سەرەکی » مانشێت » منداڵێكی دیكەی ونبووی هەڵەبجە دۆزرایەوە

منداڵێكی دیكەی ونبووی هەڵەبجە دۆزرایەوە

ئا: زانیار ئیبراهیم – هەورامان

منداڵێكی ونبوی هەڵەبجە دوای 31 ساڵ دابڕان گەڕایەوە زێدی خۆی‌و لەلایەن بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجەو كەسوكاری و هاووڵاتییانەوە پێشوازی لێكرا. خەلیل دوای هاتنەوەی بۆ هەڵەبجە یەكەم شوێن سەردانی كرد گۆڕی باوكی بوو، ئەو لە وڵاتی ئێران ناوی محەمەد ئەمینەو لە هەرێمی كوردستانیش خەلیل ساڵح.

چۆن كوڕەكەی ون كرد؟
دایكی خلیل، كە ناوی مەلحە محەمەدە چیرۆكی ونبونی منداڵەكەی بۆ رۆژنامەی كوردستانی نوێ دەگێڕێتەوەو باس لەوە دەكات، دوای ئەوەی لە كاتی كیمیابارانی هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستانەوە دەیان بەن بۆ وڵاتی ئێران لەوێ لە پارێزگای كرماشان منداڵە 10 مانگەكەی لێ ون دەبێت‌و دەڵێت: «لەو كاتەوە تا ئێستا بەردەوام لە هەوڵدا بووە بۆ دۆزینەوەی كوڕەكەی‌و بەردەوام لە خەیاڵیدا بووەو خەوی پێوە بینیوە».
باس لەوەش دەكات، كاتێك لەڕاگەیاندنەكانەوە هەواڵی دۆزینەوەی ونبویەكی هەڵەبجەی بیستوە، خێرا لەڕێگەی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەوە هەوڵی بینینی منداڵە ونبوەكەیان داوەو دوای ئەوەی بینیویەتی هەستی كردووە كە ئەمە منداڵەكەی خۆیەتی‌و منداڵە ونبوەكەش كۆمەڵێك وێنەی لە منداڵییەوە تا گەورەبوونی پێ بووەو منیش پێموت بەڵێ تۆ كوڕەكەی منی‌و دوای ئەوە چوومە وڵاتی ئێران‌و لەوێ پشكنینی (DNA)مان بۆ ئەنجام دراو ئەنجامی پشكینەكەش دەریخست كە محەمەد ئەمین، خەلیلەكەی منە.

لە دادگا یەكلایی بكرێتەوە
خەلیل محەمەد ساڵح چیرۆكی ونبونی خۆی بۆ رۆژنامەی كوردستانی نوێ دەگێڕێتەوەو دەڵێت:»ئەو لەلایەن خێزانێكی ئێرانییەوە بەخێوكراوەو خراوەتە بەر خوێندن‌و كۆلێژی یاسای تەواو كردووەو هاوسەرگیری كردووە، لەكاتی هاوسەرگیرییەكەیدا پێی وتراوە كە ئەو منداڵێكی ونبوی هەڵەبجەیە، بەو هۆیەوە بۆ ماوەیەك بە بارودۆخێكی ناخۆشدا تێپەڕیوە».
دواتر دەستیكردووە بەگەڕان بەدوای خێزانەكەیدا، دوای چەند هەوڵێك رۆژی 13ی 3ی 2019 گەڕاوەتەوە ناحیەی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەو بە خێزانەكەی شادبۆتەوە.
راشیگەیاند، داواكارم دۆسێكەم هەرچی زووە لە دادگا یەكلایی بكرێتەوە لەبەرئەوەی تا دۆسێكەم یەكلای نەكرێتەوە ناتوانم بڕیار بدەم لێرە بمێنمەوە یان بچمەوە وڵاتی ئێران.
برایەكی خەلیل-یش، بەناوی ئیبراهیم ساڵح لەڕێگەی رۆژنامەی كوردستانی نوێ-وە داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بەزوترین كات دۆسێی براكەیان یەكلای بكرێتەوەو بۆ ئەوەی كۆتایی بە چاوەڕوانی ئەوان‌و خەلیلیش بێت كە ماوەی 31 ساڵە لە دووری یەكتریدا ژیان دەكەن.

رەوانەی زانكۆی شاهانەی بەریتانیا كراوە
هاوكات دەربارەی دۆسێی محەمەد ئەمین (خەلیل)، لوقمان عەبدولقادر سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، بە كوردستانی نوێی راگەیاند، محەمەد پشكنینی بۆ كراوەو رەوانەی زانكۆی شاهانەی بەریتانیا كراوە، بەڵام دوای ئەوەی ئەو خێزانەی كە خۆیان بە خێزانی ئەو دەزانی لە وڵاتی ئێران پشكنینان ئەنجام داوەو منداڵی ئەوان دەرچووە، بۆیە ئێستا ئەمان چاوەڕێی ئەو پشكنینەی زانكۆی شاهانەی بەریتانیا ناكەن‌و هەوڵ دەدەن لەڕێگەی دادگای هەڵەبجەوە كەیسەكەی رەوانەی سەنتەرێكی پزیشكی هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ئەوەی دووبارە پشكنینی بۆ بكرێتەوەو رێكاری یاسایی بۆ بگیرێتەبەرو ناسنامەی عیراقی پێ ببەخشرێتەوە.
راشیگەیاند، تائێستا هەشت منداڵی ونبوی هەڵەبجە دۆزراونەتەوەو لە دادگای هەڵەبجەش 74 خێزان داوای 179 منداڵ دەكەن.
خەلیل ئێستا خاوەنی سێ براو چوار خوشكە لە خێزانە هەڵەبجەییەكەی و هاوسەرگیری كردووە لە وڵاتی ئێران‌و كچێكی هەیە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كۆبوونەوەی سەركردە سیاسییەكان: چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر

لەكۆبوونەوەی سەركردە سیاسییەكانی عیراقدا، جەخت لەپێویستیی چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان ...