سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » سەیر و سەمەرە

سەیر و سەمەرە

قسەیەكی كوردی قەدیم هەیە دەڵێ، تا زیاد بژیت شتی سەیر و سەمەرە دەبیستی، ئەمە لەم وڵاتەی ئێمە زۆرە.
كە قسە دێتە سەر دیموكراسی، هەموومان دیموكراسی عەیارە 24 ین، وەختێكیش دێینە سەر پیادەكردنی، با بە كەم و كورتیشەوە بێت، دیموكراسییەتەكەمان دەكەوێتە بەر رەخنە ‌و نەشتەر.
هەڵبژاردن و بەشداریی هەموو ئەوانەی مافیان هەیە لە بەشداربوون پایەیەكی گرنگی دیموكراسییە، دەرەنجامەكەشی مافی بەشداریی یان بەشدارنەبوون دەدات بە خاوەنەكەی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
بەپێی هەموو پێوانەكان، براوەی هەڵبژاردن، مافی خۆیەتی حكومەت پێكبهێنێ و لەگەڵ لایەنە براوەكانی تر، دووەم، سێهەم، چوارەم.. هتد رێكبكەوێت بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی. بە هەمان شێوە لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان، زۆرینەی ئەندامەكانی لەو فراكسیۆنانە دەبن كە زۆرینەن لە پەرلەماندا، ئەمە بەو مانایە نییە، ئەوانەی ئەندامیان كەمە نابێ بەشداربن لە لیژنەكاندا، نەخێر، بەڵكو مافی خۆیانە و ئەوەش پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دیاری دەكات، ئاساییشە فراكسیۆن هەبێ ئەندامی لە هەندێ لیژنەدا نەبێت، دیموكراسییەت ‌و كاری پەرلەمانی وایە ‌و لە هەموو وڵاتە دیموكراسییەكانیش هەر بەو شێوەیەیە.
ئەوەی سەیرە پەرلەمانتارێكی بەڕێزی فراكسیۆنێكی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان، لە شاشەی TV یەكەوە گلەیی زۆری كرد لەوەی فراكسیۆنەكەیان ئەندامیان لە سێ لیژنەدا نییە، دیارە ئەمەش مافی خۆیەتی ‌و كەس گلەیی لەوە نییە ناڕازی بێت، بەڵام سەیرەكە ئەوەیە ئەو بەڕێزە دەیوت ئەنداممان نییە لە لیژنەی پێشمەرگە!
بۆچی سەیرە؟ چونكە هەر لەو شاشەیەی ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە قسەی لێوە دەكرد، دەیان جار پێشمەرگەكانی شۆڕش، بە قەل دز و قاز دز و پاتە لە پێ ناوبران و سووكایەتییان پێكرا، بۆیە ئاساییە ناوێك تۆ بەو سووكییەوە سەیری بكەیت و ناوی بەریت لە لیژنەیەكدا كە بە ناوی ئەوەوەیە، ئەندامت نەبێ.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ موجاهیدەكانتان ناوێتەوە؟

لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش و دەستكردنی بە چالاكیی تیرۆریستی لە سوریا ...