سەرەکی » ئاراستە » ئەم گۆی زەویە موڵکی هەردووکمانە

ئەم گۆی زەویە موڵکی هەردووکمانە

ڤینۆس فایەق

نەوال سەعداوی دەڵێت: «سەرکەوتوویی ژن لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەوە دەپێویرێ چەند ئازایە لە قاپشتن و گۆرەوی دروونەوە و چێشت لێنان و راگرتنی دڵی مێردەکەی.. ژن بۆ ئەوەی هەست و نەستی مێردەکەی نەڕووشێنێت دەبێت زیرەکی خۆی بشارێتەوە..»
ئا بەم شێوەیە ئیتر ژن دەبێت بەردەوام لە ترسێکدا بژی نەکا مێردەکەی لەدەست بدات.. کچ بە پێوەرەکانی کابانوویەکی باش و ژنێکی گوێرایەڵی مێردەکەی پەروەردە دەکرێت و بۆ ژیانی داهاتووی ئامادە دەکرێت، هەروەک ئەوەی ژیان بۆ ژن تەنها بریتی بێت لەو ئەرکانەی کە لە ماڵەوە جێبەجێیان دەکات.. کە قسەش لە ماف و ئازادیەکانی ژن دەکرێت هەندێک لە پیاوە (فێمینیستەکان) داکۆکیکارەکان لە مافەکانی ژن دەپرسن ئەی ژن خۆی بۆچی خۆی ناسەلمێنێت؟ ئەمە لە کاتێکدا هەر لە بوونەوە ژن هەموو دەرگاکانی بیرکردنەوە و دەرخستنی توانا و زیرەکی و بەهرەکانی لێدادەخەن و دونیای لەناو دیوارەکانی ماڵەکەیدا بۆ وێنا دەکەن..
رێکخراوەکانی ژنان لەم بەشەی پرسی ژنان تاچەند توانیویانە ببنە هێزێکی یەکگرتوو و کاریگەر لەناو کۆمەڵگادا بە مەبستی گۆڕینێکی راستەقینەی دوور لە ملکەچیان بۆ حزبەکانیان، لە چوارچێوەی رێکخراوێکدا کە فۆرمێکی ئینسانەی هەبێت نەک حزبی؟ ئەمە پرسیارەکەیە کە دەبێت لەبەریدا بوەستین و بەرپرسانە وەڵامی بدەینەوە..
بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژن دەیان و سەدان رێکخراوی ژنان و ئافرەتان و خانمان و …هتد رۆژانە قسە بە کۆمەڵگا، پیاو، دابونەریت و دین دەڵێن، داوا لە ژن دەکەن لە شەڕکردنێکی بەردەوام و سەختدا بێت بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادیەکانیان. هەندێک لەو رێکخراوانەی کە خۆیان بە چەپ و فێمینیست پۆلین دەکەن داوا لە ژن دەکەن دانەبڕاوانە چەکەکانیان لە دژی پیاو کۆمەڵگا لەسەر پێ دانێن.. هێندەی ژن فێری شەڕ و سەنگەرگرتن و دژایەتیکردن دەکەن ئەوەندە بە فکرێکی دەوڵەمەند و قەناعەتپێکەرەوە رووبەڕووی پیاو نابنەوە.. هاوشان لەگەڵ ئەم جۆرە لە رێکخراوی ژناندا یەک سوپا رێکخراوی رەنگداری دابەشبوو بەسەر زۆنە حزبیەکاندا سەرقاڵی ئەوەن، جارێکیتر ژن بکەنەوە کۆیلەیەکی رەنگاورەنگی ناو حزبەکان، بە بێهەڵوێستیان لە ئاست پرس و مەسەلە چارەنوسسازەکانی گۆڕەپانی سیاسی و حزبی کۆمەڵگای کوردستان و هاندانی ژنان بۆ گوێرایەڵیان بۆ حزبە پیاوسالارەکان و خەرجکردنی ئەو بودجانەی حزبەکانیان بۆیان دابینکردوون لە کۆڕ و کۆبوونەوە و بۆنەکاندا کە هیچ ئەنجامێکی نییە و هیچ گۆڕانکاریەک لە کۆمەڵگادا ناکات، جگە لەوەی دووپاتکردنەوەی وەلائیانە بۆ حزبەکانیان .
ئەگەر لەو ئەرکانە وردبینەوە کە لە دێر زەمانەوە بۆ ژن بڕێندراونەتەوە، قاپشتن، چێشتلێنان، منداڵ پەروەردەکردن، گۆرەویدروونەوە، ماڵ پاکردنەوە، میوان بەڕێکردن، جلشتن، نانکردن و چەندین ئەرکی تر کە هەتا ئێستا لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە ئەرکی ژن زانراوە، ئەگەر بەو ئەرکانە بوایە، دەبوو نەک تەنها بەهەشت لە ژێر پێی دایکاندابوایە، دەبوو ژن لە زۆر ماف و شتی تردا زۆر لە سەروو پیاوەوە بوایە.
لێرە و لەوێ هەواڵمان بەرچاو دەکەوێت کە خولی چێشتلێنان و درومان و ئیشی دەست و نازانم چی بۆ ژنان ساز دەکەن، ئەمانە کە خۆی لە خۆیدا لە ئەزەلەوە هەر بە ئیشی ژن زانراون. جاربەجاریش خول و کۆڕ و کۆبوونەوەی تایبەت ساز دەکەن گوایا بۆ فێرکردنی ژنان چۆن داوای مافەکانیان لە پیاو بکەن. باسی ئازادی و مافەکانیان بۆ دەکەن.. ئا ئەمەیە پێی دەڵێن چەواشەکردن و سەرلێشیواندن، ئەمەیە هۆی شکستی ژنە لەناوی کۆمەڵگای ئێمەدا، چونکە زۆربەی ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانە کە هیچی بە پلانی درێژخایەن و سیستەماتیک بەڕێوە ناچن و مەبەست لێیان تەنها پچڕینی بودجەیە، سەدی نەوەدی ئامادەبوانیشی ژنە، ژن قسە بۆ ژن دەکات، ژن، ژن هوشیار دەکاتەوە، ژن ئامۆژگاری ژن دەکات.. لە کاتێکدا ژن لەگەڵ پیاو رێک وەکوو یەک دێنە دونیاوە، یەک دایک و باوک پەروەردەیان دەدات.. کەچی بەلایەک ژن لەسەر رێز و ملکەچی پیاوەکەی پەروەردە دەکەن و بە لایەکیتر رێکخراوەکان هەر هەوڵدەدەن ژنەکە فێربکەن چۆن داوای ماف لە پیاو بکات، بەڵام داوا لە پیاو ناکەن چۆن رێز لەو مافانەی ژن بکات.
خۆ ئەگەر یەک کەیسی ژنێکی غەدرلێکراو ببەیتە دادگا، بە پێی یاسا دەبێت پیاوەکە تاوانبار بێت، کەچی هەمیشە ژنەکە سەرزەنشت دەکرێ و ژنەکە چاوترس دەکرێ و ژنەکە سزادەدرێت.. مەبەستم لەمە ئەوەیە ئەو رێکخراوانە هەتا ئێستا نیوەی ئەرکی خۆیان بەجێهێناوە، ئەگەر قەرارە ژن غەدرلێکراوە، دەبێت پیاوەکە هوشیار بکەینەوە، پیاوەکە پەروەردە بکەینەوە، پیاو فێر بکەین چۆن ئینسانیانە بیر بکاتەوە، پیاو قەناعەت پێبکەین کە رەگەزی بەرانبەری هیچی لەو کەمتر نییە و لەسەریەتی رێز لە ماف و داخوازیەکانی بگرێ.
ژنەکان دەزانن ئەو مافانە چین کە لێیان زەوتکراوە، بەڵام پێدەچێ پیاوەکان فێرنەکرابن یان نەزانن یان نەیانەوێ دانی پیانێن ئەو مافانە چین کە زەوتیان کردوە. ژنان دەزانن ئەو ئازادیانە چین کە لێیان قەدەغە کراوە، بەڵام پیاوەکان خۆیان گێلکردوە لەو ئازادیانەی کە لە ژنیان قەدەغەکردوە.
کەوابێ ئێمە پێویستمان بە رێکخراوەکانی ژنان نییە بەو شێوازە تەقلیدی و بێکەڵکەی ئێستا، پێویستمان بە بزووتنەوەیەکی ئینسانی هەیە بە لۆگۆیەکی ئینسانیەوە، فۆکس نەخاتە سەر ژن و بە کائینێکی بێدەسەڵات و دەستەپاچە و لاواز پێناسەی بکاتەوە، چونکە وێناندنی ژن بە بوونەوەرە لاوازەکە و دەستەپاچە و لە ئیرادە خراوەکە هیچ لە هەلومەرجی ژنان ناگۆڕێت، بەڵکو دەبێت فۆکس بچێتە سەر لایەنی کارامەیی ژن و بەتواناییان و لێهاتووییان و هاندانیان بۆ داهێنان و گەڕان بەدوای خاڵی بەهێزیان و وەبەرهێنانی تواناکانیان و بەرزکردنەوەی دەنگەکانیان، بەمەرجێک بزووتنەوەیەک بێت خەبات بۆ هەر دوو رەگەز بکات، ژن لە پیاو دانەبڕێنێت، داوای ماف و ئازادی بۆ ژن بکات و پیاو فێر بکات رێز لە مافە ئازادییەکانی ژن بگرێت.. پیاو بە ئاگابهێنێتەوە لەوەی کە ئەم گۆی زەویە موڵکی هەردوو رەگەزە، هیچ رەگەزێکیان بۆی نیە رەگەزی بەرانبەری لەسەر بچەوسێنێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ یادی 40 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی سیروان تاڵه‌بانی و هاوڕێكانیدا

ئاوات كۆكه‌یی شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ فه‌یسه‌ڵ ره‌شید حه‌مید ...