سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » كابینه‌ی نوێ له‌ نێوان خواستی یه‌كێتی و پارتی دا

روونتر

كابینه‌ی نوێ له‌ نێوان خواستی یه‌كێتی و پارتی دا

ئەوەی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای دەكات، درێژەدانە بەكابینەكانی تری رابردووی هەرێم، كە تیایدا خۆی خاوەنی هەمووشتێك بێت‌و لایەنە بەشداربووەكانی تریش، وەك بەشداری كابینەكە تەنها باڵانس‌و هاوسەنگی‌و فرەڕەنگی لە حكومەتەكەدا دروست بكەن. لە بەرامبەر ئەمەشدا ئەوەی یەكێتی خواستێتی‌و پێداگری لەسەر دەكات قۆناغێكی نوێیە لە حوكمڕانی كورد لە باشوور. یەكێتی داواكاری‌و خواستەكانی وەك رۆژی روون دیارن‌و بەئاشكرا بەدرێژایی چەند مانگی رابردووی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ هەمیشە وەك داواكارییەكی نەگۆڕ پێداگری لەسەر كردووە، كە دەبێت (شەراكەتی راستەقینە) ببێتە بنەمای حكومەتی داهاتوو، ئەمە سەرەتاو دەستپێكی هەموو ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی‌و پارتییە وەك دوولایەنی گرنگ‌و سەرەكی‌و پێكهێنەری حكومەت، لەو نێوەندەشدا (بزووتنەوەی گۆڕان) وەك لایەنی سێیەم بەدی دەكرێت، كە ئامادەیی پیشانداوە وەك لایەنێكی بەشدار لەناو بازنەی پێكهینانی حكومەتدا بێت‌و لە سەرجەم گفتوگۆكانیشیدا لەگەڵ پارتی ئەم خواستەی پێشانداوە، كە گۆڕان لەم قۆناغەدا تەنها ئامانجی بەشدارییەو هیچی تر، ئەوەشی لە میدیاكانەوە باسی لێوەدەكات تەنها بۆ جوانكردنی وێنەی بەشدارییەكەیەتی لە حكومەتدا، ئەگەرنا گۆڕان خۆی باشتر لە هەمووان ئەو راستییە دەزانێت، بۆ ئەم قۆناغە پارتی تەنها بەئامانجێكی دیاریكراوی كورتخایەن، دەرگای بەشداریی بۆ واڵاكردووە، چونكە لە واقیعدا 12 كورسی پەرلەمانی‌و كاریگەری گۆڕانیش لەو ئاستەدا نییە كە ئەو هەموو پۆست‌و بەشدارییەی گۆڕانی پێوە لكێنراوە.
بە سەرنجدان لە داواكاری‌و خواستەكانی یەكێتی (كە لە دوایین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیشدا جارێكی تر ئەم خواستەی یەكێتی پێداگری لەسەر كرایەوە)، بەڕوونی ئەوە بەدی دەكرێت كە یەكێتی جارێكی تر نایەوێت لەژێر هیچ فشارێكدا وەك شەریكێكی تەریك لە هەندێك پرسی چارەنووسسازدا بەشداریی بكاتەوە، چونكە هەرێمی كوردستان نەك بەتەنها پارتی خاوەنی نییە بەڵكو زۆرینەی كورسیەكانیشی بە تەنها هی دەڤەرو زۆنێكی دیاریكراوە، ئەمە ئەو راستییە پیشاندەدات كە پارتی هەرچەندە ئامانجی بێت سیناریۆكانی رابردوو دووبارە بكاتەوە، ناتوانێت جارێكی تر ئەو خواستە بسەپێنێت‌.
یەكێتی لە دوایین كۆبوونەوەی وەفدی باڵای هەردوولاشدا جارێكی تر ئەو پەیامەی گەیاندووە بە پارتی، كە بەبێ بەشدارییەكی راستەقینەو شەراكەتێك كە یەكێتی بارتەقای خەبات‌و مێژوو كاریگەرییەكەی پشكی نەبێت لە نەخشەی سیاسی هەرێمدا، ئەوا بەشداری ناكات‌و بەشدارنەبوونی یەكێتیش هەر بەتەنها مانەوەی نییە لە دەرەوەی حكومەت وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن، چونكە واقعی هەرێم روونە.
هەمووان ئەو راستییە دەزانن، یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئەیلولی رابردوو بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، بەڵێنی ئارامی‌و هەلی كارو خزمەتی بەهاوڵاتیانی هەرێم داوەو بەبێ شەراكەتێكی راستەقینەش هەرگیز ناتوانرێت ئارامی فەراهەم بكرێت كە بنەمای هەلی كارو خزمەتیشە لە هەرێمدا، لەو چوارچێوەیەشدا پێداگریی ئێستای یەكێتی بەشێكی گرنگی وابەستەبوونییەتی بە بەڵێنەكانی هەڵبژاردن‌و ئەگەر یەكێتی بۆ چوار ساڵی داهاتوو نەتوانێت لە رێگەی تیمێكی بەهێزەوە دروشمەكانی بكاتە كردار، ئەوا بێگومان بۆ هەڵبژاردنەكانی تری هەرێمی كوردستان یەكێتی ناتوانێت بەدەنگی بەرز بەڵێنی تر بە هاووڵاتیان بدات، ئەم پێداگرییەی یەكێتی بەشێكی تری گرنگیشی پەیوەستە بەوەی ئیتر هەرێم قۆناغی دروشمی گەورەی بێ كردار تێبپەڕێنێت كە لە چەند ساڵی رابردوودا بووە بەنەریت‌و هەندێك لایەن چی بەڵێنی گەورە هەیە بەخەڵكی دەدەن‌و دوای هەڵبژاردنیش پاساوی جۆراوجۆر بۆ جێبەجێنەكردنی دێننەوە، بۆیە یەكێتی وەك لایەنێكی گرنگ كە ئامانجی خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە، لەو روانگەیەوە پێداگریی لەسەر خواستەكانی دەكات، كە سەرجەمیان رەنگدانەوەی داواكاری هاووڵاتییانەو بەبێ یەكێتی‌و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیشی، هەرگیز ناتوانرێت حكومەتێكی بەهێز فەراهەم بكرێت كە وەڵامدەرەوەی داواكاریی شەقام بێت.
خەمی سەرەكی ئێستای یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت جیاوازە لە رابردوو، تاوەكو هەمووان هاوتای كاریگەری‌و رۆڵ و گرنگیان بەشداریی بكەن، ئەوەشی كە هەندێك لایەن یەكێتی بەهۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت وەسف دەكەن كە لە ناوخۆیدا ناسازێ، تەنها شێواندنی وێنەی راستەقینەی خواستی یەكێتییە، چونكە هاوكێشەكانی چەند مانگی رابردوو، كە تیایدا یەكێتی بە یەكدەنگ هەموو پرسەكانی یەكلاكردەوە، دەرخەری ئەو راستییەیە كە یەكێتی ئێستا بە یەك ستراتیژو بۆ یەك ئامانج كاردەكات‌و داهاتووی هەنگاوەكانیشی ئەو راستییە روونتر پیشان دەدات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەوەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە دەكرێت

هەموو هەنگاوێكی هەڵە یەكسانە بەدەرنجامێكی هەڵە، وەك چۆن هەمیشە هەموو ...