سەرەکی » دۆسێ » هەسەدە سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر داعشدا راگەیاند

دوایین مۆڵگە لە تیرۆریستان پاككرایەوە

هەسەدە سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر داعشدا راگەیاند

فەرماندەی گشتی هێزەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاندبوو، كۆتاییان بە چەكدارانی داعش لە سوریادا هێنا لە سوریا لەپێناو ئەو سەركەوتنەكەشدا قوربانییەكی زۆرییان بەخشی.
مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی لە 23ی ئاداری 2019، كۆتاییهاتنی چەكدارانی داعشی لە سوریا راگەیاند و گوتی :»بۆ كۆتاییهێنان بەسەر چەكدارانی ڕێكخراوی داعش، قوربانی زۆریان داوە و 11 هەزار شەڕڤان شەهیدبوون و زیاتر لە 21 هەزار شەڕڤانی تر برینداربون».
بە گوتەی مەزڵوم كۆبانێ‌» لەماوەی شەڕی ڕووبەڕووبونەوەی داعشدا زیاتر لە 52 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە لە دەستی داعش رزگاركراوە، سوپاسی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكەن بۆ ئەو كۆمەك و هاوكاریەی پێشكەش بە شەڕڤانانیان كرد».
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت» شەڕكردنیان دژی چەكدارانی داعش بەردەوام دەبێت».
هەر لەو چوارچێوەیەدا چیا فرات، فەرماندەی (هەسەدە) ڕایگەیاندبوو:» دوایین ناوچەیان لە دەستی داعش ڕزگار كرد و كۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنەكەهێنا،سەركەوتنەكە سەرەتا وەك دیاریی پێشكەش بە گەلانی كورد، عەرەب و سریانی و هەروەها بەهەموو گەلانی ناوچەكە و جیهانی دەكەن».
یەكەمین شكستی مێژووی داعش لەسەر دەستی شەڕڤانانی (یەپەگە) و (یەپەژە) لە كۆبانێ ڕوویدا، دوای ئەو شكستەش بەردەوام داعش پاشەكشێی دەكرد و لە 21ی ئاداری 2019دا داعش بەدەستی شەڕڤانای هەسەدە و بەپێشەنگی (یەپەگە) و (یەپەژە) بەتەوایی تێكشكا.
شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دوای ئەوەی كۆتاییهاتنی تەواوەتی چەكدارانی داعشیان لە باغۆز راگەیاند، بە ئامادەبونی فەرماندە سەربازییەكانیان، مەراسیمی سەركەوتنی شەڕڤانانیان لە باغۆز بەڕێوەبرد.
ویلەم روباك، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لە مەراسیمی سەركەوتنی شەڕڤانان بەسەر داعشدا رایگەیاندبوو:»سوپاسی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكەین».

نێردەی پێشووی ئەمریكا بۆ شەڕی دژ بە داعش
نێردەی پێشووی سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی دژ بە داعش، بە بۆنەی سەركەوتنی كۆتایی بەسەر داعشدا، پیرۆزبایی سەركەوتنی لە شەڕڤانان كرد بەسەر ڕێكخراوە توندڕەوەكەدا و ڕایگەیاندبوو «ئەو سەركەوتنە مێژوییە، دەستكەوتێكی گەورەیە».
برێت مەكگۆرك، نێردەی پێشوی سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی دژ بە ڕێكخراوی داعش لە عیراق و سوریا، لە تویتێكدا لە ئەژماری تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ڕایگەیاندبوو «پیرۆزبایی لە هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكەین بەبۆنەی ئەو سەركەوتنە مێژوییە گەورەیەی كە بەسەر داعشدا تۆماریان كرد، شەڕڤانان بەوپەڕی ئازایەتی و بوێرییەوە دژی چەكدارانی داعش جەنگان».
بە گوتەی ماكگۆرك:»ئەو هێزە هەمەڕەنگە (هەسەدە) بە ئازایەتی و بوێرییەوە لەدژی چەكدارانی داعش لە چوار ساڵی پڕ زەحمەتی رابردوودا جەنگان، لەو پێناوەشدا هەزاران قوربانیان بەخشی».
هەروەها مەكگۆرك نوسیبووی، «شەڕڤانان شار بە شار و ناوچە بە ناوچە داعشیان ڕاودەنا و ناوچەكانیان لە چەكدارانی ئەو ڕێكخراوە پاكدەكردەوە»
مەكگۆرك یەكێك بوو لە بەرپرسە باڵاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە پشتیوانی شەڕڤانان و كوردانی رۆژئاڤای كوردستان بوو لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو، بەڵام لە 22ی مانگی كانوونی یەكەی 2018، دوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ پاشەكشەپێكردنی هێزەكانیان لە سوریا، دەستی لە پۆستی نێردەی ئەمریكا بۆ شەڕی دژ بەداعش كێشایەوە.
پێشتر مەكگۆرك لە چاوپێكەوتنێكیدا رایگەیاندبوو:»بڕیاری پاشەكشەپێكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا هەڵەیەكی كوشندەیە، دوژمنانی واشنتۆن ئەو كەلێنە پڕدەكەنەوە كە دوای پاشەكشەكردنی هێزەكانیان درووست دەبێت».

دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ
چوار ساڵە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) كە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێكهاتەی سەرەكی پێكدەهێنێت، بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لەدژی چەكدارانی ئەو رێكخراوە توندڕەوەدا لە جەنگدایە و لە 23ی ئاداری 2019شدا، دوایین مۆڵگەی رێكخراوەكە بەتەواوەتی كۆنترۆڵكرا.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاندبوو» دوای 41 رۆژ لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنی باغۆز، سەركەوتنی تەواوەتیان بەسەر داعشدا راگەیاند و شەڕڤانان شار بە شار و ناوچە بە ناوچە چەكدارانی ڕێكخراوەكەیان ڕاونا».

ئەمریكاش سەركەوتنەكەی ڕاگەیاند
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی‌ ئەمریكا ڕایگەیاندبوو، رێكخراوی داعش لە سوریا بە تەواوەتی تێكشكێندرا.
سارە ساندرز، وتەبێژی كۆشكی‌ سپی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندبوو” باتریك شاناهان وەزیری بەرگری ئەمریكا بە وەكالەت بە سەرۆك دۆناڵد ترەمپی رایگەیاندووە كە داعش هیچ خاكێكی‌ لە سوریادا بەدەستەوە نەماوە».
ماوەی‌ نزیكەی دوو مانگە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ئۆپەراسیۆنەكانیان بۆ كۆتڕۆڵكردنەوەی‌ شارۆچكەی باغۆز دەستپێكرد كە دوایین مۆڵگەی ڕێكخراوی‌ داعش بوو لە سوریا، لەو ماوەیەشدا هەزاران هاوڵاتی‌ مەدەنی‌ و چەكداری‌ داعش ناوچەكەیان چۆڵ كرد و خۆیان ڕادەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات كرد لە خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات.
بەگوتەی ساندرز”بەناو دەوڵەتی خیلافەت لەسەدا 100 تێكشكێندرا، لەئێستاشدا هیچ خاكێكی لە سوریا و عیراق لە دەستی ڕێكخراوەكەدا نەماوە».
لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی دوایین مۆڵگەی ڕێكخراوی داعش لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات، فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە لەلایەن ئەمریكاوە سەركردایەتی دەكرێت، چەندان هێرشییان لە دژی چەكدارانی داعش لە باغۆز ئەنجامدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریكا كارمەندە ناسەرەكییەكانی لە عیراق پاشەكشە پێدەكات

ئەمریكا داوا لە كارمەندە ناسەرەكییەكانی دەكات لە عیراق، وڵاتەكە بەجێبهێڵن، ...