سەرەکی » راپۆرت » سەعدی گچكە، ناوێك بۆ نەبەردی دەشتێو

میراتی شۆڕشگێڕانەی هاوبەش، هاوبەشیی شۆڕشی نوێیە

سەعدی گچكە، ناوێك بۆ نەبەردی دەشتێو

کوردستانی نوێ

رۆژی (10ی ئاب) لە مەراسێمێكدا لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، حیزبی ئایندەی كوردستان یەكگرتنی لەگەڵ یەكێتی راگەیاند.
سەركردە‌و فەرماندە‌و تێكۆشەرانی حیزبی ئایندە لە سەرەتای شۆڕشی نوێی گەلەكەمانەوە خەباتگێڕی ریزەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بوون، بۆیە یادگاریی هاوبەش، لە سەنگەری هاوبەشدا هەمیشە پاڵنەری كاری هاوبەشی (ئایندە)یە.
لە یادگارە شیرینەكانی سەنگەری هاوبەشی شۆڕشی نوێمان دا میراتی شۆڕشگێرانەی هاوبەشی وەك سەركردەی قارەمان ‌و پاڵەوانی نەبەردیی (دەشتێو) شەهید سەعدی گچكە هەیە، كە شانازییە بۆ هەموو كوردایەتی لە هەموو بەشەكانی كوردستاندا.
بۆ سڵاوكردن لە یەكگرتنی لەگەڵ تێكۆشەرە دێرینەكان، لە كاك قادر عەزیز‌و هەڤاڵەكانی، بۆ هەمیشە یادكردنەوەی قارەمانی (دەشتێو) لێرەدا تۆماری شانازیی شەهیدی سەركردە سەعدی گچكە بەسەر دەكەینەوە.

1
رۆژی (8/3/2016)، (38)ساڵ بەسەر نەبەردیی (دەشتێو) كە دواتر بەهۆی گرنگی شەرەكەوە بە داستانی (دەشتێو) ناویدەركرد تێدەپەرێت.
داستانی دەشتێو بەپێی سەنگی هێز ئەو زەرەر و زیانە زۆرەی كە لەو شەرەدا بە دوژمن كەوت بە یەكێ لە هەرە شەڕ و داستانە گەورەكانی شۆرشی نوێی گەلەكەمان ئەژمار دەكرێت.
2
شەری (دەشتێو) كاتێك روویدا كە كاك سعدی بە یاوەری سید كاكە فەرماندەی هەرێمی خۆشناوەتی‌و ژمارەیەك لە كادیر‌و پێشمەرگەكانی هەردوو هەرێمی دەشتی هەولێر‌و خۆشناوەتی كە ژمارەیان (42) كەس بوو بۆ بەشداریكردن لە كۆبونەوەكانی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و كۆبونەوەی فراوانی بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان بەرەو ناوزەنگ‌و نۆكان بارەگای سەركردایەتی شۆرش بەرێوە بوون، بەهۆی پلانی پێشوەختی سوپای رژێم و نەشارەزایی هێزەكەی پێشمەرگە لە ناوچەكە، هەر چوارلاوە گەمارۆ درابوون لە لایەن (ئیسماعیل تایە النعێمی) فەرماندەی فیرقەی (1)ی سوپای عێراق و (ئەرشەد زێباری) خۆفرۆش كە ئەوكاتە پارێزگاری سلێمانی بوو سەرپەرشتی دەكرا ، لەو شەڕەدا كە لە بەرەبەیانی ئەو رۆژە تا درەنگانی ئێوارەی خایاند بە قسەی (ئیسماعیل تایە النعێمی) كە سەرپەرشتیاری هێزەكانی رژێمی دەكرد زیانی دوژمن بریتیبووە لە كوژرانی (160) سەرباز‌و ئەفسەر‌و برینداربوونی (250)ی تر‌و پێكانی (8) هەلیكۆپتەر‌و كەوتنە خوارەوەی دووانیان لە مەیدانی شەرەكەدا.
ئەو سەركەوتنە گەورەیە بە شەهیدبوونی كاك سعدی خۆی و (14) كادیر‌و پێشمەرگەی قارەمان تۆماركرا كە (12)یان لە مەیدانی شەرەكە شەهید بوون و (4)ی شیان دوای برینداری‌و بەدیلگیران دواتر لە سێدارەدران.
گرنگی شەری (دەشتێو) لەوەدابوو كە (ئیسماعیل تایە النعێمی) دوای شەرەكە نامیلكەیەكی بە ناوی (بساط ناجح في منطقة قلعدزە…تجربتي مع القیادة) نوسیووە‌و لە ریزەكانی سوپادا بڵاوی كردۆتەوە. لە نامیلكەكەدا هۆشداریدەداتە سوپا كە پێشمەرگە شەری لەگەڵ سوپا قۆناغی پارتیزانی تێپەراندووە‌و چۆتە قۆناغی شەری گەرۆك (الحرب المتحركە) كە ئەمەش بۆ سوپا لەمەودوا رووبەرووبونەوە لەگەڵ پێشمەرگە دژواردەكات.
شەهید سەعدی عەزیز، ناسراو بە سەعدی گچكە، ساڵی 1946 لە دێی (سێبیران) ی نزیك قوشتەپەی هەولێر، لە بنەماڵەیەكی هەژارو نیشتیمانپەروەر چاوی بەدونیا هەڵهێناوە. لە منداڵییەوە وریا‌و بزێو چاونەترس بووە، بەهۆی دەستكورتی وبۆ پەیداكردنی بژێوی خێزانەكەی هەر لەقۆناغی سەرەتاییە‌وە وازی لە خوێندن هێناوە، لەسەرەتای لاوێتیدا هەستی بە چەوسانەوەی گەلەكەی كردووە بیری شۆڕشی كوردایەتی لەمێشكیدا خەمڵیوە.
ساڵی( 1963) ریزی سوپای عیراقی بەجێهێشتوەو پەیوەندی بە شۆڕی ئەیلولەوە كردووە، سەرتا لەناوچەی دەشتی كۆیە‌و دوای ئەوەش لە چەمی ڕێزان‌و پاشان لە ناوچەی خۆشناوەتی‌و باڵەكایەتی درێژەی بەخەباتی پێشمەرگایەتی داوە. بەهۆی ئازایەتی‌و لێهاتوویی لە شەڕو نەبەردییەكاندا هەرزوو پلەی سەرپەل‌و پاشان سەرلق و دواجاریش فەرماندەی بەتالیۆنی بەدەست هێناوە.

3
لەزۆربەی شەڕەكانی دەشتی هەولێر، خۆشناوەتی، كۆیە، باڵەكایەتی بەشداری دیارو كاریگەری هەبووە. ساڵی (1974) یەكێك لە فەرماندە مەیدانیەكانی شەڕەكانی ماكۆك بوو، دوای (3) مانگ لەبەرگریكردنی بەردەوام بریندار بووە.
هەرەس هێنانی شۆڕی ئەیلول 1974 ورەی پێ بەرنەداو، بەڵكو هەرزوو خولیای دروستكردنەوەی مقاوەمەت و سەرلەنوێ تێهەڵچونەوە بووە، بۆ ئەو مەبەستەش هەر لەمانگەكانی هەوەڵی دوای هەرەس لە مهاباد و ورمێ لەگەڵ ژمارەیەك لە كادیر‌و سەركردە تێكۆشەرەكانی شۆرشی ئەیلول لە مشوری درووستكردنی ڕێكخراوێكی تازەدا بووەو بۆ ئەو مەبەستەش گەڕاونەتەوە عێراق‌و دواتر لە بەغدا ئەو رێكخراوەیان بە ناوی (بزوتنەوەی سۆسالیستی كوردستان) دامەزراند.
دوای دامەزراندنی (بزوتنەوەی سۆسالیستی كوردستان) ‌ بە هەماهەنگی هاوبەشی یەكێتی‌و بزووتنەوە‌و كۆمەڵە بەمەبەستی بەشداریكردن لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕی نوێی گەلەكەمان لە ڕۆژی (8/8/1976) لەگەڵ تێكۆشەران (علی عەسكەری، عومەر دەبابە، دكتۆر خالید، تایەری علی والی، یاسین قادر، سەید كاكە، قادر عەزیز، جەعفەر ئەسوەد)و چەندین كادیرو پێشمەرگەی تری بزوتنەوە گەیشتونەتە ‌ چیاكانی كوردستان‌و دەستیان بەدروستكردنی مەفرەزە سەرەتاییەكانی پارتیزانی كردووە،

4
شەهید سەعدی كچكە، لەدوای چەند مانگێك لە هاتنە دەرەوەی بووە بە فەرماندەی هەرێمی دەشتی هەولێرو سەركردایەتی یەكەم مەفرەزەی پارتیزانی بۆ ناوچەكانی خۆشناوەتی‌و دەشتی هەولێر كردووە‌و یەكەم چالاكی پێشمەرگانەشی لە (4/1/1977) لەجادەی نێوان بەستۆڕەو مەلا ئۆمەر بووە كە بووە هۆی كوشتی بەڕێوەبەری ئەمنی پیرمام (صابر زێدان) و پارێزەرەكانی‌و هەر لەو چالاكیەشدا بریندار بووە.
شەهید سەعدی، یەكێك بووە لە سەركردە هەرە ئازاو شارەزاكانی شەڕی پارتیزانی‌و لەماوەی ساڵێك‌و حەوت مانگدا لە دەسپێكی هەڵگیرساندنی شۆڕشدا سەركردایەتی چەندین شەڕی قارەمانانەی دژ بە رژێمی بەعسی كردووە، لەوانە شەڕەكانی: (خانزاد، هەورێ، سەفین، دیدەوان، حاجی قەلا).
رۆژی (8/3/1978) لەدیارترین و بەناوبانگترین شەڕی دەستەویەخە كە بەشەڕی (دەشتێو) ناسراوە لەناوچەی قەلادزێ، شەهید سەعدی لەتەك (12) كادیر و پێشمەرگەی تردا گیانیان كردە فیدای نیشتمان‌و نەتەوەكەیان‌و شەهید بونی زەرەرو زیانێكی گەورە بوو لە شۆڕش كەوت.

ئەم بابەتە پێشتر لە ژماره‌: (7043)ی رۆژی 12- 13/ 8 /2016 لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوکراوەتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گۆڕانكارییه‌كانی‌ سیاسه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌

د. جه‌واد ئه‌لحه‌مه‌د و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید گۆڕانكارییه‌كانی‌ سیاسه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ...