سەرەکی » وتار » ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ » كۆتایی خەلافەتەكەی داعش

كۆتایی خەلافەتەكەی داعش

بەشی سێیەم و كۆتایی

لیوس ریچادسن لە كتێبی «تیرۆرستەكان چیان دەوێت» باس لەوە دەكات، تیرۆرستەكان هەمیشە بە سێ شت بەردەوامی بە مانەوەی خۆیان دەدەن و یارمەتیان دەدات لە خۆڕێكخستنەوەیان، ئەوانیش»تۆڵەسەندنەوە، هەوڵوێست نواندن و ناوبانگ پەیداكردن». ئەمە لەو رێكەوتەوە دەكرێت ئاماژەی پێ بكرێت كە داعش چیتر جوگرافیایەكی بۆ خۆ نمایشكردن لە بەردەستدا نەماوە.
رێكەوتی 23ی مارسی 2019، رێكەوتێكە لە مێژوودا لە دوای رووخانی ئیماراتەكەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، دەكرێت وەك یەكێك لە گرنگترین رۆژەكانی سەرەتای سەدەی 21 سەیر بكرێت، كە گەورەترین رێكخراوی تیرۆرستی شكستی پێهێنرا. بەڵام ئەم رێكەوتە لە خۆیدا شتێكی تر دروست دەكات كە دیسان بەهەمان شێوە رۆڵی گرنگی دەبێت لە مێژوودا ئەویش قۆناغی دووەمی رووبەڕووبوونەوەكانە لەگەڵ نەوەی دووەمی داعش و مەترسیدارتر لەوەش فیكرە جیهادییەكەیەتی.
بە لەناوچوونی داعش و گێڕانی مەراسیمی سەركەوتن لە باغۆز، شەڕو ململانێكان لە نێو گروپە جیهادییەكان پەرە دەستێنێت، بە تایبەتی لە نێوان پاشماوەكانی داعش و قاعیدە، چونكە بۆ قاعیدە داعش چیتر نە لەسەر ئاستی هێزو نە لەسەر ئاستی فیكری جیهادییەوە پەیوەندیی بەو دەوڵەتەوە نەماوە كە لەساڵی 2014دا خۆی راگەیاند. هیچ نەبێت نوێنەرەكەی بەنی القریشی» ئەبوبەكر بەغدادی» چیتر ناتوانێت لە دوای لە دەستدانی دەوڵەتەكەی ململانێ بۆ بەدەستهێنانەوەی دەسەڵاتی خەلیفە وەك پۆست و رابەر بكات. بۆیە بوون و نەبوونی ئەو ناتوانێت بە ئەندازەی دەورانی ساڵی 2006 تا رزگاركردنەوەی موسڵ لەنێو داهاتووی داعش و تەنانەت گروپە جیهادییەكانی دیكەی ناوچەكەش بەتایبەت قاعیدە بەو ئاستە كاریگەر بێت.
قاعیدە لە دوای شكستی داعش، پارادامێكی جیهادی دەبێت، كە پێدەچێت بەزوویی خۆی لە مەغریبی عەرەبی رابگەینێت، بەو پێیەی قاعیدە ئێستا چ لە رووی پێكهاتەییەوە چ لە رووی فیكرو بیروباوەڕە نەگۆڕەكەیەوە لە داعش رێكخراوترە. بەوپێیەی رەنگ بێت هێشتا قاعیدە لەسەر فەلسەفەو سیاسەتی كاری رێكخراوەیی خۆی ماوەتەوە، كە سیاسەت و فەلسەفەی «بن لادنیزمە» كە كار لەسەر بەئامانج گرتنی دوژمنی دوور وەك هێزە دەرەكییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكاتە ئامانجی خۆی. بەمەش قاعیدە لەو ململانێیە فیكرییە جیهادییە براوە دەبێت، كە پێش چەند ساڵێك لە بەرامبەر فەلسەفە و فیكری دەوڵەتی ئیسلامیدا مەیدانەكەی بەجێهێشت.
بە وتەی «بن واڵاس» وەزیری دەرەوەی ئاسایشی ئیتاڵیا، قاعیدە لە ئێستادا بە دوای دووبارەكردنەوەی سەركەوتنێكی تری هاوشێوەی هێرشەكەی 11ی سێپتەمبەرەوەیە. ئەمە ئاماژەیەكە بەوەی كە ئەو بێدەنگەییەی قاعیدە نیشانەی دەركەوتنەوەیەكی مەترسیدارە، بەڵام لە كوێ و بە چ شێوەیەك ئەمە داهاتوو ئەو پرسە یەكلایی دەكاتەوە.
داعش لە ئێستادا وەك لیوس ریچادسن ئاماژەی پێدەكات، تەنها دەتوانێت بە دوای تۆڵە سەندنەوەو هەڵوێست وەرگرتنەوە بێت بۆ هێشتنەوەی رێكخراوەكەی، ئەگەرنا چیتر مەترسی ئەوەی لە ئارادا نەماوە مێژووەكەی پێنج ساڵی رابردوو دووبارە بكاتەوە. هەروەك چیتر لە عیراق نە مالكی لەسەر حوكم ماوەو لە سوریاش بەهاری عەرەبی پڕۆسەكەی خۆی تەواو كرد.
لە بەشی یەكەمی ئەو نووسینەدا قسەیەكی ئالڤین تالفێرو هایدی تالفێرمان، لە كتێبی جەنگ و دژە جەنگدا هێنایەوە كە دەڵێن:» هەر سەردەمێك هۆكاری پەیدابوونی شێوەیەكی تایبەت بە بەرپاكردنی جەنگی خۆی دەبێت». داعش لێرەدا سەردەمی جەنگەكەی كۆتایی هات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

بەشی یەكەم ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان حزبە سیاسییەكان بە قۆناغێكی ...