کورتەچیرۆک

مشمش

شیرین. ك

ئێواره‌یه‌كی هاوینه‌، دره‌خته‌كانی حه‌وشه‌ ئاو ده‌ده‌م، سه‌ر هه‌ڵده‌بڕم پشیله‌یه‌ك له‌سه‌ر دیواره‌ نزمه‌كه‌ی به‌رده‌مم هه‌ڵتووتاوه‌، له‌نێو گه‌ڵای دار لیمۆكه‌ و گه‌ڵا زبر و زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانی مێوه‌كه‌دا خۆی مه‌ڵاسداوه‌، ره‌نگه‌ خۆی بۆ چۆله‌كه‌یه‌ك، كوكوختییه‌ك نابێته‌وه‌ یان له‌ ترسی منی مرۆڤ بێت، كه‌ چاومان به‌ چاوی یه‌كتر ده‌كه‌وێ بێویستی خۆم زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی بۆ ده‌كه‌م، له‌ پشیله‌ ناترسم، زۆرم خۆشده‌وێن، ئه‌ویش له‌ جێی خۆی ناجووڵێت، هه‌موو دره‌خت و گوڵه‌كان و چیمه‌نه‌كه‌شم ئاو ده‌دم، ئه‌و هه‌ر له‌ وێدا قنج هه‌ڵتووتاوه‌، كلكی له‌ ده‌وری خۆی ئاڵاندووه‌، ئاسووده‌ نییه‌ به‌ بارودۆخه‌كه‌ و سڵكردنه‌وه‌یه‌كی هه‌یه‌، به‌سه‌ر وكه‌لله‌ و خه‌ت و خاڵیدا له‌ نێره‌ ئه‌چێ، ئه‌وسا نه‌مده‌زانی له‌ناو هه‌موو ئاژه‌ڵاندا ته‌نیا پشیله‌ مێیه‌كه‌ی جوانتر و ره‌نگاوره‌نگتره‌ له‌ نێره‌كه‌ی، هه‌رچه‌نده‌ ده‌موچاوی خڕ و گووپنه‌، به‌ڵام له‌شی لاوازه‌ …
له‌به‌رده‌میا ده‌وه‌ستم و به‌ ده‌نگێكی نزم و له‌سه‌رخۆ ئه‌یدوێنم:
-بۆ ئه‌وه‌نده‌ له‌ڕ و لاوازی؟! خۆ ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ پڕێتی له‌ مه‌تعه‌م و فاست فوود، چییه‌؟ پشیله‌ گوربه‌كان نایه‌ڵن تێر بخۆی! ده‌ره‌قه‌تیان نایه‌یت؟ كه‌یبانووه‌كانیش نه‌وت ده‌كه‌ن به‌زه‌رفه‌ خۆڵه‌كاندا؟؟
پشیله‌كه‌ رێك سه‌یری ناوچاوم ده‌كات وه‌كو گوێگرێكی باش گوێ بۆ قسه‌كانم شلده‌كات، جاربه‌جاریش چاو داده‌خات و ده‌كاته‌وه‌..
-ئه‌وه‌ چییه‌ چاوت ئێشێت؟ خه‌وت یه‌ت؟ یان مه‌حه‌به‌تم بۆ ده‌رئه‌بڕی؟!
ئێستا له‌ دڵی خۆتا ده‌ڵێیت تۆش ره‌زیلی هه‌فته‌ی جارێ دووجار نه‌بێت گۆشت له‌ زه‌رفه‌ خۆڵه‌كه‌تدا نییه‌.. ئای پشوول گیان!! ئه‌گه‌ر جاران ده‌هاتی چ شه‌پڵی شۆپانێك بوو، رۆژ نه‌بوو ئه‌و زه‌رفی خۆڵه‌ پڕ نه‌بێ له‌ گۆشت و ئێسقان، به‌ڵام ئێستا من نه‌خۆشم.. مه‌گه‌ر یه‌كێك بێت، میوانێك ئینجا گۆشت لێده‌نێم..
له‌پڕ ده‌نگێكی به‌رز له‌ كۆڵانه‌كه‌وه‌ دێ، پشیله‌كه‌ داده‌چڵه‌كێ و كه‌مێك ده‌چێته‌‌ ئه‌ولاوه‌.. به‌ ده‌نگێكی كه‌مێك به‌رز پێیده‌ڵێم:
-مه‌ڕۆ وه‌ره‌، شه‌رت بێ تۆ دوعای خێرم بۆ بكه‌ تا چاك بمه‌وه‌، شه‌رت بێ هه‌ر له‌ سبه‌ینێوه‌ سێ ژه‌مه‌ خواردنت بۆ دانێم، نا هه‌ر له‌ ئێستاوه‌.. تۆ مه‌ڕۆ..
به‌په‌له‌ ده‌چمه‌ ژوورێ، سه‌لاجه‌كه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، په‌نیرێكی لاڤاشكیری سێ گۆشه‌ی بۆ ده‌هێنم، ده‌بینم له‌ دیواره‌كه‌ هاتۆته‌ خوارێ، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی چیمه‌نه‌كه‌ و حه‌وشه‌كه‌ش هێشتا ته‌ڕن، ورد ورد ده‌ڕوا و خۆی له‌په‌ڵه‌ ئاوه‌كان لائه‌دا، پارچه‌ په‌نیره‌كه‌ هه‌ڵده‌پچڕم و له‌سه‌ر شوێنێكی وشك دایده‌نێم دوور ده‌كه‌ومه‌وه‌، یه‌كسه‌ر بۆی ده‌چێت و ده‌ستده‌كات به‌لستنه‌وه‌ی..
-ئێستا هه‌ر ئه‌مه‌م هه‌یه‌ به‌كه‌ڵكی تۆ بێت، سبه‌ی ده‌چم بۆ سوپه‌رماركێت و گۆشتی قوتوت بۆ ده‌كڕم..
***
هه‌موو به‌یانییه‌ك كه‌ له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستام و ده‌چوومه‌ مه‌تبه‌خه‌كه‌، له‌ درزی په‌رده‌كه‌وه‌ دیاربوو، ناوم نابوو مشمش چونكه‌ نارنجییه‌كی كاڵی له‌ ره‌نگی قه‌یسی به‌سه‌ر په‌ڵه‌ ره‌نگاو ره‌نگه‌كانیدا زاڵبوو، له‌ودیو په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ هه‌ڵده‌تووتا، هه‌ر په‌رده‌كه‌م لاده‌دا و منی ده‌بینی ده‌ستیده‌كرد به‌ میاوه‌ میاو، منیش پێش ئه‌وه‌ی بچمه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سورگی ده‌رگای حه‌وشه‌كه‌ بكه‌مه‌وه‌ په‌نێرێكی سێگۆشه‌ی لاڤاشكیریم بۆ هه‌ڵده‌پچڕی، چونكه‌ هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی ده‌خوارد، جارێكیان ره‌زیلیم كرد و جۆرێكی هه‌رزانترم بۆ كڕی كه‌مێ بۆنی پێوه‌كرد و به‌جێیهێشت، پێش ئه‌وه‌ی بڕوا سه‌یرێكی كردم وه‌ك ئه‌وه‌ی پێم بڵێت: به‌خوا ره‌زیلی..
نیوه‌ڕوانیش پارچه‌یه‌ گۆشت، مریشك به‌ڵام زیاتر سۆسجێكێكم بۆ داده‌نا، ئیتر به‌ده‌ور وخولما ده‌هات و ده‌چوو، خۆی له‌ قاچوقولم هه‌ڵده‌سوو، چه‌ند جارێكیش كه‌ به‌ هه‌ڵه‌ پێم پیاناوه‌ یه‌كسه‌ر چڕنووكی لێداوم، تا جارێكیان ویستی چنگێكم لێدا نینۆكی له‌ لنگی تراكسووده‌كه‌م گیراو بۆی ده‌رنه‌ده‌هاته‌وه‌ میاوه‌ میاوی پێكه‌وت دیمه‌نێكی سه‌یری هه‌بوو تێر پێی پێكه‌نیم، كه‌ له‌به‌ر ده‌رگای مه‌دخه‌له‌كه‌دا داده‌نیشتم ئه‌ویش ده‌هاته‌ نزیكمه‌وه‌ له‌ زه‌ویه‌كه‌دا پان ده‌بووه‌وه‌ چاوی ده‌نوقاند و هیچ سڵی لێم نه‌ ده‌كرده‌وه‌، وایلێهاتبوو هه‌ر ده‌رگای مه‌دخه‌له‌كه‌م بكردایه‌ته‌وه‌، یه‌كسه‌ر ده‌هاته‌ ژوورێ، تا جارێكیان رایكرده‌ قاتی سه‌ره‌وه‌ و چه‌ندین جاریش به‌ناو ماڵه‌كه‌دا پیاسه‌ی كردووه‌ و ئینجا چۆته‌ ده‌رێ، چه‌ند جارێكیش دیاری بۆ هێناوم، دیارییه‌كه‌شی سه‌لكه‌ ماسی بوو، كه‌ له‌به‌ر ده‌رگای مه‌دخه‌له‌كه‌دا بۆی داده‌نام..
***
رۆژێكیان مشمش دیار نه‌ما، پاش سێ چوار رۆژ، به‌یانییه‌كیان كه‌ په‌رده‌ی مه‌تبه‌خم لادا دیمه‌نێكی زۆرجوانم بینی، مشمش پاڵكه‌وتبوو سێ بێچوو له‌ ده‌وری هه‌ڵبه‌ز ودابه‌زیان بوو، یه‌كێكیان ره‌ش ئه‌ویتریان خۆڵه‌مێشی و خه‌تخه‌ت، سێیه‌میشیان رێك وه‌كو خۆی سپی و پشتی په‌ڵه‌ی ره‌نگاوره‌نگی پرته‌قاڵی و زه‌رد و خه‌نه‌یی و قاوه‌یی تیابوو، هیچ تێبینی ئه‌وه‌م نه‌كردبوو كه‌ ئاوسه‌، هه‌ر وامده‌زانی قه‌ڵه‌و بووه‌، تا ئه‌و بێچووانه‌ گه‌وره‌ بوون و دیار نه‌مان هه‌ر سه‌رم له‌ ده‌رگاكه‌ ببردایه‌ته‌ ده‌روه‌ داوای خواردنی ده‌كرد و یه‌ك تۆزیش بچوومایه‌ته‌ پێشێ پڤڤڤڤێكی لێده‌كردم، وه‌كو پێشتر متمانه‌ی پێم نه‌مابوو، ئه‌و ماوه‌یه‌ مه‌سره‌فێكی باشی پێكردم بۆ خۆی و بێچووه‌كانی، به‌ڵام ئیتر بێچووه‌كانی به‌ره‌به‌ره‌ دیار نه‌مان، ته‌نیا بێچووه‌ ره‌شه‌ نێره‌كه‌ی له‌لا مابووه‌، شیری پێده‌داو به‌رده‌وام به‌دوایه‌وه‌ بوو، كه‌ ده‌شچووه‌ ده‌رێ له‌ حه‌وشه‌كه‌ به‌جێیده‌هێشت، تا ئه‌و ئێواره‌یه‌ی پیكابه‌كه‌ هات بۆ باركردنی هه‌ندێ كه‌لوپه‌ل و به‌تانی بۆ ئاواره‌كان، بێچووه‌كه‌ له‌حه‌وشكه‌ بوو كه‌ چاوی به‌و پیاوانه‌ كه‌وت و ده‌رگا گه‌راجییه‌ گه‌وره‌كه‌ خرایه‌ سه‌رپشت، پشه‌ ره‌شه‌كه‌ ده‌رپه‌ڕییه‌ كۆڵان و ئیتر جارێكی تر نه‌ من و نه‌ مشمش چاومان پێی نه‌كه‌وته‌وه‌، مشمش تاماوه‌یه‌كی زۆر خه‌مبار بوو كه‌ خواردنم بۆ داده‌نا جارێ نه‌یده‌خوارد، به‌ده‌وری خواردنه‌كه‌دا ده‌سوڕایه‌وه‌و به‌ تۆنێكی سه‌یر ده‌یمیاواند وه‌كو ئه‌وه‌ی بێچوه‌كه‌ی بانگ بكات، كه‌ بێئومێد ده‌بوو له‌ هاتنی ئینجا ده‌یخوارد..
***
مشمش به‌جۆرێك هۆگری من و ماڵه‌كه‌م ببوو، هه‌ر له‌به‌یانییه‌وه‌ پێش له‌ خه‌وهه‌ستانم له‌ودیو په‌نجه‌ره‌كه‌دا داده‌نیشت، سێ ژه‌مه‌ خواردنم بۆ داده‌نا، كه‌ منیش له‌سه‌ر مێزی نانخوارده‌نه‌كه‌ داده‌نیشتم و نانم ده‌خوارد و له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ ده‌یبینیم، سه‌یری ده‌كردم و ده‌یمیاواند ناچار له‌ خواردنه‌كه‌ی خۆشم بۆ ده‌برد و ئه‌وه‌شی ده‌خوارد و ده‌هاته‌وه‌ ناو په‌نجه‌ره‌كه‌، ئیتر بێده‌نگ داده‌نیشت و ته‌ماشای ده‌كردم، منیش به‌ مۆبایله‌كه‌م گرته‌ی جۆراو جۆرم ده‌گرت، تا ئه‌و ئێواره‌یه‌ی بۆ كارێكی پێویست به‌په‌له‌ چوومه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌و هێشتا هه‌ر له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌دا هه‌ڵتووتا بوو، خه‌ریكبوو تاریك داده‌هات، پێشئه‌وه‌ی بچمه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ مۆبایله‌كه‌م چه‌ند گرته‌یه‌كیم گرت، كه‌ تیایدا مشمش هیچ ئه‌دگارێكی دیارو روون نییه‌ و هه‌ر وه‌كو تارماییه‌ك ده‌ركه‌وتووه‌، به‌په‌له‌ چومه‌ ده‌رێ و به‌مشمشم وت: كه‌ هاتمه‌وه‌ خواردنت ده‌ده‌مێ، ئێستا په‌له‌مه‌ ده‌بێ بڕۆم..
***
شه‌وێ كه‌ هاتمه‌وه‌ ورده‌ ورده‌ باران ده‌باری، مشمش دیار نه‌بوو، وتم: له‌خوێڕێتییه‌
پاش نیو سه‌عات بیرم كه‌وته‌وه‌، سۆسجێكم له‌سه‌لاجه‌كه‌ ده‌رهێناو ده‌رگای مه‌دخه‌له‌كه‌م كرده‌وه‌، وامزانی ئێستا به‌میاوه‌ میاو دێ، به‌ڵام دیار نه‌بوو، چه‌ند جارێك بانگم كرد: مشمش.. پشوول.. پشه‌.. مشه‌، به‌هه‌موو ئه‌و ناوانه‌یه‌وه‌ بانگم كرد، به‌ڵام ده‌نگی نه‌هات و ده‌رنه‌كه‌وت.. سۆسجه‌كه‌م بۆ داناو هاتمه‌وه‌ ژوورێ، سه‌رقاڵ بووم، پێش خه‌وتن دیسان بیرم كه‌وته‌وه‌، جارێكیتر چومه‌وه‌ ده‌رێ سۆسجه‌كه‌ هه‌ر له‌وێدا بوو، تووشی دڵه‌ڕاوكێ بووم، تا خه‌وم لێكه‌وت له‌ خۆم ده‌پرسی بۆ دیار نییه‌؟!
به‌یانی كه‌ له‌ خه‌و هه‌ستام و چوومه‌ مه‌تبه‌خه‌كه‌ یه‌كسه‌ر بیرمكه‌وته‌وه‌، به‌په‌له‌ په‌رده‌كه‌م لادا له‌وێدا نه‌بوو وه‌كو هه‌موو به‌یانییه‌كی تر، چوومه‌ ده‌رێ سۆسجه‌كه‌ هه‌ر له‌ جێی خۆی بوو و مێرووله‌ تێیدابوو به‌نووكی پێڵاوه‌كه‌م شه‌قێكم تێهه‌ڵدا بۆ ناو چیمه‌نه‌ زه‌ردبووه‌كه‌، رۆژانه‌ چه‌ندین جار ده‌چوومه‌ حه‌وشه‌و به‌رده‌رگا، سه‌یرم ده‌كرد و گوێم هه‌ڵده‌خه‌ست نه‌ده‌نگی هه‌بوو نه‌ ره‌نگ، رۆژان تێپه‌ڕین، مشمش دیار نه‌بوو، گومانم له‌ دراوسێكانم ده‌كرد له‌ پیاوه‌ قه‌ڵه‌وه‌كه‌، ده‌موت ره‌نگه‌ شه‌و كه‌ به‌سه‌رخۆشی دره‌نگ هاتۆته‌وه‌ كردبێتی به‌ژێر سه‌یاره‌ به‌رزه‌كه‌یه‌وه‌ و به‌یانی زووش كه‌ سه‌یاره‌ی خۆڵه‌كه‌ هاتووه‌ لاشه‌كه‌یان فڕێداوه‌، ئه‌گینا چی لێهاتووه‌ بۆ له‌پڕێكا دیار نه‌ما عه‌رز قووتیدا ئاسمان هه‌ڵیكێشا!!؟ یان پیاوه‌ سه‌ر رووتاوه‌ ته‌قاویته‌كه‌ی ئه‌و سه‌ری كۆڵانه‌كه‌مان كه‌ دنیایه‌ك كۆتر و مریشك و كه‌ڵه‌شێری راگرتبوو له‌ سه‌ربان، ره‌نگه‌ گرتبێتی و كردبێتییه‌ گوێنییه‌كه‌وه‌ و فڕێیدابێت له‌ دوور كه‌ جارێكی تر نه‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ یان دووریش نییه‌ كوشتبێتی!! كه‌ ده‌چووم بۆ بازاڕه‌كه‌ی نزیكمان له‌ دوكانداره‌كانم ده‌پرسی پشیله‌یه‌كی له‌م حاڵه‌و له‌م ره‌نگه‌تان نه‌دیوه‌ بووبێت به‌ژێر سه‌یاره‌وه‌؟؟ ئه‌وانیش به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌یانووت شوێنێكی باشتری دۆزیوه‌ته‌وه‌ و باریكردووه‌!!
***
نیوه‌ڕۆیه‌كی سارده‌، كاره‌با هه‌یه‌ به‌ڵام له‌پڕ ده‌كوژێته‌وه‌، له‌ په‌نجه‌ره‌ی مه‌تبه‌خه‌كه‌وه‌ سه‌یری ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌م سه‌یاره‌یه‌كی گه‌وره‌ی فه‌رمانگه‌ی كاره‌با له‌به‌ر ماڵه‌كه‌ی به‌رامبه‌رمان وه‌ستاوه‌ و سێ چوار پیاو ده‌وری سه‌یاره‌كه‌یان داوه‌ و په‌یژه‌ ده‌نێن به‌ محه‌ویله‌كه‌وه‌، یه‌كێكیان سه‌رده‌كه‌وێ و له‌پڕ هاوارێ ده‌كات ئه‌وه‌ خۆیه‌تی!! شتێكی ره‌ش داگه‌ڕاو داده‌گرێته‌ خوارێ كه‌ چه‌ند په‌ڵه‌یه‌كی ره‌نگاوره‌نگی پێوه‌یه‌، ده‌ستوده‌م ده‌یناسمه‌وه‌، راده‌كه‌مه‌ ده‌رێ و هاوار له‌ پیاوه‌كان ده‌كه‌م ئه‌وه‌ چییه‌؟؟
-پشیله‌یه‌كه‌ كه‌وتۆته‌ سه‌ر ئه‌و محه‌ویله‌یه‌ و كاره‌با گرتوویه‌تی و سووتاوه‌، دیاره‌ ده‌مێكه‌ چونكه‌ بۆگه‌نی كردووه‌!!
كه‌ زیاتر لێی ورد ده‌بمه‌وه‌ هاوار ده‌كه‌م: خۆ ئه‌وه‌ مشمشه‌!!
شه‌و هه‌ر سات نا ساتێ په‌رده‌كه‌ لاده‌ده‌م، سه‌یری شۆسته‌كه‌ی ئه‌وبه‌رم ده‌كه‌م، مشمش له‌ لێواری شۆسته‌كه‌ دانراوه‌ پشتی له‌ منه‌، له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دا به‌یانی سه‌یاره‌ی خۆڵه‌كه‌ بێت و فڕێیبدا، له‌به‌ر تیشكی گڵۆپه‌ زه‌رده‌كه‌ی عه‌موودی كاره‌باكه‌دا هه‌موو فه‌رووه‌كه‌ی ئاڵتوونی ده‌چێته‌وه‌، ته‌مێك داده‌به‌زێ ئه‌و ناوه‌ ده‌گرێته‌وه‌، ده‌مێك سێ بێچووه‌كه‌ی ده‌بینم به‌ده‌وریدا هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زیانه‌و یاری ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ شیر بخۆن، به‌ڵام مه‌مكه‌كانی مشمش بوونه‌ته‌ خه‌ڵوز، ده‌مێك ته‌مه‌كه‌ به‌ته‌واوی دایده‌پۆشێ وه‌كو ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌وێشدا نه‌بێ و هه‌ستابێته‌وه‌ و رۆشتبێت، ده‌مێكیش به‌تیشكی ئاڵتوونی گڵۆپه‌كه‌دا هه‌ر حه‌وت رۆحه‌كه‌ی ده‌بینم ته‌نك ته‌نك سه‌رده‌كه‌ون بۆ ئه‌و جیهانه‌ی پشیله‌كان نابنه‌ خه‌ڵوز، كێ وتویه‌تی ئاژه‌ڵه‌كان رۆحیان نییه‌؟؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

یه‌كه‌م رۆژی‌ مامۆستا ره‌مه‌زان فت!

مقداد شاسواری‌ ئێوه‌ كه‌ستان له‌وێ نه‌بوون. منیش له‌وێ نه‌بووم. ته‌نها ...