سەرەکی » وتار » ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ » كۆتایی خەلافەتەكەی داعش

كۆتایی خەلافەتەكەی داعش

بەشی دووەم
جێمس جێفری، نێردەی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا، شتێكی نوێ لە بارەی كۆتایی داعش لە عیراق و سوریا دەڵێت، ئەو پێیوایە كە نزیكەی 15 بۆ 20 هەزار كەس لە هەردوو وڵات هاوسۆزییان بۆ داعش هەیە. ئەمە لە سادەترین لێكدانەوەدا بە مانای دەستپێكی قۆناغێكی نوێی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دێت لە ناوچەكەدا، كە دەتوانین بە قۆناغی دووەمی شەڕی تیرۆر و شانە نووستووەكان ناوی بنێین. بەڵام مەرج نییە لەم قۆناغەدا تیرۆر لە ژێر هەمان ناسنامەدا خۆی مانیفێست بكاتەوە، بەتایبەت كە لە قۆناغی یەكەمدا چەندین كارتی دەستی داعش سووتان، بۆیە دەركەوتنەوەی تیرۆر بە ناسنامە و بانگەشەی ترەوە ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو دەبێت.
نموونەیەك ئەمە روونتر دەكاتەوە، رووخانی رژێمی بەعس لە عیراق لەلایەن ئەمریكاوە بارقورسییەكی زۆری لەسەر واشنتۆن و هاوپەیمانانی دروست نەكرد، بەتایبەتی لە روبەڕوبوونەوەكاندا و سوپای عیراق لە بەریەك هەڵوەشایەوە، بەڵام ئەوەی دواتر بووە مایەی سەرئێشە بۆ ئەمریكا و عیراقی نوێ، ئەو لێپرسراوو سەربازانە بوون كە لە رێی رێكخراوە پەرتەوازەكانییەوە لە عیراق بەدوای تۆڵە سەندنەوە بوون.
سەردەمی زێرینی ئەوان بەتایبەتی لەناو داعشدا زیاتر بەدەركەوت و داعشیش لە رووی سەربازیی و تەكنیكییەوە بێگومان سوودێكی زۆری لێ بینین.
ئەمەش پێمان دەڵێت ئێستا كە باس لەو هاوسۆزانەی داعش لە عیراق و سوریا دەكرێت، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باس لە بەردەوامیی شەڕەكە دەكرێت، بەڵام بە سیاسەت و رەنگ و ناوی ترەوە».
ئەمەش لە خۆیدا ئەو پرسیارە دروست دەكات كە ناسنامەی تیرۆری داهاتوو چی دەبێت و چی وادەكات تیرۆر هەمیشە بە بیرو بەرگێكی نوێوە لە كونجێكی دیكەی ئەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەدا سەرهەڵبداتەوە؟. گروپە تیرۆرستییەكان ئەگەر لە شكڵ و پێكهاتەی دامەزراوەییەوە تائاستێك لەیەكتر بچن و تەعبیر لە ناوێكی هاوبەشی وەك»تیرۆر» بكەن، ئەوا لەڕووی باوەڕو عەقیدەوە لەیەكتر جیاوازن (جیاوازیی فیكری داعش و قاعیدە نموونەیەكە لەو بابەتە)، بۆیە فاسیلەی هەموو گروپێك لەیەكتر ستراتیژو بەرنامەی كاركردنیانە.
هەموو گروپێكی تیرۆریستی كە دادەمەزرێت و سەرهەڵدەدات، كاری رێكخراوەیی خۆی بەیان دەكات و یەك ئامانجیان هەیە، لەوەشدا گرووپە تیرۆرستییەكان لەیەكەوە دوور نین، بەڵكو هاوبەشییەكی تر لەنێوانیاندا دروست دەبێت، كە ئەویش پەیامە سیاسییەكەیانە، بەجۆرێك هەر گروپێكی تیرۆرستی تەنها بەدوای یەك ئامانجدا دەچن، ئەویش ئامانجە سیاسییەكەیە، بەڵام مامەڵەی هەر یەكێكیان لەو ئامانجە تا ئاستێكی زۆر جیاوازە.
لویس ریچاردسۆن، لەكتێبـی تیرۆرستان چیان دەوێت، لەسەر ئەو خاڵە دەوەستێت و ئاماژە بە رووداوەكەی 11ی سێپتەمبەر دەدات و دەڵێت: رووداوەكە بەر لەهەر شتێك هەڵگری پەیامێكی سیاسی بوو، كە تەعیبری لە گەڕانەوەی ئیسلام بۆ خۆرائاوا دەكرد.
دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامیی داعش لە عیراق و شام، دەكرێت لە هەمان چوارچێوەدا سەیر بكرێت، كە هەڵگری ئامانجێكی سیاسی بوو، بۆیە ئەگەر داعش لە سوریاش لە قۆناغی كۆتایی خۆیەتی، لە رووی سەربازییەوە، ئەوا لەقۆناغی داهاتوودا یان قۆناغی دووەمدا وەك «جیفری» باسی دەكات. هەزاران كەس هەن، كە هێشتا دەیانەوێت ئەو رێچكە سیاسییە بەردەوامی پێ بدەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

بەشی یەكەم ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان حزبە سیاسییەكان بە قۆناغێكی ...