سەرەکی » ئاراستە » چیرۆکی هەشتی مارس و جێژنی ئافره‌تانی جیهان!

چیرۆکی هەشتی مارس و جێژنی ئافره‌تانی جیهان!

*د. حوسێن محەمەد عەزیز

سەرەتای چیرۆکەکە
له‌ کۆندا، ئافره‌تان به‌ گشتیی، ژیانێکی زۆر ناخۆشیان هه‌بوو، له‌ نێو کۆمه‌ڵدا، به‌ چاوێکی سووک سه‌یرده‌کران. له‌به‌رئه‌وه‌ ئافره‌ته‌ کارگه‌ره هوشیاره‌‌کان، له‌ کارگه‌ی چنینی قوماشی شاری (New work) ، دژی هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌سه‌ڵاتداران و کارکردنی مناڵان بوون، دژی ئه‌و باره‌ ناله‌باره بوون،‌ که‌ تێیدا ده‌ژیان، ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕی و ڕۆژی (8)ی‌ مارسی ساڵی (1857)، خۆپیشاندانێکیان سازکرد. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتداران، زۆر به‌ شێوه‌یه‌کی دڕندانه‌ و بێبه‌زه‌ییانه‌ وه‌ڵامیاندانه‌وه، خۆپیشاندانه‌که‌یان سه‌رکوت و خه‌ڵتانی خوێن کرد‌، ژماره‌یه‌کی زۆر ئافره‌تیان ده‌سگیرکرد و هێندێکیشیان، هه‌ر له‌ژێر ده‌سوپێدا تێداچوون!

یاد و خۆپیشاندان
دوای ئه‌وه‌ی (50) ساڵ، به‌سه‌ر ئه‌و ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانه‌دا تێپه‌ڕبوو، ساڵی (1907) له‌ (ئه‌مێریکا) و (ئه‌ورووپا)، ئافره‌تانی خاوه‌ن باوه‌ڕ و خه‌باتگێڕ، خۆپیشاندانێکی زۆر گه‌وره‌یان سازکرد، هێندێ درووشمی شۆڕشگێڕانه‌ و پێشکه‌تووخوازانه‌یان به‌رزکرده‌وه‌، یادی خۆپیشندانه‌که‌ی ساڵی (1857)یان کرده‌وه‌. ئه‌م جاره‌ زۆر به‌ گه‌رمیی، پێشوازی له‌ خه‌باتی ئافره‌تان کرا و پشتگیریی کران. پاشان دووه‌مین کۆنگره‌ی فراوانی ئافره‌تان، له (کۆپنهاگن) گیرا.
قۆناغێکی نوێ
( Klara Zetekin )، یه‌کێ له‌ سه‌رکرده‌ بوێرە ڕووناکبیرەکانی، ڕاپه‌ڕینه‌ شۆڕشگێڕییه‌که‌ی (ئه‌ڵمان) بوو. پێشنیازیکرد، ڕۆژی (8)ی مانگی مارسی هه‌موو ساڵێ، به‌ جێژنی ئافره‌تانی جیهان بناسێنن. ئیدی به‌ ئه‌و شێوه‌یه‌، وه‌ک ڕێزلێنانێ له‌ تێکۆشانی ئافره‌تان، ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ مێژووی تێکۆشانی ئافره‌تانی جیهاندا، به‌ ڕۆژێکی پرشنگدار تۆمارکرا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناخۆشییه‌کی زۆریان، له‌‌ ژیانی ڕۆژانه‌ و کارکردندا دیبوو‌.

پەرەسەندن و چەسپاندن
ئافرەتانی جیهان کۆڵیان نەدا و لەسەر تێکۆشانی خۆیان بەردەوامبوون، تا بە تەواوی داواکارییەکانی خۆیان، بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتیدا بسەپێنن. لە ئەنجامی ئەو هەوڵ و خەباتە دوورودرێژ و سووربوونەدا توانیان، ساڵی (1945) دەزگەی نەتەوە یەکگرتووەکان قایلکەن، دان بە مافەکانیاندا بنێ، بە مەرجێ یەکسانیی نیوان پیاوان و ئافرەتان بسەلمێنن. ئەمەش یەکەمین ڕێککەوتنی نێونەتەوەیی بوو، بۆئەوەی بایەخ بە ڕەوشی ئافرەتان بدەن، لە هەموو ڕوویەکەوە یارمەتییانبدەن، تا باری ژیانیان لە هەموو جیهاندا چاکبکەن. هەروەها ئەم بڕیارەش خۆی لە خۆیدا، سەرکەوتنێکی مەزن بوو، ئافرەتانی جیهان بە خەبات و کۆڵنەدان بەدەسیانهێنا. ئیدی بە ئەو شێوەیە، زۆربەی دەوڵەتەکانی جیهان، دانیان بە ئەو بڕیارەی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نا و کاریان پێ کرد.
بەڵام کاتێ بزووتنەوەی سۆسیالیستی لەدایکبوو، ئیدی وردەوردە، بیرۆکەی یادکردنەوەی ئەو ڕۆژ و ئاهەنگگێڕانە، بە بۆنەی جێژنی ئافرەتانەوە گەشەیکرد، پێشکەوت و بە تەواوی جێگیربوو. هەروەها لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکاش، کۆنگرەی ساڵانە دەگیرا، بۆئەوەی هەوڵە نێودەولەتییەکان یەکخەن، تا مافەکانی ئافرەتان ڕوونکەنەوە، باسی چۆنێتی بەشداربوونیان، لە پڕۆسەکانی ڕامیاریی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیدا بکەن. تا وای لێهات، ساڵی (1975)یان بە ساڵی نێودەوڵەتی ئافرەتان دانا. هەروەها ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و دەوڵەتەکان لەسەر ئاستی جیهان، ڕۆژێ (8) مارسیان بە فەرمیی، بە جێژنی ئافرەتانی جیهان ناساند، ئەمەش لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، سەرکەوتنێکی گەورە بوو، بزووتنەوەی ئافرەتانی جیهان بەدەسیانهێنا.

جێنژنی ئافرەتان لە هێندێ ولاتانی جیهاندا
ئەوڕۆ لە زۆربەی دەوڵەتەکانی جیهاندا، ڕۆژی (8)ی مارس، بە جێژنێکی فەرمیی دەژمێررێ و ئافرەتان لە ئەو ڕۆژەدا، بە ئازادیی یادی جێژنەکەیان دەکەنەوە. بەڵام دەوڵەتەکان لەنێو خۆیاندا، لە جێبەجێکردن و چۆنێتی بەڕێوەچوونی ئەو جێژنەدا، جیاوازییان هەیە. بۆ نموونە: لە دەوڵەتەکانی (ئەفگانستان، ئەنگۆلا، ئەرمینیا، ئازبێجان، رووسیا، بێڵەڕووسیا، ئۆکرانیا، مەڵدۆڤە، گورجستان، ڤێتنام، کوبا، مەنگۆلیا، کەمبۆدیا، لاوس، بورکینەفاسۆ، گینیا – بێساو، ئەرتیریا، کازاخستان، تاجیکستان، قیرگیزستان، تورکمێنستان، ئوزبێکستان، ئۆگەندە و زامبیا)، جێژنێکی فەرمییە، پیاوان و ئافرەتان تێیدا بەشداریدەکەن و کارناکەن. بەڵام لە دەوڵەتەکانی (چین، مەکەدۆنیا، مەدەگەشقەر، نیپاڵ) تەنیا بۆ ئافرەتانە و پیاوانی تێدا نییە!
هەروەها لە هێندێ دەوڵەتی وەک (کامیرۆن، کەرواتیا، ڕۆمانیا، کێوەڕەش، بۆسنە و هەرسک، سربیا، بولگاریا و چیلی)، ڕۆژی (8)ی مارس، پشووی فەرمیی نییە، بەڵام لە ئەو ڕۆژەدا، پیاوان دیاریی پێشکەش بە ئافرەتان دەکەن.
وڵاتە ئیسلامیی و عەرەبییەکان
له‌ وڵاته‌ ئیسلامیی و عەرەبییە‌کاندا، زۆر دره‌نگ ئه‌م جێژنه‌ ده‌رکه‌وت و دانیپێدانرا. هێندێ لە ئەو دەوڵەتانە، بە شێوەیەکی تایبەتیی و جیاواز، یادی ئەو ڕۆژە دەکەنەوە، بەڵام گومانی تێدا نییە، وەک وڵاتانی دیکەی کیشوەرەکانی ئەورووپا و ئەمێریکا نین، وەک (میسر، لوبنان، عێراق، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، سعوودیە، ئوردوون و کوەیت). بۆ نموونه‌:
له‌ (میسر) ڕۆژنامه‌نووس و ڕووناکبیری گه‌وره‌ (مسته‌فا ئه‌مین)، ساڵی (1943) هه‌وڵێکی زۆری دا، به‌ ناوی جێژنی دایکانه‌وه‌، ڕۆژێ بۆ ئافره‌تانی (میسر) دیاریبکه‌ن. به‌ڵام موسوڵمانه‌ دواکه‌وتووه که‌له‌شه‌قه‌‌ په‌ڕگیره‌کان، زۆر دژی وه‌ستان و هێرشێکی توندیان، بۆ سه‌ر هاوبیرانی ئه‌و پێشنیازه‌ کرد. تا له‌ ئه‌نجامدا، ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ سه‌رکه‌وت و ساڵی (1956)، ده‌سه‌ڵاتدارانی (میسر)، دانیان به‌ ئه‌و ڕۆژه‌دا نا و هه‌موو ساڵێ، ڕۆژی (21)ی مارس، له‌گه‌ڵ جێژنی به‌هاردا (شەم ئەلنەسیم)، یادی ئه‌و ڕۆژه‌ گه‌شه‌‌ ده‌کرێته‌وه‌!
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، تا ئێسته‌ش ئیسلامی ڕامیاریی و کۆلکه‌ مه‌لاکان، هه‌ر دژن و ده‌ڵێن: له‌ قورعان و سووننه‌دا شتێ نییه‌، ناوی جێژنی دایک بێ. به‌ڵام زاناکانی زانکۆی (ئه‌زهه‌ر) باشترن و به‌ ناڕه‌وای نازانن!

کۆتایی
به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی (162) ساڵ به‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌ پڕ شکۆ خوێناویه‌که‌ی) نیوۆرک( و (109) ساڵیش، به‌سه‌ر کۆنگره‌که‌ی (کۆپنهاگن)دا، گه‌رمترین پیرۆزبایی له هەموو‌ ئافره‌تانی ڕووسووری پێشکه‌وتووخوازی جیهان بە گشتیی و ئافرەتانی نه‌ته‌وه‌که‌م بە تایبەتی ده‌که‌م. هیوادارم، ڕۆژبه‌ڕۆژ ده‌سکه‌وتی پتر به‌ده‌سبێنن، به‌ره‌و ژیانێکی خۆشتر و سەربەرزانەتر هه‌نگاوبنێنو له‌سه‌ر مافه‌ ڕه‌واکانی خۆشیان سوورتربن!

*نووسەر و مامۆستای زانکۆ

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ یادی 40 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی سیروان تاڵه‌بانی و هاوڕێكانیدا

ئاوات كۆكه‌یی شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ فه‌یسه‌ڵ ره‌شید حه‌مید ...