سەرەکی » راپۆرت » هاووڵاتیان بە ‌رێكەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی خۆشحاڵن

هاووڵاتیان بە ‌رێكەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی خۆشحاڵن

هاووڵاتیان بەگشتی بە رێكەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان خۆشحاڵن و داوا لە هەموو لایەك دەكەن، بۆ ئارامی و خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان، رێكبكەون.

یەكێتی كارێكی گەورە ‌و باشیكرد
مەریوان محەمەد مامۆستای زانكۆ رایگەیاند: یەكێتی و پارتی دوولایەنی گەورە و سەرەكین لە ‌هەرێم و عیراق و زۆر ئومێدمان بەو رێكەوتنە هەیە. وتیشی: رێكەوتنی ئەم دوو لایەنە كاریگەریی زۆری لەسەر بوارەكانی ئابووریی و سیاسیی كوردستان دەبێت و كاردانەوەی باشی دەبێت. هەروەها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان توانی سەركەوتوو بێت لەو پاكێجەی كە هەیبوو، یەكێتی كارێكی گەورە ‌و باشیكرد كاتێك كێشەكانی هەموو بە ‌یەكەوە وەك (هەرێمی كوردستان و كەركوك و بەغدا)ی بە ‌یەك پاكێج چارەسەر كرد. وتیشی: هیوادارم ئەم رێكەوتنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك.

پاراستنی یەكڕیزیی نیشتمانی
هەروەها گوڵ محەمەد بەختیار چاودێری سیاسی رایگەیاند: هەڵبەت ئەگەر رێكەوتن لەسەر ئەجێندای خزمەتكردن بێت، پتەوكردنی نێوماڵی كورد و كۆتاییهێنان بە ناكۆكی سیاسی و قەیرانی دارایی و پاراستنی یەكڕیزیی نیشتمانی بێت، ئەوا بێگومان رێكەوتنێكی سەركەوتووە. ئەوەشی خستەڕوو: پارتی و یەكێتی دوو هێزی سیاسی دێرینی باشوورن و رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە ‌دەستكەوتەكانی ئەمڕۆی گەلەكەماندا، هاوكات ناكۆكی ئەم دوو هێزە دواجار بە زیانی هاووڵاتیان و گەلی كورد لە ‌هەر چوار پارچەی كوردستان دەشكێتەوە، بۆیە دەبێت لە ‌ئاست ئەو بەرپرسیارێتی و ئەو ئەركانەدا ‌بن كە لە‌سەریانە.

سەرەتایەك بێت بۆ نەهێشتنی ناكۆكییەكان
یەحیا حەبیب رۆژنامەنووس و چالاكوان لە ‌لێدوانێكیدا بە PUKmedia ی راگەیاند: پێموایە ئەگەر رێكەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان سەرەتایەك بێت بۆ نەهێشتنی ناكۆكییەكان لەسەر پرسە جیاوازەكان، جێگای ئومێد دەبێت بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، چونكە یەكێتی و پارتی دوو هێزی گەورەن لە ناوچەكەدا. وتیشی: تەنها رێكەوتن بەس نییە، بەڵكو دەبێت ئەو دروشمانەی كە ئەم دوو حزبە و حزبەكانی تریش لە ‌هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا هەڵیانگرتبوو وەك داكۆكیكردن لە سەرجەم مافەكانی هەرێم لە بە‌غداو كوردستانێكی بەهێزو ئارامی‌و هەلی كارو خزمەت‌و چەندین دروشمی تر، بۆ ئەوەی متمانەی خەڵكی كوردستان لە ‌دەست نەدەن، پێویستە بەڵێنەكانیان ببەنە‌سەر.
ئاماژەی بەوەشكرد: خەڵك بۆ ئەوە بەشداریی لە ‌دەنگداندا دەكات تا ئەو حزبەی كە متمانەی پێداوە كاری بۆ بكات ‌و حكومەتێكی بەهێز پێكبهێنێت‌ و خەڵكەكەی لە ‌خۆشگوزەرانیدا بژین. ئومێدمان بە ‌كابینەی نوێی حوكمەت هەیە، هیواخوازین دروشمەكانیان بكەن بە ‌كردار.‎

PUKmedia، محەمەد عەبدولڕەحمان- شارەزوور

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كەركوك ‌و خانەقین؛ بەغدا و هەرێم دەخاتە جووڵەی بەپەلەوە

کوردستانی نوێ و یادگار عەلی: كێشە و ئاڵۆزییەكانی ناوچە دابڕێنراوەكان ...