سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » تاك حزبی، ئاگری راپه‌ڕین

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

تاك حزبی، ئاگری راپه‌ڕین

28 ساڵی رێك له‌ راپه‌ڕینی ئاداری 1991ی باشووری كوردستان دووركه‌وتووینه‌ته‌وه‌ و به‌ كامڵیش له‌ ئامانجه‌كانی نزیك نه‌بوینه‌ته‌وه‌!، راپه‌ڕینێك كه‌ دژی تاك حزبی به‌عس و زوڵم و زۆری دیكتاتۆرییه‌ت بوو، دژی نادادپه‌روه‌ریی و چه‌پاندنی ئازادیی و دیموكراسیی بوو، دژی سیستمێكی سه‌پێنراوبوو كه‌ له‌ چوارچێوه‌یدا ماف و ئازادیی و مرۆڤبوون و فره‌یی سیاسیی جێگه‌ی نه‌ده‌بۆوه‌.
كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریی له‌و قۆناغه‌دا پڕو توڕه‌بوو، ناڕازیی و یاخیی بوو له‌ به‌عس، جه‌نگ و ماڵوێرانی سیمایه‌ك بوو له‌ كاتێكدا ئاشتی و خۆشبه‌ختی و مرۆڤبوونیش هه‌بووه‌و هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری یه‌كه‌میانی پیاده‌ده‌كرد له‌ جه‌نگ و ماڵوێرانی بۆ هه‌مووان!.
داگیركردنی كوێت له‌لایه‌ن عیراق و دواتر ئۆپه‌راسیۆنی گه‌رده‌لوولی بیابانی هاوپه‌یمانان بۆسه‌ر عیراق، ده‌رفه‌تی زێڕینی هێزه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كانی شاخ بوو، كه‌ یه‌كێتی ئه‌ندازیاریی بوو، راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی دژی جه‌ور و سته‌می به‌عس كرا و وه‌ده‌رنرا، به‌ڵام وانه‌كانی راپه‌ڕین هێشتا بۆ خودی كورد له‌دوای 28 ساڵ نوێ و نوێترن! كاتێك ئه‌زموونی حوكمڕانی له‌دوای 28 ساڵ له‌به‌رامبه‌ر وانه‌ی راپه‌ڕین و ئامانجه‌كانی راده‌گیرێت!.
28 ساڵ، زه‌مه‌نێكی زۆره‌، ئه‌گه‌ر وه‌به‌رهێنانی سیاسیی و حوكمڕانیی تێدا بكرێت، تا كورد به‌ ئامانجی ره‌وای خۆی بگات كه‌ راپه‌رینی بۆكرا، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌زموونه‌كه‌ی تازه‌ به‌تازه‌ مه‌یلی هەبێ ئه‌و تاك حزبیه‌ی به‌سه‌ر حكومه‌ت و په‌رله‌مان و جومگه‌كانیدا زاڵ بكاته‌وه‌، كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریی له‌خۆی دوورخسته‌وه‌ و لێی راپه‌ڕی!.
ئه‌مه‌ وانه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه‌ كورد به‌ ژینگه‌ی سیاسیی ده‌ڵێته‌وه‌، به‌زمانی كوردیی بۆ ده‌سه‌ڵاتیی كوردی هەر کەسێک بێت!.
راپه‌ڕین، له‌دژی سیستمێكی تۆتالیتاریی بوو، كه‌ هێزی مێلیتاریی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌و كایه‌ و جومگه‌كانیی به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ بوو، خه‌رجی و بودجه‌ی له‌سه‌رووی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی و ئه‌وانی تره‌وه‌ بوو، دامه‌زراوه‌ی ئه‌منی له‌پێشتر و سه‌نگینتر كرابوو له‌ دامه‌زراوه‌ی مه‌عریفی و رۆشنبیریی، بۆیه‌ دوای 28 ساڵ خۆبه‌ڕێوه‌بردن، له‌كوێی زاڵكردنی دامه‌زراوه‌ی ئه‌منی و هێزی مێلیتاریین له‌به‌رامبه‌ر هاونیشتمانیان، بۆیه‌ نابێت ئه‌م وانه‌یه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ نیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا بوونی هه‌بێت، چونكه‌ رایده‌په‌ڕێنێته‌وه‌!.
تاك له‌ پێناوی ئامانجی بچووكتردا چه‌كدار ده‌كراو تاكحزبی پێ ده‌پارێزرا، گروپی چه‌كداریی رێكخراو له‌ فه‌وجی ناونراودا كۆده‌كرانه‌وه‌، به‌ڵام نه‌توانرا تاكحزبی له‌سه‌روو هه‌موانه‌وه‌ بێت و نه‌پارێزرا، ئه‌وانیش رۆچوونه‌ نێو تووڕه‌یی جه‌ماوەره‌وه‌!.
به‌كارهێنانی لێپرسراوێتی بۆ نادادی و گه‌نده‌ڵی و بازرگانیی نایاسایی به‌سه‌ر كایه‌ی حوكمڕانیی و كۆمه‌ڵگه‌وه‌، له‌ یارییه‌ ترسناكه‌كانی ده‌سه‌ڵاتن، كه‌ مه‌یلی راپه‌ڕین به‌ڕووی خۆیدا ده‌كاته‌وه‌ و 28 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كورد له‌ باشوور قبووڵی نه‌كرد و جامه‌كه‌ی پڕكرد، نابێ له‌ ئه‌زموونی خۆبه‌ڕێوه‌بردندا هه‌مان جام پڕبێت!.
تاوه‌كو ده‌سته‌به‌ری ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانیی و ئازادیی و فره‌یی سیاسیی بۆ هاونیشتمانیان له‌ باشووری كوردستان نه‌كرێت، ئه‌وا مه‌ترسی ناڕەزایی توند دێتە ئاراوە.
وانه‌ی 28 ساڵ شانازیی بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تاكڕه‌ویی و دیكاتۆریی گرنگه‌، به‌هێنده‌ی گه‌یشتن به‌و ئامانجانه‌ی راپه‌ڕینیان بۆ كراو دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و ناجۆرییانه‌ی راپه‌ڕینیان له‌ دژ كرا، بۆیه‌ كاتی به‌خۆداچوونه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی هاتووه‌ به‌ دره‌نگ وه‌خته‌وه‌ له‌ ئاست كه‌مته‌رخه‌می و دووركه‌تنه‌وه‌ی ئازادیی و دیموكراسیی و دادپه‌روه‌ریی و خۆشگوزه‌رانی!. چونكه‌ ئێستا له‌هه‌رێمدا دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خولگه‌ی ئامانجی راپه‌ڕین هه‌یه‌! به‌ر له‌ راپه‌ڕین، راپه‌ڕن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزب و كابینەی حكومەت

هێشتا لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمداین كە وابڕیارە مەسرور بارزانی بۆ ...