سەرەکی » هەواڵ » كۆسرەت رەسوڵ: خزمەتكردنی زیاتری هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان

كۆسرەت رەسوڵ: خزمەتكردنی زیاتری هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان

پەیامی كۆسرەت رەسوڵ لە 31ەمین ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە
قوربانیان و بریندارانی كیمیابارانی هەڵەبجە
هاونیشتمانیانی هەڵەبجەی پایتەختی ئاشتی

31 ساڵ لەمەوبەر بە چەكی كیمیاوی رژێمی فاشیست و دیكتاتۆری بەعس شاری هەڵەبجەی قارەمانی كیمیابارانكرد و لە ماوەیەكی یەكجار كەمدا 5000 هاونیشتمانی كوردی شەهید كردو ژمارەیەكی زۆریش لە هاووڵاتیان بریندار بوون، لەم ساڵڕۆژە خەمناكەدا سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە دادەنوێنم و دەخوازم هەموومان بتوانین خزمەتی هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان بكەین.
ئەوێ رۆژێ، رژێمی دیكتاتۆری بەعس نەوەستا و بەهەموو شێوەیەك هەوڵی پاكتاوكردن و لەناوبردنی گەلی كوردی دەدا، لەم پێناوەدا بە دڕندانەترین شێوە تاوانەكانی ئەنفال، كیمیابارانكردن، تەعریب و تەبعیس و تەرحیل، گرتن و ئەشكەنجەدان و لەسێدارەدان و كوشتن بەرامبەر گەلی كوردو خەباتە رەواكەی ئەنجام دەدا، بەڵام خەباتی گەلی كورد بەردەوام بوو تا لەبەهاری 1991 و دواتر لە ساڵی 2003 بە یەكجارەكی رژێمی بەعس، لەناوچوو.
ئەمڕۆ كە هەڵەبجە پایتەختی ئاشتی هەرێمی كوردستانە و هەنگاوەكانی بەكردەیی بەپارێزگابوونی شارەكە دەستیپێكردووە، ئەركە لەسەرمان لەهێزو لایەنە سیاسییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین بۆ خزمەتی شارەكە و هەوڵی جدی بدەین بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە لەئاستی نێودەوڵەتی و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی شارەكە.
هاوكات ئەركە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەهاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، پلان و بەرنامەی وردیان هەبێ بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە و خزمەتكردنی زیاتری هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان و چارەسەركردنی بەركەوتووانی چەكی كیمیاوی و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی ئەم تاوانە دڕندانەیە.
هەزاران سڵاوو دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردو كوردستان

كۆسرەت رەسوڵ عەلی
جێگری سكرتێری گشتیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مەلا بەختیار: ئەوەی گەرەنتییە، تەنها و تەنها تەبایی كورد خۆیەتی

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، جەختیكردەوە كە لەئێستاو رابردووشدا ئەوەی ...