سەرەکی » دۆسێ » ترەمپ رەخنە لە سیاسەتەكانی وڵاتەكەی دەگرێت لە عیراق

باسی سەردانەكەشی دەكات

ترەمپ رەخنە لە سیاسەتەكانی وڵاتەكەی دەگرێت لە عیراق

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، رەخنە لە سیاسەتەكانی وڵاتەكەی دەگرێت لە عیراق و سوریا و دەڵێت، ئیدارەكەی لەمەودوا پێداگریی لەسەر چاكسازیكردن لە ژێرخانی سەرەكی ئەمریكادا دەكات لەبری ئەنجامدانی ئەو «جەنگانەی بێ‌ كۆتان»، لەبارەی یەكلایی كردنەوەی جەنگی دژ بە تیرۆریش لە عیراق، ئاماژەی بە دواكەوتنێكی زۆری واشنتۆن و جەنەراڵەكانی كرد.
لە 3ی ئاداری 2019، ترەمپ لە وتارێكیدا كە دوو كاتژمێری خایەند لە كۆنگرەی كاریی سیاسی موحافیزكار ( CPAC ) ڕایگەیاندبوو»داعش لەسەدا سەد لەماوەی ڕۆژێك یان دوو ڕۆژدا تێكدەشكێت، ئیدارەكەشی جەخت لەسەر پاشەكشەپێكردنی هێزەكانی ئەمریكا دەكاتەوە لە سوریا.
ترەمپ لە قسەكانیدا لەو بۆنە ساڵانەیە لە ناشیوناڵ هاربۆر لە میریڵاند ڕایگەیاندبوو»گروپێكی بچوك لە پیاوان و سەربازەكانیان دەهێڵنەوە، دەیانەوێت گەلەكەیان بگێڕنەوە بۆ نیشتمان، كاتی ئەوەش هاتووە».
بە گوتەی سەرۆكی ئەمریكا»پێشتر باسیان لەمانەوەكردبوو لەسوریا بۆ ماوەی 4 مانگ، بەڵام ئەوە 5 ساڵە، ئەمەش مایەی پێكەنینە»!.
ترەمپ ڕەخنەی لە سیاسەتەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان گرتبوو لە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاماژەی بە سەردانەكەی كۆتایی ساڵی 2018ی كردبوو بۆ عیراق كە تیمەكەی بۆ مەبەستی ئەمنی، ناچاربوو هەموو روناكییەكان لەنێو فڕۆكە سەربازییەكە بكوژێنێتەوە بەر لە نیشتنەوە.
سەرۆكی ئەمریكا بە گاڵتەجاڕییەوە ڕایگەیاندبوو»بیر لەوە بكەنەوە. حەوت ترلیۆن دۆلارمان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خەرج كرد، بەڵام دوای 20 ساڵ ناتوانین گرەنتی نیشتنەوەی فڕۆكەیەك بكەین. چەند شتێكی خراپە!».
ترەمپ ڕەخنەی لە جیمس ماتێس وەزیری بەرگری پێشوو و جەنەڕاڵەكانی تری گرتبوو لە عیراق و سوریا، چونكە بەبۆچوونی ئەو «زۆر خاوبوون لە كۆتایی هێنان بە داعش، لەئێستاشدا زیاتر فێردەبێت لەبارەی عیراق و ئەو كاروبارانەی لەنێوان سەربازەكان و جەنەڕاڵەكاندا روودەدەن».
ترەمپ دەڵێت»نابێتە سەرۆكێك كە لە پشت مێزەكەی و لە نوسینگەكەی دابنیشێت»، ئاماژەی بە بەشداریی ڕاستەوخۆش كردبوو لە هەموو سیاسەتە سەربازییەكان و پابەندبوون بە پاشەكشەكردنی سەرەكی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
لە 26ی كانوونی یەكەمی 2018، كۆشكی سپی ڕایگەیاندبوو، ئێوارەی ئەمڕۆ دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا بە سەردانێكی كتوپڕ گەیشتۆتە عیراق بۆ بەسەركردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵاتەكە
سارا ساندەرز، وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاندبوو» لە درەنگانێكی ئێوارەی جەژنی لەدایكبوونی مەسیح، دۆناڵد ترامپ و خانمی یەكەمی ئەمریكا سەردانی هێزەكانی ئەمریكایان كرد لە عیراق و سوپاسیان كردن لەپای خزمەت، و سەركەوتن، و قوربانیدانیان، هیوای سەری ساڵێكی پڕ خۆشی بۆیان خواستبوون».
ئێوارەی دواتر ترەمپ كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی سازكرد، ئەمەش لەو دەمەدا دەستەواژەیەكی بەهێزبوو بۆ ئەوەی كە سەردانەكەی سەرۆك بۆ عیراق كورتخایەند بوو.
سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا، بەرگریی لە كشاندنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا كرد و ڕایگەیاندبوو» لە دیاریكردنی جێگرەوەیەكیش بۆ جەیمس ماتێس وەزیری بەرگریی پەلەیان نییە و تا ماوەیەكی درێژ پاتریك شاناھان، بە بەڕێوەبردنی ئەو وەزارەتە ڕادەسپێرن».
لەو سەردانەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عیراق، چاوی بە هیچ بەرپرسێكی باڵای عیراق نەكەوتبوو، ئەمەش بووە مایەی دروستبوونی ناڕەزاییەكی زۆر لەنێو شەقامی عیراقی كە هەندێك بە پێشێلكاریی سەروەریی خاكی عیراق و هەندێكی تر بە كەمتەرخەمی سیاسەتوانانی وڵات لێكدانەوەیان بۆ كردبوو.
دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێك بەسەر ئەو سەردانەدا، عیراق باسی ئەو وردەكارییانەی كرد كە پێشتر لەبارەی سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوە بۆ وڵاتەكە نەزانرابوون.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە 30ی كانوونی یەكەمی 2018 ڕایگەیاندبوو»واشنتۆن لەبارەی سەردانەكەی ترەمپەوە ئاگاداریی كردبوون، بەڵام ئەوان مەرجیان ئەوە بووە كە دەبێت ڕەسمی بێت و بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو بێت»، رەتیشیكردبۆوە هیچ بنكەیەكی ئەمریكایی لە عیراقدا هەبێت.
بە گوتەی عەبدلمەهدی»لایەنی ئەمریكایی لەبارەی سەردانەكەی ترەمپەوە حكومەتیان ئاگاداركردبوو، بەڵام حكومەت مەرجی ئەوەی هەبوو كە دەبێت سەردانەكە ڕەسمی بێت و بەپێی خشتەیەكی دیاریكراوبێت».
ئەم قسانەی عەبدولمەهدی لە وتاری هەفتانەی خۆیدا بوو كە ئاماژەی بە چاوپێكەوتنی لەگەڵ باڵێوزی ئەمریكا كردبوو كە ئەویش «ستایشی هەڵوێستی هاوسەنگی عیراقی كردبوو لەبەرانبەر سەردانەكەی ترەمپ بۆ عیراق».
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە 26ی كانوونی یەكەمی 2018 و بە سەردانێكی لەناكاو گەیشتبووە بنكەی «عەین ئەسەد»ی سەربازی، ئەمەش ناڕەزایی و كاردانەوەی سیاسی و میللی بەدوای خۆیداهێنا، دوابەدوای ئەوەش نوسینگەكەی عەبدلومەهدی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندبوو، دەسەڵاتدارانی عیراقی لەبارەی سەردانەكەوە ئاگاداركرابوون، ئاماژەی بە بانگهێشتكردنی عەبدولمەهدیش كرابوو لەلایەن ترەمپەوە، تا سەردانی واشنتۆن بكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

150 هەزار كەس لە باكووری خۆرئاوای سوریا ئاوارەبوون

بەر لە دەستپێكردنی هێرشە وشكانییەكانی سوپای سوریا و هاوپەیمانەكانی بۆ ...