سەرەکی » وتار » ئەردەڵان عەبدوڵڵا » جیاوازی نێوان رژێمی بەعسی سەدامی و…

جیاوازی نێوان رژێمی بەعسی سەدامی و…

جیاوازی نێوان رژێمی بەعسی سەدامی و ئوردونی هاشمی لە دیدی فۆکۆیاماوە

هەمیشە لە لای زۆربەی عیراقییەکان ئەوە جێگەی پرسیار بوو، بۆچی ئوردونییەکان کە لەسەر خێر وسەدەقەی عیراق دەژیان، کەچی رەوشی ژیانی هاوڵاتییانی ئوردون لە هی عیراقی باشتر بوو؟! لە کاتێكدا عیراق وڵاتێکی دەوڵەمەند و خاوەنی سامانێکی زۆری سروشتییە لە « ئاو ، نەوت و گاز» کەچی خەڵکەکەی لە رەوشێکی خراپدا دەژیان، گەرچی ئوردون سامانی سروشتی زۆر کەمە و وڵاتێکی هەژارە، بەڵام هاوڵاتییانی ئوردونی زۆ باشتر لەچاو عیراقیدا دەژیان.
دیارە ئەمە تەنها لە لای ئێمە نەبوبووە پرسیار، بگرە لای زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی بیانیش بۆتە مایەی پرسیار، یەکێکیش لەو کەسانەی کە خۆی بەم پرسیارەوە خەریکردووە، فرانسیس فۆکۆیامای فەیلەسووفی ناوداری ئەمریکایە. تاڕادەیەکی زۆریش توانیویەتی شرۆڤەیەکی جوانی بۆ بکات. لە ماوەی پێشوودا کتێبی « رەگو ریشەی سیستەمی سیاسی « م بینی، ئەم کتێبە لە نووسینی فرانسیس فۆکۆیامایە و لەلایەن برای وەرگێڕمان کاک ئاوات ئەحمەد سوڵتان کراوەتە کوردی و دەزگای دوارۆژ چاپیکردووە. بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە جوان و گرنگەکانی، پاش ماوەیەکی تر قسەی زیاتری لەسەر دەکەم.
فۆکۆیاما خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی زۆرە و لە هەمووشیان ناسراوتر کتێبی « کۆتایی مێژووە» کە لە ساڵی 1989 نووسیویەتی و لێرەوە ناوبانگی لە جیهاندا دەرکرد. لە ئێستاشدا یەکێکە لە فەیلەسووفە ناودارەکانی ئەمریکا و جیهان.
لە بەشێکی ئەو کتێبەدا بە کورتی باسی ئەو جیاوازییە دەکات، بەتایبەتی کاتێک باسی «حکومەتی بەرپرسیار» دەکات و دەڵێت: حکومەتی بەرپرسیار واتە فەرمانڕەوایان باوەڕیان وایە لە بەردەمی گەلەکانیاندا بەرپرسن، بەرژەوەندی گەل دەخەنە ژوور بەرژەوەندی خۆیانەوە. بەرگی یەکەم/ لاپەڕە. 432 .
پاشان فۆکۆیاما زیاتر ئەم چەمکە روون دەکاتەوەو دەڵێت: بۆ دروستبوونی حکومەتی بەرپرسیار دوو شێواز هەیە، یەکەمیان: لە رێگەی بوونی میکانیزمێکەوە دەبێت کە دەسەڵاتی حکومەت سنوردار بکات، کە خۆی لە سەروەری یاسا و هەڵبژاردن و پەرلەمان دەبینێتەوە. رێگای دووەم : پەروەردەی ئاکارییە، بۆ نموونە چین و ئەو وڵاتانەی لە ژێر کاریگەی ئایینی کۆنۆفۆشیزمدا بوون، میرەکان وا پەروەردە دەکران کە هەست بە مانای بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە کۆمەڵگەکەیان بکەن و بیرۆکراسییەکی شارەزاش راوێژی پێدەدان لە بارەی هونەری دەوڵەتداریی چاکەوە.
دواتر دێتە سەرباسی ئەو جیاوازییەی نێوان رژێمی بەعسی سەدامی و ئوردونی هاشـمی، ئەمەش مایەی گرنگی وسەرنج بوو لە لای من . فۆکۆیاما پێی وایە، ئەم جیاوازییە زیاتر پەیوەندی بە ئاکاری سیاسیی سەرانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە هەبوو.
فۆکۆیاما دەڵێت: ئوردونی هاشـمی و عیراقی بەعسی سایەی سەدام حسێن، هیچکام لەو دوو وڵاتە دیموکراسی نەبوون، بەڵام دووەمیان دیکتاتۆریەتێکی سەختی بێ رەحمانەی داگیرکەرانەی سەپاند بوو. لە بنەڕەتدا خزمەتی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵێکی بچووک لە هاوەڵ و خزمانی سەدامی دەکرد. بەڵام پادشا ئوردونییەکان، بە پێچەوانەوە گەرچی بە فەرمی لەبەردەمی گەلەکانیاندا بەرپرسیار نین لە توێی پەرلەمانێکەوە نەبێت کە دەسەڵاتی زۆر کەمە، کەچی ، بە وریایی گوێ دەدەنە داواکارییەکانی کۆمەڵگەی ئورودونی. ئەمەش جیاوازی نێوان ئەم دوو رژێمە بوو. بەرگی یەکەم. لاپەڕە 433،432.
لە راستیشدا وابوو، هیچ کاتێک بەعسییەکان خۆیان بە بەرپرس بەرامبەر بە گەلانی عیراق دانەدەنا و گوێیان بە بەرژەوەندییەکانی گەلانی عیراق نەدەدا، هەربۆیە وڵاتیش بەرەو کارەساتی گەورە هەنگاوی نا. بەڵام رژێمی ئوردونی هاشمی، خاوەنی جۆرە ئاکارێکی سیاسیی بوو، کە خۆی لە بەرپرسێتی بەرامبەر بە گەلەکەی دادەنا، ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر بە خزمەتی گەلانی ئوردون شكایەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

با لایەنە ناشیرینەکەی بەفریش ببینین

بێ بەرگییە عیللەت کە هەتیو مەیلی هەتاوە – نالی – ...