سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » مه‌رگی رێگاوبان

شوخت

مه‌رگی رێگاوبان

خنكانی 100 كه‌س به‌هۆی نقومبونی به‌له‌مێكه‌وه‌ له‌موسڵ مه‌رگه‌ساتێكی گه‌وره‌بوو، توڕه‌ییه‌كی زۆری به‌دوایخۆیدا هێنا، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م روداوی تراژیدی و پڕ مه‌رگ نییه‌ له‌شاره‌كه‌دا روده‌دات، به‌ڵام كات و سروشتی روداوه‌كه‌ زه‌مینه‌ی‌ ره‌خساند تاوه‌كو ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ زیاتری هه‌بێت.
ئه‌وه‌ی‌ له‌موسڵ رویدا له‌كوردستان به‌رده‌وام دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام له‌شێوه‌و شوێنی جیاواز، جیاوازییه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌موسڵ رویدا لێپرسراوانی باڵای عیراق خێرا سه‌ردانی شوێنی روداوه‌كه‌یان كردو ده‌ستبه‌جێ رێوشوێنی قانونیان گرته‌به‌ر بۆ زانینی هۆكاری روداوه‌كه‌و به‌رگرتن له‌دوباره‌بونه‌وه‌یه‌و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌ زیانلێكه‌وتوان، به‌ڵام لای ئێمه‌ نه‌كه‌س لێده‌پێچته‌وه‌و نه‌كه‌سیش سزا ده‌درێت و نه‌كه‌س قه‌ره‌بو ده‌كرێته‌وه‌!!
رۆژ نییه‌ روداوی جه‌رگبڕی هاتوچۆ له‌سه‌ر رێگه‌و بانه‌كانی كورستان نه‌بیستین، هه‌ر جاره‌ی له‌سه‌ر رێگه‌یه‌ك، ئه‌و رێگاوبانانه‌ وه‌ك رێگای مه‌رگی لێهاتووه‌، بۆته‌ رێگای‌ هات و نه‌هات، دوای هه‌موو روداوێكیش به‌شێك له‌میدیاكان به‌جۆرێك پێشانی ده‌ده‌ن كه‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ پابه‌ند نه‌بونی شۆفێرانه‌ به‌رێنمایی و قانونه‌كانی هاتوچۆ! له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ 27 ساڵ به‌سه‌ر حوكمڕانی (خۆمانه‌!) تێده‌په‌ڕێت تائێستا رێگاوبانه‌كانی كوردستان به‌جۆرێك چاكنه‌كراوه‌ سه‌لامه‌تی گیانی شۆفێران و خه‌ڵك بپارێزێت! له‌كاتێكدا كوردستان تازه‌ بۆته‌ 4 پارێزگا، خۆ ئه‌گه‌ر 40 پارێزگامان هه‌بوا، ئه‌وا له‌وه‌یه‌ ئه‌و رێگه‌ یه‌ك سایده‌ زۆر خراپانه‌شمان نه‌بوایه‌ كه‌ ئێستا به‌كاردێت.
له‌پاڵ ئه‌و رێژه‌ به‌رزه‌ی‌ گیان له‌ده‌ستدانی هاوڵاتیان به‌هۆی روداوه‌كانی هاتوچۆوه‌، كه‌ ساڵانه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ هه‌زار كه‌س، هاوكات هه‌زاران كه‌سی دیكه‌ به‌هۆی روداوی هاتوچۆوه‌ بریندارو به‌شێكیشیان به‌دڵنیاییه‌وه‌ كه‌مئه‌ندام ده‌بن، كه‌ دیسان ئه‌وانیش جگه‌ له‌خه‌رجییه‌كی زۆر كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سوكاریانه‌وه‌ لییان ده‌كرێت، هاوكات له‌تاكی زیندو به‌رهه‌مهێنی كۆمه‌ڵگاوه‌ ده‌بنه‌ ده‌بنه‌ بارگرانییه‌كی گه‌وره‌ به‌سه‌ر كه‌سوكارو كۆمه‌ڵگاكه‌.
له‌به‌رامبه‌ر خراپی رێگاوبانه‌كان و ئه‌و رێژه‌ به‌رزه‌ی‌ قوربانیانی هاتووچۆ له‌كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه‌ پاره‌یه‌كی ئێجگار زۆری له‌فه‌رمانگه‌ی‌ هاتوچۆ ده‌ستده‌كه‌وێت، ئیدی هه‌ر له‌ به‌ناوكردنه‌وه‌ تا پاره‌ی‌ ژینگه‌و رێگاوبان و پاره‌ی‌ سزای سه‌رپێچی! هه‌رچه‌ند ئامارێكی ورد به‌رده‌ست نییه‌، به‌ڵام ته‌نها ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌فه‌رمانگه‌كانی هاتوچۆ ده‌ستده‌كه‌وێت له‌ 400 ملیۆن دۆلار تێپه‌ڕ ده‌كات، جگه‌ له‌نه‌وت، ئه‌مه‌ داهاتێكی ئێجگار زۆره‌ به‌راورد به‌هه‌ر سێكته‌رێكی دیكه‌ی داهاتی ناوخۆی هه‌رێم.
ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌رێگه‌ی‌ فه‌رمانگه‌كانی هاتوچۆوه‌ ده‌ست حكومه‌ت ده‌كه‌وێت زۆره‌، بۆیه‌ پێشنیار ده‌كه‌م رێژه‌یه‌كی دیاریكراوی ئه‌و داهاته‌ بۆ دروستكردنی رێگاوبانه‌كان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان ته‌رخانبكرێت، هه‌روه‌كوچۆن به‌شێك له‌و داهاته‌ له‌ژێرناوی چاككردنی رێگاوبان و ژینگه‌ له‌هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێت!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مام جه‌لال داوای له‌ئۆجالان كرد ئیتاڵیا جێنه‌هلێت…

مام جه‌لال داوای له‌ئۆجالان كرد ئیتاڵیا جێنه‌هلێت، به‌ڵام به‌قسه‌ی‌ نه‌كرد ...