سەرەکی » وتار » ستران عه‌بدوڵڵا » راپەڕین.. بەڵام بە شێنەیی تر

راپەڕین.. بەڵام بە شێنەیی تر

هۆكاره‌كانی راپه‌ڕین زۆرن كۆن ‌و نوێ، كۆنه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌لی كوردستان زوڵمی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌سه‌ر بوو. زوڵمی به‌عس گه‌یشتبووه‌ لوتكه‌ی خۆی به‌ جۆرێك ده‌شێ بڵێین به‌عسیزم لوتكه‌ی فاشیزم ‌و شۆڤێنیزم ‌و تۆتالیتاریزم ‌و كۆمه‌ڵێك لیزمی تر بوو له‌ دژی كورد. تازه‌كه‌شی ئه‌وه‌بوو دوای هه‌ڵه‌بجه‌‌و ئه‌نفاله‌كان كورد هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوونیشی له‌سه‌ر بوو. داگیركردنی كوێتیش رژێمی تووشی گه‌مارۆدان ‌و گه‌لی كوردیش وه‌ك به‌شێك له‌ خه‌ڵكی عیراق تووشی برسێتی ‌و ته‌نگژه‌ی ئابووری ‌و گوزه‌ران هات.
***
– ئیراده‌ی ناوخۆیی بۆ راپه‌ڕین هه‌میشه‌ له‌ كایه‌دا بوو. به‌ڵگه‌ بۆ ئه‌وه‌ش دایمه‌ به‌ره‌نگاری ‌و شۆڕشی چه‌كداری هه‌بوو. له‌ هه‌شتاكان راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری شاره‌كانیش كراو رێكخستنی حزبیش بەتایبەتی هی یەکێتی، له‌ چالاكیدا بوو دژی رژێمی به‌عس. به‌ڵام گوشاری نێوده‌وڵه‌تی له‌ دوای گرتنی كوێت له‌لایه‌ن رژێمی سه‌ددام حسێنه‌وه‌ هه‌لومه‌رجێكی ره‌خساند كه‌ كورد بیقۆزێته‌وه‌‌و راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری ‌و چه‌كداری بۆ ڕاماڵینی رژێم له‌ به‌شێكی كوردستان به‌رپا بكات. به‌ڵگه‌ی ئاماده‌گی كورد ئه‌وه‌بوو هه‌میشه‌ مقاوه‌مه‌تی ده‌كرد. به‌ڵگه‌ی كاریگه‌ری فاكته‌ری ده‌ره‌كیش ئه‌وه‌بوو كه‌ پێشتر راپه‌ڕینه‌كانمان سه‌ركوت ده‌كرا‌و نه‌ده‌ما، به‌ڵام له‌ ساڵی 1991 ده‌رفه‌ته‌ مێژووییه‌كه‌ قۆزرایه‌وه‌. وه‌ك ده‌ڵێن دۆخی بابه‌تی ‌و خۆیی یه‌كیان گرت ‌و چه‌خماخه‌یان دا.
من ئه‌م قۆستنه‌وه‌م هیچ پێ عه‌یب نییه‌، چونكه‌ ده‌وڵه‌تی عیراق، رژێمی سه‌ددام ‌و ته‌واوی ته‌یاری عروبی خۆی ده‌ستچێتی فاكته‌ری ده‌ره‌كییه‌‌و مانه‌وه‌شی به‌هۆی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی بوو، كه‌ ئه‌م پشتیواییه‌ نه‌ما، راسته‌وخۆ دەوڵەتی عیراق له‌ كوردستان كه‌وت ‌و ده‌ركرا.
***
-زه‌حمه‌ته‌ به‌ ڕه‌هایی ‌و لێبراوی بڵێین راپه‌ڕین دابڕانێكی یه‌كجاره‌كی دروست كرد. كه‌لتوری رژێمێكی سته‌مكاری چه‌ند ده‌یه‌یی هه‌روا به‌ ئاسانی له‌ناو ناچێت، به‌ڵام ده‌ركردنی له‌ كوردستان رێگای بۆ ئه‌وه‌ خۆشكرد سه‌ره‌تایه‌ك ده‌ست پێبكرێت بۆ ده‌ستپێكی كه‌لتورێكی نوێ كه‌ تا ئێستاش بیناكردنی ته‌واو نه‌كراوه‌، بگره‌ هه‌ندێك جار ‌و له‌ هه‌ندێك بواریشدا پاشه‌كشێ رووده‌دات. وەک بۆ نموونە، دەستكەوتەكانی راپەڕین بۆ كێ بوو كە ئیرادەی راپەڕیوان لەگەڵ ئیدارەی كوردستانی ئێستا وەك یەك نییە؟، وەك دەوترێ «كێ كردی و كێ خواردی!».
***
له‌بیرمان نه‌چێ به‌عس خۆی كه‌ دوای راپه‌ڕینی 1991 له‌ هه‌رێم ده‌ركرا، به‌ڵام له‌ به‌غدا ‌و شوێنه‌كانی تری عیراق هه‌ر مابوو، به‌ به‌شێكی كوردستانیشه‌وه‌. به‌عس تا ساڵی 2003 خنه‌خنی كرد تا دیسانه‌وه‌ به‌ یارمه‌تی فاكته‌ری ده‌ره‌كی له‌ناوچوو. به‌شێكی گرنگی كوردستانیش وه‌كو كه‌ركوك ‌و خانه‌قین هه‌ر لای به‌عس مایه‌وه‌ ‌و ده‌ڵێی له‌ كوی عیراقیش ململانێ ده‌كات بۆ مانه‌وه‌‌و خۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌. كوردستان له‌ پریشكی ئه‌و ململانێیه‌ به‌دوور نییه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ حیساب دابوده‌ستوری دیموكراسیی له‌ ته‌واوی وڵاته‌كه‌دا كۆشش بۆ جێگیربوون ده‌كات.
***
– دوای (28) چه‌ند نه‌وه‌ی تازه‌ په‌یدابوون كه‌ خواستی نوێیان هه‌یه‌ ‌و وه‌كو نه‌وه‌ی سه‌ره‌تای راپه‌ڕین بیر ناكه‌نه‌وه‌. گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی ‌و سیاسیش گۆڕانكاری ماقووڵ ‌و گرفتی نوێی دروست كردووه‌. كوردستان له‌ ژانی دایكبوونێكی نوێدایه‌. پێم وایه‌ نه‌وه‌كانی پێشوو ‌و ده‌سته‌بژێری ده‌سه‌ڵاتدار ‌و هێزی دیفاكتۆش بیر ‌و مه‌یله‌ شۆڕشگێرییه‌كه‌ی جارانی كاڵبۆته‌وه‌. نه‌ ئه‌و كوده‌تای پێ ده‌كرێ ‌و به‌ ئه‌قڵیه‌تی كوده‌تایش ده‌توانرێ به‌ره‌نگاری پاشه‌كشێی ئامانجه‌كانی راپه‌ڕین چاره‌سه‌ر بكرێت. ته‌حه‌ددا گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ونی گۆڕانكاری گه‌وره‌ هه‌ر بمێنێ ‌و نوێببێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ ره‌فتار ‌و كرداری نوێ، نه‌ك به‌ مه‌یلی كوده‌تایی كه‌ ئه‌گه‌ر مه‌یلی كوده‌تایی سه‌ریش بكه‌وێت سه‌رله‌نوێ سته‌مكارییه‌كی نوێ به‌رهه‌م دێنێته‌وه‌. ئێمه‌ خه‌ونه‌كانی راپه‌ڕینمان ده‌وێته‌وه‌، ئه‌قڵیه‌تی راپه‌ڕینی نوێمان ده‌وێت، به‌ڵام به‌ ئامراز ‌و كه‌ره‌سته‌كانی توندوتیژی شۆڕشگێری نا. ڕاماڵین له‌ راپه‌ڕینی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ تا ئه‌منی كه‌رامه‌ی كه‌ركوك له‌ ئازاری 1991 ره‌وایی خۆی هه‌بوو. هه‌مو جارێ ئه‌م ره‌وایه‌ یه‌كسان نابێت ‌و ناكرێت به‌ توندوتیژی ‌و چه‌ك. ئه‌گه‌ر وامان كرد مانای وایه‌ هیچ له‌ دابڕانی دوای راپه‌ڕین نه‌ماوه‌ته‌وه‌.
راپەڕین ویستێكی هەمیشەییە بۆ دابڕان لە رابردوو، بەڵام بەكەرەستەی مەدەنی و بە رێبازی شێنەیی.
ئەمە پوختەی پرسیارەكانی رۆژنامەنووسێكە لەسەر راپەڕین دوای نزیكەی سێ دەیە لە بەرپابوونی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مانشێت نەما!

مانشێت نەما رۆژنامەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت بیڵێن، سەپتایتڵ نەما تەلەفزیۆنەكان ...