سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » سوریا و قۆناغی دوای باغوز

سوریا و قۆناغی دوای باغوز

پاككردنەوەی دوایین ناوچەی سوریا لە چەكدارانی دەوڵەتی ڕێكخراوی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، پێناچێت لەسایەی رەوشی ئەمنی و سیاسی ئێستای ئەو وڵاتەدا كۆتایی تەواوەتی تەوژمی توندڕەوی بێت، لەكاتێكدا هێشتا ئیدلیب لە باكووری خۆرئاوا، پڕە لە توندڕەوەكان و بۆتە گەورەترین مۆڵگە بۆ داڵدەدانی ئەو جیهادیانەی لە قۆناغەكانی دواتردا دەبنە مایەی هەڕەشە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری.
ڕەنگە بە كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی باغوز لەلایەن شەڕڤانانی (هەسەدە)وە، بۆ ماوەیەك كەفوكوڵی هێرش و پەلاماریی توندڕەوەكان لە خۆرهەڵات و باكووری سوریادا بنیشێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت دەستپێكردنی شێوازێكی تری ڕووبەڕبوونەوەی ئەو گروپە بێت كە لەگەڵ خۆڕادەستكردنیشی، هەڕەشەی گەڕانەوە و تۆڵەكردنەوە دەكات.
ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، بەو پێیەی جیاواز لە گروپ و ڕێكخراو و حزبە ئیسلامییەكانی تر، ڕێكخراوێكی جیهانییە و شێوازی ڕێكخراوە باوە تەقلیدییەكانی تێپەڕاندووە، چاوەڕوان دەكرێت لە دوای شكستە سەربازییە گەورەكانیش، جارێكی تر لێرەو لەوێ‌ سەرهەڵبدات و بە شێوازیی جیاجیا دەربكەوێت و مەترسی گەورە لەسەر ئاسایشی سوریا و ناوچەكە دروست بكاتەوە.
پاككردنەوەی باغوز لە داعش، خاڵی وەرچەرخان نابێت لە ڕیشەكێشكردنی توندڕەوە ئیسلامییەكان لە سوریا، بەڵام دەكرێت بە هەنگاوێكی گەورە لە شەڕی دژ بە تیرۆر دابنرێت و بكرێتە سەرەتایە بۆ كپكردنی تەوژمی توندڕەوی كە چەند ساڵێك لەمەوبەر وەك هەڕەشە و مەترسییەكی گەورە بۆسەر تەواوی جیهان تەماشادەكرا.
شەڕی باغوز و كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەكە و كوژران و بەدیلگرتنی پاشماوەی چەكدارانی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەو ناوچەیەدا كۆتایی دێت، ڕەنگە لەپاش ئەوە بۆماوەیەكی كورت ئارامی باڵ بەسەر سنورەكانی خۆرئاوای سوریا لەگەڵ عیراقدا بكێشێت، ماوەیەك كە هاوشێوەی بێدەنگی و ئارامی پێش گەردەلول و باوبۆرانێكی بەهێز دەبێت.
قۆناغی دواتر كە قۆناغی خۆڕێكخستنەوە و پشووی شوێنكەوتوانی بە ناو خەلەفەتەكەی ئەبو بەكر بەغدادی دەبێت، هاوشێوەی عیراق، لە ناوچە دوورەدەستەكان و بیابانییەكانەوە پیلان بۆ هێرش و پەلامارەكان دادەنێن و لەسەر بنەمای لێدان و هەڵاتن كاردەكەن، بوونی گەمەگەرە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانیش لە سوریادا، جارێكی تر فاكتەرێكی یاریدەدەر دەبێت بۆ چەكەرەكردنەوەی ڕێكخراوەكە و دەركەوتنەوەی لەژێر ناوێكی تردا.
سوریای دوای قۆناغی باغوز، لەگەڵ ئەوەی كۆتایی توندڕەوی ناگەیەنێت لە وڵاتەكەدا، چەند ڕووبەڕبوونەوەیەكی گەورەی تر دەهێنێتەئارا، گرنگترین ئەو ڕووبەڕبوونەوانەش خۆیان لە: چارەسەركردنی ڕەوشی نائاسایی ئیدلیب، پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا، بوونی هێزە ئێرانییەكان، مامەڵەكردن لەگەڵ كورد،و چەند ڕووبەڕبوونەوەیەكی تردا دەبیننەوە كە ڕەنگە دیمەشق و ڕوسیای هاوپەیمانی بەشێوەیەكی ورد كاریی لەسەر بكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سیاسەتی خۆبەدوورگرتن

ماوەیەكە زاراوەی سیاسەتی خۆبەدوورگرتن بۆتە ویردی سەر زوبانی سیاسەتوانان لە ...