سەرەکی » راپۆرت » حكومەتی هەرێم سیستمی پاشەكەوتی مووچەی هەڵوەشاندەوە

حكومەتی هەرێم سیستمی پاشەكەوتی مووچەی هەڵوەشاندەوە

نێچیرڤان بارزانی: لەم مانگەوە پاشەكەوتی مووچە نامێنێت

قوباد تاڵەبانی: حكومەتی هەرێم هەوڵی پێویست دەدات بۆ خەرجكردنەوەی شایستە داراییەكانی مووچەخۆران

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سیستمی پاشەكەوتی مووچەی هەڵوەشاندەوە و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران رایگەیاند: لەم مانگەوە پاشەكەوتی مووچە نامێنێت. قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانیش رایگەیاند: سەبارەت بەو رێژە شایستە داراییەی مووچەخۆران كە پاشەكەوت كراوە، حكومەتی هەرێم هەوڵی پێویست دەدات بۆ خەرجكردنەوەی ئەو شایستە داراییانە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدرالیدا.
رۆژی 8/3/2019، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، كۆبۆوە.
لە راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە «كارنامەی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە گفتوگۆكردن و بڕیاردان لەسەر بڕیارێكی پێشووتری ئەنجومەنی وەزیران كە بڕیاری ژمارە 64ی 2/3/2016 تایبەت بە پاشەكەوتكردنی رێژەیەك لە شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بوو. لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی سەرەتا سوپاسی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی كرد كە لە سەرەتای قەیرانی داراییەوە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەكان و چارەسەركردنی كێشەكان و بەرپرسیاریەتیدا، ئەركی زۆری كێشاوە، هەروەها سوپاسی وەزیرەكان و ستافی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد بۆ ئەو ئەركانەی لەو ماوەیەدا ئەنجامیان داون».

بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران
دواتر رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری راپۆرتێكی دەر‌بارەی دۆخی ئابووری و دارایی هەرێم و باشتربوونی باری دارایی و جێگیركردن و خەرجكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2019 خستە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.
پاشان د.ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتێكی یاسایی لەمبارەیەوە خستە بەردەم ئەنجومەن‌ و هەردوو راپۆرتەكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە وردی گفتوگۆی لەسەر كرا، ئینجا ئەنجومەن بڕیاری دا بە:
1-هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 64ی ئەنجومەنی وەزیران لە 3/2/2016 تایبەت بە پەیڕەوكردنی سیستەمی پاشەكەوتكردنی رێژەیەك لە شایستە داراییەكانی

مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
2-سەبارەت بەو رێژە شایستە داراییەی مووچەخۆران كە پاشەكەوتكراوە، بەناوی (امانات رواتب مستحقە) حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی پێویست دەدات بۆ خەرجكردنەوەی ئەو شایستە داراییانە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدرالیدا.
3-وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم بڕیارە جێبەجێدەكەن و لە رۆژنامەی (وەقایعی كوردستان) بڵاودەكرێتەوە.
دەستپێكردنی گفتوگۆی جددی لەگەڵ حكومەتی فیدرال
بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت كرا بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆو دانوستانی جددی لەگەڵ حكومەتی فیدرالی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی پەیوەندیدار بە دارایی و نەوت لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالی، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا بە راسپاردنی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بەمەبەستی هەرچی زوو دەستپێكردنی ئەم گفتوگۆ و دانوستانانە.

نێچیرڤان بارزانی: هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە دەرەنجامێكی باش لە گفتوگۆكان
دوای كۆبوونەوەكەش نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن وتی: خۆشحاڵم بەوەی كە رایبگەیەنم لەم مانگەوە بڕیاری پاشەكەوتی مووچە لە هەرێمی كوردستاندا هەڵدەگیرێت و مووچە وەكو خۆی بە تەواوەتی دابەش دەكرێت لەم مانگەوە بە بێ پاشەكەوت. وتیشی: هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە دەرەنجامێكی باش لە گفتوگۆكان و جارێكی دیكە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان باجی هیچ كێشەیەكی سیاسی لەگەڵ بەغدا نەدەن.

قوباد تاڵەبانی: پابەندین بەهەوڵی چڕ بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان و لاوان
لەلایەكی دیكەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە پەیامێكدا رایگەیاند: هەروەك بەڵێنمان دابوو، بەخۆشحاڵییەوە برای بەڕێزم كاك نێچیرڤان بارزانی لەبری ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی راگەیاند، زۆرجار وتومانە پاشەكەوتكردنی مووچە خواستی ئێمە نەبووە، بەڵام لەپاش شەڕی داعش و بڕانی بەشە بودجەی كوردستان و داڕوخانی نرخی نەوت و شەپۆلی ئاوارەكان، ناچاربووین بۆ مانەوە بیكەینە چارەسەرێكی كاتیی، دەشڵێت: هەرچی بڵێین بۆ سوپاس و نرخاندنی هەڵوێستی مووچەخۆران و فەرمانبەران، بۆ پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكان، بۆ خانەنشینان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و سودمەندانی بیمەی كۆمەڵایەتی و كەمئەندامی سەنگەر …هتد، هێشتا ناتوانین لەئاست پشوودرێژی و قوربانیدانی ئەواندا بین و لەم ماوەی رابردوودا بەكردەیی دڵسۆزی خۆیان سەلماند. راشیگەیاند: سەبارەت بەو رێژە شایستە داراییەی مووچەخۆران كە پاشەكەوت كراوە، حكومەتی هەرێم هەوڵی پێویست دەدات بۆ خەرجكردنەوەی ئەو شایستە داراییانە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدرالیدا. ئاماژەی بەوەشدا «ئێمە وەك چۆن ئەمڕۆ دڵی مووچەخۆران و فەرمانبەران خۆش دەكەین، ئاوەهاش پابەندین بەهەوڵی چڕ بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان و لاوان. شەو ئەخەینە سەر رۆژ بۆ جوڵاندنی بازاڕو بەهێزكردنی كەرتی تایبەت و واڵاكردنی دەرگاكانی وەبەرهێنان بۆ ئەوەی خۆشی و شادی هەموو لایەك بێ جیاوازی بگرێتەوە».

فراكسیۆنی یەكێتی: گێڕانەوەی قەرزی پاشەكەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم
هەروەها فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: بە هەستكردن بەبەرپرسیارێتی تەواوەتی و خەمخۆری دۆخی خراپی ئابووری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، دوای تێپەڕاندنی قۆناغە سەخت و دژوارەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچەی دەركرد، دەركردنی ئەم بڕیارە لەكاتێكی ئاوا هەستیاردا لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵ و ماندووبوونی بەرپرسە كوردستانییەكان لەبەغدا و نوێنەرانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەبەغدا بەتەواوی جێگەی تەقدیر و پێزانینە. ئاماژەبەوەشدراوە «وێڕای پشتیوانی تەواومان بۆ ئەم هەنگاوە و تەواوی هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، داوا دەكەین حكومەتی هەرێم هەنگاوەكانی دانوستانكردن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی خێراتر بكات، بۆ گێڕانەوەی قەرزی پاشەكەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گۆڕانكارییه‌كانی‌ سیاسه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌

د. جه‌واد ئه‌لحه‌مه‌د و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید گۆڕانكارییه‌كانی‌ سیاسه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ...