سەرەکی » کەلتوور » شەهید ئارام لە نێوانی دوو كتێب و وتارێكی رۆژنامەداپەڕە 3

شەهید ئارام لە نێوانی دوو كتێب و وتارێكی رۆژنامەدا

محەمەد شێخ عەبدولكەریم سۆڵەیی

به‌شی دووه‌م

دووەم/ لەدوای راپەڕین و سەردەمی حكومەتی هەرێمدا

1.لەساڵی(2007)دا كتێبیی (ئارام و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی كورد) كە لەنووسینی(م.ش.ع) سۆڵەیی بووە بڵاوكراوەتەوە.
2.لەساڵی 2012 لەساڵیادی سی و چوار ساڵەیدا(وەزیرە جەلال)ی خوشكی خەمخۆری لەدووتوێی كتێبێكدا (بەشی یەكەمی لەهەڵبژاردەیەك لەنووسینەكانی شەهید ئارامی) چاپ و بڵاوكردووەتەوە.
3.لەساڵی 2013دا لەساڵیادی سی و پێنج ساڵەیدا (خاتوو وەزیرە جەلال) خوشكی هەموو ئەو هۆنراوانەی من لەكتێبەكەمدا بڵاومكردبوونەوە لەگەڵ چەند هۆنراوەی تردا لەنامیلكەیەكدا بەناونیشانی (شەهید ئارام لەشیعری شاعیراندا) چاپ و بڵاوكردووەتەوە.
4.لەساڵی 2013دا و لەساڵیادی سی و پێنج ساڵەیدا (ئازاد محەمەد) دیدارە رۆژنامەوانییەكەی بەناونیشنای (بیرەوەری حەوت ساڵەی شەهید بوونی ئارام و راستی بۆچوونەكان)ی لەنامیلكەیەكدا، لەگەڵ پێشەكییەكی(11) لاپەڕەییدا كە لە 8/12/2012دا نووسیوێتی لەگەڵ هەموو ئەو نووسینانەی لەكاتی خۆیدا و لەساڵی (1985)دا لەنامیلكەیەكدا بڵاوكردووەتەوە. واتە ئەم بابەتەش دووجار بڵاوكراوەتەوە.
5.لەساڵی (2015) یوسف محەمەد كتێبێكی بەناونیشانی(ئارام شەهیدێك لەبناری كەڵەویدا) بڵاوكردووەتەوە.

دووەم
هەڵسەنگاندنی كتێبیی(ئارام شەهیدێك لەبناری كەڵەویدا)
ئەم كتێبە لەساڵی (2015)دا لەیادی (37) ساڵەی شەهید كردنی(ئارام) دا لەلایەن (یوسف محەمەد بەرزنجی) بە هاوكاری كاك مەلا بەختیار چاپكراوە و بڵاوكراوەتەوە، من كتێبەكەم لەكتێبخانەی سلێمانی بەرچاوكەوت كڕیم و كە چوومە ماڵەوە دەستم بەخوێندنەوەی كرد. ناچاربووم هەڵوەستەیەك لەسەر كتێبەكە بكەم… بەمەبەستی بابەتەكانی لەخوێندنەوەی بابەتێكدا بەناونیشانی(2-3) بیرەوەرییەكانی( حەمە سەعید لەگەڵ شەهید ئارام) بەتەلەفون لەگەڵ كاك حەمە سەعید قسەم كرد و باسی ئەو بیرەوەرییەم بۆ كرد كە لەكتێبێكی وادا بڵاوكراوەتەوە، وتی نە ئەو كتێبەم بینیوە نە ئەو كەسەش دەناسم و نەهاتوە بۆلام نەچاوپێكەوتنم لەگەڵدا كردووە، وە وتی من بۆ كتێبەكەی تۆ كە خەریكی بوویت و چاپت كرد و بڵاوتكردوەتەوە قسەم كردووە.. ئیتر من بێدەنگ بووم و وازم لێهێنا، بەئومێدی ئەوەی نووسەرێ، رۆژنامەنووسێ، هاوڕێییەكی شەهید ئارام هەڵبداتێ و بێتە جواب. بۆ ویژدان بەراوردێ لەنێوانی ئەو كتێبەو كتێبەكەی مندا، بكات، بەداخەوە لەو هەموو نووسەرو رۆژنامە نووسە كەسێك نەبوو خۆی لەقەرەی بدات. هەر لەساڵی بڵاوبوونەوەی كتێبەكەدا بەڕێكەوت لەبەردەم كتێبخانەی سلێمانیدا یوسف خۆی پێناساندم.. منیش لەبارەی كتێبەكەیەوە هەندێك قسەم لەگەڵدا كرد، هەستم كرد پێی ناخۆشە،…
بێدەنگیم هەڵبژارد لەو ساڵەوە تا مانگی( 12/2018(یوسف) خاوەنی ئەرشیفی فكری شاسوارەو من و خەڵكانیتریش كەسانێكی وەك كەڕەی شەربەت,.
رۆژی(21-22/12/2018) لەژمارەی هەینی- شەممەی رۆژنامەی كوردستانی نوێدا ژمارە(7747) وتارێك لە لاپەڕە(12-13)دا بینی بەناونیشانی، (كۆمەڵەو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەدیدی كاك ئارام)ەوە نووسینی(ئەردەڵان عەبدوڵا) كەلەسەر ئەو كتێبەی (یوسف بەرزنجی) كرۆكی وتارەكەی داڕشتبوو، لەراستیدا ویستم وەڵامی(ئەردەڵان) بەدەمەوە، بەڵام هەڵوەستەیەكم كردوو دوای قسەكردن لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی نووسەرو رۆژنامەنووسدا و قسەكردن لەگەڵ خاتوو (وەزیرە جەلال)دا وام بەباش زانی كە بە پشوویەكیتر و شێوازێكیتر فریای خۆم بكەوم، ئەوەش بەوەی یەكەم بەكورتی باسێكی كتێبەكەی خۆم بكەمەوەو بیری نووسەران و خوێنەران و رۆژنامەنووسانی بخەمەوەو ئینجا بێمە سەر كتێبەكەی (یوسف بەرزنجی) هەڵسەنگاندێنكی وردی بكەم و لەپێشەوە بەكورتی باسی كتێبەكەی خۆمم كردووەو دوای ئەمەش دەچمە سەر وەڵامدانەوەو پێداچوونەوە بە وتارەكەی (ئەردەڵان)دا.
هەڵسەنگاندنی كتێبی(ئارام شەهیدێك لەبناری كەڵەوێدا) ساخكردنەوەو نووسینی یوسف محەمەد بەرزنجی.
با لەبەرگی پێشەوەی كتێبەكەوە بكەومە هەڵسەنگاندنی كتێبەكە
•لەسەر بەرگی كتێبەكە لەژێر وێنەی شەهید ئارام ناوی كتێبەكە بە سوورو سپی نووسراوە… لە سوچی سەرەوەی نووسراوە(لەیادی 37 ساڵەی شەهید بوونی شاسوار جەلال (ئارام)دا. لەژێر ناوی كتێبەكەدا نووسراوە.سێ بەرهەمی ناوازەی شەهید ئارام)!!
•یەكەم ژمارەی رۆژنامەی (ئاڵای شۆڕش) ئەیلولی 1977
•یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆچی؟
•بیرەوەری حەوت ساڵەی شەهید بوونی هاوڕێ ئارام و راستی بۆچوونەكان
ساغكردنەوەو نووسینی (یوسف محەمەد بەرزنجی)(2015) لەلاپەڕەی (1) بۆیادی (37) ساڵەی ئەمە زیاد كراوە.
(31/1/1978-31/1/2015) و ئەوانەی سەر بەرگەكە دانراونەتەوە.، لەلاپەڕە (3)دا ناوەڕۆكی كتێبەكەی بەسەر (3) تەوەرو پاشكۆكاندا دابەش كردووە، لەكتێبەكەی (یوسف)دا كە نووسیوێتی سێ بەرهەمی ناوازە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو سێ بەرهەمە لەتاق و پەنجەرەی مزگەوت و ماڵاندا بەدەستخەتی دانراون و تۆزو خۆڵی دنیایان بەسەرەوە بووەو لاپەڕەكانیان هەر هەموو پواون و ناتوانرێت دەستیان لێبدرێت، لەكاتێكدا ئەو ژمارە یەكەی ئاڵای شۆڕش) ە كە لەئەیلولی( 1977 ) لەدێی گوڕباز و لەماڵی رەحمەتی(مەولودی ساڵحی كەریم) كە بە(گورجی) ناودەبرا چاپكراوەو بڵاوكراوەتەوە.
من لەبەشی یەكەمی بەرگی یەكەمی كتێبەكەمدا بەناونیشانی(ئارام و نووسین) لەدوای( پەیڕەوی ناوخۆی دەستە چەكدارەكان) لەلاپەڕە (158)ەوە تا لاپەڕە(183)دا دەقاو دەق هەموو بابەتەكانی رۆژنامەكەم بە هەواڵەكانیشەوە بڵاوكردوونەتەوە. ئیتر بۆ ئەبێ ئەم بابەتە بەرهەمی ناوازەی شەهدید بێت گوایە یوسف ساغیكردووەتەوەو بۆ یەكەمجار بڵاویكردووەتەوە؟
• نامیلكەی (یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆچی؟) لەكاتی خۆیدا دووجار بەكوردی چاپكراوەو بڵاوكراوەتەوەو گەیشتووەتە دەست رێكخستنەكانی كۆمەڵە و پێشمەرگەكانی شۆڕشی نوێ و من نووسخەم لەلایە و لەكاتی خەریك بوونم بە كتێبەكەوە تایپمكردو بەنیاز بووم ئەویش بكەم بە بابەتێكی كتێبەكە بەڵام لەسەر راسپاردەو رێنمایی رەوانشاد (كاك نەوشیروان مستەفا) بڵاومنەكردەوە، ئەوەش لەبەر بارودۆخی كوردستان و پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی لەو ساڵەدا بەپەسەندی نەزانی لەو كتێبەدا بڵاوی بكەمەوە.
•سەبارەت بەبابەتی (بیرەوەری حەوت ساڵەی شەهیدبوونی هاوڕێ ئارام و راستی بۆچوونەكان)ی ئەم بابەتەش لەساڵی(1985) دا لەلایەن(رێكخراوی ئاڵای شۆڕش)ەوە بۆ یەكەمجار بڵاوكراوەتەوە، دووەمجار لەساڵی(2013) جارێكیتر لەساڵیادی (سی و پێنجەمین ) ساڵەیدا لەلایەن (ئازاد محەمەد)ەوە بڵاوكراوەتەوە، من ئەم دیدارەم لەكاتی خەریك بوونم بەكتێبەكەوە لەلایەن(كاك كەمال قەرەداخی) یەوە گەیشتە دەست و خستمە بەرنامەی تایپكردن و تایپكرا… ئەمیش لەسەر راسپاردەی رەوانشاد(كاك نەوشیروان مستەفا)نەمكردە بابەتێكی كتێبەكە.(یوسف) هەر هەمان بابەتەكەی (ئازاد محەمەد)ی بڵاوكردووەتەوە، بەهەمان پێشەكییەوە…. خۆناكرێت بڵێین (ئازاد محەمەد) ئەو پێشەكی و بابەتی رۆژنامەوانییەی ئارامی بەدەستخەت دانابێ و (یوسف) دۆزیبێتییەوەو لەفەوتان رزگاری كردبن و بەچاپی گەیاندبن ،( یوسف) ئیتر دەبێت ئەم بەرهەمەی كە یوسف بەناوازە ناوی دەبات چۆن ناوازەیەكبێ كەلەپێش ئەودا دووجاریتر بڵاوكرابێتەوە؟ دەبێت لەوە ئاگادار بێت كە(خاتوو وەزیرە) لەكتێبی (هەڵبژاردەیەك لەنووسینەكانی شەهید ئارام) كە بۆجاری دووەم لەساڵی(2012)دا چاپیكردووەتەوەو منیش لەكتێبەكەمدا بڵاوم كردووەتەوە، لەبەشی یەكەمدا ئەم نووسینانەی بڵاوكردووەتەوە
1.خەباتی ئاڵای شۆڕش
2.لینین و دەوڵەت و شۆڕش
3.بزووتنەوە چەكدارەكەی پێشوو سەرەنجامی ئاشتبەتاڵ
4.پەیڕەوی ناوخۆی دەستە چەكدارەكان
5.باری ئێستای كوردستان
6.بەیاننامەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
7.ئەركەكانمان لەم پلەیەی خەباتدا.
8.شۆڕشی كوردستان سەركەوتووانە ساڵێك لەتەمەنی تەواو دەكات
كە ئەم بابەتانە لەكتێبی( ئارام و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی كورد)یشدا بڵاوكراونەتەوە كە لەهەڵبژاردەیەك لە نووسینەكانی شەهید ئارام بەشی یەكەم كەلە 31/1/1980 لەچاپخانەی شەهید ئیبراهیم عەزۆدا چاپكراوە. ئیتر نازانم (یوسف بەرزنجی) خاوەن ئەرشیفی ئارام و كۆمەڵە و (ی. ن. ك)!! چۆن رێگای بەخۆیداوە بڵێت( سێ بەرهەمی ناوازەی شەهید ئارام)ی ساغكردووەتەوەو نووسیوینێتییەوە لەكاتێكدا نابێت نەزانێت كە پێش نووسین و ساغكردنەوەی ئەو بەرهەمانەی شەهید ئارام لەلایەن ئەوەوە نۆساڵ پێشتر كتێبێ بەناونیشانی (ئارام و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕیی كورد) چاپ و بڵاوكراوەتەوە، وە هەڵبژاردەیەك لەنووسینەكانی شەهید ئارام(2012)و نامیلكەی(شەهید ئارام لەشیعری شاعیران) و نامیلكەی(بیرەوەری حەوت ساڵەی شەهید بوونی هاوڕێ ئارام و راستی بۆچوونەكانی) لەساڵی(2013)دا بڵاوكراونەتەوە؟؟!! با ئەردەڵان و هەر كەسێكیتر دەیەوێت راستیان بۆ دەركەوێت باچاو بەو كتێبەدا بخشێنێ.
• بابێمەوە سەر بابەتەكانی (پاشكۆكان) لەكتێبەكەی (یوسف بەرزنجی)دا لە (پاشكۆی دووەم)دا كورتەیەك لەوێستگەكانی ژیانی شاسوار جەلال(شەهید ئارام 11/1947-31/1/1978، (6) لاپەڕەی كتێبەكەی بۆ باسی ژیانی ئارام تەرخان كردووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەیەك سەرچاوەی وەرگرتنی ئەو زانیاریانە بكات، لە كاتێكدا من(10) لاپەڕەی كتێبەكەم بەخشیوە بەمێژووی ژیانی(شاسوار جەلال) بەپێی قۆناغەكانی ژیانی لەمنداڵییەوە تا قۆناغەكانی خوێندن و تەواوكردنی و تا رۆژی شەهید بوونی و قۆناغی خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی و پێشمەرگایەتی و قۆناغی ژیانی لەبواری نووسین و رۆژنامەگەرییدا.
لەپاشكۆی سێیەمدا بەناونیشانی( هەندێ لەوێستگەكانی ژیانی شاسوار جەلال (شەهید ئارام) لەبیرەوەری هاوڕێكانیدا)
1.وێستگەی شار-(1_1) بیرەوەری(هیوا سائیب)ە (5)لاپەڕەی كتێبەكە باسی بیرەوەری(هیوا سائیب)ە لەگەڵ شەهید ئارامدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ سەرچاوەیەكی ئەو بیرەوەرییە بكات كە لێی وەرگرتووە.

وێستگەی دووەم
2.وێستگەی لادێ و شاخ
2-1 بیرەوەری تێكۆشەر و روناكبیر و نووسەر مامۆستا جەعفەر(فازل كەریم) ە دوو پەڕەو نیوی بەخشیوەتە مامۆستا جەعفەر. ، بۆ گێڕانەوەی بیرەوەرییەكانی لەگەڵ شەهید ئارامدا، بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ وەرگرتنی سەرچاوەكە بكات. رۆژی 12/1/2019 بەتەلەفون لەگەڵ مامۆستا جەعفەر قسەم كردو هەندێ لەو بیرەوەریەم بۆ خوێندەوە. لەبارەی ئەو بیرەوەرییەوە وتی، ئەوە قسەو نووسینی من نییە…. ئەگەر یوسف سەرچاوەی وەرگرتنی بیرەوەرییەكەی بنووسیایە (م.جەعفەر) نەیەتوانی نكولی لەقسەكانی خۆی بكات
•لەبیرەوەرییەكانی حەمە سەعید لەگەڵ( شەهید ئارام) كە(2-3) داناوە.، لەم بیرەوەرییەشدا ئێمە نازانین لەكوێ و لەچ كەناڵێكی تەلەفزیۆنی وەریگرتووە؟ چونكە ئەو جۆرە بیرەوەرییە لەچاوپێكەوتنی تەلەفزیۆنی یان رادیۆیی ئەچێت.، كاتێك وەكو لەپێشەوە باسم كردووە كەلە(2015) من لەبارەی ئەو بیرەوەرییەوە قسەم لەگەڵ (حسێنی شێخ كەریم) كە بە( حەمە سەعیدە قەڵەو)ناسراوە كرد، نكولی كرد و لە(مانگی 1/2019)ش قسەم لەگەڵدا كردەوە هەر هەمان نكوڵی كردەوە.. ئەگەر بۆ ئەمیش سەرچاوەكەی بنووسیایە ئەو گومانە لەسەر بیرەوەرییەكە درووست نەدەبوو. جا من بۆیە بێ ئاگاییەكەی (كاك حەمە سەعید) بەراست دەزانم لەبەرئەوەی لەو بیرەوەرییەدا چەند زانیاری هەڵەو ناراستی تێدایە كە لەو باوەڕەدا نیم(كاك حەمە سەعید) هەڵەی وای لەقسەكانیدا كردبێت وەك:
1. لەلاپەڕە (203)ی بیرەوەرییەكەدا (گوندی مۆرتكە و هەواڵی شەهید بوونی ئارام)ی كردۆتە ناونیشان ، كە ئەم ناونیشانە هیچ پەیوەندی بەشەهید بوونی ئارامەوە نییە، (مۆرتكە) لەكوێ و (تەنگیسەر) لەكوێ؟ كاتێ شەهید ئارام ئەو مەفرەزەیەی بۆ جێبەجێكردنی رێك ناردووە بۆ مۆرتكەی سەربە ناحیەی بازیان. ئارام لەژیاندا بووە هێشتا لەگوڕبازەوە نەچووە بۆ (تەنگیسەر).
2. گوایە حەمە سەعید وتوویەتی كاك ئارام ئێمەی بۆ كارێك نارد بۆ گوندی (مۆرتكە)ی ناوچەی بازیان لای چەمچەماڵ.!! یان وتووێتی ئەوان مەفرەزەیەك بوون كە(كاك ئازادی سەگرمە و شەهید مەلا عەلی و مام رۆستەم) ، چوونەتە مۆرتكەی لای چەمچەماڵ، تەقریبەن یەك هەفتەیان پێچووەو گوایە پاش گەڕانەوەیان چوونەتە گوندی(دەربەند فەقەرە)و لەوێوە چوون بۆ دێلێژە!!
ئەوەی تۆزێك رێ بەدێی بكات و شارەزایی لەسنووری پارێزگای سلێمانیدا هەبێت، دەزانێت كە گوڕباز و تەنگیسەر و شاخی كەڵەوی لەكوێیە؟ كە كاك حەمە سەعید، هەڵەی واناكات، بڵێت(مۆرتكەی ناوچەی بازیان لای چەمچەماڵەوە) دەستەیەك پێشمەرگە لەو ناوچەیەدا شەوو رۆژ لەنەخشە داڕشتندا بووبن بۆ ئەنجامدانی چالاكی و دەست وەشاندن لەدام و دەزگاو رەبییەكانی سوپای رژێم، چۆن نازانن مۆرتكە لەكوێی ناحیەی بازیانە و چەمچەماڵ كەوتووەتە كوێی ناوچەی گەرمیانەوە؟ لەكاتێكدا پێشمەرگەكان و هەموو خەڵكی ناوچەی بازیان و چەمچەماڵ دەزانن كە(مۆرتكە) دێیەك بووە و دێیەكە سەر بەناوچەی بازیان و لەنێوان ناحیەی تەیناڵ و دێی(چۆڵمەك)دایەو ساڵانی زوو بەڕێوەبەری ناحییە لەو دێیە دانیشتووە. مۆرتكە لەچەمچەماڵەوە نزیك نییە.وە لەنێوانی ناحیەی بازیان و قەزای چەمچەماڵ و ناوچەی هەمەوەنددا(شاخی چاڵاوا) هەیە كە لەدەربەندی باسەڕەوە تا دەربەندی بازیان دەڕوات.
كە دەڵێت لەمۆرتكەوە گەڕاونەتەوە گوندی( دەربەند فەقەرە)و لەوێوە عەسر چوون بۆ دێلێژە.!! باوەڕناكەم كاك حەمە سەعید و ئەوانەی لەگەڵیا بوون، ئەوەندە بێزانیاری بووبن نەیان زانی بێت (دەربەند فەقەرە) دێیەكە لەبناری شارەزوور و یەك رۆژە رێ لەدێلێژەوە دوورە. ئەوەی بە(دەربەند فەقەرە)ی نووسیوە دێی(دەربەند سوتاوە) سەر بەناحیەی بازیانە لەرووی ئیدارییەوە لەبناری شاخی چاڵاوایە لەنزیكی دەربەندی باسەڕەو لەسەر چەمی باسەڕەیەو بەرامبەری دێلێژەیەو بەپێ نیوسەعاتە رێ دوورن لەیەكەوە، رێی تێناچێت كاك حەمە سەعید كە چووبێتە(دەربەند سووتاو) ناوی دێكەی نەزانیبێت. هەركەسێك ئەو بیرەوەرییانەی كاك حەمە سەعید بخوێنێتەوە لەكاك حەمە سەعید دەكەوێتە گومانەوە كە دەستی قەڵەمی گرتبێ!!
• هەر لەپاشكۆی بیرەوەرییەكاندا بیرەوەری(حەمە ئەمین قادری) بڵاوكردووەتەوە ، دیارە نەی ویستووە كەس سەرچاوەكەی بزانێت، ئەوە لەناڕێكی بیرەوەریەكەی بگەڕێت.
• هەروەها لەو پاشكۆیەدا پاشكۆی بیرەوەری لەگەڵ مەولوود گوڕبازیدا كردووە، لەمەیاندا لەبەختی رەحمەتی (مەولوود) كەناڵی خاكی ناو هێناوە، بەڵام ناڕێكی بیرەوەرییەكە مەگەر هەر یوسف بزانێت چۆنە.
(یوسف بەرزنجی) لەلاپەڕە(215) ی كتێبەكەیدا بابەتێكی بەوێنەی نووسەرێكەوە بەناونیشانی (شەهید ئارام رۆحێكی زیندوو لەیاد نەچوو)ی بڵاوكردووەتەوە، كە لەكوردستانی نوێ ژمارە(6294)ی 31/1/2014دا وەریگرتووە بەبێ ئەوەی ناوی نووسەرەكەی بنووسێت، خوێنەر مەگەر بەوێنەكەدا هەڵیبێنێ كە نووسەری ئەو وتارە كێ بووە.
• سەبارەت بەزاراوەی (ساخكردنەوەو نووسینی(یوسف بەرزنجی).
1. ئەم كتێبە هەرگیز ناچێتە بواری ساغكردنەوەوە، چونكە هیچ بابەتێكی ناو كتێبەكە بابەت گەلێ نەبوون كە گومانیان لێكرا بێت، لەوەی نووسینی(ئارام) ن یان هی كەسێكیتر و (یوسف) ساغی كردبنەوە كە هی ئارامن…… چونكە ئەوەی دەستی قەڵەمی نووسین بگرێت دەزانێت ساغكردنەوە، لەرووی زمانەوانییەوە بۆچی بەكاردێت…
2. یوسف نووسیوێتی(لەنووسینی) .. منیش و ئەوەی ئەو كتێبەی خوێندبێتەوە دەزانێت كەسەراپای بابەتەكان هەر هەمووی نووسینی(ئارام)ن نەك هی یوسف. یوسف هەندێ لاپەڕەی تێكەڵ و پێكەڵی تێكەڵاوی ناو بابەتەكانی كردووە، كە پەیوەندییەكی ئەوتۆیان بەئارام و كتێبەكەیەوە نییە. وەكو(تێوەردان) چەند وشەیەك بۆمێژوو، پێش فێستیڤاڵی یادی شەهید ئارام، تێچاندنی یەكەم و دووەم)…

سێیەم
بەدواداچوونێك بۆ نووسینەكەی ئەردەڵان عەبدوڵڵا
خوێندنەوەیەك بۆ نووسینێكی (ئەردەڵان عەبدوڵڵا)ی نووسەر و رۆژنامەنووس و وەرگێڕ(ئەردەڵان عەبدوڵا) لەلاپەڕەكانی(12-13)ی ژمارە(7747)ی هەینی-شەممە (21-22/12/2018)ی رۆژنامەی كوردستانی نوێی ئازیزدا بابەتێكی بەناونیشانی( كۆمەڵەو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەدیدی كاك ئارام)ەوە بڵاوكربووەوە .
سەرەتا من هەركەسێك لەسەر (شەهید ئارام) وشەیەك- رستەیەك بنووسێ من بەهاوەڵ و هاوبیرو هاوسەنگەری خۆمی دەزانم. چونكە لەو رۆژەوەی (شاسواری شێخ جەلال)م ناسیوە بەلاوێكی كوردپەروەرو نیشتیمان پەروەرو تێكۆشەرێكی روناكبیر و نووسەر و ئەدیب و توێژەرەوەو رۆژنامەنووس و خاوەن فكری شۆڕشگێڕیی پێشكەوتنخواز، وریا،زیرەك، لێهاتوو، بەتوانا،دووربین، گەشبین، چاونەترس دونیابین، هەمیشە دەم بەپێكەنین، ورە بەرزم ئەژمار كردووە، بەسیاسیەكی دەركەوتووی سەردەركردووی هەڵكەوتووی كاروانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی گەلەكەمانم داناوە، كەدژی دیكتاتۆریەت و چەوساندنەوەی چینایەتی و نەتەوایەتی بووە، داكۆكی لەئازادی و دیموكراتی و مافی مرۆڤ و مافی چارەنووسی گەلەكەی و سەربەخۆیی كوردستان كردووەو، لەدژی شەڕو زوڵم و زۆر بەگژی شەڕدا چووە، بۆیە(شاسوار) بوو دوای هەرەسی شۆڕش لەساڵی (1975)دا خۆی بۆ خەباتی شارو شاخ و پێشمەرگایەتی تەرخانكردوو وازی لەژیانی شارستانی هێناو لەماوەی سێ ساڵی خەباتی شارو شاخدا بووە, ئەو (ئارام)ەی كە لەكوردستان و ناوچەكەدا ناوو ناوبانگی دەركرد.
(ئارام) بوو وەك سەركردەیەكی مەیدانی توانی جڵەوی گرتنەوەی رێكخستنەكانی كۆمەڵەو هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ لە ساڵانی ( 1975-1976-1977) دا بگرێتە دەست، وەكو سكرتێری (كۆمەڵە)و ئەندامی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) لەناو شۆڕشی نوێ و هێزی پێشمەرگەو رێكخستنە نهێنییەكان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و حزب و لایەنە كوردستانییەكاندا بناسرێت و دەربكەوێت.. دیارە پێش دەستپێكردنەوەی شۆڕشی نوێ (ئارام) (شاسواری ناو رێكخراوەكانی(یەكێتی قوتابیانی كوردستان) (یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان) و قەڵەم بەدەستێكی بواری رووناكبیری ئەدەبی و رۆژنامەگەری بوو. ئەگەر كەسێك بیەوێت بەباشی لەكەسایەتی (شاسوار جەلال، سوارە، ئارام، ئەبوبەكر و مەلا بەكر) شارەزا بێت، بابە ئەرشیفی راگەیاندنەكانی كۆمەڵەو (ی. ن. ك)ی سەردەمی شاخدا بچێتەوەو گەنجینەی پڕی شاسوار لە ئەرشیفی( دار التچامن من للگباعە والنشر الكردیە) ی (وزارە الاعلام) ی عێراقی لەساڵانی پێش (1975) هەڵبداتەوە. ئەوكاتە ئەزانێت(شاسوار) چ شاسوارێك بووە، ئەگەر كەسێك نەتوانێ‌ بەو ئەرشیفانە و سەراپای نووسینەكانی (ئارام)دا بچێتەوە، هەرگیز ناتوانی لەئەندێشەی فكری ئارام تێبگات.
كتێبیی(ئارام و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی كورد) كۆكرایەوە یەكی بەرهەمەكانی ئارامە، كە هەر نووسەرێ بیەوێت لەژیانی ئارام و رای خەڵك تێبگا لەسەر ئارام با چاوێ بەو كتێبەدا بخشێنێ. ئەوسا دەزانێت لەناو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگەدا ئارام چیبووە..
• من كە وتارەكەی(ئەردەڵان)م خوێندەوە تێگەیشتم كە لەسۆنگەی كتێبی (ئارام شەهیدێك لەبناری كەڵەوێدا) نووسینەكەی نووسیوە. كە نەدەبوو بۆ نووسین لەسەر ئارام تەنیا پشت بەو سەرچاوەیە ببەستێ.. من هەرچەندە لەنزیكەوە (ئەردەڵان) ناناسم، بەڵام بەكەسێكی نووسەر و وەرگێڕێكی باش و رۆژنامە نووسێكی بەتوانای دەزانم، بۆیە هەرنووسینێكیم دەست كەوێت دەیخوێنمەوە، لەنووسینەكەیدا شڕۆڤەیەكی زیرەكانەو زانستیانەی فكرو ئەندێشەكانی كاك ئارامی كردووە، دەستخۆشی لێدەكەم، بەڵام لەنووسینەكەیدا هەندێ پەڕەگرافی نووسیوە، كەناچاری كردم سەرەنجی خۆم لەسەر پەرەگرافەكان بنووسم و شڕۆڤەیان بكەم…
• لەستوونی یەكەمی نووسینەكەیدا دەڵێت[ 1. لێ… بەداخەوە زۆر كەم گرنگی و بایەخ بە مێژووی خەبات و تێڕوانین و ئەندێشەی سیاسی و فكری ئەم سەركردە مەزنەی گەلەكەمان دراوە..] یان دەڵێت:( 2. من هەر بەقسە باسی كاك ئارامیان بۆ كردووم و هیچ نووسراوێك یان كتێبێكی ئەم سەركردەیەم لانەبوو).. (لێ خۆشبەختانە لەماوەی پێشوودا هاوڕێ و برای هێژام (كاك یوسف محەمەد بەرزنجی) كۆمەڵێك كتێبی بەنرخی خۆی پێشەكەش كردووم، لەیەكێك لەو كتێبانە( ئارام شەهیدێك لەنباری كەڵەوێدا)بوو]. بەدوایا دەڵێت: [ 3. لەو كتێبەدا زانیاری ورد و باشی تێدایە لەبارەی خەبات و تێكۆشانی كاك ئارام] وە لەستوونی دووەی نووسینەكەیدا دیسان دەڵێت: [ 4. بەڵام خۆشبەختانە چەند مێژوو نووس و ئەرشیفیستێك لەم چەندساڵەی دواییدا قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە و هەوڵ دەدەن ئەو ئەرشیفە گرنگە لەفەوتان رزگار بكەن… دەتوانین هەوڵەكانی كاك یوسف محەمەد بەیەكێك لەو هەوڵە باشانە دابنێین، كەماوەیەكە خەریكی كۆكردنەوەی ئەو بەڵگەو نامەو بەیاننامە گرنگانەیە، كەلەچەند شوێن تۆزی لێنیشتووە و كەسیش ئاوڕیان لێناداتەوە] یان دەڵێت:[ 5. لەم كتێبەدا كۆمەڵیك دەستنووسی زۆر گرنگی تێدایە كە لەرێگایەوە دەتوانین بەئەندێشەی سیاسی و فكری كاك ئارام، ئاشنابین..] من كە ئەم پەرەگرافانەم خوێندەوە تووشی شۆك بووم.
ئەردەڵانێكی نووسەر و رۆژنامەنووس و وەرگێڕ و هەمیشە قەڵەم بەدەست، كە یەكێكە لەو نووسەرانەی بەردەوام لەرۆژنامە و گۆڤارەكاندا دەنووسێ.. من بەو كەسەم دەزانی كە لەمێژووی رۆژنامەگەری و ئەدەبی كوردییدا زۆر بەئاگابێ!.. بۆیە لێرەوە سەرەنجەكانم لەسەر ئەو پەرەگرافانەی نووسینەكەی شڕۆڤە دەكەم.
1. لەپەڕەگرافی( لێ.. زۆركەم گرنگی و بایەخ دراوە) ئەمە ئەوە دەردەخات كە (ئەردەڵان) نەك ئاگای لەسەردەمی شاخ و ئەو كتێب و بڵاوكراوانەی كەلەسەر(شەهید) و چاپكردنەەوی بەرهەمەكانی نییە، تەنانەت ئاگای لە ئەرشیفی ئەو رۆژنامەیەش نییە كە نووسینەكەی تیادا بڵاوكردۆتەوە، كە دەبوو ئاگاداری هیچ نەبێ (ئەرشیفی راگەیاندنی یەكێتی و كوردستانی نوێ و جەریدەی(الاتحاد) و كەناڵەكانی گەلی كوردستان و كوردسات و خاك و رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان و خاك بوایە.) كە ساڵانە لە(31/1)ی هەموو ساڵێكدا لەشاری سلێمانی و ئەو كەناڵانە و رۆژنامەی كوردستانی نوێ و گوندی تەنگیسەری ناوچەی قەرەداخ یادی كراوەتەوەو دەكرێتەوە.
لەنووسینەكانی بەناونیشانی هەڵبژاردەكانی شەهید ئارام بەشی یەكەم و دووەمی و نامیلكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆچی.؟ دەیان نووسینی تری لەراگەیاندنی ناوەندی كۆمەڵەو (ی.ن.ك) لەساڵانی (1977-1982) بڵاوكراونەتەوە، بۆ رێكخستنە نهێنییەكانی ناوشارەكان و هێزی پێشمەرگە پەخشكراون… لەدوای راپەڕینیش رەوانشاد(نەوشیروان مستەفا) لە كتێبی ( لەكەناری دانووبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ) كەلەساڵی(1997) چاپ و بڵاویكردووەتەوە لاپەڕەكانی (64-65-172-216-228-229) وە لەدیدارێكی رۆژنامەی كوردستای نوێ(فەلاح كەریم)ی رۆژنامەنووس لەیادی(25) ساڵەیدا و لەژمارە (2978)ی رۆژی 1/2/2003، لەگەڵیدا كردووە، راوبۆچوونی لەسەر ئارام نووسیوە… من لەساڵی (2007) كتێبێكی دوو بەرگیم لەسەر ئامادە كردووەو نووسیوەو بڵاوم كردووەتەوە، (خاتوو وەزیرە جەلال)ی خوشكی لە ساڵی (2012) كتێبی هەڵبژاردەیەك لەنووسینەكانی شەهید ئارام بەشی یەكەم و لەساڵی (2013) نامیلكەی (شەهید ئارام لەشیعری شاعیراندا)ی بڵاوكردەوە، (ئازاد محەمەد) نامیلكەی (بیرەوەری حەوت ساڵەی شەهیدبوونی هاوڕێ ئارام و راستی بۆچوونەكان)ی بڵاوكردووەتەوە، لەدوای راپڕین و ساڵانی نەوەدەكداندا پەیكەرێكی لەگۆڕەپانی لای باخچەی گشتی لەبەردەم پارێزگای سلێمانی بۆكرا، بەڵام لە (31)ی ئابدا، نەیارانی (ئارام) ئەو پەیكەرەشیان شەهید كرد.. وا ئەمساڵیش لەساڵیادی 41 ساڵەیدا لەتەنگیسەر لەسەر مەزارەكەی یادیكرایەوەو لەدووڕیانی (بازیان- دێلێژە) پەیكەری دیواربەندی بۆكراو لەمەراسیمێكی شایستەدا پەردەی لەسەرلادرا.. من ناڵێم ئەوانەی بۆیكراوە بارتەقای خەبات و فكرو رووناكبیری و شۆڕشگێڕیی (ئارام)ن, بەڵام لەچاو هاوڕێ تێكۆشەرەكانیدا تارادەیەك توانراوە ساڵانە لەساڵرۆژی شەهید كردنەكەیدا كە جاشە خۆفرۆش و تاوانبارەكان ریسواو ریسواتر بكرێن… منیش حەزمدەكرد نووسەران و مێژوونوسان و لێكۆڵەرەوان چەندین لێكۆڵینەوەیان لەسەر نووسینەكانی بكردایە… لەگەڵ ئەوەشدا نووسەران و شاعیران كەمتەرخەمییان نەكردووە، كە دوای شەهید كردنەكەی بەدەیان شیعرو نووسینیان لەسەر نووسیوە.. من ئاواتە خوازم لەجیاتی ئەو ساڵیادانە كەسانێك هەبوونایە دراسەی وردیان لەسەر هەموو وێستگەو قۆناغەكانی مێژووی ژیان و خەباتی فكری وسیایی و شۆڕشگێریی و رۆژنامەنووسیان بكردایە…
2. لەپەڕەگرافی ( من هەر بەقسە باسی كاك ئارامیان بۆ كردووم… هتد) زۆرم لاسەیرە كە(ئەردەڵان) ئەم قسەیەی كردووەو تا ئەو كتێبەی یوسفی نەبینیوە (ئارام)ی نەناسیوە …كاكە ئەردەڵان، هەركەسێ ئەو قسەیەی بكردایە نەدەبوو تۆ بیكەیت… چونكە تۆیەك لەناو دونیای رۆژنامەگەری و ئەدەبی و نووسیندا دەژیت نەدەبوو وا بێئاگایی خۆت لەسەر (ئارام) ئاشكرا بكردایە.. چونكە لەم كوردستانەدا روناكبیرێ، رۆژنامەنووسێ، شاعیرێ، چیرۆك نووسێ، ئەدیبێ، مێژوو نووسێ، پێشمەرگەیەك، سیاسییەك، باوەڕناكەم هەبێ كە ئارامی نەناسیبێ لەو باوەڕەدام تۆ تەنیا كەسی كەدان بەوەدا دەنێیت كە (ئارام)ت نەناسیوە. لام سەیریشە ناخۆشییشە… كە بەو كتێبەی یوسف شاگەشكە بوویت، ئارامت ناسی!! بەرای من دەبوو كە ئەو كتێبەت كەوتە بەردەست یەكسەر دەست نەدایەتە قەڵەم، بەڵكە دەبوو لەسەر نووسەر و سكرتێری نووسین و ستافی كوردستانی نوێت پرسیار بكردایە تا پێت بڵێن( ئارام) كێبووە.؟ دڵینیام زانیاری زۆر لەوەزیاتریان لەوكتێبەدا دەدا بەتۆو لەزانیارییەكانیان بێبەشیان نەدەكردیت.
3. دەڵێت( لەو كتێبەدا زانیاری ورد و باشی تێدایە….هتد) نازانم ئەو زانیاریە وردو باشانە كە دەڵێت كامانەن؟ من چەند سەرو بنی ئەو كتێبەم كرد، جگە لەچەند لاپەڕەیەك لەسەر مێژووی ژیانی زانیاریەكیتری ئەوتۆم بەرچاو نەكەوت، ئەگەر سەیرێكی كتێبەكەی منت بكردایە زانیاری زۆر زۆر لەوە باشتر و زیاتر دەستدەكەوت، جگە لەوەش ئەو نووسینانەی كە گوایە لەژێر تۆز و خۆڵدا دۆزیوینێتییەوە و لەپوان رزگاری كردوون!!!!؟؟ كە ئەوەت بۆ روونكراوەتەوە.
4. لەپەرەگرافێ‌ كەدەڵێت( بەڵام خۆشبەختانە چەند مێژوونووس و ئەرشیفیستێك….. دەتوانین هەوڵەكانی كاك یوسف محەمەد بەیەكێك لەو هەوڵە باشانە دابنێن…كەلەچەند شوێن تۆزی لێنیشتووەو لێناداتەوە) بەراستی ناتوانم بیشارمەوە ئەمە لەنووسینی كەسێكی زۆر بێئاگا دەچێت.. تۆ بڵێی ئەردەڵان (یوسف)ی لابووبێ بەمێژوو نووسێكی وەكو (د. كەمال مەزهەر)یان (ئەمین زەكی بەگ).؟ كە ئەسپی سەركەشی لەنووسینەوەی مێژووی شۆڕشی كوردا تاودات و هەموو ئەو پارچە كاغەز و نووسین و دەستەخەتانەی كەلەتاق و پەنجەرەی مزگەوتەكان و ماڵە خاوەن تاقەكاندا بدۆزێتەوەو ساغیان بكاتەوە و بەرێنووسی نوێی كوردی دایان بڕێژێتەوە، كتێبخانەی كوردیان پێ دەوڵەمەند بكات؟!! پێت ناخۆش نەبێت زۆر بەهەڵەدا چوویت كەسێكی وەكو یوسف ناتوانێ و تواناو دەسەڵاتی وای هەبێ وەكو تۆ باسی ئەكەیت و پێی سەرسامی…
5. لەپەڕەگرافێكا دەڵێت(لەم كتێبەدا كۆمەڵێك دەستنووسی زۆر گرنگی تێدایە…كاك ئارام ئاشنابین.) تۆبڵێی یوسف لە(ئەردەڵان)ی واگەیاندبێت كە ئەو سێ بەرهەمە ناوازەی (كاك ئارام) كە لەكتێبەكەیدا نووسیونێتیەوە كە دەستنووسی كاك ئارام بوون و لەمەزارگەی (شێخ مووسا و شێخ عیسا) لەبەرزنجە دۆزیوینێتییەوەو نووسیوینێتیەوەو بۆیەكەمجار تایپی كردوون و لەو كتێبەدا بڵاویكردوونەتەوە، خستوویە بەردەستی ئەردەڵان و نووسەران!!؟. چونكە بەراستی قسەكانی ئەردەڵان وامان پێدەڵێت. ئەردەڵان گیان برای نووسەر و رۆژنامەنووسم..ئەو بابەتانە تەنیا بابەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆچی؟ ( دووجار لەسەردەمی خەباتی شارو شاخدا چاپكراوە، ئەوانەیتریش هەریەكەیان دووجار چاپكراون و بڵاوكراونەتەوە، یوسف تەنیا لەو كتێبەدا بۆجاری سێیەم هەمواریكردوونەتەوە.
• ئەردەڵان لەچەند سەرەنجێكدا و لەدوا ستوونیدا دەڵێت (لەرووی شێوازی نووسینی ئەم كتێبەشەوە جگە لەوەی دەستخۆشی لەكاك یوسف دەكەم و كارێكی باشی كردووە، بەڵام سەرنجێكم هەبوو بۆنموونە لەبەرگی پێشەوە نووسراوە ساخكردنەوەو نووسینی( یوسف محەمەد بەرزنجی) راستە ئەم كارە دەچێتە قاڵبی ساغكردنەوەوە، بەڵام ناچێت قاڵبی نووسینەوە، چوونكە ناوەڕۆكی كتێبەكە لەلایەن كاك ئارامە نووسراوە نەك یوسف) لەبارەی ئەم سەرەنج و نووسینەی (ئەردەڵان) ەوە.. زۆرم لاسەیرە كەدەڵێت دەچێتە قاڵبی ساغكردنەوەوە!!) چونكە ئەوەی بتوانێ قەڵەم بۆ نووسین بەدەستەوە بگرێت، زۆرباش دەزانێت ساغكردنەوە بۆچی بەكاردێت.. ساغكردنەوە بۆ بابەتێ یان شتێك بەكاردێت كە گومانی لێبكرێت لەوەی كەئایا ئەو بابەتە یان ئەو شتە هی فڵان كەسە یان هی یەكێكیتر..؟ باوەڕناكەم كەسێ هەبێ گومانی لەوبابەتانە بێت كە (ئارام) نووسیونی و (یوسف) هاتبێت بەوشیاری و رووناكبیری و ئەرشیفناسی و ئیدراكی مێژوویی و پسپۆڕی لەدەستخەت و نووسینەكانی ئارامدا ئەو بابەتانەی لەگومان دەرباز كردبێت، و ساغیكردبنەوە، كە ئەو نووسینانە هی كەسیتر نییەو زادەی مێشكی ئارامە.. لەمەشدا ئەردەڵان نازانم بۆ ئەو هەڵەیەی كردووە.؟
لەبارەی ئەوەی نووسیوێتی لەنووسینی یوسف نییە زۆر باشی پێكاوە، كە ئەو نووسینانەی یوسف لەو كتێبەدا كۆی كردوونەتەوە نووسینی (ئارام)ن و فڕیان بەسەر یوسفەوە نییە.
بۆئەوەی لەدەستبردن بۆ بابەتێكی وا كەمن دەستم بۆ (3) بابەت بردووە. لەكتێبەكەی (مامۆستا جەمال تاهیرو مامۆستا عەزیز مەحموود)دا نووسیومە كۆكردنەوەو ئامادەكردنی بەندە) لەكتێبەكەی (شەهید ئارام)دا نووسیومە لەئامادەكردن و نووسینی بەندە) لەبەر ئەم هۆیانە بووە كە نووسیومە لەنووسینی بەندە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

خولی چوارھەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی راگەیەنرا

لەشاری سلێمانی خولی چوارھەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەنجام دەدرێت. ...