سەرەکی » هەمەڕەنگ » که‌وشه‌نی مه‌رگ

که‌وشه‌نی مه‌رگ

[بۆ هه‌موو ١٦/٣ یه‌ک]

فەرهاد شاکەلی

جۆگه‌یێ گڕی ڕه‌‌نگداری، ئاگر نییت،
به‌ر ده‌بیته‌ جاڕی به‌رپێی بیره‌وه‌ریم،
هه‌رچییه‌ک بسووتێنی
نه‌وای سۆزی شه‌وانی دڵته‌نگیمه‌، به‌ یادت
ده‌چوومه‌ که‌وشه‌نی سووری مه‌رگه‌وه‌،
پڕووشه‌ی تیشکی ڕۆژڕه‌نگتم ده‌هێنا
ده‌مدا له‌ برینی ئه‌م خاکه‌ بێده‌نگه‌. ئه‌م وڵاته‌
به‌ سروودی مه‌رگ نه‌بێ، به‌ هیچ، تاری کرژی دڵی
ناکه‌وێته‌ له‌رینه‌وه‌.

له‌ کوێی، له‌ هاڵاوی خوێن، له‌ ڕه‌نگی خوێن،
له‌سه‌ر بلووری گڕگرتووی ئاسمان
نیگارێکی بێسنووری به‌هاری ژاراویکراو بکێشی!

له‌ کوێی، به‌ په‌نجه‌ شووشه‌کانت
له‌ کتێبی خواناس و خوانه‌ناساندا
جێگه‌ی سووره‌تێکی تازه‌دابه‌زیو بکه‌یته‌وه‌،
مه‌ککه‌یی و مه‌دینه‌یی نییه‌،
سووره‌تی خوێنڕه‌نگی هه‌ڵه‌بجه‌… ڕه‌شاوی مه‌رگ و نه‌هاته‌،
بناوانی له‌ داوێنی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ بێبه‌رده‌بازه‌دایه‌،
به‌ شیو و دۆڵی مێژوودا هه‌ڵده‌گه‌ڕێ،
یادگاری ئاوێنه‌ په‌ڵه‌لێنیشتووه‌کان، یه‌ک به‌ یه‌ک، ده‌خوێنێته‌وه‌.
ئه‌م تیشکه‌ی سه‌راسیمه‌م ده‌کات
گوژمه‌ی بارانی تاسه‌یه‌،
نیشانه‌ و ڕازی زه‌ریایه‌که‌ بێنیشان،
ده‌مخاته‌ سه‌ر ڕێگه‌ی پێچه‌ڵپێچی شه‌وستان.

کام شه‌و، کامه‌ تاریکایی
شه‌وه‌زه‌نگتره‌ له‌ دیده‌ی ئه‌م دڵه‌ نابینایه‌؟
کام سارا و ده‌شت و ده‌ر و گۆڕستان
چۆڵه‌وانیتره‌ له‌م دێره‌ وێرانه‌؟
کام پاریا، کام په‌تی سێداره‌، کام تابووت
ته‌نیا و دڵته‌نگ و بێده‌سته‌ڵاته‌ وه‌ک ئه‌وی دووره‌وڵات
کاتێ که‌ زێد و نیشتمانه‌که‌ی ده‌سووتێنن؟

سۆللـه‌نتوونا ١٩-٦-١٩٩٠

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

میوزیكی سەرشەقام لە سەرای سلێمانی

لەچوارچێوەی چالاکییەکانی بەشی سەنتەرە رۆشنبیری و تیپە هونەرییەكانی سلێمانی سەر ...