سەرەکی » وتار » ئارام عه‌لی‌ عه‌زیز » نه‌ورۆز جه‌ژنێكی ئایینیه‌

ئه‌ندێشه‌

نه‌ورۆز جه‌ژنێكی ئایینیه‌

حه‌ج عه‌ره‌فه‌یه‌و عه‌ره‌فه‌یش حه‌ج. له‌عه‌ره‌فه‌دا نوورو رۆشنایی خودا ته‌ججه‌لی ده‌كاته‌ سه‌ر حه‌جاجه‌كان و دڵودروونیان له‌ته‌رسیباتی خراپه‌ پاكده‌كاته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی‌ گوناحكردنه‌وه‌ توشیان بوه‌. ئینجا دوای‌ عه‌ره‌فه‌ ده‌بێته‌ جه‌ژن. جه‌ژنیش ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ ته‌ججه‌لی نووری‌ خودایه‌ بۆ سه‌ر زه‌وی، بۆیه‌ رۆژانێكی پیرۆزن. دوای‌ ته‌ججه‌لی‌ نوری‌ خودایش ده‌بێت قوربانی بكرێت، بۆیه‌ ده‌گوترێت جه‌ژنی قوربان.
ئه‌و رۆشناییه‌ ساڵانه‌ له‌حه‌جدا ته‌ججه‌لی ده‌كاته‌ سه‌ر كێوی عه‌ره‌فه‌، له‌سینایش ته‌ججه‌لی كردۆته‌ سه‌ر حه‌زره‌تی‌ موسا، له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ئایه‌تی‌ 10ی‌ سوره‌تی‌ (طه) له‌قورئانی پیرۆزدا له‌سه‌ر زمانی‌ حه‌زره‌تی‌ موسادا هاتوه‌: (….إِنِّي آنَسْتُ نَاراً لَعَلِّي آتِيكُمْ مِنْهَا بِقَبَسٍ أَوْ أَجِدُ عَلَى النَّارِ هُدًى) هه‌روه‌ها ئه‌و نووره‌ دابه‌زیوه‌ته‌ سه‌ر حه‌زره‌تی‌ عیسای مه‌سیح له‌كێوی‌ زه‌یتون، كه‌ ده‌كاته‌ كێوه‌كه‌ی‌ قودس، یه‌كه‌م جاریش ئه‌و رۆشناییه‌ دابه‌زیوه‌ته‌ سه‌ر چیای‌ جودی. وه‌كو له‌سوره‌تی‌ (التین) دا هاتوه‌: (والتین والزیتون وطور سینین وهذا البلد الامین). ئه‌م چوار چیایه‌، وه‌كو كێوی عه‌ره‌فه‌ به‌چیای نووراوی ده‌ناسرێن و وشه‌ی‌ (طور) یش وه‌كو له‌م ئایه‌ته‌ی‌ خواره‌وه‌دا هاتوه‌، مانای چیا ده‌به‌خشێت و توراتیش مانای‌ چیای‌ نووراویه‌. پیتی‌ (واو)ی‌ كه‌ له‌ئایه‌ته‌كه‌دا هاتوه‌ واوی‌ عه‌تفه‌، به‌پێی رێزمانی عه‌ره‌بیش مه‌عتوف عه‌له‌یهیی و مه‌عتوف ده‌بێت یه‌ك جۆر یان یه‌ك حاله‌ت بن، له‌م ئایه‌ته‌دا له‌وشه‌ی‌ (طور)، (صنف- جۆر)ی شته‌كه‌ دیاریكراوه‌، كه‌ چیایه‌، (كێوی‌ سینا)، كه‌واته‌، ئه‌وانی دیكه‌یش چیان، نه‌ك میوه‌. ئه‌وانیش: البلد اڵ‌مین: كێوی عه‌ره‌فه‌یه‌، گور سینین : كێوی سینایه‌، الزیتون : مه‌به‌ستی چیای زه‌یتون (كێوی‌ قودسه‌)، كه‌ به‌سروشتی ئه‌و چیایه‌ داری‌ زه‌یتونی تیایه‌، التین: كێوی‌ جوودی-ه‌، كه‌ به‌سروشتی هه‌نجیر له‌و چیایه‌ی‌ كوردستاندا هه‌یه‌، (عه‌وفی‌ له‌ئیبن عه‌باسه‌وه‌ ده‌گێرێته‌وه‌، كه‌ (التین)، مانای‌ مزگه‌وتی‌ نوحه‌ له‌سه‌ر جوودی‌).
وه‌كو له‌سه‌ره‌وه‌ روونمانكرده‌وه‌ چۆن له‌عه‌ره‌فه‌ی‌ مه‌ككه‌دا رۆشنایی خودا ته‌ججه‌لی ده‌كاته‌ سه‌ر حاجیه‌كان و پاكیانده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام نابینرێت، نمونه‌ی‌ ئه‌و نووره‌یش پێشتر له‌كێوی‌ سینا بۆ حه‌زره‌تی‌ موسا هاتۆته‌خواره‌وه‌. له‌و روانگه‌یه‌وه‌ نووری‌ خودا ته‌ججه‌لی كردوه‌و دابه‌زیوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و چیایانه‌. كه‌ یه‌كه‌مینیان جوودی‌ (سنجار)ی كوردستانه‌. جوودی‌ پیرۆز بوو كاتێك رۆشنایی‌ خودا ته‌ججه‌لی‌ كرده‌سه‌ر قۆپه‌كانی‌ له‌رۆژی‌ نه‌ورۆزی‌ یه‌كه‌مین جه‌ژنی‌ مرۆڤایه‌تی‌ له‌شه‌مه‌هی‌ به‌هاردا (شم النسیم)، دواتریش بۆ جاری‌ دوه‌م خودا ته‌ججه‌لی كرده‌سه‌ر حه‌زره‌تی‌ موسا له‌كێوی سینادا. له‌شارستانیه‌تی‌ بابلیی و سۆمه‌ریی و له‌ لایه‌ن زۆربه‌ی‌ گه‌لانی خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستیش ئه‌م جه‌ژنه‌ پیرۆزكراوه‌و له‌ ئایه‌تی‌ (59)ی‌ سوره‌تی‌ (طه) یش به‌(یوم الزینة‌) ناوی‌ هاتوه‌. ئاگری‌ نه‌ورۆزیش له‌و نووره‌وه‌ هاتوه‌، نه‌ك ئاگرپه‌رستی.
له‌و روانگه‌یه‌وه‌ نه‌ورۆز جه‌ژنێكی ئاینیه‌و گوزارشت له‌ته‌ججه‌لی‌ نووری‌ خودا ده‌كات له‌سه‌ر چیای‌ جودی‌ له‌سه‌ره‌تای خه‌لیقه‌تدا، كه‌ موجاده‌له‌ كه‌ونیه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ نێوان خوداو حه‌زره‌تی‌ ئاده‌م و، حه‌زره‌تی‌ ئاده‌م وهه‌رچوار مه‌خلوق ته‌واو بوو هه‌مویان كرۆنۆشیانبردو په‌یمانیاندا خودابپه‌رستن و شه‌ریكی بۆ په‌یدا نه‌كه‌ن، بوو به‌جه‌ژن.
له‌كتابی (بحار الانوار 56/92) دا، معه‌لا كوڕی‌ خنێس ده‌گێرێته‌وه‌: له‌رۆژی‌ نه‌ورۆزدا ئیمامی جه‌عفه‌ری‌ صادق ره‌زای خوای له‌سه‌ربێت گوتی‌: …. ئه‌ی‌ معه‌لا! رۆژی‌ نه‌ورۆز ئه‌و رۆژه‌یه‌ كه‌ خودا په‌یمانی له‌به‌نده‌كانی‌ وه‌رگرت كه‌ بیپه‌رستن و شه‌ریكی بۆ په‌یدا نه‌كه‌ن و بڕوا به‌نێردراوو پێغه‌مبه‌رانی بهێنن…. رۆژی‌ نه‌ورۆز یه‌كه‌مین رۆژه‌ كه‌ خۆری‌ لێ هه‌ڵهاتوه‌….، ئه‌و رۆژه‌یه‌ كه‌ تیایدا كه‌شتیه‌كه‌ی‌ نوح له‌سه‌ر چیای جودی گیرساوه‌ته‌وه‌..، رۆژی‌ نه‌ورۆز ئه‌و رۆژه‌یه‌ كه‌ حه‌زره‌تی‌ جوبرائیل بۆ یه‌كه‌مین جار بۆ لای‌ حه‌زره‌تی‌ محه‌ممه‌د (د.خ) دابه‌زیوه‌… هه‌روه‌ها هه‌ر به‌پێی‌ ئه‌و ریوایه‌ته‌ رۆژی‌ نه‌وورۆز ئه‌و رۆژه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان چاوه‌ڕوانی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ حه‌زره‌تی‌ مه‌هدی لێده‌كه‌ن …ئیتر نه‌ورۆزتان پیرۆز، ئه‌ی‌ گه‌لی پیرۆز له‌سه‌رزه‌مینی پیرۆز.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دیداری‌ كۆیه‌

سه‌ره‌ڕای‌ زاڵبوونی مۆركی‌ به‌ حه‌ق و ناحه‌ق خۆبه‌مه‌زلومزان به‌سه‌ر وتاری‌ ...