سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » مافی كورد لە جیهانی نامۆدا

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

مافی كورد لە جیهانی نامۆدا

درێژترین ماوەی حوكمڕانیی كورد، ئەزموونی هەرێمی كوردستانە، كە نزیكەی سێ دەیە دەبێت، ئەمەش لە دوای حكومەتی مەلیك مەحمود لە باشوور(1918) و كۆماری كوردستان (1946-1947) لە رۆژهەڵات، كە هەرسێ ئەزموونەكە لە سەرەتای سەدەی بیستەم تا كۆتایی ئەو سەدەیەبوون.
حكومەتی مەلیك مەحمود و قازی محەمەد، بە هۆكاری پشت تێكردن و رێكەوتنی گەورەتر بە فاكتەری بەرژەوەندیی ئینگلیز لەكۆمار مەلیك و سۆڤێتی كۆن لەكۆماری كوردستان، فەرامۆش و سەركوتكران، ئەوەی هێشتا بەرگریی مانەوەی كردووە، ئەزموونی هەرێمە، سەرباری ئاریشە ناوخۆیی و فاكتەرە نێودەوڵەتیی و ئیقلیمییەكان، وەك ئەزمونێكی خۆبەڕێوەبردن ماوەتەوە.
لە رۆژئاواو باكووری كوردستانیش، راپسكان و جموجۆڵی بەردەوام هەیەو مێژووی ئەوانیش هاوچارەنووسی سەركوت و بەریەككەوتنی ناوخۆیی بووە. دوو پارچەی خاك و جوگرافیای كورد بەسەر عیراق و سوریای جیهانیی عەرەبی و دوو پارچەیشی سەر بەئێران و توركیان، بەڵام گرێی توندكردنیان بەسەر وڵاتەكانیانەوە، یەك شێواز و جۆر و رێككەوتنە!.
ئەوەی گرنگە، دیدی وڵاتانی جیهانی عەرەبییە، ئەوجا دیدی ئیسلامییان بۆ كێشەی كورد تێبگەین، چونكە ئێران و توركیا وەك دوو نەتەوەی جیا، هەروەها عیراق و سوریاش یەك نەتەوەن، بەڵام هەرچواریان ئیسلامین، كەواتە دیدە هابەشەكەیان دیدێكە كە دژبە مافی چارەی خۆنووسین و جیابوونەوەی كوردن، كە مامەڵەكردنیان لە دەرەوەی رەوایەتی و مافدایە!.
گەر بەجیا لەدیدگای باشوور و رۆژئاوای كوردستان، بە فۆنتە عەرەبیە- ئیسلامیەكە، دۆزی كورد بخوێنینەوە، ئەوا جڵەوەكەیان بەهێزیی نەتەوەیی عەرەبیی ئیسلامییە، ئەم هێزەش بەرامبەر بە مافی كوردو نەتەوەكانی بندەستیان لە هزری پاوانخوازیی و داگیركارییەوە سەرچاوە دەگرێت.
22 دەوڵەتی عەرەبی خاوەنی قەوارەی خۆیانن، لە جیهانێكدان كە بەزەحمەت لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەكەن، كە زۆرجار لەسەر بەرژەوەندیی نەوت و سەربازیی و مەزهەبیی و قۆرغكارییەوە، ناكۆكن، نموونەی پەیوەندیی جیهانەكەیان لەگەڵ ئەفریكادا روونە!.
ئەم دەوڵەتە عەرەبییانە لە دیدگای مەزهەبی و نەتەوەییەوە، سەیری كێشەی كورد دەكەن، چ لە سوریا و چ لە عیراق، لانیكەم وەك دوو پارچەی دابەشكراو بەسەر جیهانی عەرەبی، هەروەها بۆ پارچەی ئێران و توركیا، لەسەر هێڵی بەرژەوەندیی سیاسیی و ئابووریی رێكن، سەرباریش ئەو دوو دەوڵەتە لە دەرەوەی جیهانی عەرەبییدان و لەژێر بڕیارو راسپاردەی كۆمكاری عەرەبیشدا نین.
لەو جیهانەی ئەواندا رەوایەتی دەدەن 22 دەوڵەتی سەربەخۆی عەرەبی و زیاتریش هەبن، بەڵام رەوایەتی بەوە نادەن كورد قەوارەیەكی هەبێت، سەرباری ئەوەی نەتەوەیەكی چل ملیۆنی بێ قەوارەیە، نامۆیە بەجیهانەكەیان، لەگەڵ مافی رەوای پارچەكراوەكانی سەربە جیهانەكەی خۆشیاندا نین، كە بە سوریا و عیراقەوە بەستراونەتەوە و بێدەنگی و بەریەك نەكەوتنی بەرژەوەندییەكانی ئەم جیهانە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاو كیشوەرەكانی دیكەش، هێزی بەوان داوە بۆ چەپاندنی كورد!.
كێشەی كورد لەگەڵ ئەو دوو پارچەیەی سەربە جیهانە عەرەبییەكە، هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ كێشەی فەلەستین-ئیسرائیلدا نییە، بگرە كێشەی كورد رەواترە و گومانی تێدا نییە، خاكەكەی نەفرۆشراوە وەك فەلەستین و زۆری دیكەش، بەڵام ئەگەر سەیری هەڵوێستی جیهانی عەرەبی، كۆمكاری عەرەبی، ناوەندە ئیسلامییەكانی وەك ئەزهەر بكەین، ئەوا پشت لەكورد و دژایەتی مافەكەی دەكەن و بۆ فەلەستینیش تێدەكۆشن!. داوای برایەتی كورد و عەرەب دەكەن، بەڵام داوای ئەو برایەتییە بۆ گەلی فەلەستینی و ئیسرائیلی ناكەن.
كورد نابێت لە دیدگای ئەو جیهانەوە، بۆ چارەسەری كێشەی خۆی بگەڕێت، بەڵكو دەبێت دیدگایەكی كوردییانەی هەبێت، تا دۆزەكەی پێش بخات!.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزب و كابینەی حكومەت

هێشتا لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمداین كە وابڕیارە مەسرور بارزانی بۆ ...