سەرەکی » دۆسێ » ناوچه‌ی‌ پشده‌ر له‌ سه‌رده‌می‌ میرنشینی‌ هه‌زبانی‌ دا

ناوچه‌ی‌ پشده‌ر له‌ سه‌رده‌می‌ میرنشینی‌ هه‌زبانی‌ دا

(1029-1132ز)

عومه‌ر ئیسماعیل مارف

جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌زبانیه‌كان هۆزێكی‌ گه‌وره‌ی‌ كورد بوون، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌: (شه‌دادی‌951-1075ز)، (ره‌وادی‌954-1070ز)، (حه‌سنه‌وی‌959-1015ز)، (مه‌ڕوانی‌-دۆسته‌كی‌982-1085ز)، (عه‌نازی‌991-1117ز)(1)، (سالاری‌942-1096ز) و (شوانكاره‌1025-1307ز)(2) یه‌كێكن له‌ (8) میرنشینه‌ كورده‌كه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ خیلافه‌تی‌ عه‌بباسی‌ (750-1258ز).
هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا به‌شێكی‌ زۆری‌ هه‌زبانیه‌كان خێڵه‌كی‌ و كۆچه‌ری‌ بوون و گه‌رمیان و كوێستانیان كردوه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ شاره‌زوور، هه‌ولێر، هه‌كاری‌، ئازه‌ربایجان و ده‌وروبه‌ری‌ موسڵ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌(3). له‌ وه‌رزی‌ زستان دا هاتوونه‌ته‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر و ناوچه‌كانی‌ نێوان زێی‌ گه‌وره‌ و بچووك، هاوینانیش كۆچیان كردوه‌ بۆ ناوچه‌ كوێستانیه‌كانی‌ شنۆ و ده‌شتی‌ لاجان و ئوور و میه‌، هه‌تا مه‌راغه‌ رۆیشتوون. له‌و هاتن و چوون و كۆچانه‌شیان دا رێگای‌ سه‌ره‌كیان ناوچه‌كانی‌ پشده‌ر و ره‌واندز بووه‌، هه‌روه‌ها له‌كاتی‌ شه‌ڕ و به‌رگریش دا هه‌ر له‌ ناوچه‌ شاخاویه‌كانی‌ پشده‌ر و ره‌واندز ماونه‌ته‌وه‌(4).
سه‌ره‌تای‌ ده‌ركه‌وتنیشیان له‌ رووداوه‌كان دا بۆ ساڵی‌ (905ز) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ فه‌رمانده‌یی‌ (محه‌مه‌د بیلال)ی‌ سه‌ركرده‌یان هێرشیان كردوه‌ته‌ سه‌ر شاری‌ موسڵ كه‌ به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی‌ شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن خه‌لیفه‌ (علی‌ المكتفی‌ بالله902-908ز)ی‌ عه‌بباسییه‌وه‌ به‌ ئه‌بولهیجا عه‌بدوڵڵا حه‌مدانی‌ سپێراوه‌. كاتێك له‌سه‌ر رووباری‌ خازر شه‌ڕێكی‌ خوێناوی‌ روویداوه‌، هێزی‌ حه‌مدانیه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر هه‌زبانیه‌كان دا روو به‌ رووی‌ شكست بوونه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌بولهیجا به‌ په‌له‌ داوای‌ هێزی‌ پشتیوانی‌ له‌ خه‌لیفه‌ی‌ عه‌بباسی‌ كردوه‌. دواتر ساڵی‌ (906ز)، به‌ پشتیوانی‌ سوپای‌ عه‌بباسی‌ هێرشێكی‌ گه‌وره‌ی‌ كردوه‌ته‌ سه‌ر هه‌زبانیه‌كان له‌ ناوچه‌ی‌ پشده‌ر و چیای‌ قه‌ندیل كه‌ له‌و كاته‌دا ژماره‌یان نزیكه‌ی‌ (5000) ماڵ بووه‌. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كوشتارێكی‌ زۆریان له‌ كورده‌ هه‌زبانیه‌كان كردوه‌، سه‌ركرده‌كه‌یان له‌ چیاكانی‌ نزیك زێی‌ بچووك دا خۆی‌ حه‌شارداوه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌بولهیجا چووه‌ته‌ سه‌ری‌ و ماوه‌ی‌ (10) رۆژ گه‌مارۆی‌ داوه‌. دواتر به‌ ناچاری‌ محه‌مه‌د بیلال و سه‌ربازه‌كانی‌ خۆیان راده‌ست كردوه‌ و بڕیاریان داوه‌ له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ هه‌زبانیه‌كان كۆچ بكه‌ن و له‌ موسڵ نیشته‌جێ‌ ببن، ئینجا هۆزی‌ هه‌زبانی‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێن و جێگای‌ خۆیان(5).
ئه‌گه‌رچی‌ ته‌نها له‌و هێرش و په‌لاماره‌دا و زۆر به‌ كورتی‌ ئاماژه‌ به‌ نیشته‌جێ‌ بوونی‌ هه‌زبانیه‌كان كراوه‌ له‌ پشده‌ردا، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ بوونیان نه‌بووبێت.
لێره‌دا پێویسته‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ زانیاری‌ زیاتر ده‌رباره‌ی‌ میرنشینی‌ هه‌زبانی‌ ئاماژه‌یه‌كی‌ خێرا به‌ میره‌كانیان و سه‌رده‌می‌ فه‌رمانڕه‌واییان بكه‌ین.
دوای‌ ئه‌و رووداوانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ باسی‌ هه‌زبانیه‌كان زۆر به‌ كه‌می‌ تۆماركراوه‌، به‌ڵام ساڵی‌ (997ز) ناوی‌ میرێكیان به‌ موسه‌ك كوڕی‌ جه‌كویه‌ هاتووه‌ كه‌ یارمه‌تی‌ سه‌ركرده‌ی‌ فارس (جوبرائیل محه‌مه‌د)ی‌ داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ست به‌سه‌ر شاری‌ (ده‌قوقا-داقوق)دا بگرێت(6).
له‌سه‌رچاوه‌كان دا: ئه‌بولهیجای‌ كوڕی‌ موسه‌ك جه‌كویه‌ به‌ یه‌كه‌م میری‌ هه‌زبانی‌ داده‌نرێت كه‌ له‌ ساڵی‌ (1029ز)دا، قه‌ڵای‌ (ئه‌ربل) هه‌ولێری‌ ئێستا مه‌ڵبه‌ندی‌ سه‌ره‌كی‌ میرنشینه‌كه‌ی‌ بووه‌(7). دواتر میر شه‌ره‌فه‌دین عیسا كوڕی‌ موسا كوڕی‌ جه‌كۆیه‌ هه‌زبانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ گرتووه‌ته‌ ده‌ست، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگای‌ داخ و سه‌رنجه‌، ئه‌و میرنشینه‌ش وه‌كو سه‌رجه‌م میرنشینه‌كانی‌ تر و سروشتی‌ كه‌سایه‌تی‌ تاكی‌ كورد له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات توشی‌ ناكۆكی‌ و ململانێی‌ ناوخۆیی‌ نێوان میره‌كان و بنه‌ماڵه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وا بوونه‌ته‌وه‌. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان میر شه‌ره‌فه‌دین عیسا و سالاری‌ برای‌ تێكچووه‌، سالار په‌نای‌ بردوه‌ته‌ به‌ر هۆزی‌ عه‌قیلی‌ له‌ موسڵ.
كاتێك میر شه‌ره‌فه‌دین عیسا ساڵی‌ (1046ز) به‌ مه‌به‌ستی‌ راوكردن چووه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ شاری‌ ئه‌ربل، له‌لایه‌ن دوو له‌ برازاكانیه‌وه‌ به‌ خشت سه‌ری‌ پان كراوه‌ته‌وه‌ و كوژراوه‌! ئینجا دوای‌ ئه‌و رووداوه‌، سالار به‌ پشتیوانی‌ (قرواش1001-1050ز)ی‌ میری‌ عه‌قیلی‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ر قه‌ڵای‌ ئه‌ربل دا گرتووه‌ و توانیوویه‌تی‌ له‌ نێوان ساڵانی‌ (1046-1047ز)(8) وه‌كو سێیه‌م میر ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست. دوای‌ كۆچی‌ دوایی‌ ئه‌ویش(9) ئه‌بولحه‌سه‌ن كوڕی‌ موسای‌ برای‌ له‌ نێوان ساڵانی‌ (1047-1048ز) بووه‌ به‌ میری‌ هه‌زبانی‌. دواتر ئه‌بو عه‌لی‌ كوڕی‌ موسا له‌لایه‌ن كورده‌ حه‌میدیه‌كانی‌ خاوه‌نی‌ قه‌ڵای‌ ئاكرێ‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ میر ئه‌بولحه‌سه‌ن كوڕی‌ عیسكان له‌ دژی‌ براكه‌ی‌ هاندراوه‌، ئه‌ویش ساڵی‌ (1048ز) ده‌ستی‌ به‌سه‌ر قه‌ڵای‌ ئه‌ربل دا گرتووه‌ و میر ئه‌بولحه‌سه‌ن-ی‌ براشی‌ زیندانی‌ كردوه‌. ئینجا میر ئه‌بو عه‌لی‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ به‌ فه‌رمی‌ ناساندنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ هاوڕێ‌ له‌گه‌ڵ ئه‌بولحه‌سه‌ن كوڕی‌ عیسكان میری‌ ئاكرێ‌ دا سه‌ردانی‌ خه‌لیفه‌ (عبدالله أبو جعفر القائم بأمر لله1031-1075ز)ی‌ عه‌بباسی‌ كردوه‌ له‌ به‌غدا، پاشان به‌ لێهاتوویی‌ خۆی‌ توانیوویه‌تی‌ هه‌تا ساڵی‌ (1064ز) له‌ ده‌سه‌ڵات دا بمێنێته‌وه‌(10).
دوای‌ ئه‌و، ئه‌بولهیجا كوڕی‌ ئه‌بو عه‌لی‌ له‌ نێوان ساڵانی‌ (1064-1125ز) ده‌سه‌ڵاتی‌ گرتووه‌ته‌ ده‌ست كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ میره‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ هه‌زبانی‌ داده‌نرێت له‌ مێژوودا. به‌پێی‌ مێژووی‌ ئیبن ئه‌بی‌ هیجا ْ (عیزه‌دین محه‌مه‌د هه‌زبانی‌ ئه‌ربیلی‌)، میر ئه‌بولهیجا دوا جار له‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌ (19-7-1125ز) كۆچی‌ دوایی‌ كردوه‌. دوای‌ ئه‌ویش عه‌لی‌ حه‌سه‌ن كوڕی‌ ئه‌بولهیجا له‌ ساڵی‌ (1125ز) بووه‌ به‌ میری‌ میرنشینه‌كه‌(11)، پاشان فه‌زڵ كوڕی‌ ئه‌بولهیجای‌ هه‌زبانی‌ له‌ نێوان ساڵانی‌ (1125-1130ز) ده‌سه‌ڵاتی‌ گرتووه‌ته‌ ده‌ست(12)، هه‌روه‌ها له‌ نێوان ساڵانی‌ (1130-1132ز) ئه‌بولهیجا حسێن كوڕی‌ حه‌سه‌ن كوڕی‌ موسه‌ك بووه‌ به‌ میر و له‌و كاته‌دا میرنشینی‌ هه‌زبانی‌ هاوپه‌یمانی‌ سه‌لجوقیه‌ توركه‌كان بووه‌(13).
به‌پێی‌ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان: دواتر (عیماده‌دین زه‌نگی‌1127-1146ز) فه‌رمانڕه‌وای‌ موسڵ، ساڵی‌ (1132ز) ده‌ستی‌ به‌سه‌ر قه‌ڵای‌ ئه‌ربل دا گرتووه‌ و به‌ڕێوه‌بردنی‌ شاره‌كه‌ی‌ راده‌ستی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ تورك به‌ ناوی‌ زه‌ینه‌دین عه‌لی‌ كوچك كردوه‌ كه‌ ناوبراو باوكی‌ سوڵتان (موزه‌فه‌ره‌دین كۆكبری‌1190-1232ز(14)) زاوای‌ (سه‌لاحه‌دین یوسف ئه‌یوبی‌1169-1193ز) و به‌ناوبانگترین فه‌رمانڕه‌وای‌ دواتری‌ قه‌ڵای‌ ئه‌ربل بووه‌. جێگای‌ ئاماژه‌یه‌، هه‌زبانیه‌كان له‌ قه‌ڵاكانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ ئه‌ربل دا هه‌تا ساڵی‌ (1139ز) ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بووه‌، به‌ڵام دواتر به‌ یه‌كجاری‌ كۆتایی‌ به‌ میرنشینه‌كه‌یان هاتووه‌(15).

سه‌رچاوه‌كان:
1-كامه‌ران عه‌زیز عه‌بدوڵڵا، هۆكاره‌كانی‌ سه‌رهه‌ڵدان و رووخانی‌ میرنشینه‌ كوردیه‌كان له‌ سه‌رده‌می‌ عه‌بباسی‌ دا: بڵاوكراوه‌ی‌ ئه‌كادیمیای‌ كوردی‌، چاپخانه‌ی‌ حاجی‌ هاشم، هه‌ولێر2012، ل47-62.
2-د. كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، كوردستان و كورد له‌ سه‌ده‌كانی‌ ناوه‌ڕاست دا: چاپی‌ یه‌كه‌م، ناوه‌ندی‌ مێژوویی‌ جه‌میل رۆژبه‌یانی‌، چاپخانه‌ی‌ په‌نجه‌ره‌، تاران2015، ل93، 165.
3-كامه‌ران عه‌زیز عه‌بدوڵڵا، سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو، ل60.
4-ممدوح سه‌لیم مزوری‌، مێژووی‌ رواندز: چاپی‌ یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی‌ مناره‌، هه‌ولێر2005، ل113.
5-ممدوح سه‌لیم مزوری‌، سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو، ل114-116.
6-عیزه‌دین ئیبن ئه‌سیر، ته‌واوی‌ مێژوو: وه‌رگێڕانی‌، زاهیر محه‌مه‌د ره‌شید، چاپی‌ یه‌كه‌م، به‌رگی‌ سیانزه‌یه‌م، خانه‌ی‌ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ چوارچرا، چاپخانه‌ی‌ چوارچرا، سلێمانی‌2012، ل5217.
7-د. كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو، ل158.
8-پ.د. ئاكۆ بورهان محه‌مه‌د، میرنشینه‌ كوردیه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ عه‌باسی‌: چاپی‌ یه‌كه‌م، خانه‌ی‌ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ چوارچرا، چاپخانه‌ی‌ چوارچرا، سلێمانی‌2018، ل210-211.
9-د. كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو، ل159.
10-پ.د. ئاكۆ بورهان محه‌مه‌د، سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو، ل212-213.
11-پ.د. ئاكۆ بورهان محه‌مه‌د، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو، ل217.
12-د. كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو، ل272.
13-د. كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو، ل160.
14-ممدوح سه‌لیم مزوری‌، سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو، ل123.
15-كامه‌ران عه‌زیز عه‌بدوڵڵا، سه‌رچاوه‌ی‌ پێشوو، ل62.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بزاڤی شارستانی لە کوردستانی عیراق..

بزاڤی شارستانی لە کوردستانی عیراق لە ماوەی ماندێتی بەریتانیادا: سلێمانی، ...