سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » سەرانی عەرەب و هەموارکردنی دەستوور

دیموکراسیەتی دونیای عەرەبی

سەرانی عەرەب و هەموارکردنی دەستوور

لەسەردەمی نوێ ودونیای دیموکراسیدا دەسەڵات وڕژێم وسەرۆکە دیکتاتۆرەکان بۆمانەوەیان وپاراستنی کورسیەکانیان پەنابۆهەموو شێوازێکی نادیمکراسیەت دەبەن تاوەکو درێژەبە حوکمی خۆیان بدەن، هەڵبژاردنەکان بە ساختەو دەنگی زیادەوفرتو فێڵ چەواشەدەکەن تادەگەنە دەسەڵات وکەگەیشتنەترۆپکی دەسەڵاتیش هەوڵ دەدەن بۆ چەند خولێک لەسەریەک بمێننەوە، بۆ مانەوەو پاراستنی کورسی وپێگەی خۆیان دەستوری وڵاتەکانیان وا هەموار دەکەنەوە کەلەگەڵ بەرژەوەندی وئارەزو ومەرامەکانیان بگونجێ ولەخزمەت پتەوکردنی دەسەڵاتەکانیاندا بێت، ئەو حاڵەتە لەناو سیستەمی وڵاتە عەرەبیەکان بەئاشکرا دیارەو سەرۆکەکان هەوڵی مانەوەی زۆرتر ودوای خۆشیان بۆ مناڵ ونەوەکانیان دەدەن.

میسر
لەساڵی 1956ەوە دەستوری میسری حەوت جار هەموارکراوەتەوە،نوێترینیان لە ساڵی 2005 ە لەسەردەمی حوسنی موبارەک ولە 2014 ی سەردەمی سیاسی وئێستاش بۆ درێژکردنەوەی خولی سەرۆکایەتی وهێشتنەوەی سەرۆکی وڵاتەکەیە، وای کودەتاکەی بەسەر ئیخوانەکاندا « عەبدولفەتاح سیسی» بوە یەکەمین سەرۆکی هەڵبژێردراو لەمێژووی وڵاتەکەداکە خەڵک بەکرتی دەنگدان هەڵیان بژارد وهێشتا نەیانناسیبو کەئەویش یەکێکە لە دیکتاتۆرەکانی پێش خۆی و پەنا بۆهەموو ستێک دەبات بۆ بەرژەوەندی ومانەوەو پاراستینی دەسەڵاتەکانی، بۆ مانەوەی لەپۆستەکەی دووساڵ دوای ئەوە هەموار کردنەوەی دەستور لەمێشکی داو کەوتە جموجۆڵ تا پەرلەمان ونێوەندی سیاسی ڕازی بکات وبۆی بچێتەسەر، لەچەند بۆنەیەکدا ئەو پڕۆژەیەی وروژاندو سەرەنجام پلانەکەی سەری گرت ماوەیەک لەمەوبەر دەستوری بۆ والێکرا کە ماوەی سەرۆکایەتی بۆ درێژ بکرێتەوەودووساڵی تر ڕێگەی پێ بدرێت دوو خول لەسەر یەک خۆی کاندید بکاتەوە، بەمجۆرە بۆی دەبێت ساڵی 2022 لەپۆستی سەرۆکی وڵاتەکە بمێنێتەوەو دوای ئەو خولەش دوو خولی تر بۆی هەبێت خۆی کاندیدبکاتەوەو هەفر خولەی شەش ساڵ دەبێت،بەوپییەش سیسی بۆی هەیەو لەوانەیە تا ساڵی 2034 لەپۆستی سەرۆکایەتیدا بمێنێتەوە، بەحکومی دەسەڵاتەکەی وبەهۆی ئەوەی و پارەوسامانی وڵاتەکەی بەدەستەوەیە، لەوانەیە بەخت یاوەری بێت دیسان ودووخولی تریش هەر بمێنێتەوە، جەلەوەش بەپێی هەموارەتازەکەش سەرۆک دادوەران دادەمەزرێنێ ودەسەڵاتی بەسەردا دەشکێت، لەسەروی پەرلەمانیشدا پەرلەمانێکی تری بچکۆلەهەیەبەناوی ئەنجومەنی پیران وسەرۆک بۆی دەبێت سێیەکی ئەندامانی کە ٢٥٠ کەس دابمەزرێنێ وباقی تریش بەهەڵبژاردن دەبێت، بەمجۆرە سەرۆک سیسی دەبێتە کەسی یەکەم ولوتکەی دەسەڵات وتا ساڵانێکی دورودرێژ ئەو پۆستەی بەدەستەوەدەبێت.
بەردەوام دەستور بۆخۆیان دەگۆڕن
وانەبێت ئەوە یەکەمین جار بێت سەرۆکەکانی ئەو وڵاتە دەستور بۆخۆیان هەموار بکەنەوە بەڵکو لەسەردەمی ئەنوەر ساداتیش بەهەمان شێوە مادەی 77 ی لەدەستوری ساڵی 1971 گۆڕی وڕێی پێدرا کەبۆماوەیەکی نادیار لەدەسەڵاتی سەرۆکایەتی وڵاتدا بمێنێتەوە، ئەم دەستورە تاساڵی 2005 وسەردەمی حوسنی موبارەک کاری پێکرا، ئەویش هات و سیستەمی چۆنیەتی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی گۆڕی و وایلێکرد کە کەسانی سەربەخۆ نەتوانن خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکەن ، تا خۆکاندیدکردن بەرتەسک بکاتەوەو زەمینە بۆخی وخانەوادەکەی خۆش بکات کەهەر ئەوان بن وڕێی خۆشکرد کەدوای خۆی « جەمال موبارەک»ی کوڕی ئەو پۆستە بەدەست بێنێتەوە.
ئێستا ئەوەی ڕودەدات زۆر مەترسیدارترەلە مانەوەی سیاسی ئەویش ئەوەیە بڕگەیەک بۆ دەستور زیاد کراوە بەپێیەوە دەستەیەکی باڵای پاراستنی دەستور دروستکراوەو» سیسی» هەتا مردن سەرۆکی ئەو دەستەیەیە بگرە ئەگەر لەپۆستی سەرۆکایەتی نەمێنێت ، هەر لەلوتکەدەمێنێتەوەو دەسەڵاتەکانیشی بریتی دەبن لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵات و ڕابەرایەتیکردن وچاوەدێری دەسەڵات وموحاسەبەکردنیان.

سوریا
سوریا بەپێی دەستورەکەی ساڵی 1973 ڕێی بە « حافز ئەسەد» دا کەبەشێوەیەکی ڕەهاو تائەبەد حوکمی وڵاتەکەی بکاو هەرچەندە ناوە ناوەو بەڕوکەش هەڵبژاردن دەکرا بەڵام هەمووی لە خزمەتی مانەوەی ئەسەد بولەوپۆستەو بەمجۆرە 30 ساڵی ڕەبەقی تێدا مایەوە، لەوماوەیەدا دووجار دەستور هەموارکراوەتەوە ،یەکەمیان لەساڵی 1981 لەسەردەمی خۆی ودوەمیش لەساڵی 2000 وچەند سەعاتێک دوای مردنی، ئەوکات ئەنجومەنی گەلی سوریا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ولە کۆبونەوەیەکی نائاسایی وبەپەلەدا مادەیەکی دەستوری گۆری کە تەمەنی سەرۆکی تێدا دیاری کرابو ، بۆیە تەمەنی کاندیدی سەرۆکیان لە 40 ساڵیەوە بۆ « بەشار ئەسەد» کرد بە ٣٤ تا بە یاساو دەستور بتوانێت پۆستەکە بەدەست بێنێت ویەکسەر ئەویان لەجیی باوکی داناو ئەوی قەوما قەوما.
لەساڵی 2012 ش دیسان بەشار ئەسەد بڕگەی 94 ی دەستوری گۆڕی وبەپێی بڕگە تازەکە هەموو دەسەڵاتیکی یاسادانان وجیبەجێکردنی بەخۆی بەخشی و ئێستاشی لەگەڵدابێت کە باسی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەستوری ئەو وڵاتەدەکریت لەسەر بڕگەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک کێشە دروست دەبێت چونکە سەرۆک ناخوازێت دەسەڵاتی کەمبکرێتەوەو دەیەوێت تامردن لە ترۆپکی دەسەڵات بمێنێتەوەو هیچ دەستەو دایەرەیەک نەتوانێت حوکمی بەسەردابکات.

لوبنان
ئەو وڵاتە لەساڵی 1926 ەوە چەند جارێک گۆڕانکاری بەسەر دەستورەکەیدا هێناوە، یەکەمین جار لەساڵی 1995 ماوەی خولی سەرۆکایەتی « ئەلیاس ئەهراوی» درێژکردەوەو کردی بە 9 ساڵ لەسەریەک، لە1998 دیسان لەمیانی هەڵبژاردنی سەرکردەی سوپا» عیمادئامێل لەحود» بۆپۆستی سەرۆکایەتی کەپێشتر بەهۆی پلەی سەربازیەوە بۆی نەبو ببێتە سەرۆک چونکە بەپێی دەستور کەسانی سەربازو فەرماندەکانی سوپای وڵات بۆیان نەبو خۆیان کاندید بکەن نەبادا وڵات بکەوێتە دەستی سوپاو کەسانی چەک بەدەست،بەڵام « ئەلیسا هراوی وحافزئەسەد» لە دیمەشق ڕێککەوتن کەئەو بڕگەیەی دەستوری بۆ بگۆڕن ولەحود بکەنەسەرۆکی لوبنان، لە 2004 دیسان حەزی کرد لەپۆستەکەی بمێنێتەوەوداوای کرد کە ڕیگەچارەیەکی یاسایی بۆبدۆزنەوە تا ئارەزوەکەی بێتەدی وکەسیش نەتوانێت پەڵپی پێ بگرێت، بۆیەمادەی 49 ی دەستوریان بۆ گۆڕی وبۆ سێ ساڵی تر لەو پۆستە مایەوە، ئەوکات زۆر لەسەرکردەی پارتیەسیاسیەکان ڕەخنەیان گرت یەکێک لەوانە «رەفیق حەریری « بو هەر بۆیەش بە پلانێکی ژێر بەژێر ونەخشەداڕێژراو کوشتیان وئیدی نەیانهێشت کەس لەوکەین وبەینە تێبگات وئەوەشیان بۆ چوەسەر.

جەزائیر
لەساڵی 2008 « عەبدولعەزیز بو تەفلیقە» لەپێناو مانەوەی خۆی وپاراستنی کورسی سەرۆکایەتی بۆخۆی ،بنەمایەکی تازەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی داهێنا ئەویش ئەوەبو کە سەرۆک بۆی هەبێت چەند خولیک لەسەریەک خۆی کاندیدبکاتەوە، هەر بۆیەبەم بڕیارە لە خولەکانی 2009 و2014 و 2018دا خۆی کردەوەبەسەرۆک و لە 2016 ش دەستوری بەشێوەیەک هەموار کردەوە کە دەسەڵاتەکانی وا فراوان کرد گەیاندیە لوتکەو پادشای وڵات، بۆ ڕێخۆشکردن بۆ خۆی تا ببێتەوە بەسەرۆک ورێگرتن لەخەڵکی تر دەستوری والێکرد کە کاندید نەدەبوا جگەلە هی وڵاتەکە ڕەگەزنامەی وڵاتی تری هەبێت، یان دەبو 10 ساڵ بەرلەخۆکاندیدکردنی لە جەزائیر نیشتەجێ بوبێت ئەمانە بۆ ئەوەبون کە ئەو سیاسیانەی کەماوەیەک بو لە دەرەوەبون ولەناو خەڵک ڕەواجیان پەیداکردبو نەهێڵن ببنەسەرۆک وتەگەرەیان خستنەبەردەم ،هەندێک مەرج دانران کەتەنها لە خودی تەفلیقەدا هەبون ودەبو خۆشی بێ وتاڵی بێت هەر ئەو سەرۆکی وڵات بێت ، هەربۆیەش لەسەر فەرمانی خۆی کرایەوەبەسەرۆک وتائەو لەحزەیەش هەر سەرۆکی وڵاتەکەیەو ناهێڵن تۆزقاڵیک نەلەو پۆستەو نەلە ئاڕاستەی کاردکردنی سیاسەتی حکومەت بگۆڕدرێ ، ئێستاش ئەوەی لەو وڵاتە دەگوزەرێت جێی شۆکی دونیای دەرەوەیە کە سەرۆکێکی گۆچ ونەخۆش وپەککەوتە پێداگیری لەسەر خۆکاندیدکردنەوە دەکاو خەڵکی وڵات لەدژی هاتونەتەسەرشەقام ونایانەوێت،ئەو لەکەلی شەیتان نایەتەخوارەوەو بە زەبری دەسەڵات وپێگەو هێز دەیەوێت دیسان خۆی بسەپێنێتەوەو درێژە بەو حوکمەی بدات کەلە برسیەتی ونەهامەتی زیاتر هیچی تری بۆ خەڵکەکەی نەهێناوە،خۆپیشاندەران بەردەامن ولایەنی سیاسی وڕێکخراوەییاشیان لەگەڵدایە، ڕۆژانی داهاتوو ئەنجامی ئەو ململانێیەی نێوان تەفلیقەو گەلی جەزائیر دەردەکەوێت.

تونس
لە 2002 «زەین ئەلعابدین بن عەلی» وای خواست کە هەر خۆی بەسەرۆکی ئەو وڵاتە بمێنێتەوە بۆیە بڕیاریدا دەستوری ساڵی 1959 هەمواربکاتەوەو لەگەڵ ئارەزووی خۆی بیگونجێنێت ، لە هەموارکردنەوەکەدا سەرۆک بۆی هەبێت چوار خول لەسەر یەک پۆستی سەرۆکایەتی بەدەست بێنێتەوە، بۆیە خولەکانی تێدا دیاری نەکراکە پێشتر هەر کەسێک بۆی هەبو تەنها سێ خول سەرۆک بێت، تەمەنیش لەە 70 بۆ 75 ساڵیەوە ساڵ زیاد کراچونکە ئەومەرجانە لەخۆی دەهاتنەدی وبەمجۆرە چەند ساڵێک بەدەستور یاسا خەڵکی هەڵخەڵەتاندو هەر خۆی سەرۆکای وڵاتەکەبوو، لەدوای شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبیش دیسان « قائد سەبەسی» لە 2016 هەولێداوە سیستەمێکی تازەی حوکم لە وڵاتەکە دامەزرێنێت ودەستوری هەموارکردوە بەشێوەیەک کەدەسەڵاتی زۆرتر دراوە بەسەرۆکی وڵات، ئەگەرچی سەبەسی لەوانی پێش خۆی مۆدێرنترو کاروەترە بەڵام هەمدیسان ئەویش دەخوازێت زۆرترین ساڵ پۆستی سەرۆکایەتی تونسی هەبێت هەر خۆی کەسی یەکەم ودەسەڵاتی ڕەهای هەبێت.

سودان
لە 2018 لەسەر پێشنیاری پارتی کۆنگرەی نیشتیمانی « پارتەکەی» سەرۆک « عومەر بەشیر»ئەنجومەنی شورای سودان بڕیاریدا ڕێگە بەسەرۆک بدرێت کە لەخولێکی تری 2020 خۆی کاندیدبکاتەوە،ئەمەش ناڕەزایەی گەورەی لێکەوتۆتەوەو هەموان دەڵین ئەوە بۆ ئەوەی بەشیر تا مردن لە حوکمدا بمێنیتەوە چونکە ئەوە 30 ساڵە سەرۆکەو وازناهێنێت، بەپێی دەستوری ساڵی 2005 سەرۆک تەنها بۆی هەبو دوو خول لەسەریەک ببێتەوە سەرۆک،بەڵام گۆڕیان ولە 2010 و2015 و لەساڵی داهاتوش دەیەوێت خۆی کاندیدبکاتەوە،جگەلەوەش دەستورەکەیان بۆ والێکردوە کە دەسەڵاتی ڕەهایان داوەتەسەرۆک وئیدی کەس ناتوانێت قسە لەقسەی بکات، بەشێکی خۆپیشاندانەکانی ئێستاش ناڕەزایەتیەبەرامبەر بە حوکمی دوورودرێژی بەشیرە لەسودان، خۆپیشاندانەکان درێژەیان هەیەو ئەگەر چی سەرەتا دروشمی نان وتێربونیان بەرکردبۆوە بەڵام دواتر ئاراستەی دروشمەکانیان گۆڕی داوای گۆڕینی تەواوی دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتەدەکەن،بەشیر بۆ خۆپیشاندەران وتویەتی کە گۆڕانکاری ناکاو دان بەخۆیاندابگرن تا هەڵبژاردنی 2020 و ئەوکاتە سەندوقەکانی دەنگدان دەبنەسەنگی مەحەک، چونکە خۆی داناوە کەلەسایەی دەسەڵاتی ئێستاو ئەوهەموو ساڵانەی سەرۆکایەتی وئەوپارەزەبەللاحەی کە کۆگای کردوە دەتوانێت کار بکاتە سەر دەنگی ڕای گشتی وبیانکڕێت، هەر بۆیە ناخوازێت نە پۆستەکەی بەجێ بێڵی ونەهیچ گۆڕانکاریەکیش بکات.
یەمەن
« عەلی عەبدوڵا ساڵح»ی سەرۆکی پێشوو لەساڵی 2001 چەند بڕگەیەکی دەستوری گۆڕی و ماوەی خولەکانی لە پێنج ساڵەوە گۆری بۆ حەوت ساڵ ودەسەڵاتی سەرۆکیشی زیاد کرد بەوەی کەمافی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان وحکومەتی هەبێ و سیستەمی حوکمی لە سەرۆکایەتی نزیک کردوە، دیسان لە 2003 بەهەمان شێوە دەستور هەندێ بڕگەی بۆ زیاد کرا کەلەبەرژەوەندی سەرۆکدا بێ وهەر لەوساڵەدا هەرچەندە مەیلی خۆی بۆ وازهێنان ئاشکراکرد بەڵام سەرلەنوێ هەڵبژێردرایەوەو کرایەوە سەرۆک، ئێستاش دوای نەمانی دەستور هەروا ماوەتەوەو ڕێ بۆ دروستبونی سەرۆکی دیکتاتۆردەدات، ئەو شەڕو شۆرو نەهامتیانەی کە وڵاتەکە ئێستا توشی هاتوە ڕەنگانەوەی حوکمی چەند ساڵەی ئەو سەرۆکەو سیاسەتەکانی حوکمەت بوە لەئاست مامەڵەکردن لەگەڵ هاوڵاتیان ووڵات بەڕیوەبردن، بۆ یە لەدوای نەمانیشیان لە حکوم هاوڵاتیان هەر بەدەست کاریگەرەخراپەکانی سیاسەتەکانیانەوە دەناڵێنن و ئاسەواری خراپەکاریەکانیان هەر دەمێنن

وڵاتانی کەنداو
ئەوە باس لە وڵاتانی عەرەبی کەنداو هەر ناکرێت لەوانە سعودیەو قەتەرو ئیمارات کە سیستەمی پادشایەتیان تێدا پیادەدەکرێ وشا وشانشین وئەندامانی بنەماڵە دەسەڵاتی ڕەهایان بەسەر وڵاتەکانیادا هەیەو کەس ناوێرێت قسەلەقسەیان بکات ،لای ئەوان پادشای وڵات لەسەروی حکومەت وپەرلەمان وهەموو دەزگاکانە، بڕیاری سیاسی وئیداری وئابوری هەموو بوارەکانی تر هەرلای خۆیەتی، ئەو بەرپرسی یەکەمە لە چۆنیەتی بەڕیوەبردنی وڵات و پەیوەندیەکان لەگەڵ دونیای دەرەوە، دەستور هەر لەژێر ڕێنمایی خۆی وبەویستی خۆی دادەڕێژێت، شای ئەو وڵاتانە تا ئەبەد لەو پۆستە دەمێننەوەو کە مردیشن کوڕەکانیان ودوای ئەوانیش نەوەدوای نەوە جێیان دەگرنەوەو گەل ومیللەت وەک مێگەل بەڕێوەدەبەن.

سەرچاوە:
نون پۆست،شپیگل ئۆنلاین، ویکیپیدیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

جیهان و پڕۆژە نوێكەی چین

لە 25/26 لە پكینی پایتەختی چین، دووەمین كۆڕبەندی «پشتوێن و ...