سەرەکی » ئاراستە » تەلەڤزیۆنی کوردی

تەلەڤزیۆنی کوردی

سەرکەوت عەلی حەبیب

(٤)
بێ خەمی تەلەڤزیۆنی کوردی لەبەرانبەر زمانی کوردی و بایەخدان بە زمانی بێگانە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە چونکە لای هەندێک بە تایبەتی ئەوانەی کورد گووتەنی: (نانی گشت عەسکەرەکەی) بەدەستە و لە ناوەندی بڕیارداندان باس لەوە دەکەن کە ئێمەی کورد بە تایبەتیش منداڵەکانمان، هەر لە دارەدارە و تا زووتر فێری زمانی بێگانە بین، درەنگە بۆ ئەوەی کوردستان پێشبکەوێت، (لە کوردی حەز نەکا کوردێ مەڵێن چییە وە یا چۆنە)، بۆیە تەلەڤزیۆنیش بێ خەمە لەبەرانبەر زمانی کوردی و بایەخ بە زمانی بێگانە دەدات، تۆ بڕوانە بۆ دەرمان، گەر هەشبێت لەبەر ناوی سوێند، بەرنامە بە ناوی کوردی دەنا(بەرنامە بە ناوی بێگانە) بەیەکتری دەڵێن بڕۆ بەولاوە، ئەم بە چاوی سوک تەماشاکردنی زمانە لە تەلەڤزیۆنی کوردییەوە داهات و بە پاساوی تریش ئەم زمانە فەرمۆشکراوە و هیچ یاسایەکیش بۆ ئەم پێشێلکارییانە نییە و ئەم هەرێمە هیچ یاساو رێسایەک نایگرێتەوە و دەڵێیت (گوندی فرەکوێخا) یە.
بەبیرەوەری ئێمەی بینەری (لە داڵەوە بۆ داڵ) و(دوای راپەرین ـ دنیایەک لە کەناڵی تەلەڤزیۆن) کەمێک زانیاری سەرەتایمان لەسەر تەلەڤزیۆن و کارکردن یان ئەو کەسانەی لە تەلەڤزیۆن کاردەکەن هەیە، لە تەلەڤزیۆندا (بەهرە و بەهرەمەندی) پێش خوێندەواری و خوێندن تەواوکردنە چونکە زۆرجار کەسی خوێندەوار و ئەوانەی خوێندنی تایبەتیان بەم بوارە خوێندووە، ئەو توانایەیان نەبووە، پاشان بۆ (بێژەر، پێشکەشکەر) پێویستە لە رووی جەستە و لەشەوە گونجاوبێت و (رووی جوان) یش یەکێکە لە مەرجەکانی وەرگرتن نەک ناشیرین و بیر. هەروەها تایبەتمەندییەکی تری تەلەڤزیۆن بە تایبەتی ئەوانەی لە (شاشە) وە دەردەکەون، کاریگەرییان لەسەر خەڵک هەیە، هەر لە (ئەتەکێت و ئاداب و مۆدێلی جلوبەرگ) چونکە خەڵک لە رێگەی ئەوانەوە مۆدێلی جلوبەرگ دەگۆڕن و ئاشنادەبن بە مۆدێلی نوێ، نەک وەک ئەوانەی تەلەڤزیۆنی کوردی کە نەک فێری مۆدێلمان ناکەن بەڵکو زۆرجار هێندە ناشیرین دەردەکەون وەختە ئێخەی خۆمان دادڕین.
ـ هەروەها بابەتێکی تر کە کاریگەری زۆر خراپی لەسەر بینەر هەیە، زوو زوو (بێژەر، پێشکەشکەر) دەگۆڕدرێت یان لە پێشکەشکردنی (هەواڵ) بۆ پێشکەشکردنی (بەرنامەی ئاسایی)، یان ماوەیەک خزمەت دەکا و کارەکەی دەبێتە خەمی نان و خەمی ژیان، لە رێی شاشەوە هێندە بووەتە میوانی ماڵەکانمان، (عادل امام) گووتەنی: (هێندە لە رێی تەلەڤزیۆنەوە چوومەتەماڵەکان، خەڵک وەکو کەسی خۆیان سەیرم دەکەن)، کەچی لە تەلەڤزیۆنی کوردی، ئەم کەسە بێ هیچ بۆنەیەک لێدوانێک دەدات و دەڵێت : لەم کاتەوە هیچ پەیوەندییەکم بە بەرنامەی (….) نەماوە و بۆ (وەرزی نوێ) چاوەڕوانی بەرنامەی نوێ بن زۆرجار ئەو وەرزی نوێ یە (یوم القیامە) یە و ئەو کەسە وەک (قابی ئەلحەد) بێ دەنگ دەمێنێتەوە.
ئەم (وەرزی نوێ) یە میزاجی کەسێکە و دەبێت بە بڕیار، باشە وەرزی نوێ کاتی خۆی هەیە و ئەو کەسەش کەلەو تەلەڤزیۆنە کاردەکات هەروا رێبواری نەهاتووە یان کارمەندە یان بە پێی گرێبەستێک و ماوەی دیاریکراوە نەک کتوبڕ بڵێت: بۆ وەرزی نوێ، ئێمەی بینەر تەمەنێکمان لەگەڵ چەند پێشکەشکەرێکی بە توانا (مو‌وید البدری، کامل الدباغ و امل حسین) بەسەربرد و کەسیش رۆژێک نەیگووت ئەمانە دەمێکە دەردەکەون و ئیتر بەسە بۆ وەرزی نوێ .
بابەتێکی تر:
كاتێك پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان، رۆڵه‌ به‌ئه‌مه‌كه‌كانی كورد له‌ به‌رانبەر‌ دڕه‌نده‌ترین دوژمن له‌ شه‌ڕدان، ته‌له‌ڤزیۆنی كــوردی راسته‌وخۆ په‌خشی ده‌كات، یان ده‌نووسن به‌په‌لــه‌، دیاره‌ ئه‌مه‌ خزمه‌ت به‌ دوژمن ده‌كات و به‌م كاره‌ زانیاری ده‌ده‌یت و پلانه‌كان ئاشكرا ده‌كه‌یت، ئه‌مه‌ شه‌ڕه‌، جــه‌نگه‌، نه‌ك یاری تۆپی پێ، نه‌ میهره‌جانیشه‌ تۆ راسته‌وخۆ په‌خشی بكه‌یت.
دیاره‌ ئێوه‌ له‌ دڵسۆزیتانه‌وه‌یه‌، به‌ڵام نەشارەزا و زۆرجار نامه‌ خوا و ئافه‌رین سه‌رتان لێ ده‌شێوێنێ و به‌ خراپ ده‌شكێته‌وه‌.
ده‌كرێت بۆ كار و به‌رنامه‌یه‌كی به‌ڵگه‌نامه‌یی یان ئه‌رشیڤی و بۆ مێژوو، فۆتۆ و ڤیدیۆ بەکاربهێنرێت و دوایی پەخش بکرێت نەک راستەوخۆ.
ـ هەروەها نمونە بۆ بابەتێکی رۆژانە، میوانداری کەسێک دەکرێت لە میانەی پرسیار و چوونە نێو بابەتەکە، ئەو کەسە هیچ ئاگادار نییە.
پێویستە بۆ کێشە و گیروگرفتێک لە ناوچەیەک کەسی لێپرسراو یان ئاگادار لەو کێشەیە بانگ بکرێت نەک کەسێک کە هەموو وەڵامەکانی (ئاگادارنیم یان لە خۆیان بپرسە؟)
ـ لەتەلەڤزیۆنی کوردیدا، کەسێک ناوی (مەقامی کوردی) نازانێت کەچی بەرنامەی (دیداری گۆرانیبێژان) پێشکەش دەکات، سەرنج بدەن:
پێشکەشکەر: مەقامێکمان بۆ بڵێ
گۆرانیبێژ.: چ مەقامێک ؟ ناویان دەزانیت ؟
پێشکەشکەر: ناویان نازانم.
ئێمە چەند خەمساردین ! (ئەلفوبێی) بابەتەکان نازانین و خۆمانی لێ هەڵەقورتێنین، کەچی خۆرهەڵاتناس و کوردناس (تۆمابوا) نەک ناوی (مەقامەکان) بەڵکو پێمان دەڵێت: گۆرانی کوردی گەلێک چەشنی هەیە، گۆرانی بابەتی شەو بە رۆژ ناگوترێت ئەوەی منداڵ دەیڵێت لە گۆرانی ژن و پیاو جیایە و منداڵ گۆرانی گەورە ناڵێت و تایبەتە بە دنیای خۆیان، هەروەها ئەو گۆرانییەی لە نێوماڵ دەگووترێت جیاوازە لەوەی دەشتودەر و سەرئیشوکار، بە کورتی (گۆرانی کات و شوێنی خۆی هەیە).

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لە رێی كوردستانی «نوێ»وە بەهەمووان رادەگەیشت

دێدەوانی یەعقوب / كۆیە ڕەنگە ئەگەر هەر كەس كە وێنەی ...