سەرەکی » ئاراستە » تەلەڤزیۆنی کوردی

تەلەڤزیۆنی کوردی

سەرکەوت عەلی حەبیب

(3)

وەک لێمان بێ نەگۆڕان لە بەرگی جەرا ، دیارە (مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر) لەخۆڕا ناڵێت نەگۆڕانمان لێهاتووە بۆیە هەروەکو (جەرا _ قەرەج) هەمیشە لە بەرگێکداین و ناگۆڕدرێین .
بەڵێ هەروەکو خۆمانین ، هەرچەندە لە مێژە لە خەمی ئەو گۆڕانەداین، خەمی زمانیش ئەو خەمەیە کە زۆر لە دڵسۆزانی کورد ئەو خەمەیان لەگەڵ خۆیان بردە ژێر گڵ چونکە ئەم زمانە هەر یەکنەکەوت تا یەکبکەوین ، (پیرەمێردی نەمر) سەدساڵ لەمەوبەر کە لە باکوری کوردستان بووە نووسیوویەتی : (زمانی کوردی بە رەنگێ شێواوە من کوردم کەچی لە رۆخی (وان) و (هەکاری) تەرجەمانم بۆ کوردی ئەوێ رادەگرت .) هەروەها مامۆستا (ا. ب. هەوری) پەنجاساڵ لەمەوبەر لە سلێمانی نووسیوویەتی :
(جۆرە ئاژاوەیەک لە نووسینی کوردیدا پەیدابووە، بووە بە هۆی ئەوە کە تا ئێستا یەک دەستوور و یاسای تایبەت نەبێت کە پێویست بوو زۆر لەمەوبەر پەیداببوایە .)
وا ئەمڕۆش تەلەڤزیۆنی کوردی نەک خزمەت بە زمان ناکات بەڵکو تووشی پاشاگەردانی کردووە ، ئەدی هەڵەی زمان پێوەر نییە بۆ ئاستی رۆشنبیریش ، لە تەلەڤزیۆنی کوردیدا ، هەڵەی زمان و بە تایبەتی هەڵەی باو لەلایەن (بێژەر ، پێشکەشکەر و پەیامنێران) پێوەرە بۆئاستی شارەزایی لە دەستووری زمان و بە ئاگابوون لە زمان تەنانەت ئاستی رۆشنبیریش نەک هەر بۆ ئەوان بەڵکو بۆ هەموو ئەو کەسانەی لەو شوێنە کاردەکەن بە بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاریشەوە چونکە زمان بەشێکە لە کەرامەتی نەتەوە وهەر بەو بەشە لە کەرامەتمان تا ئەمڕۆ ماوینەتەوە چونکە دوژمنانی کورد هەموو شتێکیان لە نێوبردین بەڵام نەیانتوانی ئەم زمانە شیرینە لە نێو ببەن ، کەچی وا ئەمڕۆ لە پای دەسەڵاتی خۆمان کارێکی پێ دەکەین با بە دەواری شڕ و سەرما بە هەتیوی نەکردووە و ئەوەی خەمی ناخۆین ، تەنیا (زمان)ە چونکە هەر لە خراپ بەکارهێنانی، هەرلە قاڵبدانی حیزبی و هەر لە هەرکەس رێنووسی تایبەت بە خۆی ، کە هەموو ئەمانە هیچ خزمەتێک بە زمانەکە ناکەن لەهەمان کات ئەو تەلەڤزیۆنەش نەک پەیامەکەی ناگەیەنێت بەڵکو دەبێتە ئامێرێکی کوشندە .
لە تەلەڤزیۆنی کوردیدا بۆ چوونی جیاواز و تەریب بەیەک کە ناگەن بەیەک هەیە ، بۆ نموونە چۆن گفتوگۆ دەکرێت، یان وشە چۆن لەزار دێتە دەرەوە هەرواش بنووسرێت واتە بە زمانێک بنووسرێت هەمووکەس بیخوێنێتەوە و لێی تێ بگات عەرەب گووتەنی (سوقی ـ بازاڕی) کەئەمە لە هیچ شوێنێکی دنیادا نییە تەنیا لە راگەیاندنی کوردی بە تایبەتی (تەلەڤزیۆن) دا نەبێت ، هەرچەندە هەموو زمانەوان و زمانناسان لەسەر ئەوە کۆکن کە نابێت بە زمانێک بنووسرێت وەک (ئاوی رەوان بێ و بە ئاسانی هەڵی قوڕێنیت) چونکە لە هەموو زمانە زیندووەکانی دنیادا(رێزمان و دەستووری زمان) هەیە و کاری پێدەکرێت ، وشە لە بنچینە و بنەرەتدا چۆنە وابنووسرێت نەک چۆن لە زار دێتە دەرەوە ، د. بەکر ئەحمەد عوسمان دەڵێت : کاتێک لە(زانکۆی موستەنسریە ـ بەغداد) دەمخوێند چەند هاوڕێیەکم کە خەڵکی گوندێکی سەر بە پارێزگەی رومادی و عەرەبیش بوون، کە بەدیار (تەلەڤزیۆن) ەوە دادەنیشتین بە تایبەتی کاتی پێشکەشکردنی هەواڵەکان لە لایەن (بێژەر روشدی عەبدولساحیب) لەزۆر وشە و دەستەواژە نە دەگەیشتن ، بەڵام تەلەڤزیۆن نەهات بە زمانێک کاربکات کە وەک ئاوی رەوان بێت یان وەک ئەمڕۆی خۆمان (لاواز و بازاڕی بێت).
(1). نەشارەزایی و بێ ئاگایی لە زمان لە چ ئاستێکدایە سەرنج بدەن کاتێک چاوپێکەوتن یان میوانداری کەسێک دەکرێت دەڵێن : (کاک دکتۆر ، کاک حاکم، کاک رائید، کاک فەریق جەبار _ فەریق مەبەست پۆستی سەربازی ، کاک قەشە) ئەگەر ئەمە راست و دروستە ، کەواتە بۆ مامۆستاش (کاک مامۆستا) ئاساییە ، کەسێک هەر پلە و پۆستێکی هەبێت چ پێویست دەکا لەپێش ئەو زاراوەیە یان ئەو پۆستە وشەی (کاک) دابنرێت، کورد گووتەنی (ئەو بێژەرە ، پێشکەشکەرە یان ئەو پەیامنێرە سەرەواو لە سکیدا نییە، دەنا کاک دکتۆر یان کاک رائید مانای چی ؟)، برادەرێک جارێکیان گووتی : ئەمە بۆ رێزە ، کاکە رێزی چی؟ کە دەڵێیت:
(دکتۆر یان حاکم ) بۆ خۆی رێز و گەورەییە خۆ تۆ بە ناوی خۆیەوە بانگت نەکردووە هەر چەندە لە راگەیاندن بە تایبەتی (تەلەڤزیۆن) ئاساییە .
سەرنج بدەن ، مشتێک نمونەی خەروارێکە :
1ـ دەنووسرێت و دەخوێندرێتەوە (بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ، بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر) هەڵەیە ، چونکە ئەو کەسە بەڕێوەبەری دامەزراوەیەکە یان دەستگە یان فەرمانگەیەکە بۆ کاروباری تایبەت بە (ئاو یان تەندروستی) نەک تەنیا (بەڕێوەبەری ئاو یان تەندروستی) بۆیە راست و دروست ، پێویستە بنووسرێت و بخوێندرێتەوە
(بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی هەولێر .
2 ـ (دیمەنی بەفربارینی شاخی گۆیژە)
ئێ باشە خۆ شاخەکە بەفر نابارێنێت بەڵکو بەفر لە شاخەکە یان چیاکە دەبارێت ، بۆیە پێویستە بنووسرێت : دیمەنی بەفربارین لە چیای گۆیژە .
3 ـ (جۆرێکە لە …… یان جۆرێکە لە رووەک)
دەقاودەق لە عەرەبییەوە وەرگیراوە چونکە عەرەب دەڵێت : (نوع من النبات) بەڵام کورد دەڵێت : جۆرە رووەکێکە .
4 ـ (سلێمانی جگە لە کورد نەتەوەی تریشی تێدا ژیاوە وەک (مەسیحی ، جولەکە) ، ئەم بەرنامەیە چەند جارێک پەخشکراوە کەچی کەسێک نەبووە لەم تەلەڤزیۆنە بڵێت : (مەسیحی و جولەکە) ئایینن نەک نەتەوە
شێرکۆ بێکەس دەڵێت:
لەسەر سەلیبی کوردستان
لەبەر چاوی هەموو جیهان
رۆژی دەیان مەسیحی کورد
ئەکرێن بە قوربانی ژیــــــان

هەر لە باسی (جولەکە) زۆرجار بەهەڵە وشەکانی (جولەکە ، سەهیۆن ، عیبری ، یەهوود و ئیسرائیل) بەکاردەهێنرێن و لەجێی خۆیدا نییە و ئەو مانایە نابەخشێت ، هێندەی ئاگاداربم و زانیاریم هەبێت لەسەر (جولەکە) هەر لای ئێمە و لە کوردستان پێیان گووتراوە (جولەکە) ، وشەی
(سەهیۆن) بە مانای بزووتنەوەی سەهیۆن، (عیبری) بۆ زمانی ئاخاوتن، (یەهوود) بۆ نەتەوە و (ئیسرائیل) یش بە مانای (بەندەی خوا ، موجاهیدی خوا) ، (ئیسرا) بە مانای (بەندە ، عەبد) و (ئیل) بە مانای (خودا ـ اللە) و هەروەها (نیشتمانی جولەکە) .
5 ـ دووبۆنە و ناوهێنانی بەیەک بۆنە یان تێکەڵکردنی زانیارییەکان چونکە (مانشێت نووسراوە : جەژنی سەری ساڵی زایینی و راپۆرتەکە باسی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح) ە ، پێویستە جیاوازی لە نێوان جەژنی مەسیح کە 12/25 و هاتنەدنیای حەزرەتی مەسیحە و 1/1 یەکەم رۆژی ساڵی زایینی یان سەری ساڵی زایینی یە بکرێت .
6 ـ بێژەر : حەجی ئاسایی چەند وەرەقەیە؟
میوان : حەجی ئاسایی (41) وەرەقەی ئەمریکییە.
ئەم زمانەلاواز و بازاڕییە ، نەک بۆ تەلەڤزیۆنێکی سەتەلایت بگرە بۆ لۆکاڵێکیش کە پەخشەکەی نەک بۆ شارێک بۆ گەڕەکێکیش بێت مایەی نیگەرانی و پاشاگەردانییە بۆ تەلەڤزیۆنی کوردی .
7 ـ کاتێک پێشکەشکار پرسیار لە میوانەکە دەکات دەربارەی ئەو چالاکییە ، میوان دەڵێت :
بەرەو گوندەکە (باشە کام گوند ؟) دەڕۆیشتین من و کاک ئازاد و کاک هەڵۆ بووین ، بڕوانە ئەو پێشکەشکارە ناڵێت ئەم چاوپێکەوتنە بۆ کەناڵێکی سەتەلایتە ، کە پێویستە پێشتر میوانەکە ئاگادار بکرێت لەوەی کە دەڵێت : کاک ئازاد یان کاک هەڵۆ ، (ناوی سیانی و نازناو ئەگەر هەبوو) چونکە بینەر نازانێت تۆ باسی کێ دەکەیت ، بۆیە پێویستە هەموو ئەوانەی لەو بەرنامەیەوە ناویان دێت بە (ناوی سیانی) ناویان بهێنرێت و میوانیش (ناوی سیانی) بە (کابچەر یان فلتەر) بنووسرێت .

(1) بە دەم پیاڵەچایەکەوە ـ سەرکەوت عەلی
. چاوبێکەوتن : د. بەکر ئەحمەد عوسمان
. سلێمانی ـ 1999
ـ روشدی عەبدولساحیب : بێژەر ـ تەلەڤزیۆنی بەغداد ـ 1981

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ یادی 40 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی سیروان تاڵه‌بانی و هاوڕێكانیدا

ئاوات كۆكه‌یی شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ فه‌یسه‌ڵ ره‌شید حه‌مید ...