سەرەکی » وتار » ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ » كۆتایی خەلافەتەکەی داعش

كۆتایی خەلافەتەکەی داعش

بەشی یەكەم

ئالڤین تالفێرو هایدی تالفێر، لە كتێبی جەنگ و دژە جەنگ باس لەوە دەكەن،» هەر سەردەمێك هۆكاری پەیدابوونی شێوەیەكی تایبەت بە بەرپاكردنی جەنگی خۆی دەبێت».
چەند رۆژێك لەمەوبەر لە «یۆتوب» سەیری چاوپێكەوتنی رۆژنامەنووسێكم دەكرد لەگەڵ دیلەكانی داعش، ئەوانەی كە خۆیان رادەستی هێزەكانی هەسەدە كردبوو، دەیانوت»ئێمە كە خۆمان بەدەستەوەدا 4 هەزار دۆلارمان داوە بەو چەكدارانەی كە هێشتا لە باغۆز ماون و بەرگریی دەكەن».
لەم رستەیەوە دەتوانین بەر لەهەرشێك لەوە تێبگەین داعش ئێستا پڕۆژەی خەلافەتەكەی خاڵی بۆتەوە لە هەر رەهەندێكی فیكریی و پێكهاتەیی، خاڵی بوونەوەیەك كە نەك هەر لە سەر ئاستی كرداری، بەڵكو لەلایەنی بیروباوەڕیشەوە كۆتایی بە بوونی خۆی هێناوە.
كاتێك داعش لەساڵی 2014 دا لە عیراق خەلافەتەكەی راگەیاند، باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا رایگەیاند: «بە روانین لە پێكهاتەی داعش، دەبێت ئەوە بڵێن كە رووبەڕووبوونەوە و كۆتایی هاتنی ئەو گرووپە كاتێكی زیاتری دەوێت». ئێستا ئەوكاتەیە كە داعش دوایین ئیمزای كۆتایی هاتنی خۆی لە رووی سەربازییەوە لە باغۆزی سوریا دەكات.
خەونی خەلافەت یان دەوڵەتی ئیسلامی، پڕۆژەیەكە و یارانی ئەو خەلافەتە چیتر نایانەوێت لە پێناویدا بەرگریی بكەن، داعش ئێستا هیچ دنیابینییەكی نە بۆ پێكهاتە سەربازییەكەی و نە بیروباوەڕەكەی هەیە، بەتایبەتی كە «ئەبوبەكر بەغدادی» روون نییە لە كوێدا خۆی حەشارداوە و چ پەیوەندییەكی نهێنی بە دەرەوەی خۆیەوە هەیە. بەڵام لێشاوی خۆبەدەستەوەدانی چەكدارانی داعش ئەوەمان پێدەڵێت كە بەغدادی هیچ نەخشێكی لە روبەڕوبوونەوەكانی ئەم دواییەی باغۆز نییەو پێدەچێت تەنها لە رێی هەواڵەكانەوە داویین دیمەنەكانی شكستی خەلافەتەكەی ببینێت.
تا نووسینی ئەم بابەتە هێزەكانی هەسەدە هێرشەكانیان بۆ سەر دوا حەشارگەكانی ناو باغۆز لەبەر بوونی قەڵغانی مرۆیی ئەو ناوچەیە راگرتووە. بەڵام بەهەر حاڵ باغۆز دوایین جوگرافیای شكست لە مێژووی ئەو گرووپە توندڕەوە تۆمار دەكات.
ناچاربوونی شكستی داعش شتێكی روونەو دوور لە چاوەڕوانی نییە، بەڵام ئەوەی ئێستا جێگەی پرسیارە ئەوەیە كە داعش وەك فیكری توندڕەویی هێشتا دەتوانێت لەسەر ئاستی ناوچەكەدا مەترسی بێت، بەڵام چەند شتێك هەیە كە پێمان دەڵێن: «داعش ناتوانێت وەك فیكری توندڕەویی مەترسی بێت ئەگەر:
یەكەم: روون نەبێت خەلیفەكەی لە دوای ئەم شكستەوە چارەنووسی بە كوێ دەگات و هەموو ئەو لێپرسراوە باڵایانەشی كە بەشێوەیەكی پەنهان ماونەتەوە و دەستگیر نەكراون، بزانرێت پڕۆژەی داهاتوویان چییە و چی دەبێت؟
دووەم: داعش بۆ قۆناغی دوای شكستە سەربازییەكەی دەبێت لە رووی فیكرییەوە خۆی دووبارە پێناسە بكاتەوە، چونكە هاتنەوەكایەی داعش بەم رەوتە فیكرییەی كە لەسەری دامەزرا، ناتوانێت هیچ هەناسەیەك بەبەر ئایندەی ئەو گرووپەوە بهێنێتەوە.
سێیەم: روون نییە كێ لە دواوە داعش هیدایەت دەدات، بەهەرحاڵ بەغدادی ئێستا نادیارە و چەكدارەكانی لە مەیدانی روبەڕوبوونەوەكاندا بەتەنها جێهێشتووە، كە نادیاریشە و روون نییە چ پڕۆژەیەكی بۆ داهاتووی داعش دەبێت، بۆیە تا روون نەبێتەوە كێیە ئەو سەركردەیەی هیدایەتی داعش دەدات بۆ داهاتوو، ئەو گرووپە تیرۆرستییە رۆژ بە رۆژ بەرەو لاوازیی و لەبەریەك هەڵوەشانەوە دەچێت.
لەگەڵ ئەوانەشدا نموونەی رەوتی دیكەی فیكریی تیرۆری هەن، كە بە نەمانی سەركردەكەیان خۆشیان لە رووی فیكرییەوە لە ناوچوون، قاعیدەی عیراق، كە ئەبو مەسعەب زەرقاوی رابەرایەتی دەكرد، لەگەڵ كوژرانی بە دەست هێزەكانی ئەمریكا، رەوتەكە لە رووی سەربازیی و فیكرییەوە بەرەو رووخان رۆیشت و شوێنی بۆ رێكخراوێكی نوێتر بە ناوی «دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریاو عیراق» فەراهەم كرد. ئێستا كە بەغدادی دیارنییە، ئایندەی داعشەكەشی ناكرێت بەو رادەیە بە مەترسی ببینرێت.
خاڵێكی تر ئەوەیە كە نەریتی گروپە تیرۆرستییەكان وایە لەدوای هەر شكستێك بە رەوتی فیكریی باڵی جیاوازەوە بەدیار دەكەونەوە، داعش ئەگەر لە رووی رێكخراوەییشەوە بمێنێتەوە، ناتوانێت خۆی لە ئینشیقاقی ناوخۆیی بپارێزێت. وەك ئاماژەمان پێدا خۆپێناسە كردنەوەی داعش لەمەدا رۆڵی بەرچاو دەگێڕێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

بەشی یەكەم ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان حزبە سیاسییەكان بە قۆناغێكی ...