ئەوەش ئەگەینە سەرتاشخانەکەی کاک زەینەدین وابزانم ناوی رزگاریی بو ، بە تەنیشتییەوە ستودیۆ سلێمانی کاک حمە ساڵح و ستودیۆ ھیوا (امل)بو.کەمێکی ترئەڕۆم محەلەکەی کاک رەفیق و تۆفیق و حەسەنی وەستا ئەمینی بەڵێندەر و محەلی بەڵێندەر حاجی عزیزی باوکی کاک سالار و وەستا حەسەن و وەستا ئەمین و مامۆستا عمر وبەھادین وئەوانیتر.کە تۆزێکی ترئەڕۆم چایخانەی سۆلاڤ وکاکە حەمە و عوسمان و واحیدی برایانە کە سێ دوکانی گەورە بو بە زۆری کرێکارو وەستاکان عەسران ئەھاتن لەوێ کۆ ئەبونەوە ،کە لە قەرەباڵەغییەکەی چایخانەکە دەرئەچم ستودیۆ سیروان (خاوەنی حەمەی مام ساڵح) ئەبینم کە پێشتر کەبابخانەی وەستا سابیر بو ،لەتەنیشت ئەویش سەرتاشخانەی دەرسیمی شەھید قادر کابان و محەلی ئەحمەد و محمودی فقێ حسێنی مقاول و پیشانگەی کەرەسەی بیناسازیی و ئاو و کارەبای کاک بەکری برایان بو کە پێشتر پاقلاوەخانەی عەلی ماردین بو .کە ئەوەم تەواو کرد ئەنجا ئەگەمە دەرگای دوەمی سینەما سیروان و خاڵە سەیددانیشتوە و لەسەر مێزە بازنەییەکەی قەزوانێکی شینی ناسک و جوانی ھەڵداوەتەوە لە ملاولاشیەوە گوڵە بەڕۆژە و نۆک و دەنکە کولەکە ریز کراوە ،دوای ئەوە دوکانە بچکۆلەکەی خۆمان (شێ عوسمان سەرسپی) و فرنی ئۆتۆماتیکی سیروان خاوەنی محمد وەستا ساڵح و محمد حاجی ئیبراھیم و کاک عومەری فیتک کە دوایی جیا بوەوە و لەشەقامی پیرەمێرد سەمونخانەی سلێمانی دانا ،لە کۆتایی پیاسەکەمدا بەدەم وتنەوەی گۆرانی (ئەی شەمی شەوان)ەکەی کاک قایەرەوە ئەچمە لای کاک کەریم (کەریمە دێوە یان کەریمە زلە)قاپێک محەلەبییە ناوازەکەی ئەخۆم .کاک کەریم ھاوینان ئەزبەرییەکی زەرد ی دروست ئەکرد کە تایبەت و ناوازە بو تێکەڵەیەک بو لە دۆندرمە و ئەزبەرید لە لوبنانەوە فێری ببو تا وەفاتیشی کرد نھێنی ئەو تام و شێوازی دروست کردنەی بە کەس نەوت،زستانانیش محەلەبیی و شێلمێکی تایبەتی لەسەر عەرەبانە تایبەتەکەی ئەفرۆشت کە وەک کوشک وابو لەسوچی چایخانەکەی حەمە رەق رای ئەگرت ھەمیشە دوای نیوەڕوان ئەھات تا سەعات ھەشت و نۆی شەو ئەمایەوە. دواتریش ئەچمە لای مام ساڵح قاپێک نۆکاوی لا ئەھێنم و ئەچمەوە لەبەر دوکانی خۆمانا بە سەمونێکی گەرمەوە ئەیخۆم(مام ساڵحیش ڵە عەسر بە دواوە بە دوسەتڵ نۆکاوی تایبەتەوە ئەھات لە ولا دەرگای چایخانەکەی حەمە رەق دای ئەنا ئەویش زو تەواوی ئەکرد تامێکی تایبەتیی ھەبو ).
بەمجۆرە پیاسەیەکم پێ کردن بەوشەقامەی شارەکەمدا.جا تکایە ئەو برادەرە خۆشەویستانەی ناوم ھێناون یان ھەر ئازیزێکی تری کوڕی ئەو گوزەرە کەموکورتیی و لەبیرچونێک ئەبینێت بۆ بنێرێت تا چاکی بکەمەوە یان ناوەکان بەتەواوی ساخ بکاتەوە ممنونی ئەبم . ئەگەر دەرفەت ھەبێت پیاسەیەکی گەرەکی شێخان و شەقامی کاک ئەحمەدی شێخ و کانێسکان و بازاڕە بچکۆلە و شەقامی مەولەوی و بەر بەلەدێکە و بەشێکی بازاڕی زێوەر و قەیسەری نەقیب پێکەوە ئەکەین .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ یادی 40 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی سیروان تاڵه‌بانی و هاوڕێكانیدا

ئاوات كۆكه‌یی شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ فه‌یسه‌ڵ ره‌شید حه‌مید ...