سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » كامیان به‌هێزترن، هیندستان یان پاكستان؟

كامیان به‌هێزترن، هیندستان یان پاكستان؟

دانوستان و گفتوگۆ خۆبه‌خۆییه‌كان و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاتی دراوسێ (هیندستان‌ و پاكستان) له‌سه‌ر هه‌رێمی كشمیر، نه‌یتوانی گرژی‌ و ئاڵۆزییه‌كانی نێوانیان بڕه‌وێنێته‌وه‌ و تا دێت ئاڵۆزتر ده‌بێت. ئێستا نێوانیان ئه‌وه‌نده‌ خراپ بووه‌ بۆنی شه‌ڕێكی خوێناوی لێدێ و هه‌ردوولا هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌ یه‌كتری ده‌كه‌ن. به‌تایبه‌تیش له‌ دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ناو كشمیری به‌ری هیندستان له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كانی سه‌ر به‌ پاكستان و دواتر هێرشی فڕۆكه‌ سه‌ربازییه‌كانی هیند و كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی دوو فڕۆكه‌یان.

فڕۆكه‌وانه‌ دیله‌كه‌ ئازادكرا
هه‌رچه‌نده‌ پاكستان فڕۆكه‌وانه‌ هیندییه‌ دیله‌كه‌ی ئازاد كرد، به‌ڵام له‌وه‌ ناچێت ببێته‌ ساڕێژكه‌ری برینه‌كه‌ و تادێت دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزتر ده‌چێت. چاودێرانی سیاسی و میدیایی له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی توانای سه‌ربازیی سوپای ئه‌و دوو وڵاته‌دا چه‌ند گریمانه‌ و سیناریۆیه‌ك ده‌خه‌نه‌ڕوو. ئه‌ویش به‌پێی ئه‌و كه‌ره‌سته‌ و ته‌کنه‌لۆژیا سه‌ربازییانه‌ بۆچوونه‌كانیان بنیات ده‌نێن و لێكی ده‌ده‌نه‌وه‌ کە هەر یەکەیان هەیانە. بۆیه‌ پێش روودانی هه‌ر جه‌نگێك ده‌بێ توانای سه‌ربازیی هه‌ردوو لایه‌نی شه‌ڕكه‌ر بزانرێت.

هیندستان و توانای ئه‌تۆمی
به‌پێی ئینستیتۆی نێوده‌وڵه‌تیی توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ ستۆكهۆڵمی پایته‌ختی سویده‌. هیند سوپایه‌كی یه‌ك ملیۆن و 400 هه‌زار سه‌ربازیی هه‌یه‌، ساڵی پار رێژه‌ی 2,1 ی داهاتی به‌رهه‌می ناوخۆی خۆی بۆ ئه‌و سوپایه‌ ته‌رخان كردبوو كه‌ ده‌كاته‌ 58 ملیۆن دۆلار. چه‌ك و جبه‌خانه‌یه‌كی زه‌به‌لاحی هه‌یه‌، نۆ جۆر مووشه‌كی ئه‌تۆمی هه‌یه‌ و جۆرێكیان كه‌ ناوی (ئه‌جنی3) یه‌، تا 5000 كیلۆمه‌تر بڕده‌كات ‌و 130 بۆ 140 چه‌كی دوورهاوێژی ئه‌تۆمی هه‌یه‌.
هێزی زه‌مینی و ئاسمانی
هێزێكی پیاده‌ی 1,2 ملیۆن سەربازی كاراو 2 ملیۆن یه‌ده‌گیشی هه‌یه‌، كه‌ ئاماده‌ن و بۆ كاتی پێویست ده‌توانێت بانگهێشتیان بكات. 3 هەزار و 565 زریپۆشی گه‌وره‌ و 3 هەزار و 100 هه‌مه‌ری سه‌ربازی و 336 تانك و 9 هەزار و 719 تۆپ و هاوه‌نی دوورهاوێژی هه‌یه‌. 814 فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری هه‌یه‌، كه‌ 127 هه‌زار و 200 سه‌رباز و ئه‌فسه‌ری پله‌دار له‌و بواره‌دا كار ده‌كه‌ن. به‌ڵام توانای به‌رگریكردنی وه‌ك پێویست نییه‌ و ئێستا وا خه‌ریكه‌ ئه‌و بواره‌ به‌هێز ده‌كات.

ده‌ریاوانی
هێزی ده‌ریاوانی هیند تۆكمه‌یه‌ و حه‌وت كه‌شتی گه‌وره‌ی فڕۆكه‌هه‌ڵگر له‌گه‌ڵ 149 كه‌شتی جۆراوجۆری شه‌ڕكه‌ر و گواستنه‌وه‌ و به‌رگری هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ پشتیوانییه‌كی به‌هێزی ئاسمانی و 75 فڕۆكه‌ كه‌ له‌سه‌ر ده‌ریاكاندا توانایه‌كی بێوێنه‌ی شه‌ڕكردنیان هه‌یه‌. ئه‌و هێزه‌ 67 هه‌زار و 700 سه‌رباز و پله‌دار به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.
پاكستان و توانای ئه‌تۆمی
پاكستان سوپاكه‌ی بچووكتره‌ و 654 هه‌زار سه‌ربازی هه‌یه‌. هه‌ر له‌ 2018 دا بڕی 3,6 ٪ ی داهاتی ناوخۆی بۆ سوپاكه‌ی ته‌رخانكردووه‌، كه‌ ده‌كاته‌ 11 ملیۆن دۆلار. به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئه‌و وڵاته‌ به‌هاوكاری چین بنیاتنراوه‌ و جۆره‌ها چه‌كی دوورهاوێژی هه‌یه‌ كه‌ به‌ئاسانی تا هیندستان بڕده‌كاو جۆری (شاهین 2) توانای هاویشتنی تا 2000 كیلۆمه‌تری هه‌یه‌، كه‌ ده‌گاته‌ ناو خاكی هیندستان و ئه‌ویش مه‌به‌ستی هه‌ر ئه‌وه‌یه‌. هه‌مان سه‌رچاوه‌ ده‌ڵێت: پاكستان 140 بۆ 150 چه‌كی دوورهاوێژی ئه‌تۆمی هه‌یه‌.

هێزی زه‌مینی و ئاسمانی
ئه‌و وڵاته‌ له‌ توانای سه‌ربازیدا له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو جیهاندا له‌ ریزبه‌ندیی حه‌وته‌مینه‌ و یه‌ك ملیۆن و 454 هه‌زار سه‌ربازی هه‌یه‌، به‌ڵام هێزه‌ زه‌مینییه‌كه‌ی له‌ هی هیندستان بچووكتره‌، 560 هه‌زار سه‌ربازی پیاده‌ و 2 هه‌زار و 496 زریپۆش و یه‌ك هه‌زار و 605 تانك و 4 هه‌زار و 472 تۆپی دوورهاوێژی هه‌یه‌. 425 فڕۆكه‌ی ئه‌مریكی و چینی له‌گه‌ڵ 7 فڕۆكه‌ی تری وریاكردنه‌وه‌ی هه‌یه‌.

ده‌ریاوانی
توانای ده‌ریاوانی پاكستان زۆر سنوودار و ساده‌یه‌ و ناگاته‌ توانای نه‌یاره‌كه‌ی. هێزی ئاسمانیی پاكستان 34 كه‌شتی جۆراوجۆری سه‌ربازی و شه‌ڕكه‌ری هه‌یه‌، به‌پشتیوانی 8 فڕۆكه‌ی پیشكه‌وتوو، به‌ڵام ناتوانن به‌رامبه‌ر هێزی هیندستان بووه‌ستن و به‌رگه‌ی هیچ شه‌ڕێكیان ناگرن.

سه‌رچاوه‌: -عه‌ره‌بی پۆست، ویكیپیدیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

نازییە نوێکانی ئەڵمانیا: بێگانەکان هۆکاری دروستبوونی قەیرانەکانن

لە ماوەی دوو سێ ساڵی رابردوودا، لە ئەڵمانیا کرێی خانوو ...