سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » هێلەک زەردەکان دەبنە حزب، یان وەک بزووتنەوەیەکی جەماوەریی دەمێننەوە؟

هێلەک زەردەکان دەبنە حزب، یان وەک بزووتنەوەیەکی جەماوەریی دەمێننەوە؟

لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا و لە کاردانەوەی گرانبوونی سووتەمەنی لە فەرەنسا، ژمارەیەک خەڵک لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و تۆیتەر چالاکییان نوواند و ناڕەزاییان دەربڕی. بانگەشەی خۆپیشاندانیان کرد و بەهێلەکی زەردەوە هاتنە سەر جادە و ئەوەندەی نەبرد زۆربەی شارەکانی گرتەوە و بوو بە رووداوێکی هەرێمی و جیهانی و فشاریان لە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کرد، کە لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە و پڕۆژەکەی دوابخات.

خۆپیشاندانەکان کاراکتەری سەرەکییان دروستکرد
لە ناو ئەو خۆپیشاندانانەدا خەڵکی چالاک و وریای وا دەرکەوتن کە پێشتر نەناسراو بوون، بەهۆی رووماڵی میدیاوە لەو چالاکییەدا ژمارەیەک کەسی ئاسایی وەک سیاسی ناسران و بەردەوام لەسەر شاشەی تی ڤی-ەکان دەردەکەوتن و لە دژی حکومەت لێدوانیان دەدا. بۆیە ئەو کەسانە ئێستا بوونەتە ژمارە و خوازیارن رۆژێک بێت پۆستێک وەربگرن و بەرنامەی خۆیان و خۆپیشاندەران هەڵبگرن و ببنە نوێنەریان.

خەریکی لیستەکەیانن
وا بریارە لە 26ی مانگی پێنجی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا بکرێ و بەپێی هەواڵەکانیش، کچە یاخیبووەکەی ناو خۆپیشاندانەکان (ئەنگرێد لیفافاسۆ) کە تەمەنی 31 ساڵە و پیشەی یاریدەدەری پزیشکە، یەکێکە لە رابەرانی ئەو کۆمەڵە خەڵکە لە باکووری فەرەنسا، کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا بەشدار دەبێ و خۆی کاندید دەکات. جگە لەوەش تاکو ئێستا 10 کەسایەتی تر لە ناو لیستەکەدا هەن و بوار هەیە 69 کاندیدی تر زیاد بکرێ. چاوەڕوانیش دەکرێ لە ژێر ناونیشانی (گردبوونەوەی دەستپێشخەریی نیشتمانی) بچنە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردن و رکابەریی پارتە فەرەنسییەکان بکەن، بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن و بانگەشەکەی لیستەکەشیان پێویستی بە نزیکەی 800 هەزار یۆرۆ هەیە، بۆیە وایان داناوە هەڵمەتێکی جەماوەریی دەست پێبکەن بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی دارایی بۆ ئەو لیستە و سەرخستنی لەو هەڵبژاردنەدا.

حکومەت پێی خۆشە
تاکو ئێستا ئەو بزووتنەوەیە سەر بە هیچ لایەن و رێکخراوێکی سیاسی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکە نییە و سەربەخۆ و ئازادن، بەڵام نازانرێ داهاتوو چییان بەسەر دێت. دەبنە حزب یان وەک بزووتنەوەیەکی جەماوەریی درێژە بە خەبات دەدەن؟. لە یەکەمین کاردانەوەی حکومەتیشدا لەسەر لیستەکەیان بۆ هەڵبژاردن، وتەبێژێکی حکومەتی فەرەنسا رایگەیاند: ئەوە کارێکی باشە کە لە جیاتی ئاژاوە و توندوتیژی لە شەقامی فەرەنسیدا، سندوقی دەنگدان ببێتە سەنگی مەحەک و پڕۆسەی هەڵبژاردن ببێتە چالاکی و هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی. هەوەرها پارتی کۆماریش پێشوازی لەو هەنگاوە کرد و پشتیوانی خۆی بۆ بەشداریکردنیان لەو هەڵبژاردنە چارەنووسسازەدا دەربڕی.

دەنگی راسترەوەکان دەبەن
چاودێرانی سیاسی وڵات پێیان وایە کە ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندیی ماکرۆن و پارتەکەیەتی، چونکە ئەگەر نەیانتوانیبێت بە تەواوەتی کۆنترۆڵی شەقام بکەن و رێ لە ئاژاوە و توندوتیژییەکان بگرن کە لە ئەنجامی ئەو خۆپیشاندانانەوە هاتنە ئاراوە. بەڵام لە هەڵبژاردندا ماکرۆن دوو ئامانج دەپێکێت، یەکەمیان لە کۆڵ کێشەی شەقام و هێورکردنەوەی دەبێتەوە و شەڕەکە دەچێتە ناو پەرلەمانی ئەوروپا. دووەمیش ئەو هێلەک زەردانە دەنگێکی زۆری لایەنە توندڕەو و راستڕەوەکان دەبەن، لەوانە دەنگی لایەنگرانی مارین لۆپان گەورە رکابەری ماکرۆن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رابردوودا، کە ئەمەش وەک دەستکەوتێک هەژمار دەکرێ و ئەو رەوتانە لاواز دەکات.

راستڕەوەکان دەڵین
ئەمە سیناریۆی ماکرۆنە
راستڕەوەکانیش ئەوەیان پێ خۆش نییە کە هێلەک زەردەکان بچنە ناو پڕۆسەی سیاسی و لیستیان هەبێت، بۆیە دەڵێن ئەمە گەمەیەکی تازەی ماکرۆنە لە دژی ئەوان و کارێکی گوماناوییە. بۆیە داوایان لە لایەنگرانی خۆیان کردووە کە باوەڕیان پێ نەکەن و لە دوای دەرچوونی کاندیدەکان دەچنەوە لای ماکرۆن و پارتەکەی و سیناریۆکانیان هەڵدەوەشێننەوە.

دەبنە دووەمین لیست
لە تازەترین راپرسیشدا لەسەر بەختی ئەو هێلەک زەردانە لەو هەڵبژاردنەدا، دەرکەوتووە کە لیستەکەیان %12 ی دەنگەکان دەهێنێ و لە دوای پارتی کۆماری دەبێتە دووەمین لیستی براوەی هەڵبژاردن و لە پارتە راستڕەوەکانی وەک کۆمەڵگەی نیشتمانی (مارین لۆپان) دەباتەوە. چاودێران پێیانوایە کە ئەگەر ئەو بزووتنەوەیە خۆی بکاتە پارتێکی سیاسی، ئەوا نەخشەی سیاسی لە فەرەنسا دەگۆڕێ و دەبێتە قەوارەیەکی دیار لەگۆڕەپانی سیاسی وڵاتەکەدا، کە لەوانەیە لە داهاتوودا دوای بردنەوەیان لە هەڵبژاردن بچنە چوارچێوەی پارتێکی سیاسی و درێژە بەخەبات بدەن.

سەرچاوە: نون پۆست

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سێ كورد كاندیدن بۆ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا

وەک بڕیارە لە ٢٦ ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا ...