سەرەکی » دۆسێ » سعودیە سیستمێكی پێشكەوتووی بەرگری موشەكی دەكڕێت

بەهای یەكەم وەجبەی گرێبەستەكە 15 ملیار دۆلارە

سعودیە سیستمێكی پێشكەوتووی بەرگری موشەكی دەكڕێت

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) ڕایدەگەیەنێت، كۆمپانیای لۆكهید مارتن، وەجبەی یەكەمی گرێبەستی بەستنی سیستمی بەرگری موشەكی لە سعودیە بە بەهای 15 ملیار دۆلاری ئەمریكایی وەردەگرێت.
بە گوتەی (پنتاگۆن)، گرێبەستی ئەو موچەكانە بەشێكە لە گرێبەستی پڕچەككردنێكی گەورە كە بەهاكەی 110 ملیار دۆلارە و لە ساڵی 2017دا ئیدارەی سەرۆك ترەمپ لەگەڵ شانشینی عەرەبی سعودیە دانوستانی لەسەر كردووە.
بەرپرسانی سعودیە و ویلایەتە یەكگرتووەكان لە مانگی تشرینی دووەكی ڕابردوو ئیمزایان لەسەر ڕێكەوتنێك كرد بۆ فرۆشتنی 44 سەكۆی هەڵدانی موشەكەكان Thaad)) بە ریاز كە لەگەڵ موشەكەكان و كەرەستەی تریان لەگەڵدابوو.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بەنیازە، ئەو سیستمە بەرگرییە كۆنەی ئێستا لە سعودیە هەیە نوێبكاتەوە و ئامادەكاریی بۆ بەكارهێنانی سیستمی موشەكی نوێی Thaad)) بكات.
بەپێی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، وەرگرتنی بەشی یەكەمی بەهای گرێبەستەكە لەلایەن لۆكهید مارتنەوە، ئامانج لێی ڕێگرتنە لە دواكەوتنی بەرهەمهێنانی ئەو سیستمە بەرگرییە موشەكییە بۆ سعودیە.
ئیدارەكەی ترەمپ و كۆمپانیاكانی دروستكردنی چەك هەوڵ دەدەن پارێزگاریی لەو گرێبەستە بكەن كە لەگەڵ سعودیەدا بەستویانە، ئەمەش دوای دروستبوونی ئەو مەترسیانەی هاتنە هائارا لە پاش كوژرانی جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی سعودی.
پێشتر ولایەتە یەكگرتووەكان ڕێكەوتنی لەسەر فەراهەمكردنی ئەو سیستمە كردووە بۆ هەریەك لە وڵاتانی قەتەر و ئیمارات، بە هەمان شێوە لە كۆریای باشوور دایناوە بۆ ڕووبەڕبوونەوەی ئەگەری هەر مەترسییەك كە لە كۆریای باكوورەوە سەرچاوە بگرێت.
هەر لەو چوارچێوەەیەدا، قەتەر لە 4ی ئاداری 2019 ڕایگەیاندبوو، تائێستاش كڕینی سیستمی بەرگری (ئێس 400)ی بەرگری موشەكی ڕوسی تاوتوێ‌ دەكات، لەو بارەیەشەوە شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان وەزیری دەرەوەی وڵاتەكە لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاندبوو»گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ كڕینی تەقەمەنی جۆراوجۆر لە ڕوسیا، بەڵام هێشتا لێكگەیشتن نەكراوە سەبارەت بە سیستمی (ئێس 400)».

مانۆڕێكی جیاواز
ویلایەتە یەكگرتووەكان سیستمە بەرگرییە پێشكەوتووەكەی بەشێوەیەكی كاتی لە ئیسرائیل دابەستبوو، بە مەبەستی ئەنجامدانی مەشقی سەربازی هاوبەش، ئەمەش بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریكایی.
وڵاتانیش تەئكیدییان لەسەر هەواڵی بڵاوكردنەوەی موشەكانە كردبوو، سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندبوو»ئەو بڵاوكردنەوەیە پەیوەست نییە بە هیچ ڕووداوێكی دیاریی كراو لە ناوچەكە».
فەرماندەیی ئەوروپایی سوپای ئەمریكا «EUCOM» مەشقی هاوبەش لەگەڵ سوپای ئیسرائیل ئەنجام دەدات بۆ بەكارهێنان و بڵاوكردنەوەی سیستمی دژە موشەكە بالیستییەكان لە وڵاتەكە.
بەپێی بەیاننامەیەكیش كە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوكراوەتەوە»دانانی سیستمە بەرگرییەكانی ئەمریكا لە ئیسرائیل، پابەندبوونی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەردەخات بە پاراستنی ئاسایش وڵاتەكەی، ئەو مەشقانەش دوای تەواوبوونی مەشقی هاوبەشی جێنیڤەر ڤاڵكۆنە».
لە تایبەتمەندییەكانی سیستمی Thaad)) ڕێگرتنە لە موشەكە بالیستییە كورتمەودا و مامناوەندمەوداكانە، بە یەكێك لە پەرەسەندووترین سیستمی لەو جۆرەش لە جیهاندا دادەنرێت. بەوەش جیادەكرێتەوە كە سیستمێكە جێگۆڕكێی پێدەكرێت و دەكرێت بەخێرایی بڵاوبكرێتەوە. وزەی جوڵە بەكاردەهێنێت بۆ ڕێگرتن لە موشەكە بالیستییەكان.
ئیسرائیل سیستمێكی مبەرگری موشەكی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام ئامانج لە مانۆڕەكان هەماهەنگییە بۆ بەكارهێنانی موشەكەكانی Thaad)) لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی ڕووبەڕووبونەوەكانی ئایندە، ئەمەش بەقسەی گوتەبێژی سەربازی ئیسرائیلی.

Thaad)) چییە.
ئەو سیستمە ناسراوە بە ناوی سیستمی بەرگری دژ بەو ئامانجانە دیزایین كراوە كە لە ئاستێكی بەرز دەفڕن، و كورتكراوەكەشی بە Thaad)) دەناسرێت.
لە ساڵی 1992 دەست بەكاركردن لەسەر ئەو سیستمە كراوە لەلایەن كۆمپانیای لۆكهید مارتن و كۆمپانیاكانی تر. لە ساڵی 2000 سیستمەكە خرایە قۆناغی بەرهەمهێنانی ئەزمونییەوە و یەكەم 16 موشەكی ئەزمونیش لە ساڵی 2004دا بەرهەمهێنران.
لە ساڵی 2006 سیستمەكە بەشێوەیەكی گشتی خرایە بواری تاقیكردنەوەوە، دوای ئەوەش بە ساڵێك سیستمەكە سەركەوتوو بوو لە ڕێگرتن لە موشەكێك بەر لەوەی بگاتە توێژاڵی ئاسمانی. لە ساڵی دواتردا سیستمەكە سەركەوتوو لە ڕێگرتن لە موشەكێك لە دەرەوەی توێژاڵی ئاسمانی.
لە ساڵی 2011، سیستمەكە نۆ تاقیكردنەوەی ڕێگرتن لە ئامانجە دوژمنكارییەكان و 12 تاقیكردنەوەی فڕینی لەسەركرا.

ئیماراتیش سیستمی بەرگری Thaad)) دەكڕێت
لە ساڵی 2008 ئیمارات داوای سێ‌ سیستمی هەڵدانی موشەكەكانی Thaad)) و 147 موشەك و چوا ڕادار و شەش وێستگەی كۆنترۆڵی ئاراستەكردنی موشەكەكان و نۆ سەكۆی هەڵدانی موشەكەكانی كردبوو. لە ساڵی 2011 گرێبەستی بۆ دوو سیستمی تری Thaad)) كردبوو بە بەهای نزیكەی دوو ملیار دۆلار. بەو پێیەش ئیمارات یەكەم دەوڵەت بوو كە ئەو سیستمەی كڕی.

تایبەتمەندییەكانی سیستمی Thaad))
-سیستمەكە دەتوانێت موشەكە بالیستییە كورتمەوداكان و مامناوەندمەوداكان بخاتەخوارەوە لە قۆناغی كۆتایی هەڵدانەكانیان.
-سیستمەكە تەكنەلۆجیای لێبدە بۆ كوشتن بەكاردەهێنێت كە وزەی جوڵەی كڵاوەی موشەكە هەڵدراوەكان تێكدەشكێنێت.
-مەودای سیستمەكە 200 كیلۆمەترە و بەرزاییەكەی دەگاتە 150 كیلۆمەتر.
-خێرایی موشەكەكەی دەگاتە 8 هێندەی خێرایی دەنگ.
-توانای بەرپەرچدانەوەی ئامانجەكانی هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی توێژاڵی ئاسمانی و تەنانەت لە بەرزایی 150 كیلۆمەتر.
ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەو سیستمەی لە گوام و هاوای و كۆریای باشوور بڵاوكردۆتەوە وەك بەشێك لە ڕێوشوێنەكانی دژ بە ئەگەری هەر هێرشێك كە لەلایەن كۆریای باكوورەوە سەرچاوەبگرن.

چۆنیەتی بەكارهێنانی سیستمەكە
1-دوژمن موشەكێك هەڵدەدات.
2-ڕاداری Thaad)) دەرچوونی موشەكەكە ئاشكرا دەكات، پاشان زانیارییەكان دەگەیەنێتە سەنتەری سەركردایەتی و كۆنترۆڵ.
3-سیستمی Thaad)) فەرمان بە هەڵدانی موشەكی ڕێگریی بۆ تێكشكاندنی موشەكە هاتووەكە دەردەكات.
4-موشەكە ڕێگرەكە بەرەو ئامانجە دژەكە (موشەكە هاتووەكە) دەردەچێت.
5-ئامانجە دژەكە لە قۆناغی كۆتایی گەیشتنی موشەكە دژەكە بە ئامانجی خۆی، تێكدەشكێنرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

150 هەزار كەس لە باكووری خۆرئاوای سوریا ئاوارەبوون

بەر لە دەستپێكردنی هێرشە وشكانییەكانی سوپای سوریا و هاوپەیمانەكانی بۆ ...