سەرەکی » وتار » د.عیزه‌دین مسته‌فا » ئه‌مجاره‌ش هه‌ر به‌ ناوی كوردی

ئه‌م كونجه‌ش

ئه‌مجاره‌ش هه‌ر به‌ ناوی كوردی

هه‌ر به‌ دووای ئه‌و دوو كونجه‌دا كه‌ له‌ باره‌ی (ناوی كوردی)یه‌وه‌ نووسیمن – چه‌ند شتێكم هاته‌وه‌ بیر كه‌ له‌ (كاغه‌زه‌كانمدا) تۆمار كراون و ده‌بوو بینووسم – به‌ڵام وا پێ ڕانه‌گه‌یشتم – با ئێستا بیاننووسم – چونكه‌ لام وایه‌ – خوێنه‌ره‌وه‌كانی (كوردستانی نوێ) ئاگاداری نین – یاخوا وا نه‌بێ.
با جارێكیتر باسی مامۆستا گیوی موكریانی بكه‌م كه‌ هه‌موو دڵ و گیانی كوردایه‌تی بوو – له‌ (كونج)ێكیتردا نووسیم ناوی خۆی له‌ عه‌بدوره‌حمانه‌وه‌ كرد به‌ (گیو) به‌ ناوی یه‌كێك له‌ قاره‌مانه‌ كورده‌كانی شانامه‌ی فیرده‌وسی یه‌وه‌. مامۆستا گیو هاتبووه‌ به‌غدا و شوێنی هه‌موو پیاوی دیاری كورد له‌ به‌غدا دوكانه‌كه‌ی یا (یانه‌كه‌)ی مامۆستا به‌شیر بوو.
لاو و خوێنده‌وار پێ یان خۆش بوو له‌ ده‌وری مامۆستا گیو كۆببنه‌وه‌ و پرسیاری كوردایه‌تی و شیعر و ئه‌ده‌بی لێ بكه‌ن، مامۆستا به‌شیریش لای ناخۆش بوو ئه‌و بایه‌خه‌ به‌ مامۆستا گیو بدرێ و كه‌س له‌و نه‌پرسێته‌وه‌ و (مه‌ركه‌زی كار) ئه‌و نه‌بێ. ئیتر تووڕه‌ بوو و ووتی:
عه‌بدوڕه‌حمان… عه‌بدوڕه‌حمان – بچۆره‌وه‌ ئوتێله‌كه‌ی خۆت. (له‌ ئوتێلێكی نزیك دوكانه‌كه‌ دابه‌زیبوو) – بچۆ با له‌وێ بێنه‌ لات. مامۆستا گیویش به‌م (عه‌بدوڕه‌حمان)ه‌ په‌ست بوو – هه‌ستا و لاوان دووای كه‌وتن بۆ ئوتێله‌كه‌ – ئه‌مه‌ش سه‌رگوزه‌شته‌یه‌كی پیاوانی ئه‌و زه‌مانه‌یه‌.
له‌ كونجێكی پێشوودا باسی ئه‌وه‌م كرد كه‌ (مسته‌فا كه‌مال)ی تاوانبار هه‌ر به‌ یاسا بڕیاری دابوو كه‌ (له‌قه‌ب) ده‌بێ توركی بێ – له‌ سوریاش ئیتر لاسایی ئه‌و بوو یا گیانی عه‌ره‌بچێتی خۆیان بوو- بڕیارێك ده‌رچوو بوو كه‌ ناو ده‌بێ عه‌ره‌بی بێ – به‌ڵام جه‌لاده‌ت به‌گی به‌درخان – كه‌ نووسه‌ر و ڕووناكبیر و سه‌ركرده‌یه‌كی كوردایه‌تی بوو، سه‌ری بۆ ئه‌و بڕیاڕه‌ شۆڕ نه‌كردبوو له‌به‌ر كه‌سایه‌تیی گه‌وره‌ی خۆی له‌ ده‌زگای (ناوتۆماركردن) نه‌یانتوانیبوو له‌ قسه‌ی ده‌رچن – ناوی كوڕه‌كه‌یی به‌ (جه‌مشید) تۆمار كردبوو – ناوی كچه‌كه‌شی به‌ (سینه‌م) یا (سینه‌م خان) – سینه‌م ناوی گوڵێكه‌ (پێنج په‌ڕه‌)ی هه‌یه‌ – نازانم لای ئێمه‌ هه‌یه‌ یا نا و ناوی چی یه‌. خۆ خێزانی (جه‌لاده‌ت به‌گ)یش كه‌ ئامۆزای خۆی بوو – كچی (ساڵح به‌گی به‌درخان)ی شاعیر بوو – هه‌ر له‌ ئه‌سته‌مووڵه‌وه‌ ناونرابوو (ڕه‌وشه‌ن)- كه‌ خه‌ڵك (ڕه‌وشه‌ن خان) و ئێمه‌ مانان به‌ زمانی منداڵه‌كانی یه‌وه‌ بانگمان ده‌كرد (یاده‌)، واته‌ (دایه‌) و خه‌ڵك هه‌ر به‌ خانم بانگیان ده‌كرد.
به‌ڵام قسه‌یه‌كی خۆشی ئه‌و سه‌رده‌مه‌م له‌ بیره‌ – كاك (عوسمانی حاجۆ) كه‌ ئه‌فسه‌رێكی پێشكه‌وتووی سوپای سوریا بوو، كوڕی (حه‌سه‌ن ئاغای حاجۆ)ی پیاوی ناسراوی سوریا و ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی په‌رله‌مان بوو. زۆر پیاوێكی قسه‌خۆش بوو – ده‌هاته‌ ماڵی (ڕه‌وشه‌ن خان) و له‌وێ ده‌وره‌مان ده‌دا. كاك عوسمان خوا كوڕێكی ده‌داتێ – ده‌چێته‌ (ده‌زگای ڕه‌گه‌زنامه‌) (دائیره‌ی نفوس) كه‌ تۆماری بكا – به‌ به‌رگی عه‌سكه‌ری یه‌وه‌ ده‌چێ. فه‌رمانبه‌ر له‌ به‌ری هه‌ڵده‌ستێ و ناسنامه‌ی خۆی نیشان ده‌دا و ده‌ڵێ (كوڕێكمان بووه‌ ) ده‌مه‌وێ تۆماری بكه‌م. كابرا ده‌پرسێ: قوربان ناوی ده‌نێی چی – كاك عوسمان ده‌ڵێ (خۆشناو) – كابرا به‌ شه‌رم و به‌ ترسه‌وه‌ ده‌ڵێ: قوربان – ئه‌وه‌ فه‌رمانمان پێدراوه‌ – ناو عه‌ره‌بی نه‌بێ تۆماری ناكه‌ین. كاك عوسمانیش ده‌زانێ به‌ ده‌ست كابرای به‌سته‌زمان نی یه‌ – ده‌ڵێ: باشه‌ ناوی عه‌ره‌بی لێ ده‌نێین. ده‌ڵێ: باشه‌ – چی – ده‌ڵێ ناوی ده‌نێین (ڕۆسته‌م) كابرای نه‌زان یه‌كسه‌ر ده‌ڵێ: باشه‌. چونكه‌ نازانێ (ڕۆسته‌م) یش ناوی (ڕۆسته‌می زاڵ) و قاره‌مانی كورده‌. كوڕه‌كه‌ی بۆ تۆمار ده‌كا.
كاك (فڵان) ئه‌مه‌ش یه‌كێك بوو له‌ قسه‌ خۆشه‌كانی ئه‌و زه‌مانه‌- به‌ ڕاستی ئاسووده‌ بووین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شه‌هید دارا تۆفیق

كه‌سێكی زۆر نزیكی خۆم پێی ووتم: سه‌یری ئه‌م هه‌موو كه‌ناڵانه‌ی ...