سەرەکی » دۆسێ » کچە کورد خاتوو زەینەب و هێرشی هۆلاکۆ بۆ شاری هەولێر

دیاری هەولێر

کچە کورد خاتوو زەینەب و هێرشی هۆلاکۆ بۆ شاری هەولێر

ئەم بابەتەی هاوکاری دێرینمان د. مەولود ئیبراهیم حەسەن بەناوی (کچە کورد خاتوو زەینەب)، پشت بە سەرچاوەیەکی رەسەنی ئەکادیمی دەبەستێت کە د. محەمەد نوردی عارف نووسیویەتی بەناوی (زەینەب خان کچە کورد).
ئەم بابەتە ماوەیەکە میوانی کوردستانی نوێیە، پێمان باشبوو لە یادی راپەڕینی هەولێر بیکەینە دیاری خوێنەران

کوردستانی نوێ

د.مەولود ئیبراهیم حەسەن

ساڵی پار٢٠١٨ رووداوێکی ئەدەبی گرنگ لە نێوەندی ئەدەبی کوردیدا ڕووی دا بە چاپ و بڵاوکردنەوەی دیوانی ژنە شاعیری کورد (زەینەب خان -٢١/٣/١٩٠٠-١٨/١/١٩٦٣) ئەو دیوانە بە ئامادەکردنی بەڕێز مامۆستا (حیکمەت حەمید مەلا رەئووف ) و پێشەکی و پێدا چوونەوی بەڕێز مامۆستا (عەبدوڵلازەنگەنە ) بوو، بڵاو بوونەوی ئەم دیوانە پاش ٤٥ ساڵ دوای کۆچی ئەم خاتوونە هێژایە بڵاودەکریتەوە ،زەینەب خان خوشکەگەورەو بەخێوکەری شاعیر(یونس دڵدار )ی برایەتی وکاریگەری زۆری لە سەر ئەم شاعیرجوانەمەرگەداهه بووە .
من لێر بە پێویستی نازانم باسی ژیانی زەینەب خان و دلداری شاعیربکەم ودیسان باسی کتێبە چاپکراوەکەش ناکەم . بەڵام؛ بەنێو نامیلکەکەی مامۆستام (پرۆفیسۆر دکتۆر محمد نوری عارف )دا دێمەوە ڕایەکانی بەڕێزیان دەخەمە بەر چاووبەتایبەت – ڕووداوی مێژوویی هه ولێری هۆلاکۆبەزین – لە شوێنێکیش بە پێویستم زانی ڕوخسەت لە مامۆستام دەخوازم و شاگردانە قسەی خۆم دەکەم .
مامۆستام دکتۆر محمد نوری عارف لە نووسێنێکدا بە ناوی (زەینەب خان (کچە کورد- ١٩٠٠-١٩٦٣) نامیلکەیەکی ٧٢ لاپەڕەیی بڵاو کردووتەوەو سەرسامی و دەسخۆشی خۆی بۆ ئەم شاعیرەو بڵاوکەرەوانی دیوانەکە دەر بڕیوەو تەواوی دیوانەکەی خوێندووتەوەو پەراوێزی زۆرگرنگی بۆ نووسیوە و پشتی بە سەرچاوی کۆن و دەگمەن بەستوەو لە هه ندێ شوێن شیکاریشی بۆ کردووە .من بە قەد ئەوەی خوێندنەوەی دیوانی زەینەب خان بە پێویست و گرنگ دەزانم هێندەو زیاتریش خوێندنەوەی لێکۆلینەوکەی بەڕێز دکتۆر محمد نووری عارف بە پێویست و گرنگ دەزانم ،بەتایبەت بۆ ئەو کەسەی دیوانەکەی زەینەب خانی خوێندووتەوە . دکتۆر بە یاسای – قسە قسە ڕادەکێشێ – ئەمجارە ئەدەب میژووی ڕاکێشاوە . لەو شوینە کە لە دیوانەکەدازەینەب خان بە شیعر باسی – هه ولێری هۆلاکۆ بەزین – دەکات ، مامۆستا بەڵگەی میژووی گومان هه ڵنەگری هێناوەتەوەوسەرچاوەی کۆن و گرنگی بە کارهێناوە ، ئەو بەڵگەیەی تا ئێستا مامۆستایانی مێژووبەو شێوەیەی کە پیویستە باسیان نەکردووە و گرنگیان پێنەداوە وئەوا مامۆستای ئەدەب بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر محمد نوری عارف لە نووسێنێکی ئەدەبیدا خستویەتییە بەرچاوی هه موو ڵایەک .
لیرە بەدواوە بە پێی ئەو ڕیزبەندەی دکتۆرتێبینیەکانی خۆی بۆ کتێبەکە نووسیوە منیش بەدوای دەدەچم .
مامۆستا دەنووسێ ( کاتێ دەستم کرد بە خوێندنەوەی دیوانی زەینەب خان ، پەڕە لە دوای پەڕە زیاتر پەرۆش دەبووم بۆ خوێندنەوی پترو ڕایکیشامە ناو بابەتە دڵڕفێنە جۆر بە جۆرەکانیەوە ، ئەو گیان شادەلە خانەوادەیەکی زۆر رۆشنبیری نیشتمان پەرەوەر پەروەردەکرابوو بە گیانی ڕووناکبیری و نیشتمان پەرەوەری و خاکساری و لێبوردەیی ومرۆڤ دۆستی – ل٣) لە پاش بەسەرکردنەوەی کورتەی ژیانی شاعیر مامۆستا دەنووسێ (زەینەب خان نزیکەی سەد ساڵێ لە مەوبەر دەستی کردووە بە شیعر نووسین ، هه رلە سەرەتاوە بە زمانێکی سادەو ڕەوان و پاراوکە دەڵێی بۆ ئەمڕۆی نەتەوەکەی نووسیویەتی و جیاوازبووە لە شێوازی بەرهه می بەشی هه رە زۆری شاعیرانی سەردەمی خۆی ، بیرو ڕاو بۆ چوون ومەبەستەکانی گەلێ پێش سەردەمەکەی خۆی کەوتوون ، کە هه ندێکیان دەڵێی بۆ بارو دۆخی نالەباری ئەمرۆی کوردی کورد نووسیوێتی . لێرەدا نامەوێ لەوە زیاتر درێژەی پێ بدەم با بێینە وە سەر ئەو بابەتانەی کە هه ڵمبژاردوون کە ئەمانەن ، ڕۆشنبیری ، هه ولێری هۆلاکۆبەزێن ،کەرکوکی کوردستان ،زەینەب خانی ئایندارو مرۆڤ دۆست وکورتە بەراوردکردنی لە گەڵ چەند سۆفیەکی گەورەو ناودار . ل٥)
مامۆستا بەردەوام دەبێت لە تیشک خستنەسەر زیرکیەکانی خاتوو زەینەب و دەنووسێ :(لە لاپەڕە ٤٦ وساڵی١٩٢٩ دا ڕەخنە لە شاعیرانی کوردئەو سەردەمە دەگرێ و دەڵێ: هه میشە باسی زولفی خاو وتیری موژگان وچاوی مەست دەکەن و دەنووسێ:
دەبێ میللەت حاڵی چی بێ ؟بەدستی شاعیرانی وا
هه رکاوێژی هه وەسبازی وتەکەبووری ناو دەکەن
(ل٦)
مامۆستا بەدوا دا دەچێ و دەنووسێ :(لە ل( ٥٥)ی ساڵی ١٩٣٠لەژێر ناوینیشانی ( سەربوردەی مەزن )باسی سەرە تای دەست پێکردنی خوێندنی خۆی و هاتنیان بۆ شاری هه ولێرو بارودۆخی کوردانی هه ولێری ئەو سەردەمەدە کات و دەڵێ: لە ڕێگەی قورئانەوە عەرەبی فێربووم، شێعری جاهیلیم هه موو خوێندو گێژ بووم لە دەریای شیعرەکانی (موتەنەبی)و ڕیوایەی ( الام)ی گۆرگیم خوێندەوە ،ئینجا دەستی کردووە بە فێربوونی زمان و ئەدەبیاتی فارسی ولە کەلە شاعیرەکانی ئەدەبیاتی فارسییەوە دەستی پێکردووە.حافزو سەعدی وسەنایی شاعیری سۆفی گەورەو ناسراو، دوای ئەوە چوارینەکانی عومەری خەیامی خوێندووتەوە ، وەک خۆی – زەینەبخان – دەڵێ :دڵی پڕکردم لە قوڵپەی گریان…ل٦)
ئەمجارە زەینەب خان باسی شاری هه ولێرو بەتایبەت دانیشتوانی قەڵای ساڵی ١٩٣٠ دەکات ودەڵی :

کوردان بە تورکی قسەیان دەکرد
بە حوکمی سوڵتەی عوسمانلیەکان
تاقە ماڵێک بووین بە کوردی دەدواین
لە قەڵای هه ولیر وەک شیری مەیدان

لیرەدا بەکورتی پانۆڕامای دانیشتوانی نێو قەڵامان دەخاتە بەرچاوو باسی دەسەڵات و کاریگەری ترکە عوسمانلیەکانمان بۆ دەکات.
***
زەینەب خان و هە ولێری هۆلاکۆبەزێن
لەم شیعرەی سەرەوەو لە شیعری – هه ولیر – دا کەزەینەب خانی کچە کورد باسی شکانی هۆلاکۆ دەکات لە هێرشی سەر هه ولێردا و دەنووسێ :-

هۆلاکۆیان تێکشکاندتەخت و تاراجیان ڕووخاند
ئەوان زولمیان نە کرد دوژمن بوو هاتە سەروان

لێرەدا دکتۆر محمدنوری عارف لە باسی قەلای هه ولێروبەرگری و بۆ ڕاستی ڕووداوەکە نموونەی نووسینی (رشیدالدین فضل الله) دەهێنێتەوە کە باسی گەمارۆدانی هه وڵیر دەکات لەلایەن ئەرقیونویانی سەرکردەی لەشکری هۆلاکۆوباسی شەوهێرشی دەگێڕێتەوە دەنووسێ :(نیوە شەوێکی درەنگ – – هاتنەخوارەوەو پەلاماریان داین وئەوانەی کە دەسگیریان کرد کوشتیان ومەنجەنیقەکانیان ئاگر تێبەردان دوای تەفروتوناکردنمان گەڕانەوە ناو قەڵا) ئەم ڕووداوە لە پێش دەمەزراندنی دوەڵەتی عوسمانیەوە بووە، ئەم سەر چاوە باوەڕ پێکراوەی مێژووسەلماندوویەتی هه ولێر پایتەختی کوردستان هه رشاری کوردان بووە .ل٦-٧)

خوێندەواری بەڕێز بەوردی سەرنج بدە( رشیدالدین فچل الله) لە سەر زاری (ئەرقیۆنویان )کە بۆ خۆی سەرکردەی لەشکرەکە بووە بۆ هێرشکردنە سەر قەڵا چ ڕاستیەک دەنووسێ:
یەکەم : هاتنە خوارەوروپەلاماریان داین – بەتەنیا باسی دەکات و ناوی هیچ میللەتێکی ترناهێنێ، ئەوە دەری دەخات ئەو کات دانیشتوانی شاری هه وڵیر – قەڵای هه ولێر – بەتەنها کوردبوون . وەک مامۆستاش باسی کرد ئەوکاتە دەوڵەتی عوسمانی دانەمەزرابوو، واتە دەستی بەترک کردن نەگەیشتبووە هه ولێر .
دووەم : رەشیدەالدین لەسەر سەرزاری سەرکردەکە دەنووسێ : هاتنە خوارەو وپەلاماریان داین وئەوانەی کە دەسگیریان کرد کوشتیان ومەنجەنیقەکانیان ئاگرتیبەردان دوای تەفروتوناکردنمان گەڕانەوە ناو قەڵا ) ل٧
سەیرکە دەنووسێ : هاتنە خوارەو و پەلاماریان داین وئەوانەی دەسگیریان کردکوشتیان. ئەوەی نەیانتوانی هه ڵبین و کەوتنەدەست کورەدەکان کوژران ، ئەوانەی تریش بەرگریان نەکرد وهه ڵاتن !! واتە لەشکری هۆلاکۆ هه لاتن .
هەروەها دەنووسێ ؛ مەنجەنیقەکانیان ئاگرتیبەردان دوای تەفروتوناکردنمان گەڕانەوە ناو قەڵا – شایەد لەوە باشتر دەبێت کە خۆی دەنووسێ ؛ مەنجەنیقەکانیان ئاگر تێبەردان – مەنجەنیق واتە چەکە گرانەکان ، ئەو چەکانە بۆ شەڕی گران و گرتنی قەڵاکان بەکار دەهێنران . بەڵام ، ئاگریان تێبەردان .
هه ر رشیدالدین لەزاری سەرکردەکەوە دەنووسێ : دوای تەفروتوناکردنمان گەڕانەوە ناو قەڵا؛ ئەوە کێ بوون تەفروتوناکران ؟ ئەی کێ بوو تەفروتونایان کردن ؟ برای خوێندەوار ئەرقیۆنویان خۆی سەرکردە دیارو دەسەلاتداری ناو لەشکری هۆلاکۆی تەفروتوناکراوبووە! ئەوانەش گەڕانەوە ناو قەڵا هه رئەو کوردانە بوون- شەوێک لە قەلا هاتنە خوارەوە و پەلاماریان دان- .شاهیدێک بە فرمانی هۆلاکۆسەرکردەی هێرش کردنەسەر هه ولێر بووە، شاهێدیمان بۆ دەدات وزمانحاڵی دەڵێت : من سەرکردەی لەشکری هۆلاکۆبووم بۆگرتنی شاری هه ولێرئەمە حاڵمان بوو!!کەچێ بەداخەوە زۆر جار لە کوردی خۆمان و خوێندەوارم بیستووە زۆر بە جەفەنگەوە باسیان لە ڕستەی– هه ولێری هۆلاکۆ بەزێن – کردووەو ئەم ڕووداوە مێژووییە گوماناوی دەکەن !!)مەولود

هه ولێری هۆلاکۆ بەزێن و
هوشیاریی کچە کورد

زەینەب خانی کچە کورد لە شیعری هه ولێر دادەنووسێ :
هۆلاکۆیان شکاندتەخت وتاراجیان رووخاند
ئەوان زولمیان نەکرد دوژمن بووهاتە سەروان
ئەم دیرە شێعرە پشت بە زانیاری مێژوویی دەبەستێ ،کچە کورد ئەم زانیاریەی لە کوێ هێناوە ؟ دەکرێ لە نیو کتیبە عەرەبی و ترکی و فارسیەکان دا ئەمەی خوێندبێتەوەو دوور نیە هەر کتێبی- جامع التواریخ – ڕاستەو خۆخوێندبێتەوە ؟ لێر دکتۆر محەمەد نوری عارف باس لەو سەرچاوە گرنگە دەکات کە سەرچاویەکی یەکجار کۆن و گرنگە و زۆر نزیک لەسەردەمی شەڕی هۆلاکۆ دژی ی قە ڵای هه ولێر نووسراوە .(غازان) کە سەرکردەیەکی نەوەی هۆلاکۆبووە دواتر هه رچی بە ڵگە هه بووە خستوویەتە بەردەستی (ڕەشیدەدین فەزلوڵڵای وەزیر) ولێژنەیەکیشی لە پیاوانی زانا بۆ هاوکاری پێکهێناوەو ئەوێش کتێبی (جامع التواریخ )ی نووسیوە .ئەم کتیبە میژوونووسان زۆری پەسند دەکەن و بە سەرچاویەکی گرنگی دەزانن.هه ربە هۆیەوە بووە وەک دکتۆر محمەد دەنووسێ: (دکتۆر بەهمەن کەریمی ماوەی دەساڵ خوێندنەوەو لێکۆڵینەوەوبەدواداچوونی کردووەتا توانیویەتی ئامادەی بکاتو بە چاپی بگەینێت دوای ئەوەی کە زۆر ماندوو بوولە کۆکردنەوەی دەسنووسەکانی میژووی ناوبراو،ئەم کارە زانستییە زۆر سەخت بووە..) ل١٣ بەهۆی گرنگی ئەم کتێبە ڕۆژهه ڵاتناس وئیرانناسەکان سودیان لەم کتێبە بینیوە ، بۆ نموونە:(کاترمر)ی فەڕەنسی ساڵی١٨٦٣ لەپاریس و(ئەدگاربلوشە)ی فەڕەنسی لەساڵی١٩٠١و (برزین)ی رووسی لەساڵی١٨٦١-١٨٨٨ هه ریەکەیان بە شێوەیەک سودیان لە بەشێکی ئەم کتێبە بینیوە .
لەم کتێبە گرنگەدا نووسەر ڕەشیدەدین فەزلوڵلا ئاوا باسی هێرشی لە شکری هۆلاکۆدەکات بۆسەرشاروقەڵای هه ولیر.هۆلاکۆپاش ئەوەی دەسەڵاتی گرتە دەست(بە ئاسانی ئەمیرەکانی خواڕەزم شایان لەناوبرد،لەپاش سەرکوتکردنی ئیسماعیلیەکان و وێران کردن وکاول کردنی قەڵاداڕێژراوەپتەوەکانیان بەغدای پایتەختی خەلیفەکانی عەباسی لە سالی ٦٥٦ی کۆچی داگیرکردو(موعتەسەم) دوا خەلیفەی عەباسیان کوشت وشاری بەغدای قەتل وعام کرد، هۆلاکۆ لە ڕێگای پیشڕەوی خۆی هیچ بەرەنگاریەکی نەهاتە ڕێی،ڕەشیدەدین دەنووسێ هۆلاکۆکەخۆی ڕووی کردە بەغدا گرتنی هه ولێری بە ئەرقیونویانی سەرکردە سپارد ودەنووسێ:(کاتی هۆلاکۆخان کەوتبووە ڕێ بەرەو بەغدا(ئەرقیونویانی)دەستنیشان کردبۆ گرتنی قەڵای هه ولێر،قەڵاییکەبەتووندوتۆڵی لەسەر خاک ڕیژدروست کراوەولە جیهاند بێ وێنەیە ،کاتی (ئەرقیونویان)خەریکی ئابلوقەدان بوو،ی قەڵادەستیان کرد بەجەنگ وبەرگری (ساحیب تاج الدین ابن سلایەی اربیلی)لە قەڵاکەهاتە خوارەوە، بەشێوەیەکی شایستە خزمەتی بە جی هێنا،ئەرقیویونان وتی؛ نیشانی ڕاست عیلی ڕادەستکردنی قەڵاکەیە ،تاج الدین بەرەو دەوازەی قەڵاکە گەڕایەوە،بەڵام هه موو ڕێگەیان پی نەدا،لەپاش هه ول وکۆششێکی زۆرناجارکرابگەڕێتەوەبۆلای ئەرقیۆ،ئەویش ناردی بۆ لای هۆلاکۆخان،بەلام لەدادگایی کردندابەتاوانکار داندراوکوشتیان. ئەرقیۆ ماویەک ئابلوقەی قەڵاکەی داودانیشتوانەکەی فەرمانیان بەجێ نەهینا،کاتێ کار بەم شێوەیەی لێهات داوا لە (سولتان بەدرەدین)کردبۆیارمەتی لەشکر بنێرێت، ئەویش جەند لەشکرێکی نارد .(خەلکی قەڵادەمەونێوە شەوهێرشیان هێنایە خوارەوە،ئەوانەی دەستیان کەوت کوشتیانن وئاگریان بەردایەمەنجەنیقەکان وسوتاندیانن،دوای ئەوە گەڕانەوە ناو قەڵا)ئەرقیۆ داماوو گیرۆدەبوو، ئیتر هیچی پێ نەکراو(بدرالدین لۆلۆ)ی بانگ کردو دەستیانکرد بە پرس وڕاووتووێژ،(بەدرالدین لۆلۆ) وتی: ڕێگای چارەسەرکردن ئەوەیە،کەئەم کارەدوابخریت بۆهاوین،چونکە لەگەرمای هاوین هه ڵدێن ودەچن بۆچیاکان،ئەوکاتە ئاووهه واخۆشەوزەخیرەی زۆریان هه یە،قەڵاکەیش لەو پەڕێ سەختیدایەوبەبێ ئەم فڕوفێلەداگیرناکرێ ،ئەرقیۆئەمەی سپاردبەسولتان بەدرەدین تادیواری قەڵاکەی ڕووخاند،بەمجۆرەئەوقەڵایەئازادکراوئینجا ڕۆیشت بۆشام…والسلام )ل١٧ئەم نووسینە کە ڕشیدالدین نووسیویەتی،قسەی ئەو دوو سەرکردەیەکە بە نوێنەرایەتی هۆڵاکۆهێرشیان کردووتەسەر شاری هه ولێری کوردان ، ئەو دوو سەرکردەیەش ئەرقیۆنۆیان وسولتان بدرالدین بوون .ئێستا ئەم پەرەگرافە گرنگە کەباس لە شکستهێنانی لەشکری هۆلاکۆدەکات لەگرتنی قەڵای هە ولێردەکەین بەچەندخاڵێکی گرنگ و لێک جیا :-

١ – ئەومیژوونووسە کەباسی قەڵای هه ولێردەکات – دەنوسێ :قەڵایەکی تورەگە ڕیژەو لە قایمیدا لە جیهان نموونەی نیە .
٢ – کە ئەرقیو ئابلوقەی قەڵادەدات ، دەست بە جەنگ و بەرگری دەکەن . ساحیب تاج الدین ابن سلایەاربیلی کە کەسایەتی و سەرکردەیەکی ی نیو قەڵابووە ، هاتووەتەخوارەوە بۆ ئەوی شەڕەکە ڕابگرێ ، بەڵام ئەرقیۆ داوی خۆبەدەستەوەدانی کوردانی قەڵادەکات ، نەک هه رئەمە قبول ناکەن ڕیگەنادەن ساحیب تاج الدین اربیلی بگەڕێتەوە نێو قەڵاو دواجار هۆڵاکۆ وەک خائین تاوانباری دەکاو دەیکوژێ .
٣- ئەرقیۆماوەیەک گەمارۆی قەڵادەدات و هیچی بۆناکرێ و فەرمانی ئەو بەجێ ناهێنن و بەردەوام دەبن لە بەرگری لە قەڵا.
٤ – ئەرقیۆ بەناچاری داوای لەشکری زیاتر دەکات لە بدرالدین ولەشکری هاوکار دێت و ئەوانیش هیچیان بۆ ناکرێ .
٥ – کوردانی نێو قەڵا نیوەشەوێک هێرشیان هێنا خوارەوەو شەوشکێنیان کردن وئەوانەی دەستیان کەوتن کوشتیان و ئەوانی تر هه ڵاتن و مەنجە نیقەکانیان سوتاندن و بەسەرکەوتوویی گەڕانەوە نێو قەڵا .
٦ – ئەرقیۆ داماوو گیرۆدەبوو، ئیتر هیچی بۆ نەکرا.
٧ – ئەرقیۆ بدرالدین لوئلوئەی بانگ کردودەستیان کرد بە وتووێژ ، بدرالدین لوئلوئە گوتی ؛ڕێگا ی چارەسەری ئەوەیە ئەم کارە دوابخرێت بۆ هاوین ، چونکە بەگەرمای هاوین ڕوو لە چیاکان دەکەن وئەوکاتە ئاووهه واخۆشەزەخیرەی زۆریان هه یە .
٨ – ئەرقیۆ گوتی ؛ قەڵاکە زۆر سەختە بە بێ ئەم فڕو فێلەداگیرناکرێ !
٩ – ئەرقیۆ ئەمەی سپارد بە سولتان بدرالدینو ئەوێش چاوەرێی کرد تا هاوین هات و ڕوویان لە چیاکان کرد .
١٠ – کە کەس لەنێو قەڵا نەما لەشکر چوونەسەر قەڵاو کەوتنە دیوار ڕووخاندن و پاشتر ڕوویان کردە شام و وەک نووسەری کتێب نووسیویەتی بەم جۆرە ئازادیان کرد !!!
لێرە دکتۆر محمد نوری دەنووسێ :بێگومان ئەمە نەجەنگە،نەسەرکەوتنە،بەلکودیوار ڕووخاندنە،ئەمە بە دوو کرێکاریش دەکرێ .
خوێندەواری بەڕێز..دکتۆر محەمەد ڕاست دەکات سەیرکە ڕەشیدەدین دەنووسێ : بەم جۆرە ئازدیان کرد! ئازادکردن لە فەرهه نگی سەربازی دامانای وایە لایەنی بەرامەر لە شەڕدا بشکێن و سەرکەوتوو دەسەڵات بگرنە دەست . کەچی بە هۆی نەریتێک کە کوێستان و گەرمێن کردن بووە ، هه ولێریان چۆلکردووە ، بێ گومان وەختی چۆلکردنی قەڵاش لەشکری هۆلاکو بە – فرتوو فێل – دوور کەوتوونەتەوە تا هاوین قەڵا بەرو چیاکان چۆل دەکەن ، دەنا ئەگەر لەشکری هۆلاکۆئابلوقەی دابووا نەیاندەتوانی بە ئاسانی قەڵا چۆل بکەن ! وەک ئەوەی ئەگەر یش لە نێو قەڵامابان ، لەشکری هولاکۆش بەئاسانی دیواری قەڵایان بۆ نەدەڕووخا . ئەوی ڕوویداوە نەسەرکەوتن بووەو نە ئازادکردن ، تەنیا فروفێلێک بووە ! دەنا لە فەرهه نگی هۆلاکۆ سەرکەوتن ئەوەبوو کە بەغدایان داگیرووێران کرد وخەلیفەیان کوشت و خەلک و لە شکرتەسلیم بوویان قەتل و عام کردوخەلافەتی پینجسەت ساڵەیان ڕووخاند !! دواجار ئازایەتی ی نێو قەڵای هه ولێرمان بۆ دەردەکەوێ ، کە بەرگری دەکەن و گوێ بە ئابلوقەی ئەرقیۆ نادەن و فەرمانەکانی جێ بە جێ ناکەن و لەنیوە شەوێکدا وایان شەوشکێن دەکەن کە لەشکری هۆلاکۆ هیچ ئومێدێکیان بەبەردەوامی ئابلوقەدانی قەڵای هه ولێر نەمینێ وبیر لە فرتوفێل بکەنەوە وپەنا بۆ شلە شەڕ ببەن ! وەک دکتۆر محەمەد دەنووسێ ؛(نەیانوێراوە، پەلاماری بدەن و دوای ئەوەبەرەوشام ڕۆیشتوون و بەجێان هێشتوون، هۆیەکەشی ئەوە بووە ئەوکوشتارەی کەپێشتر لێیانکردوون- لە شەوی هێرشەکە – دا ترساون لەوەی کە دووبارە ببێتەوە )ل٢١
******
ئەوی منی هاندا ئەم ئەم نامیلکەیەی بەڕێز دکتۆر محمدنوری عارف بخەمە بەرچاوی خویندەواران، زۆرتر ئەم هه واڵە مێژژووییەی شکانی هۆلاکۆبوو، ،چونکە ئەم هه واڵە مێژووییە گرنگە جەماوەری سەلمێندراو ، هه رچەندە نووسەران و لیکۆڵەران لیرەو لەوێ لە نێو نووسینەکانیاندا باسیان کردووە. بەڵام ، گرنگی ئەوەیان پینەداوە کە ببێت بە شانازییەکی مێژوویی ساغکراوەی بەلگەدار .کەچی دکتۆر محمد زۆر بە جوانی و بەلگەو سەرچاوە مێژوویەکەوە لە نووسێنێکی ئەدەبیدا زیاتر یەکلای کردووتەوە . منیش بۆ ئەوەی ئەم نووسین و هه واڵەی سەرکەوتنی شاری هه ولێر و شکانی لە شکری هۆلاکۆ زیاتر بەرەو جەماوەری بوونی بەرم و میدیای کوردی نێوەندی میدیایی کوردستانی بەرم ، گرنگیەکی شیاوم پێداو بەدوا داچوونیکی کورتم لە نێو ئەنتەرنێتدا بۆ کرد . هه وڵەکە ئەم وردە هواڵانەی خوارەوی لێ کەوتەوە .لە سایت- الزمان-دائاوا باسی شاری هه ولێر دەکات.(هە ولێرکۆنترین شاری ڕەسەن و میژوویی جیهانە و بەتەمەنی زیاتر لە ٧ هه زار ساڵیەوە هێشتا هه رئاوەدانە .هه رچەندە بەردەوام جێی چاوتیبڕینی دوژمنانبووە،بەڵام قەڵا قایم و خۆڕاگرەکەی سەنگەرێکی بتەووخۆڕاگربووە،ئەم قەڵا کۆنە هه میشە ڕێگربووە لە هێرشەکانی تەتەرو مەغۆل کە بەزۆر فروفێل ویستوویانە داگیری بکەن و تێکی بشکێنن، بەڵام؛ تێکشکاون و سەرنەکەوتوون. هه ر بۆیە ژیان تێیدا بەردەوام بووەو لە هه موو سەردەمەکان میرو پاشاو سەرکردەی لێهاتووی بەرهه م هێناوە .)
(الزمان)هه رئەو سایتە لە نووسینەکەیدا بەناوی – هه ولێر لە سەردەمەکۆنەکان دا- ولەسەردەمی ئیلخانیەکانەوە دەنووسێ:(پاش خۆبەدەستەوە دانی بێ قەیدوشەرتی خەلیفەی عەباسی و هۆلاکۆ چووە ناو بەغدابەسەرکەوتوویی،لەشکریکی بە ٣٠ هه زارشەڕکەروەوبەسەرکردایەتی –بجکتای – میری مەغۆلەکان ناردە سەر شاری هه ولێر،لە بەهاری ٦٣٣ی کۆچی دا گەیشتە نزیک شارولە شورەی یەکەم تێپەڕی ،خەلکی شارو ئەمیرەکەی بن باکتین ناچارچوونە ناو قەڵا بەهێزەکەی ڕووبەڕووی لەشکری مەغۆل بوونەوە .پاش ئەوەی مەنجەنیقەکانی بجکتای نەیانتوانی کەلەن بخەنە دیوارە ئەستوورەکانی قەڵاو داگیربکەن. )
دیسان لە بارەی خۆڕاگری شاری هه ولێر نموونەی نووسینی قەزوینی دەهێنێتەوە ، قەزوینی گەڕۆکی عەرەب دەنووسێ :(قەڵای هه ولێر بتەووخەڵکەکەی زۆر خۆڕاگربوون،بەڕادەیەک توانیان هێرشەکانی تەتەرو مەغۆل تێکبشکێنن و نەیانهێشتووە داگیری بکەن .) هه روەها کاتیک – مەنکۆخان – ی نەوەی هۆلاکۆسەرکردایەتی هێرشەکانی گرتە دەست و ویستی سنووری دەسەڵاتەکەی فراوان بکات ، لەساڵی ٦٥٦ی کۆچی لەشکرێکی ناردە سەر شاری هه ولیر بۆ ئەوەی داگیری بکات و شانازیەکانی باپیرانی بگێڕیتەوە ،کە لەشکر گەێشتە نزیک شار ، خەلکەکەی وەک ڕەوشتی هه میشەییان خۆیان لە نێو قەڵا قایمەکەی قایم کرد .بەڵام ، میری هه ولێر هاتە سەر ئەو باوەڕەی کە ناتوانی بەرگری ئەو گەمارۆدانە بکات ووای پێ چاک بوو پیکبین ،و شەڕکەرەکان خۆبەدەستەوە بدەن ، کەچی میری مەغۆل ئەمەی ڕەتکردەوەو گرتی بۆ هۆلاکۆی نارد لە مەراغە ، لەوی هۆلاکۆ کوشتی لاشەکەی لە بەرزاییەکانی چیا هه ڵداخوارەوە . کە خەلکی هه ولێر ئەمەیان زانی ، هێرشێکی لە ناکاویان کردە سەر لەشکری مەغۆل و ژمارەیەکی زۆریان لێ کوشتن ، سەرکردەکەیان ناچاربوو داوای یارمەتی لە بەدرەدین لوئلوئەبکات..) ئەنجامەکەی ئەوە بوو چاوەڕێ بکەن تا لە هاوێندا دەچنە کوێستان و قەڵاچۆل دەکەن ، ئەو کات دیواری قەڵایان ڕووخاند.
لەسەردەمی قەرەقۆینلۆ
لەشکری قەرەقۆینلۆش پاش ئەوەی بەغدای گرت،هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر شاری هه ولێر لەساڵی١٤٣٣ی زاینی بەسەرکردایەتی – سولتان ئەسبان – بەڵام شکستی هێنا لەوەی هه ولێر داگیربکات، بە هۆی قەڵا بتەوو خەڵکە ئازاکەی ، بیری لە ژەهراوی کردنی ئاوبیرەکانی نێو قەڵاکەیان کردەوە بە هۆی چەند کەسێک کە ویستیان دزە بکەنە نێو قەڵا ، لە م هه وڵەشیاندا سەر نەکەوتن، ناچار یەک سال گەمارۆی شاری هه ولێری دا،پاش ئەوەی ئاوی خواردنەوەی قەڵایان بڕی حاکمی هه ولێر (میرزا عەلی )ناچاربووبە ئاشتی لە گەڵ ئەسبان ڕێکبکەوێ و کجەکەی خۆشی بداتێ بۆ ئەوەی خەلکی هه ولێر سەلامەت بن .
بەم شێوەیەوە دەبینین شاری هه ولێر لە مێژوودا هه ورازو نشێوی زۆری دیوەو زۆر داگیرکەر خۆی تاقیکردووتەوە ، بەڵام ؛ شاری هه ولێری دێرین و قەڵا بتەوو خەڵکە خۆڕاگرەکەی سەربەرزانە وەک میللەتەکەیان کورد مانەوەو – میروپاشا داگیرکەرەكان مردن – ئارەزووە ناڕەواکانیشیان لە گەڵ خۆیان بردە گۆڕ.
****
هه ولێر بەو تەمەنی دەوروو بەری هه شت هه زار ساڵییەوە ، مێژووێکی دوورو دریژو پڕ لە هه ورازو نشێووگەرم و ساردی هه یە ؛ بەداخەوە ئەو مێژووە زۆر بە پچڕ پچڕی و ناڕێکی نووسراوەتەوە ، ئەوەش کە نووسراوەتەوە بێ هه ڵەو و کەم و کورتی و بێ مەبەست نیە ! هه رچەندە هیچ کەس لە خۆیی و بیانیەکان لەوە دوو دڵ نین کە (هه ولێر) کۆنترین شاری جیهانە کە تائێستا ئاودانە و ژیانی تێدا بەردەوامە ، بەڵام؛ میژووەکەی بە زنجیرەو بەتێری هێشتا لە بەردەست نیە . شاریک کە باپیرانی سۆمەریەکان دروستیان کردبێ وهه ر لەسەرەتاوە وەک شارێکی ئایینی و پەرستگاو بەشیوەی (شارە قەڵا) دروستکرابێ و بەردەوام گەورەترین( پەرستگای عەشتار ) ی خوداوەند بووبێت و بێ پسانەوە پایتەخت و نێوەندی ڕووداوە گەرمەکانی دەورو بەرو ناوچە کە بووبێت ، کەواتە میژووەکەی پڕە لە شکست و شانازی ، هه ربەم هۆیانەوە وادەخوازێ کە مێژوونووسانی کوردو بەشەکانی میژووی زانکۆکانی کوردستان و لیکۆڵەرانی میژووی کورد ، بۆ نووسینی مێژووی شاری هه ولێر بە تەواوی لەسەرەتاوە دەست پێبکەن وقۆناخ بە قۆناخ سەرکەون وتادەگەنە میژووی هاوچەرخ و ئەم شارە کۆن و گرنگە بە میژووێکی زانستیانە بە جیهان بناسێنن.
پەروەردەو ڕۆشنبیریی زەینەب خان
مامۆستا دەنووسێ زەینەب باسی خۆی دەکات پاش ئەوەی فێری تورکی بووە :(لەناو مەکتەبەی- سەید عومەر ئاغا- سەدان دەسنووسی کتێبی تورکیم خوێندەوە) لە گەل ئەم هه موو تورکی زانینیەشی کە ڕۆژێک بە تورکی بانگی دایکی دەکات ، دایکی بە شەقازیللەوەڵامی دەداتەوە .

ڕۆژێک داکمم بە تورکی بانگ کرد
یەک شەقازیللەی لە بنا گوێم گیر کرد

دایکی وای فیرکردبوو کە نابێ لە ناو مالی خۆیدابە زمانی تورکی قسە بکات و وازلە زمانەکەی خۆی بهێنێ، ئینجا دەڵێت:-

حاجی قادر بوو کەسی دایکی من
کورد دەریان پەڕاند بەدەستی دوژمن
دایکم ژنی بوو بە دین و ئیمان
ئەفکاری قەومی خستبووەسەرمان
دەیزانی کە کورد زولم لێکراوە
تاریخی دەگوت وەک حیکایەت خوان
دەیگوت کیژەکەم ژیرو هوشیاربە
بۆ حەقی کوردان دەم بە هاواربە
ئیمە خاوەنی بابەتاهیرین
خاوەنی خانی ومەلای جزیرین
تەئریخی ئێمە زۆر منەوەرە
کچیش وەکو کوڕ ئەرکی لەسەرە

مامۆستا دەنووسێ :ئەوەی سەرنجمان ڕادەکێشی کە زەینەب خانودایکی هه رلەساڵی١٩٣٠ یەوە زانیاریان هه بووبێ لەبارەی بابەتاهیروئەحمەدی خانی و مەلای جەزیری و شەیدای شیعرەکانیان بوون،لەوە ناچێت ئەو سەردەمە دیوانی چاپکراوی ئەو کەڵە شاعیرانەیان هه بووبێ ،بەزۆری لەوە دەچێ دەسنووسی ئەو دیوانانەیان لەبەردەست بووبن، بەرهه می ئەو شاعیرانەیان خوێندووتەوە هه روەها لە شێوە زمانەکەیان تێگەیشتوون .ل٨)
زەینەب خان لیرە باس لە هوشیاری دایکی دەکات و بەخزمایەتی دایکی دەگاتەوە بە حاجی قادرکۆیی و بەناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێ : من پەروەردەی دەستی ئەو دایکەم .
هه رمامۆستا دەنووسێ :لە لاپەڕە ٦٣ی زەینەب خان١٩٣٠لە ژێرناونیشانی(ژنانی مەرد)بە م شێوە جوانەبەرگری لە مافی ئافرەت دەکات ودەڵێ:
چ گەمژەیەکە دەڵێ بەتەنیا
هه ربەرخی نێرە بۆ سەربڕینە
ئەگەر مێ نەبێ نێر لەکوێ دەبێ؟
ئەسڵی ئەم قسە پر لەبرێنە
بەڵام سەد حەیف وهه زارمخابن
هه تا ئەم عەسرەش دیل و ئەسیرین
***
کەرکوک
زەینەب خان لەسالی ١٩٥٠ شیعریکی بۆ شاری کەرکوک نووسیوە ،لەم شیعرەدا زۆر دڵسۆزانە گرنگی بە کەرکوک وداوە و چەند خاڵێکی جوانی باس کردووە ، وەک دکتۆر محمد دەنوسێ زەینەب خان : (حەفتا سال لەوە پێش هه ستی پیکردووەوترساوەلەوەی بکەوێتەژێردەستی دوژمنانی کوردەوە ، ئەو کوردەی کە هۆلاکۆ بەزێن بووە..)ل٢١،٢٢
ئێستا چەند دیریکی نموونەیی لە شێعرەکەی زەنەب خان دەخەینە بەرچاو کە دکتۆر وەری گرتووە .
کەرکوک بۆ ئێمە ژینە ژیانە
قەڵای شەرەفی کوردی ئینسانە
ئەی لاوی وەتەن بێچووەشێری کورد
بۆ دوژمنانتان قەت مەبن بە پرد
خیانەت مەکەن لە خاکی وڵات
یەک دڵ و گیان بن بۆ ڕێگایخەبات
هه ربە یەکیتی وبە یەکگرتنە
خوا پشتت دەگری لەم سەرکەوتنە
گەرناتفاق وگەر نا تەبابن
هه تا هە تایێ دەبێ ڕیسوابن
دەستم دامێنتان بۆ خاتری قورئان
مەبن بە دیلی دەستی دوژمنتان
دکتۆر محمد بە پەراوێزی گرنگ و مێژوویی بابەتەکەی بە بەلگەی میژوویی و کوردستانی بوونی کەرکوک دەولەمەند کردووەو باس لە چاو تێبڕینی داگیر کەران دەکات و هه وڵەکانی گۆڕێنی دانیشتوانەکەی و بە عەرەبکردنەکەشاری کەرکوک دەخاتە ڕوو، هه روەها ئەوە باس دەکات کە ( خان ئەحمەد خانی ئەردەلان)ی کە کەرکوک دەکات بە پایتەختی خۆی .هه روەها زۆر بە جوانی و بەڵگەوە وەڵامی (دکتۆرمحمد التونچی) دەداتەوەکەلە فەرهه نگە کەیدا بە نازانستیانە باسی میللەتی کورد دەکات .
لەنموونەیەکی تر کەدکتۆرمحمد لە شێعرەکانی زەینەب خان بە ناوی (ئازاین بەڵام)دا
بە گرنگی دەزانێ ئەو دێرەیە .
بەغەیری شاخ ولووتکەی کێوەکان
دۆستێکی نییە ئەو کوردستانە
لێرە دەنووسێ :لە هه ندێ بۆنەدا لە دەمی سەرکردەکان یان سیاسەتمەدارانی کوردی دەبیسین و دەڵێن: (تەنها شاخەکانمان دوستمانن) دەبوایە بیانوتبایە زەینەب خان دەڵێ . دکتۆر محمد ئەم دەستە واژە گرنگە بە وتەی زەینەب خان دەزانێ لای وایە پێش ئەو کەس ئەم دەستەواژەی بە کار نە هێناوە .

بیرکردنەوەی سۆفییانەی
زەینەب خان
مامۆستا محمد دەنووسێ : زەینەب خان بە خوێندنەوەی زۆرو وردی بەرهه می سۆفییەکانی ئێران وەکو فەریدەدین عەتاری نیشابووری ومەولاناجەلالەدینی رۆمی ناسراو بە مەولەوی و شاعیرگەورەکانی ئێران دوا جار لە زۆر ڕووەوە وەکو ئەوان بیری کردووتەوەو خۆشی زەینەب دەڵێ:لەگەل سەنائی کەوتمەهه ڵقرچان وخەیامیش دڵی پڕکردم لە قوڵپەی گریان. .لیرەش مامۆستامحمد نموونەیەکی جوان لە شیعری زەینەب خان دێنێتەوە:
خودا کردوومی بە ئینسان دەبێ ئینسان بم
دەبێ بە هۆش و گۆشەوەخەریکی نەخشەی ژیان بم
ئازاری هیچ کەسێ نەدەم دڵی خەلکی نەرەنجێنم
وەزیفەی خۆم بەجێ بێنم کە نابێ دەستە وەستان بم
زە ینەب خان توانایەکی زۆر باشی هه بووە ولە زۆربابەتەوە بەجوانی شیعری داناوە ، ئەگەر هاتبا تەنیا خۆی بە لایەنێکەوە خەریک کردبا ..بەتایبەت جیهانی سۆفییانەوە لەم ڕووەوە زۆر دەچووە پیش وبەرهه می سۆفییانەی بەرزی دەنووسی و ئەدەبی سۆفییانەی کوردی دەوڵەمەند دەکرد. ئەوەتە دکتۆر محمد شیعرەکانی زەینەب خان لە گەڵ شاعیرەبەرزەکانی ئێرانی بەراورد دەکات ونموونەیان لێ دەهێنێتەوە و دەنووسێ: سەعدی لە ژێر کاریگەری فیردەوسی ئەم دێرانەی خوارەوەی نووسیوە.
چە خوش گفت فردوسی پاک زاد
کە رحمت بر ان تربت پاک باد
میازار موری کە دانە کش است
کە جان دارد و جان شیرین خوش است
ئەم ئازاری هیچ کەس نەدان و ئازاری مێروولە نەدانە هه مان ماناو مەبەستی سۆفیانەیە کە زەینەب خان بە کاریگەری ئەوان نووسیویەتی . لە شیعری هیتلەریش دەنووسێ :
ئینسان ئینسانە چ لیرە چ لەوێ
ئازار بەو بگابە منیش دەکەوێ
ئەم بیرۆکەیە زۆر لەم شیعرەی سەعدی نزیکە کە هه ردووکیان باسی ئینسان- مرۆڤ – دەکەن و سەعدی دەنووسێ:
بنی ادم اعضای یکدیگرند
کە در افرینش زیک گوهرند
چو عضو بدرد اورد روزگار
دگر عضوهارا نماند قرار ت
تو کز محنت دیگران بیغمی
نشاید نامت نهند ادمی.
***
هه رمۆتە
زەینەب خان بەم دڵ و چاوە کراوەی خۆی وەک کچێکی هوشیار ودڵ و دەروون کراوە باسی گوندی هه رمۆتەو کەنیسەی برا مەسیحیەکان دەکات و دەنووسێ :
ئەگەر هه رمۆتە نەبێ بەهار نایە لە کۆیە
بۆ کە نیسەی وێ دەڕۆین هه م ئی من و هه م ئی تۆیە
چەند خۆشە هه رمۆتە لە سەیران و بە هاری
هه موو یەک خانەوادەین لە کوردەواری
خوایە هه ر ئاوەدان بێ کەنیسەو ماڵەکانی
ئەوخەڵکەنەجیب زادەی چاوتیروخانەدانی
لەم شیعرەدا زەینەب خان زۆر بەسادەیی و بێ گری باس لە یەکماڵی هه مووان دەکات و وەک کچە موسلمانیک کە نیسەش بە هی خۆی دەزانێ و لەوەش هه ورازتر لای وایە ئەگەر گوندی هه رمۆتەی برا مەسیحیەکان نەبێ بەهار نایەت.
بەغدا..
زەینەب خان ئەو هه ستەجوانەی هه رتەنیا بەرامبەر برا مە سیحیەکان نەبووە، ئەوتەلە بەغداش و لە گەڵ برا دیان وجووعەرەبەکانیش هه مان هه ستی هه یە و دەنووسێ ؛
کوردە یا عەرەب دیانە یا جووە
ئەم هه موو خەلکە چۆن وا یەک بووە
وەک و سەردەمی مەهدی مونتەزەر
یاخود زەمەنی حوکمی پیغەمبەر
هه مووی یەک ڕەنگ و یەک دڵ و ڕێزە
باغ و شەقامی جوان و بە پێزە
دەرکەوت لە گەڵ ئەم هه موو هه ستە گەرم وپاکەی کوردایەتی کە زەینەب خان هه یبووە ، بە هیچ شێوەیەک دەمارگرژیی ئاینی و نەتەوەیی لێ بەدەرنەکەوتووە.
بابەتەکانی نێو دیوانی خاتوو زەینەب زۆرن و دکتۆرمحمد نوری عارفی مامۆستاشم زۆر بەوری بەدوا داچووەو ڕای خۆی لە بارەیانەوە دەربڕێوە ، پێمخۆشە لێرە هانی برای خوێندەوار بدەم کە نامیلکە کەی مامۆستابخوێننەوە ، مامۆستا بە تێکەڵ کردنی ئەدەب و میژوو بابەتەکەی دەوڵەمەندکردووەو پەراوێزی زۆری بۆ نووسیوەو سەرچاوەی گرنگی بە کار هێناوە .
پێش ئەوەی بگەمە کۆتایی سەرنجێک دەرببڕم ، کە هه ندێک نووسەری بەڕێز بەرامبەر زەینەب خان و ئاستی شێعریی و زمانە شیعریەکەی هه یانە! بەڕوونی هه ندێ بەڕێز گومان لە ئەم ئاستە شیعریی و زمانی نووسینەکەی دەکەن و گومان دەخەنە سەر تواناکەی ! من لە وەڵامدا دەنووسم ..خۆس بە ختانە زەینەب خان لە سەردمی ژیانی خۆی شیحری خۆی بڵاو کردووتەوەو شیعرەکانیشی بە دەست و خەتی خۆی ماون و بەڕێزان ئامادەکار حیکمەت حەمید مەلاڕەئوفەفەندی خادم سوجادە و پێشەکی نووس و پێدا چووەوەو ڕێکخستووەکەی عەبدوڵڵا زەنگەنە و هه ڵە بر شێرزاد فەقێ ئیسماعیل دەنووسن ؛ دەسکاری هیچ وشەو دەستە واژەیەکی نێو دیوانەکەیان نەکردووە . ئتر بەڕای بەندە ئەوەی هه یە حەلال زادەی بیرو ڕۆشنبیریی و تواناو لێهاتوویی زەینەب خان خۆیەتی و ئەگەر کەسێک هه بێت ئەم شیعرانەی نووسیبێت ، ئەوە هه ر زەینەب خانە، بەڵگەی لێهاتوویی زەینەب خان لەنێو ژیاننامەوبەرهه مە نووسراوەکانی زۆر و بەرچاونبۆ ئەوەی هیچ گومانێک نە هێلنەوە .
لە کۆتاییدا دکتۆر محمد نوری عارف چەند پێشنیازێک دەخاتە بەرچاوولە سی خاڵدا کورتیان دەکاتەوە .
-لەسەرتابلۆیەک دوو بەیتەکەی زەینەب خان بنووسرێ کە لە بارەی هه ولێری هۆلاکۆبەزێنەوە نووسیویەتی،لە ژێریشدادەقی هێرشی هه ولێریەکان بۆ سەر لەشکری هۆلاکۆ و تەفروتوناکردنەکەیان ، بەفارسی و وەرگێڕانی کوردی عەرەبی و ئینگلیزی بنووسرێن و پەیکەرێکیش بۆ زەینەب خان دروست بکرێ ودەنووسێ؛ داوا لە بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هه ریم دەکەم ئەم کارەنیشتمانییە جێ بە جێبکات.
– نامەی ماستەرو دکتۆرا لەسەر دیوانەکەی زەینەب خان بنووسرێ.
-نموونەی شیعری زەینەب خان بخرێتە نێو بەرنامەی خوێندنی قوتابیان لە قۆناخە جیاجیاکانی خوێندن دا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دۆزینه‌وه‌ی رۆژی به‌ قه‌زابوونی شاری چـۆمان

محه‌ممه‌د گه‌لاڵه‌یی* له‌ زۆر لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژوویدا، كه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی ...