سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » فیلم بە رەش و سپی

فیلم بە رەش و سپی

هۆلیود، بە پایتەختی فیلمسازی ئەمریكا و جیهان دادەنرێ، ساڵانە دەیان فیلم لەو شارە بەرهەم دێت، ئەمە جگە لەوەی لە دەیان وڵاتی تر لە جیهاندا ساڵانە سەدان فیلم بەرهەم دێت.
هەندێك لەو فیلمانە، لە سەرەتای دروستبوونی بازاڕی فیلمسازی بە رەش ‌و سپی بەرهەم هاتوون، چونكە ئەو سەردەمە تەكنیكی فیلمی رەنگاوڕەنگ نەبوو. لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنیكەكانی سینەما، هەندێك لە فیلمە بە ناوبانگەكانی سینەما و سیناریۆ بەهێزەكان جارێكی تر، بە تەكنیكی نوێ بەرهەم هاتوونەتەوە ‌و بینەرێكی زۆریشیان هەبووە.
ئێستا ئەم حاڵەتە لای ئێمە لە كوردستان لە بوارێكی تردا هەیە و بە پێچەوانەشەوە، ئەویش لە سیاسەت و لە كاری ئۆپۆزسیۆن بووندا. سەرەتای سەرهەڵدانی نەفەسی ئۆپۆزسیۆن بوون لە نێو پەرلەمانەوە بە ناڕەزایی و تەپڵ لێدان لەسەر كاتی قسەكردن لەسەر بودجە دەستیپێكرد و شەكانەوە بە شنەبای ئەو فەوزایەی ناونرا بەهاری عەرەبی، ئۆپۆزسیۆنی راكێشا بۆ داواكردنی هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و پەرلەمان، لە كاتێكدا ساڵ و نیوێك بوو هەردووكیان دامەزرا بوون و دواتریش بە بیانووی پشتگیریی لە فەوزای عەرەبی لە میسر، ئۆپۆزسیۆن حەڤدەی شوباتی دروستكرد و بارودۆخەكە پێینایە قۆناغێكی نوێوە كە خۆی لە خۆپیشاندان و پەلاماردانی دامودەزگای حكومی و حزبی و ئەمجا بایكۆت بە هۆی بڕیاری پاشەكەوتی مووچەوە.
دیارە ئۆپۆزسیۆن لە ساڵی 2013 دا كاتێك چووە نێو حكومەتەوە و بە تایبەت بزووتنەوەی گۆڕان بەڵێنی چوار ساڵ ئارامی بە هاوبەشە سەرەكییەكەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، دابوو، بەڵام ئەم ئارامییە لەبەر تێكچوونی رێكەوتنەكەی نێوانیان و لەبەریەك هەڵوەشانەوەی و جارێكی تر ئۆپۆزسیۆن بە سەركردایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان چووە سەر بای بەڕە كۆن و سەرەنجام ئۆپۆزسیۆنی خاوەنی 17ی شوبات و نوێژكردن لەبەر دەركی سەرا، پاش 8 ساڵ جارێكی تر لەگەڵ ئەوەی ئەو بە دوژمنی سەرەكی خۆی وێنا دەكرد كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، رێكەوتنێكی تری لەگەڵدا مۆر كرد، گەرچی سێیەمی هەڵبژاردنیش بوو، بۆ چوونە نێو حكومەتەوە و وەرگرتنی چەندین پۆستی گرنگ، بەمەش فیلمی ئۆپۆزسیۆن بوون لێرەدا كۆتاییهات.
ئێستا لایەنێكی تری بەڕێز دەیەوێت هەمان سیناریۆی ئەو ئۆپۆزسیۆن بوونە، دووبارە بكاتەوە، بەڵام بە داخەوە لە بری ئەوەی بە تەكنیكی نوێوە ئەو رۆڵە دووبارە بكاتەوە، بە رەش و سپی و بە كاڵییش دەیكات.
بە هەمانشێوە لە نێو پەرلەمانەوە دەستیپێكرد، ئەمجا لە بەغدا لە دادگای فیدراڵی یەكەم شكاتی لە حكومەتی هەرێم كرد، هەروا لە یادی راپەڕیندا لە تەلەفزیۆنە زمانحاڵەكەیەوە داوای رووخانی حكومەتی هەرێمی دەكرد كاتێك بێژەرەكەیان دەیوت، حكومەتێك یان تاقمێك بە هێز هاتبنە سەر حوكم هەر دەبێ بە هێز بڕۆن و رۆژانە قسەكردنی ئەندام و لایەنگرانیان بە نەفەسێكی توندی شەڕئامێزەوەیە.
هەموو ئەمانە، دووبارەكردنەوەی كار و هەڵوێست و هەڵسوكەوتی ئۆپۆزسیۆنەكەی جاران و هاوبەشی حكومەتەكەی داهاتووە، بەڵام بە كاڵی ‌و بە رەش و سپی. مەعلومیشە دەرەنجامی ئەمەش چی دەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ موجاهیدەكانتان ناوێتەوە؟

لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش و دەستكردنی بە چالاكیی تیرۆریستی لە سوریا ...