سەرەکی » وتار » ئاراز رەمەزان » ستراتیژی دوای قه‌یران

پۆلەتیک

ستراتیژی دوای قه‌یران

له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا كاتێك په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌ره‌و گرژیی و نائارامی رۆشتن و دواتر دروستبوونی ته‌نگژه‌ی سیاسیی و ئابووریی له‌ نێوان ئه‌م دوو حكومه‌ته‌دا تا كارگه‌یشته‌ بڕینی بودجه‌ و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان و دواتریش له‌ حوزه‌یران تا ئابی (2014) كه‌ داعش به‌شێكی زۆری شاره‌ سوننه‌ نشینه‌كانی عیراقی داگیركرد و هێرشی كرده‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ته‌نگژه‌و قه‌یرانه‌ ئابووریی و سیاسییه‌كان و قه‌یرانه‌ مرۆییه‌كانی وه‌كو زۆربوونی رێژه‌ی په‌ناهه‌نده‌ی جه‌نگ رووه‌و هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ سوریاو شاره‌كانی وه‌كو موسڵ و ناوچه‌ ژێر ده‌سته‌كانی داعشه‌وه‌ هاتبوونه‌ كوردستان، وایكرد قه‌یرانه‌كان چڕتربن و خه‌ڵكی كوردستانیش چه‌ند ساڵێكی سه‌ختی ئابووریی به‌ڕێبكه‌ن، ئه‌مه‌ وێڕای په‌یتا په‌یتای دابه‌زینی نرخی نه‌وت كه‌ بۆ ئه‌وێ رۆژێ ببووه‌ شاده‌ماری ئابووریی ‌و سه‌رچاوه‌ی دارایی هه‌رێم.
هه‌رچه‌نده‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی بوو بۆ كۆتایی هاتنی قه‌یرانی دارایی و ئابووریی، به‌ڵام هێشتا به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی كاریگه‌ریی قه‌یرانه‌كه‌ ماوه‌و به‌رده‌وامیشی ده‌بێت له‌سه‌ر پڕۆژه‌كان و كۆی پڕۆسێسی ژێرخانی ئابووریی له‌ هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ك چۆن قه‌یرانی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ریی زۆرو نه‌رێنی كرده‌ سه‌ر وه‌به‌رهێنانی بیانیش، وه‌كو هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌ی تازه‌ پێگه‌یشتوو كه‌ له‌دوای پڕۆسه‌ی ئازادیی عیراق له‌ (2003)ه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستانیش گرنگی زۆری به‌خۆوه‌ بینی له‌ بواری كه‌رتی وه‌به‌رهێنانی بیانیدا، به‌ڵام له‌دوای ساڵی (2014)ه‌وه‌و به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌غداو دروستبوونی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ گروپی تێرۆریستی (داعش) كه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆر بۆ به‌رگریكردن له‌ هه‌رێمی كوردستان و شه‌ڕكردن دژی ئه‌و گروپه‌ تێرۆریسته‌ خه‌رجكرا، قه‌یرانی دارایی سه‌ریهه‌ڵدا.
له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدان و بوونی قه‌یراندا، حكومه‌ت پێویسته‌ ستراتیژی تایبه‌ت به‌خۆی په‌یڕه‌و بكات، به‌ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ قه‌یرانه‌كان، یان دروستكردنی كاریگه‌ریی ئه‌رێنی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ریی قه‌یرانه‌كان، به‌شێك له‌ پسپۆڕان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ستراتیژی نه‌بێت بۆ كاتی ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌كان، ئه‌وا ناتوانێت رووبه‌ڕوی قه‌یرانه‌كان ببێته‌وه‌، پێویستیشه‌ له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا له‌رێگه‌ی میدیاو ئامڕازه‌كانی دیكه‌وه‌ ستراتیژی شاردنه‌وه‌ كه‌ ئه‌م ستراتیژه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌وڵی لایه‌نه‌ ده‌ره‌كییه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی ده‌رباره‌ی قه‌یرانه‌كان، بۆیه‌ له‌م قۆناغه‌دا حكومه‌ت به‌ ئامانجی نه‌دركاندنی زانیاریی په‌یوه‌ست به‌ قه‌یرانه‌كان، په‌نا بۆ ستراتیژیی شاردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ قه‌یرانه‌كان ده‌بات و هه‌ندێكجاریش ستراتیژی یاسایی كه‌ ئه‌م ستراتیژه‌ له‌سه‌ر پشت به‌ستن به‌رای كه‌سانی پسپۆڕ له‌یاسا به‌ستراوه‌، به‌جۆرێك بۆئه‌وه‌ی هه‌موو به‌رپرسیارێتییه‌ك نه‌خرێته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌ت، له‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ ئاڕاسته‌ی ده‌كرێن.
هه‌روه‌ها ده‌توانرێت په‌نا ببرێته‌ به‌ر ستراتیژی وه‌ڵامدانه‌وه‌و به‌رگریی كه‌ لێره‌دا به‌رگرینامه‌یه‌كی گشتگیر به‌به‌شداریی پێكردنی راوێژكار و پسپۆڕانی قه‌یرانه‌كان به‌ زانیاریی راست و دروست ئاماده‌ ده‌كرێت و له‌ڕێی وته‌بێژی فه‌رمیی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ له‌كاتی پێویستدا ده‌خرێته‌ڕوو.
له‌به‌رئه‌وه‌ی قه‌یران كیشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ و چه‌ندین كێشه‌ی تر له‌گه‌ڵ خۆیدا دروست ده‌كات، بۆیه‌ پێوسته‌ حكومه‌ت بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، ستراتیژی هه‌بێت. ئامانجی ستراتیژیی حكومه‌ت بۆ قه‌یران بریتییه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی متمانه‌ی گشتیی و پاراستنی ناو و ناوبانگی دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان، ئه‌وه‌ش له‌پێناوی جێگیركردنی متمانه‌ی گشتی و بانگه‌شه‌كردن بۆ وه‌ڵامی ئه‌رێنی بۆ پڕۆگرامه‌كانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ و ئاماده‌كاریی و بچووككردنه‌وه‌ی كێشه‌كان له‌كاتی قه‌یرانه‌كاندا و خستنه‌ڕووی زانیارییه‌ پێویسته‌كان بۆ هه‌موو جه‌ماوه‌ر ده‌رباره‌ی قه‌یرانه‌كان و دروستكردنی په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی قه‌یرانه‌كان كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر دروستكردوون.
له‌كۆتاییدا گرنگه‌، حكومه‌ت ستراتیژیێكی درێژخایه‌ن و به‌رنامه‌ڕێژكراوی هه‌بێت و سوود له‌ دامه‌زراوه‌كانی تر وه‌ربگرێت بۆ تێپه‌ڕاندن و به‌باشی ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌كان، به‌تایبه‌تیش له‌كاتی قه‌یرانی دارایی و قه‌یرانه‌ مرۆییه‌كانی وه‌كو كۆچكردنی به‌كۆمه‌ڵ و قه‌یرانه‌ سروشتییه‌كانی وه‌كو بوله‌مه‌له‌رزه‌و …هتد، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت (له‌پێش، له‌كاتی، له‌دوای) قه‌یراندا ستراتیژی هه‌بێت.
بۆ قۆناغی ئێستای هه‌رێمی كوردستان كه‌ ده‌توانین بڵێین له‌دوای قۆناغی قه‌یرانی دارایین، یان راستتر بڵێین له‌ له‌ كۆتایی قه‌یرانه‌كه‌ نزیك بووینه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م قۆناغه‌ كه‌ به‌ قۆناغێكی گرنگی راگوزه‌ر داده‌نرێت، حكومه‌ت ئه‌ركی زۆری ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، به‌جۆرێك پێویسته‌ راگه‌یاندنی وڵات به‌گشتی بخرێته‌ گه‌ڕو هاووڵاتی له‌ بۆشیاییدا به‌جێ نه‌هێڵرێت، هه‌روه‌ها به‌ دیدێكی قووڵ له‌سه‌ر قه‌یرانه‌كان كاربكرێت ئه‌ویش به‌ پشتبه‌ستن به‌ سه‌ركرده‌كانی بیروڕاو پسپۆڕان، به‌ئامانجی سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی قه‌یرانه‌كان و هه‌روه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندنی گشتگیر بۆ رۆڵی حكومه‌ت بكرێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یرانه‌كاندا، به‌ئاڕاسته‌ی دیاریكردنی لایه‌نه‌ ئه‌رێنیی و نه‌رێنییه‌كانی و ده‌رخستنی خاڵه‌ به‌هێزو بێهێزه‌كانی له‌ ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌كاندا، ئه‌وه‌ش سوودی بۆ داهاتوو ده‌بێت و ده‌كرێت باشتر ئیداره‌ی قه‌یرانه‌كانی داهاتوو بدرێت ئه‌گه‌ر بێنه‌ پێشه‌وه‌.
بۆیه‌ ئێستا بۆ كۆتایی هێنان به‌ كاریگه‌ریی قه‌یرانی دارایی و قه‌یرانی جه‌نگ و قه‌یرانی كۆچی زۆری هاووڵاتیان له‌ شاره‌كانی تره‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی كۆتایی هاتووه‌، پێویسته‌ حكومه‌ت و راگه‌یاندن و دامه‌زراوه‌كانی تر پشت به‌ ستراتیژه‌كانی دوای قه‌یرانه‌كان ببه‌ستن و به‌تایبه‌تیش به‌ به‌رده‌وامیدان به‌ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازیی ‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌ ناپێویسته‌كانی سێكته‌ره‌ جیاجیاكان كه‌ له‌گه‌رمه‌ی قه‌یرانه‌كه‌دا په‌نا بۆ هه‌ندێك رێوشوێن برا كه‌ (جگه‌ له‌ سیاسه‌تی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌) خه‌رجییه‌كی ناپێویستی زۆر گه‌ڕێندرایه‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سۆشیال میدیا و هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌سێتییه‌ سیاسییه‌كان

میدیا به‌گشتی به‌ پشتبه‌ستن به‌تیۆرییه‌ جیاوازه‌ كاریگه‌ره‌كانی كۆمیونیكه‌یشن‌و له‌ڕێگه‌ی ناوه‌نده‌ ...