سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » کۆچ ، قەبەترین دروشمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا

کۆچ ، قەبەترین دروشمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا نزیکەی دوو مانگی ماوەو پارتە سیاسییەکان خەریکی ئۆرگانیزەی بانگەشەی هەڵبژاردن‌و دروشم هەڵدانن. لە دروشم و دۆسێ هەرە گرنگەکانی ئەو هەڵبژاردنە مەسەلەی کۆچە، کە بۆتە ئاستەنگی بەردەم کۆمەڵگە و حکومەتە ئەوروپییەکان‌و هەر یەکەیان بەشێوەیەک بەرنامەی خۆی دادەڕێژێت، تا بتوانێت خواستی زۆرینە بەدەستبهێنێ و بەرگەی شەپۆلی ناڕەزایی توندڕەوی‌و پارتە راستڕەوەکان بگرێت. بایەخی ئەم هەڵبژاردنە هەر لەبەر ئەوە نییە کە یەکەمجارە بەریتانییەکان بەشداریی ناکەن، بەڵکو لەبەر ئەو کۆچە ملیۆنییەیە کە لە ٢٠١٥ ەوە لە خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەفریقیاوە بەلێشاو هاتنە ئەوروپاو لە کاردانەوەی ئەمەشدا ژمارەیەک پارتی راستڕەوو گەلپەرست دروستبوون‌و بەجۆرێک گەشەیان کرد، کە لە ژمارەیەک وڵاتدا دەسەڵاتیان وەرگرتووە و مەترسیی ئەوەیان لێدەکرێت کە سەرتاپای ئەوروپا بگرنەدەست.

چارەسەری مامناوەند
ئەو پارتە پۆپۆلیست‌و توندڕەوانەش هەوڵ دەدەن بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیان لەسەر مەسەلەی کۆچ چڕتر بکەنەوە، بە سنووردانان بۆ هاتنی خەڵکی بێگانە بۆ وڵاتان و گرتنەبەری رێوشوێنی توندتر بەرامبەر بەسیاسەتی پەنابەری. لەبەرامبەریشدا پارتە لیبراڵی‌و چەپ‌و عەلمانی‌و پارێزگارەکان بە هەمانشێوە دەیانەوێت ئەو سیاسەتەی کە ساڵانی رابردوو گرتبوویانەبەر لە کردنەوەی سنوورەکان‌و رێگە خۆشکردن بۆ هاتنی زیاتری خەڵک بۆ وڵاتەکانیان. بۆیە هەوڵی توندکردنی سنوورەکان‌و کەمکردنەوەی وەرگرتنی پەنابەر دەدەن، بەشێوەیەک بتوانن رای گشتیی رازی بکەن بەوەی کە هەرچەندە وڵاتەکانیان پێویستی بەدەستی کارو خەڵکی بێگانەیە، بەڵام لەبەر داخوازیی زۆرینەی هاووڵاتیان بۆ کەمکردنەوەی ئەو رێژە زۆرە ئەوان پەنا بۆ سیاسەتێکی تر دەبەن، کە چارەسەرێکی مامناوەند بێت لە نێوان خواستی زۆرینەو بەرنامەی گەلپەرستەکاندا.

پارتەکەی مێرکل
سیاسەتی دەگۆڕێت
بۆ نموونە پارتی دیموکراتی کریستیان لە ئەڵمانیا (پارتەکەی مێرکل) کە پارتی یەکەمی دەسەڵاتدارە لەگەڵ سۆسیال دیموکراتەکان لەناو هاوپەیمانێتی حکومەتدا. لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بە سەرۆکایەتیی مێرکل زۆرترین پەنابەری لەسەر ئاستی هەموو ئەوروپادا وەرگرت. ئێستا کە زانییان ئەو سیاسەتە لەلایەن زۆرینەوە قبوڵکراو نییە بە تایبەتیش کە لە چەند مانگی رابردوودا لە سەرۆکایەتیی پارتەکە ژنێکی تر دانراوە بەناوی (ئەنگرید کرەمپ کارینباوەر)، دەیانەوێت سیاسەتی پارتەکەیان‌و حکومەتیش بگۆڕن بەوەی رێژەی وەرگرتنی پەنابەران بەشێوەیەکی زۆر کەم بکەنەوە بە رەچاوکردنی لایەنی مرۆڤایەتی‌و بە هاناوەهاتنی لێقەوماوانی شەڕو ئەوانەی لە وڵاتی خۆیان مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە، واز لەو سیاسەتە بهێنن کە بووە هۆی گەشەکردنی پارتە توندڕەوەکان‌و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگەکەیان.

هەنگاریا و ئیتاڵیا
دژی کۆچبەرانن
لە هەنگاریا (پارتی گەلی ئەوروپی) هەیە کە (ڤیکتۆر ئۆربان)ی سەرۆک وەزیرانی وڵات رابەرایەتیی دەکات، هەتا سەر ئێسقان لە دژی کۆچبەرانی نایاساییەو یەکجار توندە بەرامبەر بەو کەیسە. ئەو وڵاتەو پۆڵۆنیاو ئیتالیاو نەمساو دانیمارکیش سیاسەتێکی توندڕەو بەرامبەر بەو کەیسە پیادە دەکەن، بەشێوەیەک کە ئەگەر سیاسەتی ئەو لایەنانە ببێتە سیاسەتی یەکێتیی ئەوروپا، ئەو وڵاتانە دەبنە دۆزەخ بۆ کۆچبەرو پەنابەران. بۆیە ئێستا یەکێتیی ئەوروپا هەڵوێستێکی یەکگرتووی نییە لەسەر مەسەلەی کۆچ‌و هەر وڵاتێک دەیەوێت بەشێوەیەک مامەڵە بکات کە رای گشتی ناو وڵاتەکەی خۆی رازی بکات. بۆیە لەلایەن (جۆن کلۆد) سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپاوە سەرزەنشتیان دەکرێ‌و زیاتر لۆمەی هەریەک لە سەرۆک وەزیرانی هەنگاریاو ئیتالیا دەکرێت، کە بوونەتە نەیاری سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا.

دوو بلۆک
لە ناو یەکێتیی ئەوروپا
بۆیە ئەم هەڵبژاردنە ئاڕاستەی سیاسەتی داهاتووی یەکێتیی ئەوروپا دیاری دەکات‌و بلۆکی پارتە چەپ‌و لیبراڵ‌و پارێزگارەکان لە بەرامبەر بلۆکی پۆپۆلیستەکان خەریکی داڕشتنی سیاسەتێکی گونجاون، کە بتوانێت زۆرترین رای گشتی لە خۆی کۆبکاتەوەو ببێتە هەوێنی درستبوونی قەوارەیەکی یەکگرتوو و یەکهەڵوێست لە ناو یەکێتیی ئەوروپادا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

جیهان و پڕۆژە نوێكەی چین

لە 25/26 لە پكینی پایتەختی چین، دووەمین كۆڕبەندی «پشتوێن و ...