سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » دووبارە جینۆساید

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

دووبارە جینۆساید

مانگی ئادار، ئازاری زۆری بۆ گەلی كورد لەباشوور تێدایە، سەرباریی ئەوەی رۆژەكانی راپەرینی ساڵی 1991ی تێدایە، كە سەركەوتنی گەورەیە بەسەر دیكتاتۆریی بەعسی عیراقی و ئاشكرابوونی تاوان و جینوسایدی كورد، لە ئەنفال و كیمیاباران و راگواستن و خاپووركردنی نزیكەی 4 هەزار گوند و شارەدێ.
ئەم رووبەرە جوگرافیایەی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی حكومەتەكانی عیراق پاشایەتی و كۆماریی و فیدرالی-یشەوە، ناهەقی بەرامبەر كراوەو دەكرێت، بەڵام زۆرترینیان لەدوای 2003 بەرەوخوار بەرامبەریی كراوە.
ئەنفال، كیمیابارانی هەڵەبجە و زۆر ناوچەی تر، قڕكردنی بارزانییەكان، راگواستنی فەیلییەكان و زۆری تریش، تۆماری رەشن لە دەسەڵاتەكانی عیراق بەرامبەر بەكورد، كە بەگوێرەی دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق، زۆربەیان بە جینۆسایدكردنی كورد بڕیاری دادگایان لەبارەوە درا، ئەم بڕیارە بۆ گەلی كورد كارتێكی بەهێزە، هەم لەسەر ئاستی ناوخۆ، كە حكومەتی عیراق بخاتەژێر بەرپرسیارێتی قەرەبووكردنەوەی گەلی كورد، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش كەیسی جینۆسایدكردنی كورد لە عیراق، رێوشوێنی یاسایی و ئیلزامی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بەو تاوانانە بخاتە سەر رێچكە و پشتیوانیكردن.
میراتگری تاوانی كەیسەكانی جینوسایدكردنی گەلی كورد، (حكومەتی عیراق)ە، چ لە ئێستادا و چ لە داهاتووی دوور، بۆ ئەوەش پێویستی بە هەوڵی بێوچانی خودی سەركردایەتی كورد و هەمیش نوێنەرانی كورد لە بەغدا هەیە، كە بەیاسایی گەرەنتی دووبارەنەبوونەوەی ئەو تاوانانە بەرامبەر بەكورد دووبارە بكرێنەوە، چونكە هێشتا دەسەڵاتی عیراقی نوێش كە فیدرالە، هەمان مەیلی سەركوتكردن و مافخواردنی كورد لە نیەتیدا هەیە، بۆیە كاردانەوە توندەكان لە سزانی سیاسیی و ئابووریی و دارایی لە دوای ریفراندۆمەوە، روونە كە بۆ گیانی كورد هەمیشە هانا بۆ سوپا و چەك براوە!.
ئەو كاردانەوە ناجۆرە، پێناسەی عەقڵیەتی سیاسیی و حوكمڕانیی بەغدایە بەرامبەر بە جووڵەی كورد بۆ مافەكانی، كەواتە بڕینی قووت و داراییەكەی لە هەقبەشی بودجەی عیراق، بەهەر بیانوویەكەوە بێت، هەنجەتی ناڕەوایە، بەڵام كورد و سەركردایەتیەكەیشی هێشتا پرسی پەیوەستكردنی عیراقی بۆ قەرەبووكردنەوەی تاوان و جینوسایدەكانیان بەرامبەر بەكورد فەرامۆشكردووە، هێشتا نەیانتوانیوە كارتی «جینوساید» وەك هێزی راستەقینە بەرامبەر بەخودی عیراقی میراتگریی تاوانەكان بەكاربهێنن، بەتایبەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، وەك ئەوەی كەیسی كۆمەڵكوژی جوولەكە لەسەردەستی نازییەكانی ئەڵمانیا لە جەنگی دووەمی جیهان كردیان، یاخود كەیسی رەشەكوژیی ئەرمەنەكان لەسەر دەستی سوپای توركیا، یاخود كوشتوبڕی توتسییەكانی رواندا لە 1994 و زۆری تریش.
جووڵەكانی كورد، هێشتا لۆكاڵییە، تەنیا لەدەوری بەیاننامە و مەراسیم و كڕوزانەوەدا دەسوڕێتەوە، كە ئەوەش هیچ خزمەتێك بە بەرەوپێشبردنی كەیسەكان ناكات، لە كاتێدا زیاتر لە سێ دەیە بەسەر ئازار و كارەساتەكانیدا رۆیشتووە، كەچی تازە بەتازە دیسان كوردانی ئێزدیی بەهۆی فەرامۆشیی پاراستنیانەوە لەسەر زێدی خۆیان كوشتوبڕو جینوساید دەكرێن ئەویش لەسەدەی بیستویەكدا، لەكاتێكدا كە كورد خۆی خاوەنی هەرێم و حكومەتی خۆیەتی، هەمیش عیراق لەسەردەمی نوێ و فیدراڵیدایە!.
بزاوتنی كەیسی جینۆسایدی ئێزدییەكان كە نوێترینیانە، لەگەڵ كەیسی ئەنفال و كیمیاباران كە سێ دەیە زیاتر لە ئێستاوە دوورە، كورد و دەسەڵاتەكەی هەمان مامەڵەی بێ مشوریی هەیە، ئەمەش دەرخەری راستییەكە كە كورد لە ناساندنی ئازار و كەیسەكانی جینۆسایدكردنی گەلەكەیدا نەزان و كۆڵەوارە و هێشتا ناتوانێت دەرگا نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئازارەكانیدا بكاتەوە! كە ئەوەش جینۆسایدكردنەوەی كەیسەكانیەتی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزب و كابینەی حكومەت

هێشتا لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمداین كە وابڕیارە مەسرور بارزانی بۆ ...