سەرەکی » راپۆرت » ״ئامادەكردنی پڕۆژەیاسا بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی كاری هاوبەش ‌و سەرەكیمانە״

״ئامادەكردنی پڕۆژەیاسا بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی كاری هاوبەش ‌و سەرەكیمانە״

سەرۆك كۆمار، دووپاتیدەكاتەوە كە ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای توند‌و یەكلاكەرەوە كارێكی سەرەكی‌و هاوبەشە لەنێوان هەرسێ دەسەڵاتەكەدا بۆ راگرتنی گەندەڵی‌و داخستنی دەروازەكانی‌و بەگژاچوونەوەی ئامرازەكانی، بۆ گێڕانەوەی سامانە دزراوەكانی وڵات.

بەشێوەیەكی بەرپرسانە‌و ئازایانە لەدژی گەندەڵی‌و گەندەڵكاران كاربكەین
رۆژی 9/3 د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، لەوتارێكدا كە لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەراندا لەوەرزی نوێی تەشریعیدا پێشكەشیكرد، رایگەیاند: لەبەردەم ئیستحقاقی ئاوەدانكردنەوە‌و دابینكردنی خزمەتگوزاری‌و بەگژاچوونەوەی گەندەڵیداین، لەبەردەم ئیستحقاقی كۆتاییهێنان بەو گێژاوی قەیرانەداین، كە بەدرێژایی چەندین ساڵ دووچاری وڵاتەكەمان بۆتەوە، لەبەردەم ئیستحقاقی چارەسەری ریشەییداین نەك پاساوهێنانەوە بۆ قەیران‌و كێشەكان. ئاماژەی بەوەش كرد كە گەندەڵی وەك تیرۆر بنیاتنان‌و پێشكەوتن پەكدەخات. لەوڕووەشەوە جەختی لەسەر هاوكاری‌و كاری پێكەوەیی كردەوە لەنێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان‌و دادوەریدا. دەشڵێت: پێویستە رۆڵی چاودێریی پەرلەمان چالاك بكەین لەسەر كۆمەڵە بنەمایەكی پیشەیی ئازادو دەشبێت بەشێوەیەكی بەرپرسانە‌و ئازایانە لەدژی گەندەڵی‌و گەندەڵكاران كاربكەین.

دۆسێی گەندەڵی مەترسیدارترینە
سەرۆك كۆمار، ئەوەش دەخاتەڕوو كە دۆسێی گەندەڵی مەترسیدارترینە، شەڕكردن لەدژی گەندەڵی هیچی لەشەڕكردن لەدژی تیرۆر كەمتر نییە‌و لەناوبردنی گەندەڵیش كارێكی یەكلاكەرەوە دەبێت، ئەوەش لەوڕوانگەیەوە كە گەندەڵی وەك تیرۆر بنیاتنان‌و پێشكەوتن پەكدەخات، بۆیە پێمانوایە ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای توند بۆ كۆتاییهێنان بەگەندەڵی‌و بەگژاچوونەوەی ئامرازەكانی‌و گێڕانەوەی سامانە دزراوەكان كارێكی سەرەكی‌و هاوبەشە لەنێوان هەرسێ دەسەڵاتەكاندا، پەرلەمان‌و حكومەت‌و دادگا، لەم چوارچێوەیەشدا پێویستە رۆڵی چاودێریی پەرلەمانی چالاك بكرێت لەسەر كۆمەڵە بنەمایەكی پیشەییانەی ئازاد لەهەر مەبەستێكی سیاسییانە، ئەوەش كۆششێكە پێویستە بۆ پشتیوانیكردن لەكارەكانی حكومەت‌و دەسەڵاتی دادوەری لەپێناوی نەهێشتنی گەندەڵیدا.

بەهەستێكی نیشتمانیانەوە كار بۆ كەركوك بكەین
لەدرێژەی وتەكەیدا، سەبارەت بەئەركەكانی پەرلەمان، سەرۆك بەرهەم ساڵح، وتی: یەكێك لەو دۆسێیانەی كە لەبەردەم پەرلەماندایە پەیوەندیی بەدابینكردنی مافی كەسوكاری شەهیدانەوە هەیە، كە ئەركێكی نیشتمانی‌و ئەخلاقییە‌و نابێت دوودڵبین لەسەری، ئێمە بە نیازین لەم وەرزە یاسادانانەدا سوود لەدەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار‌و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرین بۆ دەركردنی كۆمەڵێك یاسا، لەپێش هەموویانەوە پێشكەشكردنی یاسایەك لەسەرۆكایەتی كۆمارەوە بۆ خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان. هەروەك هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان‌و جێبەجێكردن، دۆسێیەكی هەستیاریان لەبەردەمە كە ئەوانیش دۆسێی شاری كەركوكە، كەركوك وامان لێدەخوازێت بەهەستێكی نیشتمانیانەوە كاری بۆ بكەین‌و هەڵوەستەی لەسەربكەین، دەكرێت كەركوك ئەزموونێك بێت لەپێكەوەژیانی ئاشتیانە نەك شوێنێك بێت بۆ ململانێ، ئەوەش پەیوەستە بەچۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ تێڕوانینی خەڵك‌و پێكهاتەكانی شارەكەدا. لەوڕووەشەوە تەئكیدیكردەوە كە پەرلەمان بەسەرۆك‌و ئەندامەكانییەوە لەتوانایاندایە وتووێژی هێمنانە‌و ئامانجدار بكەن‌و بەرەوپێشە‌و هەنگاوبنێن كە ئەوە رێگای پێشكەوتنی هەموومانە بەرەو كەناری ئارامی‌و سەقامگیری‌و گەشەسەندن.

ئەركی سەرشانمانە روبەڕوی مەترسییەكانی تیرۆر ببینەوە
لەبارەی سەركەوتنەكانیش بەسەر تیرۆرو بیری توندڕەوی، ئاماژەی بەوەكرد كە سەركەوتنەكان بەسەر رێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا، گرنگ‌و نرخدار بوون، بۆیە ئەركی سەرشانمانە سەركەوتنەكان بچەسپێنین‌و روبەڕوی مەترسییەكانی تیرۆر ببینەوە، ئەوەش وادەخوازێت كاری ئەمنی‌و هەواڵگری بەهێزتر بكەین‌و پێویستمان بەپتەوكردنی یەكڕیزیی ناوخۆ‌و زیادكردنی هاوكارییەكانە‌و ئەم بارودۆخەش وامان لێدەخوازێت كە كاربكەین بۆ ئەوەی لەتەواوی مەترسییەكان تێبگەین‌و بەرژەوەندیی هەمووانیش بەلێكتێگەیشتن‌و بەهێزكردنی خاڵە هاوبەشەكان دەبێت كە لایەنە ناكۆكەكان‌و هەرێمییەكان لەگەڵ یەك كۆدەكاتەوە‌و دەبێتەهۆی بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گۆڕانكارییه‌كانی‌ سیاسه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌

د. جه‌واد ئه‌لحه‌مه‌د و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید گۆڕانكارییه‌كانی‌ سیاسه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ...