سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی سێیەم

لەژێری ناوی» سینەماچی» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، کۆدەکرێنەوەو بەمنزیکانە چاپ و بڵاودەکرێتەوە.
هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی هەمووجار سیاسەت و ململانێی ناتەندرووستی هێزەکانی گۆڕەپانی پاشوری کوردستان، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان درووست بکەین بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بە دیهێنانی خەون خولیاکانی گەنجی و جوانیمان.

کوردو عیراق و سینەما
عیراق؛ لە دوو قۆناغدا دەرفەتی دەوڵەتی مەدەنیی پایە قایمی ئابووریی و سەرەتای دەستپێکێکی دیموکراسی لەدەستدا کە ئاسان نیە دەرفەتی سێیەمی وەكو دووانەکەی پێشوو عیراقییەکان بۆ ئامانجی ئەو دەوڵەتە مەدەنیە کۆبکاتەوە. ئەویش سەردەمی پاشایەتی و سەردەمی کۆماریی دوای روخانی رژێمی سەدام، بە دیاریکراویش ماوەی سەرۆکایەتی دوو خولی مام جەلال.
لە ناوەڕاستی چلەکانی سەدەی بیستەم، هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی سینەمای خۆماڵیی «عیراق»ی بە زمانی عەرەبی، کوردیش هەوڵیداوە سینەمایەکی هەبێت بە زمانی کوردیی قسە بکات، لێ هەرگیز رێگاکانی بە ئاسانی درووستکردنی نەك بۆ خۆش نەکراوە بگرە وەها سەخت و دژوار کراوە بە ئەندازەی تاسەی گەورە گەورە کە هەر کەسێك هەوڵیدابێت بە نەرمی بەسەریدا تێپەڕێت، ئەوە ناچارکراوە دەستبەرداری ئەو خەونەی ببێت کە بەرهەمهێنانی فیلم بووە بە زمانی کوردیی.
لە گەنگەشەی ماستەرنامەکەمدا کە ساڵی ٢٠١٧ لە قاهیرە بەڕێوەچوو، یەکێك لە ئەندامانی لیژنەکە بەسەرسوڕمانەوە پرسیاری چەند ناوێکی لێکردم کە لە بەشی دووەمی باسەکەدا وەك مێژووی درووستبوونی سینەما لە عیراق ئاماژەم بەناوەکانیان کردووە، چەند جارێك دووبارەی کردەوە کە بەراستی ئەو ناوانەی کە ئێمە لە گەنجیماندا سەرسام بووین پێیانەوە کوردن؟!. ووتم؛ بەڵێ ئەوانە کوردن و ناسراون. ووتی: محەمەد شوکری جەمیل-یش، ووتم: بەڵێ بەڵێ، ئەو تەنانەت خەڵکی شارێكی جوانی وەك رواندزە کە دایکی منیش رواندزییە. کەمیك وەستاو سەری باداو ووتی: سەیرە؟!.

بەغدای پاشایەتیی
لە عیراقدا بۆ یەکەم جار لە بەغداو بە دیاریکراویش لە ٢٦ی تەمووزی ساڵی ١٩٠٩ لە ناوچەی کەرخ چەندین فیلمی تۆماری و بەڵگەیی پیشاندراوەو بەشێوەیەکی بەرفراوانیش پێشوازی لێکراوەو بوەتە هۆی ئەوەی وەبەرهێنەران لە ساڵی ١٩١١دا بیر لە درووستکردنی چەندین هۆڵی سینەما بکەنەوە بۆ پیشاندانی فیلم و بازرگانی کردن کە دیارە ئەوساو لە سایەی داگیرکاری بەریتانیاوە سینەما لە دەستی کەرتی تایبەتدابووە؟!.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی سینەمای عیراقی و عەرەبی، ساڵی ١٩٤٧ دووەمین فیلمی سینەمایی عیراقی بە هاوبەشی لەگەڵ میسر درووست کراوە کە ئەویش فیلمی»قاهیرە و بەغداد»بووەو دەرهێنەرەکەی ناسراوە کە بەڕەچەڵەك کوردەو یەکێكە لەو سێ دەرهێنەرەی بناخەی سینەمای میسریان دامەزراندوە ئەویش هونەرمەند ئەحمەد بەدرخان باوکی دەرهێنەری بەناوبانگ عەلی بەدرخان-ە. کە ئێمەومانانیش لە ساڵی ٢٠١٧ دا پرۆتۆکۆلێکی هاریکاریمان لەنێوان کۆمپانیاکەی بەندە» هاواری فیلم»و»ناوەندیی بەدرخان»ی ئەو واژۆکرد کە فیلمی هاوبەش درووست بکەین، واتە دوای ئەزموونی بەدرخانی باوکی و تێپەڕبوونی (٧٠)ساڵ بەسەر فیلمی هاوبەشی میسری عیراقی، ئەوە ئێمەش هاتین و پەیماننامەمان واژۆ کرد کە فیلمی هاوبەشی کوردیی میسریی و چەندین پڕۆژەی تر ئەنجامبدەین.
لە سینەمای عیراقی پاشایەتی و کۆماریدا، ژمارەیەک لە سینەماکارانی کورد رۆڵی بنەڕەتییان لە دامەزراندنی ئەو سینەمایەدا گێڕا کە خێرەکەی تەنها بۆ زمان و کولتووری عەرەبی عێراق بوو بێ ئەوەی بۆ کوردیی عێراقی تۆزقاڵێك قازانجی لێکەوتبێتەوە.
ئەو هونەرمەندە کوردانەی لە رابردوودا هەوڵیاندا فیلم درووست بکەن و لە ماستەرنامەکەمدا ئاماژەم بەناوەکانیانداوە، وەك سەرچاوەیەکی گرنگ لە پەڕتۆکی «مدخل الی السینما الکردیه‌»ی دکتۆر بورهان شاویدا بە وردی باسی لێکراوە کە نەك هەر ئی هونەرمەندانی کورد لە عیراق، بەڵکو هەوڵی سەرەتای درووستبوونی سینەمای هەر یەك لە وڵاتانی تورکیا و ئێران و سوریاو تەنانەت ئەرمێنیاشی باس کردوە کە هونەرمەندانی کورد چ رۆڵێکیان لە سینەمای ئەواندا گێڕاوە، بەڵام هەوڵی بە کوردیی قسەکردنی سینەما لە هەر یەکێك لەو وڵاتانەدا بە بیانوو و پاساوی جۆراو جۆرو نابەجێ قەدەخەکراوە و ئیدی کورد نەیتوانیوە بە زمانی خۆی دەستی بگاتێ و کاری لەسەر بکات، یان هەندێكیان بە درێژایی تەمەنی کارو ژیانیان تاقە فیلمێکیان بە زمانی کوردیی درووست نەکردوە یان هەر لە بنەڕەتدا هەوڵیان نەداوە کارێکی لەوجۆرە سەربخەن، بۆ نموونە:
عەبدولجەبار تۆفیق وەلی دەرهێنەری فیلمی «کێ بەرپرسیارە» کە ساڵی ١٩٥٤ بەرهەمهاتووە، کوردەو چەند فیلمێکی تری هەیە، بەڵام بە کوردیی هیچ کارێکی نیە. کامەران حوسنی دەرهێنەری فیلمی»سەعید ئەفەندی – ١٩٥٩». حیکمەت لەبیب دەرهێنەری فیلمی»شەمەندۆڤەری سەعات ٧ – ١٩٦١». محەمەد شوکری جەمیل دەرهێنەری زۆرترین فیلمی عیراقی تاقە فیلمێکی بە زمانی کوردیی نیە. بەڵام چەند دەرهێنەرێك هەر لەسەرەتاوە هەوڵیاندا فیلم بە زمانی کوردیی درووست بکەن، ئەوانیش هەر زوو هەوڵەکانیان لەباربرا، لەوانە؛ یوسف جەرجیس لە سەرەتای شەستەکان ویستی فیلمی کاوەی ئاسنگەر درووست بکات، بەڵام سەری نەگرت. یەحیا فەیەق ویستی داستانی ئەوین و جوانی ئەحمەدی خانی» مەم وزین»بەرهەمبهێنێت، کارەکەی ئەویش لەبار برا. مەکی عەبدوڵا»عەلی ئەفەنی» لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاکان هەوڵی بەرهەمهێنانی فیلمیداوە ئەویش رێگای پێنەدرا بە زمانی کوردی فیلم دروست بکات تاوەکو ساڵی ١٩٩٠ ئیدی بەو خەونەی شادبوو و فیلمی «نێرگز بووکی کوردستان»ی بەرهەمهێنا کە مخابن ئەویش لە سەردەمێك رێگای پێدرا کە حکومەتی بەعس وەك بەرپەچدانەوەی ئەوانەی تاوانباریان دەکرد بە جینۆسایدی کورد و خاپور کردنی دێهاتەکانی کوردستان، رێگایدا ئەو فیلمە بەرهەبهێنرێت و لە دونیادا بڵاوبکرێتەوە تاوەکو بیسەلمێنێ کە دیهاتی کوردستان خاپور نەکراون بەڵکو کوردەکان بە زمان و ژیانی ئاسایی خۆیان لە دێهاتەکان فیلم دروست دەکەن!.
بەغدای کۆماریی
سەرباری ئەو کێشەو گرفتە سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییەی دەهاتە بەردەم کوردەکانی عیراق، سینەمای عەرەبەکانی عیراقیش هێندە پێشکەوتوو نەبوو تاوەکو کوردەکان سودی لێوەربگرن و دەوڵەتیش لەسەردەمی کۆماریدا، بایی ئەوەندە ئەو دیموکراسیەتەی تێدا نەبوو رێگا بدرێت کوردەکانیش بە زمانی خۆیان فیلم دروست بکەن، تەنانەت لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسمیشدا کە عیراق «لە سەرەتاکەیدا» بە سەردەمی زێڕینی کرانەوەو ئازادییدا تێپەڕی و زمانی کوردی و عەرەبی وەك دوو زمانی فەرمی و ناسراوی دەوڵەت لە دەستوردا دانیپێدانرا، بەوەشەوە دروستکردنی فیلمی کوردیی رێگا پێدراو نەبووە، یان کورد و شۆڕشەکەی بە ئەندازەیەکی زۆر کەم و ماوە کورت هەوڵی تۆمارکردنی چەند دیمەنێکی کوردستان و شۆڕشەکەی داوە کە بەشی هەرە زۆری ئەو بەڵگە ڤیدیۆیانە کورد دروستی نەکردوون، بەڵکو یان بیانی بوون، یان ئەوەتا لەلایەن حکومەتی عیراقەوە دروست کراون کە بەشێکی زۆری هەوڵدان بووە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر شۆڕشی کوردستان، واتە لە رێگای بەرهەمهێنانی فیلمەوە سیخوری بەسەر شۆڕش و ناوچە ئازادکراوەکانی بندەستی کراوە.
بەو هەموو هەوڵەی حوکمڕانی عێراق، دەبینین کۆی ژمارەو وەبەرهێنانی سینەمای کوردیی سایەی رژێمەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ ەوە تاوەکو ١٩٩١، ناگاتە کۆی ژمارەو وەبەرهێنانی سینەمای خۆماڵی و خۆکردیی یەك ساڵی سایەی قەڵەمڕەویی هەرێمی باشوری کوردستان؟!.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ژمارەیەکی نوێی (شیعر) چاپ و بڵاوکرایەوە

لەدووتووێی چەندین لاپەڕەدا ژمارە 8ی‌ بڵاوكراوەی‌ (شیعر) وەكو بڵاوكراوەیەكی بەردەوامی ...