سەرەکی » وتار » ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ » چوار ساڵی رێكەوتنی یەكێتی ‌و پارتی

چوار ساڵی رێكەوتنی یەكێتی ‌و پارتی

یەكێتی‌و پارتی، دوێنێ دووەم رێككەوتنی سیاسی نێوانیان ئیمزاكرد، تا ساتی ئەم نووسینە بەشێوەیەكی فەرمی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەو وردەكارییەكانی بڵاونەکراونەتەوە، بەڵام خودی رێككەوتنەكە تەعبیرە لە چارەسەری ئەو خاڵانەی كە هەردوو لا بە دوو خوێندنەوەی جیاواز لەسەری ناكۆك بوون.
چوار بۆ پێنج خاڵ هەن كە یەكێتی‌و پارتی بەپێی لێكتێگەیشتن لەسەری گەیشتوونەتە رێككەوتن. یەكێك لەوانە پرسی كەركوك‌و دیاریكردنی كاندیدێكی یەكێتی-یە، بەو مەرجەی كە هەردوو لایەن لەسەر خودی كاندیدەكە رازی بن، ئەمە بنەمای سەرەكی رێككەوتنی دووەمی نێوان هەردوو لایەن بووە، پەیوەست بەم بابەتەشەوە بۆ داهاتووی كەركوك، رێككەوتنەكە جەخت لەسەر بەشداریی لایەنە كوردستانییەكان دەكاتەوە بۆ یەك لیستی لە بەشداریكردنی هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك.
خاڵی گرنگ لەڕێككەوتنەكە وەك ئەوەی جەختی لەسەر كراوەتەوە، دیاریكردنی ماوەی كارپێكردنی رێككەوتنەكەیە، كە چوار ساڵی بۆ دانراوە، ئەمەش خۆی لەو رێككەوتنە ستراتیژییە جیادەكاتەوە، كە بۆ یەكەم جار لەنێوان یەكێتی‌و پارتی ئیمزاكراو دواجار بەبێ هیچ راگەیەندراوێكی فەرمی، كۆتایی پێهێنرا.
ئەم رێككەوتنە چوار ساڵییە، لەهەمانكاتدا رێككەوتنی دەركەوتنی نییەتەكانە لەبەرامبەر یەكتردا، بەتایبەت بۆ یەكێتی، چونكە لەڕێككەوتنی رابردوودا یەكێتی پێیوابوو كە تەواو مافی راستەقینەی خۆی پێنەدراوەو بەشدارێكی راستەقینە نەبووە لەحكومەت‌و تا ئاستێك رێككەوتنەكە لەبەرژەوەندیی پارتی بووە.
چوار ساڵی رێككەوتن، لەهەمانكاتدا چوار ساڵی (تجدید نظریش) دەبێت، لەوەی كە لەسەر ئەم بنەمایە دەكرێت پێداچوونە بەپرسی بەشداری‌و نیگەرانییەكان بكرێت. لەڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان یەكێتی‌و پارتی، بەڕاشكاوی قسە لەسەر تێپەڕاندنی رەوشی دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق‌و یەكخستنەوەی ئیدارەكان‌و قۆناغی سیاسیی هەرێم كرابوو، بەڵام روون نەبوو كە ئەم رێككەوتنە تا كوێ‌و كەی دەكرێت كۆتایی پێ بهێندرێت.
چەندین هۆكار هەن، كە وایانكرد رێككەوتنی یەكەمی نێوان یەكێتی‌و پارتی بەبێدەنگی‌و بێ هیچ پێداچوونەوەیەك كۆتایی پێ بێت، كە ئەمەش وایكرد هەریەكەو روو لەماڵی خۆی بكات‌و دوور لەڕێككەوتنەكە پەیوەندییەكان پەرە پێ بدەن.
ئێستا كابینەی نوێ لەبەردەم دوو رێككەوتنی نوێدایە (رێككەوتنی پارتی-گۆڕان، پارتی-یەكێتی)، هەردوو رێككەوتنەكە لەسەر بنەمای هاوبەشی پێكەوە كاركردن‌و تێپەڕاندنی چوار ساڵی ئارامی ئیمزاكراون، بەڵام رێككەوتنەكەی یەكێتی‌و پارتی گرنگیی زیاتری بۆ قۆناغی ئێستای هەرێم هەیە.
چوار ساڵی رابردوو، هەرێم‌و عیراق بەكۆمەڵێك گۆڕانكاریی گەورەدا تێپەڕین، سەرهەڵدانی داعش‌و قەیرانی ئابووری بەبنبەستگەیشتنی كێشە سیاسییەكانی هەرێم‌و دواجار ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و تاگەیشتن بەكشانەوەی بەشێك لەحزبەكان لەحكومەت، هەموو ئەوانە وایانكرد هەرێم بكەوێتە بەردەم دووڕیانێك، كە كەم كەس هەبوو پێیوابێت هەرێم بكەوێتە سەر رێچكەی ئارامیی سیاسی‌و ئابووری، بەڵام مانەوەی یەكێتی‌و پارتی لەحكومەتدا بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە، زەروورەتی ئەم دوو حزبەی بۆ قۆناغەكە بەدیارخست، هەر ئەمەش وایكرد كە بكەوینە جیاوازی بنیادی لەحزبی نوێ‌و حزبی كۆن بە پاشخانە فیكری‌و سیاسییەكەیەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

بەشی دووەم حزبە نوێیەكان لە هەرێمی كوردستان، وەك چۆن بە ...