سەرەکی » هەواڵ » كوردستان سەرتاسەر یادی كیمیابارانی هەڵەبجەی بەرزڕاگرت

هەڵەبجە بەرەو هیوا-هەڵەبجە بەرەو ژیان

كوردستان سەرتاسەر یادی كیمیابارانی هەڵەبجەی بەرزڕاگرت

بەدروشمی (هەڵەبجە بەرەو هیوا-هەڵەبجە بەرەو ژیان) دوێنێ، رێوڕەسمی سی‌ویەكەمین ساڵیادی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە، دەستیپێكردو ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
وەك بڕیاریشە رۆژانی 17و18/3 لەسەیدسادق‌و شارەزوور‌و پێنجوێن، چەندین چالاكی بەڕێوەدەچن، هەر دوێنێش لەلایەن بەشداربووانی رێوڕەسمەكەوە، تاجەگوڵی رێزو وەفا لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە دانرا.
لەهۆڵی داخراوی هەڵەبجە، بەئامادەبوونی لێپرسراوانی حزبی و حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عیراق‌و كونسوڵ‌و باڵیۆزو نوێنەری وڵاتان لەهەرێم‌و عیراق و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، رێوڕەسمی سی‌ویەكەمین ساڵیادی تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، دەستیپێكرد، كە تێیدا چەندین وتار پێشكەشكران. لەسەرەتای رێوڕەسمەكەدا ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە هاوكاریی زیاترو خزمەتگوزاریی باشتر پێشكەشی پارێزگای هەڵەبجە بكرێت، بۆ ئەوەش داوای لە حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی كرد، بەشداری لەپرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی زیاتری پارێزگای هەڵەبجەدا بكەن‌.
پارێزگاری هەڵەبجە، لەوتارەكەیدا، ئەوەی دووپاتكردەوە كە كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەو پێنج هەزار قوربانی، برینێكە لەجەستەمانداو بەهیچ شتێك ساڕێژنابێت، بۆیە ئەركە لەسەرشانی هەموو لایەك، بەتایبەت هەردوو حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عیراق‌و بەگشتیش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەوەی پێویستە بۆ پارێزگای هەڵەبجە، وەك خۆی جێبەجێی بكەن، بەشێوەیەك پارێزگاكەمان بكرێتە پارێزگایەكی نموونەیی، هەر لەوڕووەشەوە سوپاسی هەموو ئەوانەی كرد بەهەر شێوەیەك هەوڵەكانیان خستۆتەگەڕ بۆ جوانتركردن‌و ئاوەدانكردنەوە‌و گەیاندنی دەستی خزمەتگوزاری بە هەڵەبجە.
لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، ئازاد تۆفیق، هیوای خواست‌و داوایكرد زۆرترین هەوڵەكان بخرێنە گەڕ بۆ دۆزینەوەی منداڵانی ونبووی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە‌و شادبوونەوە بەكەسوكاریان.
هەر لەڕێوڕەسمەكەدا، مەحمود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوانی هەرێم، لەوتارێكدا ئاماژەی بەوەكرد كە پێویستە لەپێش هەمووانەوە حكومەتی عیراق كاری جددی بكات بۆ هەڵەبجە. راشیگەیاند: توانیومانە پڕۆژەیاسایەك ئامادەبكەین بۆ پێدانی ماف‌و ئیمتیازاتی تاقانەكانی كیمیاباران‌و پڕۆژەكەش ئاراستەی پەرلەمان دەكەن بەمەبەستی پەسەندكردنی.
وەزیری كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان، داواشی لەحكومەتی عیراق كرد كاری جددی بكات بۆ قەرەبووكردنەوەی هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان، ئەوەش بە جێبەجێكردنی ماددەی 132ی دەستوور دەكرێت، هەروەك هیوای خواست كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كاری جددی بۆ هەڵەبجەو ساڕێژكردنی برینەكانی ئەو پارێزگایە بكات.
لای خۆیشییەوە، بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەڵێنی ئەوەی بە هەڵەبجەییەكان دا، كە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەوەی لە دەستیان بێت بۆ خزمەتكردنی دانیشتووانی هەڵەبجە كاری لەسەر دەكەن.
هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش، لەوتەیەكدا، ئەوەی خستەڕوو كە خەڵكی هەڵەبجە تەنیا قەرەبوویان ناوێت، ئەوەی پێویستە بۆیان بكرێت كەمكردنەوەی ئازارو ساڕێژكردنی برینەكانیانە، كە ئەوەش هەوڵی پێكەوەیی دەوێت.
هەر لەڕێوڕەسمەكەدا، ناجحە عەبدولئەمیر سەرۆكی دامەزراوەی شەهیدانی عیراق، تەئكیدی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەوەی هەڵەبجەو دانیشتووانەكەی دەیانەوێت‌و پێویستە بكرێت، چڕكردنەوەی هەوڵەكانە بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی ئەو كارەساتە جەرگبڕەی بەسەریان هاتووە لەسەر دەستی رژێمی لەناوچووی بەعس، كە ئەو بەرپرسیارێتییەش دەكەوێتە ئەستۆی هەردوو حكومەتی بەغداو هەرێم‌و وتیشی: یەكێك لەو كارانەی كە پێویستە بكرێت‌و ساڕێژی برینی كەسوكاری قوربانیان دەكات، بەسزاگەیاندنی هەموو ئەو كەسانەیە كە بەشداربوون‌و ئەنجامدەری تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مەلا بەختیار: ئەوەی گەرەنتییە، تەنها و تەنها تەبایی كورد خۆیەتی

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، جەختیكردەوە كە لەئێستاو رابردووشدا ئەوەی ...