سەرەکی » هەمەڕەنگ » شێوازه‌كانی‌ ڕازاندنه‌وه‌ی‌ ناو ماڵ

شێوازه‌كانی‌ ڕازاندنه‌وه‌ی‌ ناو ماڵ

ئا: ئه‌رخه‌وان عومه‌ر

هه‌ر كه‌س پێیخۆشه‌ له‌ناو خانوویه‌كی جوان و ڕێك‌و پێك‌و خاوه‌ن دیزاین‌و دیكۆراتی‌ شیاو ژیان به‌سه‌ر ببا‌و له‌ئه‌مرۆدا زیاتر له‌هه‌ر وه‌ختێكیتر گرنگی به‌ دیكۆراتی‌ ناو ماڵ ده‌درێ به‌تایبه‌ت كه‌ ئیستا ژیان‌و گوزه‌رانی خه‌ڵكی وه‌ك جاران نیه‌، خه‌ڵك پاره‌ بۆ ڕازاندنه‌وه‌ی ناو ماڵ‌و ژووری خه‌وتن‌و ژووری منداڵه‌كانیان‌و هه‌روه‌ها چێشتخانه‌ سه‌رف ده‌كه‌ن. هه‌ڵبه‌ت تا ئیستا وه‌ك پێویست گرنگی به‌چێشتخانه‌كان نادرێ‌و چێشتخانه‌ی زۆر له‌ماڵان وه‌ك ژوورێكی داخراوه‌ له‌حاڵێكدا له‌ وڵاتانیتر به‌گرنگترین به‌شی ماڵی ده‌زانن‌و به‌شێوه‌ی كراوه‌یه‌، واته‌ ئه‌گه‌ر له‌ناو هۆڵی ماڵه‌كه‌دا دانیشی چێشتخانه‌كه‌ت لێوه‌ دیاره‌. له‌خواره‌وه‌ چه‌ند پێشنیاز ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌م خوێنه‌ران كه‌ یارمه‌تیان بدا له‌رازاندنه‌وه‌ی ماڵه‌كانیان:
سه‌ره‌تا پێویسته‌ شوێنه‌كانی ناو ماڵتان ده‌ست نیشان بكه‌ن‌و دواتر به‌ڕاخستنی ئه‌و مافوور و به‌ڕانه‌ی ره‌نگی جوانیان هه‌یه‌ هه‌م فه‌زای ماڵه‌كه‌تان برازێننه‌وه‌. له‌ئیستادا كه‌ كه‌ش‌و هه‌وا سارده‌ ده‌توانن قه‌نه‌فه‌كان له‌یه‌ك نزیك بكه‌نه‌وه‌ تا شوێنی دانیشتنتان گه‌رمتر‌و قه‌ره‌باڵغتر بێ. به‌نزیكتركردنی قه‌نه‌فه‌كان دۆخێكی دۆستانه‌تر ده‌خولقێنن. ئه‌گه‌ر له‌ماڵتان قه‌نه‌فه‌كان ڕه‌نگیان سارده‌ (شین، سه‌وز، خۆڵه‌مێشی‌و سپی) باشتر وایه‌ له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌كان پاڵشپت‌و قوماشی ڕه‌نگ گه‌رم پرته‌قاڵی، سوور و زه‌رد ڕابخه‌ن‌و هه‌روه‌ها به‌شێك له‌ناو ماڵتان به‌ به‌ڕه‌‌و جاجمی سوور‌و قاوه‌یی بڕازێننه‌وه‌.
بوونی گوڵ‌و گوڵدان‌و سه‌وزه‌ له‌ناو ماڵ ده‌توانێ به‌هارێكی بچووكتان بۆ بخولقێنێ. وا باشه‌ له‌ناو ماڵه‌كه‌تان گوڵ له‌ناو گوڵدانه‌كان بڕوێنن. گۆڕینی گڵۆپه‌كانی ناو ماڵ بۆ شوێنه‌كانی تری وه‌ك ئه‌و شوێنانه‌ی زیاتر هاتووچۆی تێدایه‌، له‌وه‌رزی سه‌رما ده‌توانێ دۆخی گه‌رمتر بخولقێنێ. ئه‌گه‌ر ڕه‌نگی ژماره‌یه‌ك له‌گڵۆپه‌كان سوور و پرته‌قاڵی بێ باشتره‌. له‌بیرتان نه‌چێ له‌ژووری خوێندن‌و موتاڵاكردن باشتر وایه‌ تیشكی گڵۆپه‌كان ئاسایی بن‌و تیشكی ره‌نگی بۆ چاوه‌كانتان زیانبه‌خشن.
ئه‌گه‌ر له‌ ماڵه‌وه‌ منداڵتان هه‌یه‌‌و ده‌تانه‌وێ ژوورێكی تایبه‌تی بۆ دروستبكه‌ن باشتر وایه‌ چه‌ند فاكته‌ر له‌به‌رچاو بگرن، كه‌ گرنگترینیان بوونی ئارامیه‌ له‌ناو ژووره‌كه‌دا‌و ده‌بێ به‌جۆرێك ژووره‌كه‌ برازێننه‌وه‌ كه‌ تا رۆیشتنی منداڵ بۆ قوتابخانه‌ كه‌ڵكی هه‌بێ‌و منداڵ چێژی لێوه‌ربگرێت.
بوونی ڕه‌نگی شاد‌و وێنه‌ی ره‌نگاوره‌نگ‌و په‌رده‌ی جوان‌و رازاوه‌‌و قه‌ره‌وێڵه‌ی ره‌نگاو ره‌نگ ده‌توانێ فه‌زایه‌ك بۆ منداڵان بره‌خسێنێ كه‌ زیاتر سه‌رقاڵیان بكا.
هه‌ر شتێك له‌ناو ژووری منداڵ دایئه‌نێن نابێ تیژ بێ‌و بۆ ڕه‌نگكردن‌و نیگاركێشان ده‌توانن دیواری ژووره‌كه‌ بكه‌ن به‌ وڵاتێكی ئه‌فسانه‌یی بۆ منداڵه‌كه‌تان، بۆ نموونه‌ ده‌توانین كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو ئه‌فلام كارتۆن له‌سه‌ر دیواره‌كان بكێشن. ده‌توانن میچ‌و سه‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه‌ وه‌ك ئاسمانێكی پڕ له‌ئه‌ستێره‌ برازێننه‌وه‌. به‌شێك له‌ژووری منداڵ ده‌توانن بۆ چالاكی رۆژانه‌ی منداڵ ته‌رخان بكه‌ن‌و قه‌فه‌زێك بۆ دانانی كتێب‌و بووكه‌ شووشه‌‌و كه‌ره‌سه‌كانی منداڵ ته‌رخان بكه‌ن، پێویسته‌ ئه‌و قه‌فه‌زانه‌ به‌دیواره‌كه‌وه‌ بلكێنن‌و نابێ هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌وتنیان بێ‌و هه‌روه‌ها نابێ قه‌فه‌زه‌كان شووشه‌ی هه‌بێ. تیشكی ناو ژووری منداڵ ده‌بێ مامناوه‌ندی‌و ناڕاسته‌وخۆ بێ. ئه‌و موبیلیاته‌ی بۆ ژووره‌كه‌ ده‌ستنیشانی ده‌كه‌ن با له‌چه‌رم دروستكرابێ كه‌ هه‌رگیز له‌ مۆده‌ ناكه‌وێ‌و شۆردن‌و پاراستنیشی ئاسانتره‌. با ره‌نگی په‌رده‌‌و مافوور و فه‌رشی ژووره‌كه‌ ره‌نگاو ڕه‌نگ بێ‌و نیگاری منداڵانه‌ی له‌سه‌ر بێ.
تابلۆكان ده‌توانن له‌ رازاندنه‌وه‌ی ماڵ‌و ژووره‌كانی ناو ماڵ رۆڵی گرنگ بگێرن‌و زۆر جار ئێمه‌ گرنگی به‌م چه‌شنه‌ رازاندنه‌وه‌ ناده‌ین، به‌ڵام له‌وڵاتانیتر به‌گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ بابه‌تی له‌و جۆره‌‌و میدیاكان زۆر خۆیانی پێوه‌ سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن چه‌ند خاڵی خواره‌وه‌ له‌هه‌ڵواسینی تابلۆكان ره‌چاو بكه‌ن با ماڵه‌كه‌تان جوانتر بنوێنێ:
1ـ بۆ هه‌ڵواسینی تابلۆ له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌ی خه‌وتن، یان له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌ باشتر وایه‌ تابلۆكان به‌شێوه‌ی دوو تابلۆ، یان چوار تابلۆ بێ.
2ـ بۆ هه‌ڵواسینی تابلۆ له‌ژووری دانیشتن باشتر وایه‌ تابلۆكه‌ له‌سه‌ر گه‌وره‌ترین دیوار هه‌ڵبواسن، به‌جۆرێك دوو له‌سه‌ر سێی دیواره‌كه‌ دابپۆشێ.
3ـ تابلۆكان به‌جۆرێك هه‌ڵبواسن كه‌ له‌هێڵی بینینتاندا بێ، واتا زۆر به‌رز و زۆر نزم نه‌بێ كه‌ مرۆڤ ناچار بكا بۆ بینینی سه‌ری نه‌وی بكا.
4ـ ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ چه‌ند تابلۆیه‌ك هه‌ڵبواسن باشتر وایه‌ ئه‌وانه‌ی ره‌نگیان رووناكتره‌ له‌سه‌ره‌وه‌ بێ‌و ئه‌وانه‌ی قاوه‌یی، یان ره‌نگیان تۆختره‌ له‌خوار بێ.
5 ـ بابه‌تی ئه‌و تابلوانه‌ی له‌یه‌ك نزیكن با له‌پاڵ یه‌كدا بن بۆ نموونه‌: ئه‌گه‌ر تابلۆیه‌كتان له‌سه‌ر ده‌ریا‌و ئۆقیانووسه‌ ئه‌و تابلۆیانه‌ی دیمه‌نی قه‌راخ‌و به‌له‌م‌و ماسیگریان هه‌یه‌ باشتر وایه‌ بكه‌ونه‌ پاڵ یه‌كتر.
6ـ ئه‌گه‌ر ده‌ئه‌تانه‌وێ تابلۆكانتان سه‌رنج راكێش بێ باشتر وایه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ی تابلۆكه‌ گڵۆپێك رۆشنبكه‌ن به‌جۆرێك كه‌ تابلۆكه‌ رووناك بكاته‌وه‌.
7ـ هه‌ندێ جار ده‌توانن تابلۆكان به‌كار ببه‌ن بۆ شاردنه‌وه‌ و داپۆشین شوێنه‌ رووخاوه‌كانی ناو ماڵ.
8ـ ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ دیواره‌كه‌تان به‌رزتر بنوێنێ ده‌بێ تابلۆكان به‌شێوه‌ی ستوونی هه‌ڵبواسن‌و ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ دیواره‌كه‌تان درێژتر بنوێنی ده‌بێ تابلۆكان به‌شێوه‌ی ئاسۆیی هه‌ڵبواسن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حەمە رەئوف کەرکوکی دیاری جەژنی پێیە

پێش جەژنی رەمەزان ئەلبوومێکی نویی هونەرمەند، حەمە رەئوف کەرکوکی بڵاودەبێتەوە ...