سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » به‌ها ئاكارییه‌كان له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌سغه‌ر فه‌رهادیدا

به‌ها ئاكارییه‌كان له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌سغه‌ر فه‌رهادیدا

ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی، كه‌ سه‌ركه‌وتووترین ده‌رهێنه‌ره‌ له‌ مێژووی سینه‌مای ئێراندا، له‌وانه‌یه‌ زۆر حه‌زی له‌ سیاسه‌تی جیهانیی نه‌بێت، به‌ڵام سیاسه‌تی جیهانیی حه‌زی له‌ چاره‌ی ئه‌وه‌. له‌ (27)ی جه‌نیوه‌ری (2017)دا، كه‌متر له‌ حه‌فته‌یه‌ك پاش ئه‌وه‌ی حه‌وته‌م فیلمی درێژی فه‌رهادی، به‌ ناوی (فرۆشیار)، كاندید بوو بۆ ئۆسكاری باشترین فیلمی زمان بیانی، سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ فه‌رمانی ژماره‌ (13769)ی ئیمزا كرد، كه‌ رێگریی له‌ چوونه‌ ناوه‌وه‌ی مسوڵمانان ده‌كرد بۆ ناو خاكی ئه‌مریكا. به‌پێی ئه‌و فه‌رمانه‌، هاووڵاتیانی حه‌وت وڵاتی مسوڵمان له‌ وانیش ئێران بۆیان نه‌بوو، بۆ ماوه‌ی (90) رۆژ پێ بخه‌نه‌ خاكی ئه‌مریكاوه‌.

گایلز هاروی
له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

1-2
به‌لای فه‌رهادییه‌وه‌ كه‌ شاره‌زای خاسییه‌ت و ره‌فتاره‌ مرۆییانه‌ و فیلمه‌ رۆشنبیرانه‌ و جیاوازه‌كانی له‌ بواری هێڵه‌ چه‌پێنراوه‌ ناڕاست و نه‌گونجاوه‌كان له‌گه‌ڵ كه‌لتووری ئێراندا، له‌لایه‌ن وه‌رگرانی سینه‌ماوه‌ له‌ هه‌موو دنیادا په‌سه‌ندكراوه‌. ئه‌م فه‌رمانه‌ی دۆناڵد تره‌مپ وه‌كو سووكایه‌تییه‌كی ئاكاریی و عه‌قڵانی حسابی بۆ کرا. فه‌رهادی دوو رۆژ دوای ئه‌م فه‌رمانه‌، به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و بڕیاریدا رێوڕه‌سمی خه‌ڵاتی ئۆسكار بایكۆت بكات، له‌و رۆژه‌دا ئاماژه‌ی بۆ (سووكایه‌تی به‌رامبه‌ر) كرد كه‌ له‌ بواری دوژمنایه‌تی ئه‌مریكا- ئێراندایه‌.
بڕیاره‌كه‌ی فه‌رهادی ده‌شێ وه‌كو سزادانی گروپێك بێت له‌سه‌ر كرده‌وه‌ی تاكه‌ كه‌سێك، به‌م پێیه‌ ئه‌م (سووكایه‌تی به‌رامبه‌ره‌) له‌لایه‌ن فه‌رهادییه‌وه‌ شێوازێك له‌ گوێپێنه‌دانی له‌ راده‌به‌ده‌ر نیشان بدات، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی فیلمی فرۆشیار-یان دیبێت، كه‌ حوكمدانێكی راشكاوانه‌یه‌ له‌سه‌ر لاف و گه‌زافی سووكایه‌تی به‌رامبه‌ری هه‌ردوولا واته‌ (ئه‌مریكا- ئێران)، ئه‌م بڕیاره‌ی فه‌رهادییان به‌لاوه‌ سه‌یر نییه‌. له‌ رووی كاته‌وه‌ ئێران (یانزه‌ سه‌عات و نیو) له‌ پێش لۆس ئه‌نجلس-ه‌وه‌یه‌، به‌م پێیه‌ به‌پێی كاتی تاران، به‌یانی بوو كه‌ فه‌رهادی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ كه‌س له‌ خێزانه‌كه‌ی و هاوڕێ نزیكه‌كانی، بۆ بینینی (89)هه‌مین رێوڕه‌سمی ئۆسكار كۆببوونه‌وه‌. ته‌له‌فزیۆنی ره‌سمی ئێران ئه‌م رێوڕه‌سمه‌ پەخش ناکات‌، له‌م رووه‌وه‌ خێزانه‌كه‌ی فه‌رهادیش وه‌كو زۆربه‌ی هاووڵاتیانی ئێران، بۆ بینینی كه‌ناڵه‌ بیانییه‌كان سه‌حنی سه‌ته‌لایتی نایاسایی به‌كاردێنن. (ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی فه‌رهادی، «په‌ریسا به‌ختئاور»یش ده‌رهێنه‌ری فیلم و سینه‌مایه‌ و یه‌كه‌م فیلمی به‌ناوی «دایره‌ی زندگی- بازنه‌ی ژیان» كه‌ له‌ ساڵی (2008) نمایش كرا، چیرۆكی ژن ومێردێكی گه‌نج ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ له‌ رێگه‌ی دانانی سه‌حنی سه‌ته‌لایته‌وه‌ له‌ ئاپارتمانێكی تاراندا، پاره‌ و پوولێكی زۆریان ده‌ستبكه‌وێت.)
دیاره‌ ئه‌م سه‌حنانه‌ هه‌میشه‌ جێگای دڵنیایی و متمانه‌ نین، له‌م رووه‌وه‌، ئه‌و به‌یانییه‌ی بڕیاربوو رێوڕه‌سمه‌كه‌ بڵاوبێته‌وه‌، سه‌حنی سه‌ته‌لایته‌كه‌ی ماڵی فه‌رهادی تێكچوو بوو، بۆ چاكردنه‌وه‌ی پێویستی به‌ وه‌ستایه‌كی سه‌ته‌لایت هه‌بوو. دواجار یه‌كێك له‌ هاوڕێكانی كه‌ له‌وسه‌ری شار داده‌نیشت و به‌ به‌كارهێنانی به‌رنامه‌ی VPN ده‌یتوانی رێوڕه‌سمه‌كه‌ ببینێـت. توانی له‌ڕێی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ به‌ ڤیدیۆ رێوڕه‌سمه‌كه‌ نه‌قڵ بكات بۆ لاپ تۆپه‌كه‌ی فه‌رهادی، به‌م پێیه‌، ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی و هاوڕێكانی بۆ بینینی رێوڕه‌سمه‌كه‌ له‌ ده‌وری لاپ تۆپه‌كه‌ی كۆبوونه‌وه‌. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش رێك له‌و كاته‌دا دروستبوو كه‌ توانییان به‌خشینی خه‌ڵاتی ئۆسكار به‌ فیلمی (فرۆشیار) ببینن، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌كته‌رانی ناسراو، (شێرلی ماكلین) و (چارلیز سیرۆن) ه‌وه‌ راگه‌یه‌نرا.
بۆچی فه‌رهادی ئه‌و دوو نوێنه‌ره‌ی دیاریكرد؟
ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی داوای له‌ دوو هاووڵاتی ئێرانی- ئه‌مریكایی كردبوو به‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و به‌شداریی رێوڕه‌سمه‌كه‌ بكه‌ن، كه‌ ئه‌وانیش (فه‌یروزی نادری و ئه‌نوشه‌ی ئه‌نساری) بوون، یه‌كه‌میان زانای پێشووی ناسا و دووه‌میشیان یه‌كه‌م ژنی ئێرانی-ئه‌مریكایی بوو كه‌ چووبێته‌ بۆشایی ئاسمان. (فه‌یروزی نادری ده‌ڵێت به‌ڕای ئه‌و هۆكاری هه‌ڵبژاردنی ئه‌وان له‌لایه‌ن فه‌رهادییه‌وه‌، نیشاندانی ئه‌و چه‌مكه‌ بوو كه‌ سنووره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نابینرێن و ئینسانه‌كان هه‌موویان یه‌كسانن.)
كاتێ ئه‌و هه‌راوهۆریایه‌ی له‌ ژووری پێشوازیی ئاپارتمانی فه‌رهادیدا دروست ببوو، ئارام بۆوه‌، دوو نوێنه‌ره‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی فه‌رهادیش له‌ لۆس ئه‌نجلس چوونه‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ، ئه‌نوشه‌ی ئه‌نساری به‌ وته‌یه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن خودی فه‌رهادییه‌وه‌ نووسرابوو، هۆكاری ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌وی به‌م شێوه‌یه‌ روونكرده‌وه‌: (بۆ رێزگرتن له‌ وڵاته‌كه‌م) و شه‌ش وڵاتی تر كه‌ به‌هۆی فه‌رمانه‌كه‌ی تره‌مپه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ پێ بخه‌نه‌ خاكی ئه‌مریكاوه ئەم هەڵوێستەی هەبووە‌. فه‌رهادی له‌ درێژه‌ی وته‌كه‌یدا رایگه‌یاندبوو، به‌ دابه‌شكردنی دنیا بۆ (ئێمه‌) و (دوژمنانی ئێمه‌)، تره‌مپ خه‌ریكی هێنانه‌ ئارای رێنمایی هه‌ڵخه‌تێنه‌ره‌ بۆ توندوتیژیی و جه‌نگ.
قسه‌كانی فه‌رهادی به‌ گه‌رمی له‌لایه‌ن ئامادبووانی هۆڵی شانۆی دۆلبی (Dolby theatre)ه‌وه‌ به‌گه‌رمی پێشوازیی لێكرا، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌مه‌شه‌وه‌، ئه‌م قسانه‌ كه‌متر له‌لایه‌ن شاره‌زایان و شیكه‌ره‌وه‌ موحافیزه‌كاره‌كانی سینه‌ماوه‌ په‌سه‌ند كرا. (لۆرین كۆلی) یه‌كێك له‌ سه‌رنووسه‌ره‌كانی گۆڤاری ( Washington examine) له‌ توێتێكدا نووسیبووی: «ئێمه‌ رێگه‌ به‌م فیلمسازه‌ ئێرانییه‌ ده‌ده‌ین و ئه‌ویش له‌ جیاتی ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ حكومه‌ته‌كه‌مان قسە ده‌كات. كه‌واته‌ ئه‌و بۆچی جورئه‌ت ناكات رووی ده‌می بكاته‌ سه‌رانی وڵاته‌كه‌ی خۆی و قسه‌یه‌كی ئاوا بكات؟» كۆلی و شاره‌زایانی له‌بابه‌تی ئه‌و له‌وانه‌یه‌ له‌وه‌ تێنه‌گه‌ن، كه‌ ئه‌م قسانه‌یان رێك وه‌كو هاوتا موحافیزه‌كاره‌كانیانه‌ له‌ ئێران، كه‌ فه‌رهادی به‌ ره‌شنیشاندان و نیشاندانی وێنه‌یه‌كی نێگه‌تیڤی وڵاته‌كه‌ی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
راستی له‌م قسانه‌ ئاڵۆزتره‌، هه‌روه‌كو فه‌رهادی خۆی ده‌ڵێت، فێربووه‌ كه‌ به‌ بێده‌نگ ناڕه‌زایی خۆی له‌ رێگه‌ی فیلمه‌كانییه‌وه‌ نیشان بدات، بۆ ئه‌م كاره‌ش ده‌بێت متمانه‌ به‌ وه‌رگره‌كانی بكات بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ و په‌یامه‌ په‌نهانه‌كانی له‌ فیلمه‌كانیدا ده‌ستنیشان بكه‌ن و لێی تێبگه‌ن. له‌ دیمه‌نی سه‌ره‌تای فیلمی (جیابوونه‌وه‌ی نادر له‌ سیمین) (2011)، كه‌ فیلمێكی تری ئه‌سغه‌ر فه‌رهادییه‌ و خه‌ڵاتی ئۆسكاری باشترین فیلمی زمان بیانی وه‌رگرتووه‌. ژن و پیاوێك ده‌بینرێن. (ژنه‌كه‌ وه‌كو هه‌موو ژنێكی ئێران) له‌چكی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ و هه‌ردووكیان راسته‌وخۆ سه‌یری كامێراكه‌ ده‌كه‌ن و سه‌ختییه‌كانی ژیانی خۆیان روون ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌م ژن و مێرده‌ دوای ساڵانێكی زۆر له‌ زه‌ماوه‌ندكردنیان ده‌یانه‌وێ له‌یه‌ك جیاببنه‌وه‌ و هه‌ردووكیان داوای به‌خێوكردنی كچه‌ دوانزه‌ ساڵه‌كه‌یان ده‌كه‌ن. هه‌ردووكیشیان هۆكاری خۆیان هه‌یه‌. ژنه‌كه‌ ده‌یه‌وێ وڵاته‌كه‌ی به‌جێبهێڵێ، چونكه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كچه‌كه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ژیانێكی باشتری ده‌بێت، پیاوه‌كه‌ش ده‌ڵێت ناچاره‌ له‌ وڵات بمێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باوكی به‌خێو بكات كه‌ تووشی ئه‌لزایمه‌ر بووه‌. له‌م نێوانه‌دا وه‌رگر په‌ی به‌وه‌ ده‌بات كه‌ ئه‌مانه‌ له‌ دادگایه‌كی ته‌ڵاقی ئیسلامیدان و داده‌وه‌ر گوێی له‌م فه‌رته‌نه‌ و مشت ومڕ و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌یه‌یه‌.

په‌یوه‌ندی نێوان هونه‌ر و سانسۆر
هه‌ڵبه‌ته‌ فه‌رهادی هه‌میشه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان بینه‌ر و وه‌رگرانی خۆی له‌ بڕیاری ئاكاریی فیلمه‌كانیدا به‌شداری پێده‌كات. ژنه‌كه‌ ده‌ڵێت: (وه‌كو دایكێك، پێم باشه‌ كچه‌كه‌م له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا گه‌وره‌ نه‌بێت.) دادوه‌ر كه‌ سه‌ری سوڕماوه‌ و ته‌نیا قسه‌ی ئه‌و له‌ باكگراونده‌كه‌دا ده‌بیسترێت، ده‌پرسێت: (چ هه‌لومه‌رجێك؟) ژنه‌كه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ناداته‌وه‌، فه‌رهادی كه‌ شاره‌زاییه‌كی قووڵی له‌ به‌ره‌به‌ره‌ ته‌واوكردنی دیمه‌نه‌كانی فیلمدا هه‌یه‌، له‌ هه‌مان حاڵدا ده‌مانبات بۆ دیمه‌نێكی دیكه‌ی فیلمه‌كه‌. به‌ڵام ئێرانییه‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاشنای ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ژنانی ئێرانن، به‌ باشی ده‌زانن ئه‌و ژنه‌ ئاماژه‌ بۆ كام هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵگا ده‌كات.
فه‌رهادی ده‌ڵێت: «به‌ڕای من په‌یوه‌ندی نێوان هونه‌ر و سانسۆر، وه‌كو ئاوێكی ره‌وان وایه‌ كه‌ ده‌گاته‌ سه‌ر به‌ردێك، دواجار ئاوه‌كه‌ رێگایه‌ك بۆ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ئه‌و به‌رده‌دا ده‌دۆزێته‌وه‌.»
تازه‌ترین فیلمی ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی به‌ ناوی (هه‌مووان ده‌زانن) له‌ (8)ی شوباتی (2019) له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا نمایش كرا. به‌ڵام فه‌رهادی بۆ رێوڕه‌سمی نمایشكردنی فیلمه‌كه‌ نه‌چوو بۆ ئه‌مریكا: فه‌رهادی له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنی تره‌مپه‌وه‌ به‌ سه‌رۆك نه‌چۆته‌ ئه‌مریكا. ئەو كه‌ ته‌مه‌نی چل و شه‌ش ساڵه‌. له‌ مانگی دیسامبه‌ردا پێی وتم: «كه‌سانی توندڕه‌و، چ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و چ له‌ ئه‌مریكا، به‌گشتی له‌ هه‌ر جێگایه‌كی جیهان بن هه‌موویان له‌یه‌ك ده‌چن.»
ئێمه‌ له‌ ئیسپانیا له‌ناو ئوتومبیلێكی به‌رزی ره‌شدا بووین، به‌ره‌و (تور لاگۆنا) ده‌ڕۆیشتین، گوندێكه‌ یه‌ك سه‌عات له‌ باكووری مه‌دریده‌وه‌ دووره‌ كه‌ فیلمی (هه‌مووان ده‌زانن)ی لێ وێنه‌گیراوه‌. كاتێ هه‌ستم به‌وه‌ كرد دوژمنایه‌تیی به‌رده‌وام و بێكۆتایی ئه‌مریكا-ئێران ده‌بێته‌ رێگری یه‌كتربینینی من و فه‌رهادی له‌ تاران، خودی فه‌رهادی، كه‌ به‌ڕای من كه‌سێتییه‌كی میهره‌بان و ئاماده‌ی خزمه‌تی هه‌یه‌، پێشنیازی بۆ كردم بفڕم بۆ ئیسپانیا و له‌وێ چاوم پێی بكه‌وێت.
ئه‌سغه‌ری فه‌رهادی كه‌ له‌ ساڵی (2013)ه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی رێك وپێك له‌ سه‌فه‌ردا بووه‌ له‌ نێوان تاران و مه‌دریددا. یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی (2013)دا بوو كه‌ بیرۆكه‌ی دروستكردنی فیلمێكی سه‌باره‌ت به‌ خێزانێكی لادێی ئیسپانیایی لاگه‌ڵاڵه‌ بوو، كه‌ له‌ كاتی رێوڕه‌سمی زه‌ماوه‌نددا نهێنییه‌كانیان ئاشكرا بووه‌، داوای لە (پینلۆپێ كروز) و (خاڤێر باردم) كرد له‌م فیلمه‌دا رۆڵ ببینن. له‌و كاته‌دا دروستكردنی فیلمی (رابردوو)ی ته‌واو كردبوو، كه‌ به‌رهه‌مێكی فه‌ره‌نسی و یه‌كه‌م فیلمی به‌رهه‌مهێنان و ده‌رهێنانی ئه‌سغه‌ری فه‌رهادی بوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران.
فه‌رهادی باوه‌ڕی جیهاننیشتمانی (یونڤێرسالیست) هه‌یه‌. پێی وتم: « تامی عه‌شق و رق و كینه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكی جیهان وەکو یەکە.»
رۆژێكی سارد له‌ ده‌وروبه‌ری پاریس ئه‌سغه‌ری فه‌رهادیم بینی. پیاوێكی رێك و پێك و به‌ ته‌رتیبه‌. قژی ره‌ش و ریشێكی پڕۆفیسۆری سه‌رنجڕاكێشی هه‌یه‌ كه‌ به‌ مووی سپی رازاوه‌ته‌وه‌ و روخسارێكی خاكیی و چالاكی پێده‌به‌خشێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ئینگلیزییه‌كه‌ی خراپ نییه‌، به‌ڵام پێی باشبوو له‌ رێگه‌ی وه‌رگێڕێكه‌وه‌ گفتوگۆ بكه‌ین. له‌ كاتی دیداره‌كه‌دا (ئه‌حمه‌د تاهیری)ش ئاماده‌بوو، كه‌ دانیشتووی ئیسپانیایه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ وه‌رگێڕه‌كانی فه‌رهادی له‌ كاتی به‌رهه‌مهێنان و وێنه‌گرتنی فیلمی (هه‌مووان ده‌زانن)دا.

كێشه‌ و خاڵی وه‌رچه‌رخان
فیلمه‌ تازه‌كه‌ی فه‌رهادی، وه‌كو زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی، له‌سه‌ر رووداوێكی پڕ ئازار چڕبۆته‌وه‌ كه‌ له‌ فیلمه‌كه‌دا نمایش ناكرێت. وه‌كو رووداوی فیلمی (ده‌رباره‌ی ئیللی) (2009)، كه‌ بریتییه‌ له‌ دیارنه‌مان یان ئه‌گه‌ری خنكانی كاره‌كته‌ری فیلمه‌كه‌ واته‌ (ئیللی). یان ئه‌و رووداوه‌ی كه‌ له‌ فیلمی (فرۆشیار)دا وا دێته‌به‌رچاو روویداوه‌ به‌ڵام نمایش ناكرێت.
له‌ فیلمی (هه‌مووان ده‌زانن)دا كچێكی نه‌وجه‌وانی یه‌كێك له‌ میوانه‌كانی زه‌ماوه‌نده‌كه‌ ده‌فڕێنرێت. هه‌روه‌كو چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆی هاتنه‌ئارای یه‌ك سه‌عات و نیو ترس و تۆقاندن. فه‌رهادی ده‌ڵێت: «بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رگر بتوانێت كاره‌كته‌ره‌كانی من له‌ فیلمدا بناسێت، ده‌بێت له‌ فیلم و شانۆگه‌ریی مندا كێشه‌یه‌ك و خاڵێكی وه‌رچه‌رخان هه‌بێت. بۆ نموونه‌ گریمان كۆمه‌ڵێ كه‌س له‌ناو ئه‌سانسۆرێكدان. ئه‌گه‌ر ئه‌سانسۆره‌كه‌ به‌بێ هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ نهۆمی یه‌كه‌مه‌وه‌ هه‌تا نهۆمی شانزه‌هه‌م بڕوات، هیچ كام له‌ كه‌سه‌كان یه‌كتری ناناسن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌سانسۆره‌كه‌ بۆ ماوه‌ی نیو سه‌عات له‌ نێوان نهۆمی پانزه‌هه‌م و شانزه‌هه‌مدا بوه‌ستێت، باشه‌، له‌م حاڵه‌ته‌دا له‌وانه‌یه‌ كه‌سه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ ده‌ست به‌ قسه‌كردن و دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كتری بكه‌ن و به‌یه‌ك ئاشنا بن.» فه‌رهادی باوه‌ڕی وایه‌ «ئێمه‌ له‌ كاتی كێشه‌كانی ژیانماندا كاره‌كته‌ری راسته‌قینه‌ی خۆمان نیشان ده‌ده‌ین.»
فه‌رهادی ده‌رباره‌ی سانسۆر له‌ ئێران پێی وتم: «هه‌ر ده‌رهێنه‌رێك رێگا و شێوازی خۆی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سانسۆردا ده‌دۆزێته‌وه‌، ده‌گوترێت له‌ قاڵبدان و سنوورداركردن ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سه‌كان زیاتر داهێنان بكه‌ن.» فه‌رهادی ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ی ژمارد كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆیان دوورخراونه‌ته‌وه‌ وه‌كو (ئه‌میری نادری، به‌هرامی به‌یزایی، په‌رویزی كیمیاوی)، له‌ ساڵی (2010)دا، (جه‌عفه‌ری په‌ناهی)، هاوڕێی نزیكی فه‌رهادی به‌ تۆمه‌تی بانگه‌شه‌ی سیاسی دژی حكومه‌ت به‌ شه‌ش ساڵ زیندان و بیست ساڵ بێبه‌شكردن له‌ فیلمسازیی حوكم درا. هه‌روه‌ها په‌ناهی بۆی نییه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، زیندانیكردنه‌كه‌ی جێبه‌جێ نه‌كرا و په‌ناهی فیلمی بێ مۆڵه‌ت به‌رهه‌م ده‌هێنێت، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران نمایش ده‌كرێن و له‌ ئینته‌رنێتدا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌. نوێترین به‌رهه‌می په‌ناهی (سێ روخسار) له‌ مانگی مارسی (2019)دا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا نمایش ده‌كرێت.
سه‌ركه‌وتنی فه‌رهادی به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هاوتاكانیدا، وه‌كو سه‌ركه‌وتنێكی مایه‌ی سه‌رنج دێته‌ به‌رچاو. به‌ڵام به‌لای منه‌وه‌ ئه‌وه‌ پرسیار بوو كه‌ پێگه‌ی خودی فه‌رهادی له‌ ئێراندا تاچه‌ند پارێزراوه‌، ئایا ئه‌ویش له‌ به‌رامبه‌ر چاره‌نووسێكی له‌ بابه‌تی ئه‌وه‌ی په‌ناهیدا خۆی نابینێته‌وه‌ كه‌ تووشی كێشه‌ بێت و زیانی پێبگات؟ یان وه‌كو زۆر له‌ كاره‌كته‌ره‌كانی فیلمه‌كانی، هه‌تا ئێستا خۆی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی كۆچ بۆ خۆرئاوا كه‌وتۆته‌ كه‌لله‌یه‌وه‌ یان نا؟

سه‌رنج: ئه‌م وتاره‌ به‌ ئینگلیزی له‌ نیویۆرك تایمزدا بڵاوبۆته‌وه‌ و تیمێك له‌ گۆڤاری (نبشت) كورتیانكردۆته‌وه‌ و كردوویانه‌ به‌ فارسی.

سه‌رچاوه‌: nebesht.com

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

یه‌كه‌م رۆژی‌ مامۆستا ره‌مه‌زان فت!

مقداد شاسواری‌ ئێوه‌ كه‌ستان له‌وێ نه‌بوون. منیش له‌وێ نه‌بووم. ته‌نها ...